کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی لە عێڕاق، هەنگاوێکی بنەڕەتیە ڕووەو ڕزگاری ژنان

0

لە کاتێکا لەمساڵدا پێشوازی لە ھەشتی مارس، ڕۆژی جیھانی خەباتی ژنان دەکەین، کە زیاتر لە ساڵێکە مرۆڤایەتی لەژێر باری پەتای کۆرۆنا و دەرھاویشتە ئابووری و کۆمەڵایەتیە کارەساتبارەکانیدا دەناڵێنێت.

ئەم پەتایە تا ئێستا بۆتە ھۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی دوو ملیون و نیو ئینسان لە جیھاندا کە زۆربەیان لە چینی کرێکار و توێژە ھەژارکراوەکانن، وە قورسایی کارەساتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانیشی کەوتوەتە سەر شانی ئەم چینە و بێبەشکراوان، بەتایبەتیش ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش. هەروەها کەرەنتین و قەدەغەکردنی ھاتوچۆش بۆتە ھۆی زیاد بوونی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان و حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوژی لە تەواوی جیھان و لە نێویشیاندا لە عێراقدا.

ھەژدە ساڵە ژنان لە عێراقدا بارمتەن بەدەست جەنگی ئەمریکا و داگیرکاری و سیاسەت و ستراتیژە ئیمپریالیستیەکانیەوە، کە میلیتاریزەی شارەکان و وێرانکردنی بناغەی مەدەنی کۆمەڵگە و نەهێشتنی ئاسایش و توندوتیژکردنەوەی کێشمەکێشی ھێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی ڕوداوەکانی ووڵاتەکە و دامەزراندنی ئەم ڕژێمە تائیفی و قەومیەی کە لە ئارادایە.

زنجیرەی سەرکوت و کوشتار و فڕاندن و دەستگیرکردن و سووکایەتی کردن بە ژنان، ھەمیشە وەڵامی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و حیزب و میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی بووە بەرامبەر بە ھەر بەرگریەکی تاک وەیان بە کۆمەڵی ژنان بۆ بەھرەمەندبوونیان لە سەرەتایی ترین ماف و ئازادیەکی شەخسی وەک پیاوان. ئەم ھێزانە بەزەبری چەک و ترۆر پارێزگاری لە دەسەڵاتی مەرجەعە ئاینیەکان و ھێما و بەھا و دابونەریتە خێڵەکی و تائیفیە پیاوسالارە دژ بە ژنەکان دەکەن، وەک کۆڵەگەیەکی ستراتیژیانەی فەرمانڕەوایەتیان، ئەمە جگە لە ھەوڵدانی بەردەوامیان بۆ داڕشتنی یاسا تائیفی و مەزھەبیەکانی دژ بە ژنان.

داعش، هەرشوێنێک دەستی تاوانکارانەی پێڕاگەیشتتبێت هەڵساوە بەسڕینەوەی ئینسانیەتی ژن و خوڵقاندنی تڕاژیدیایەکی گەورەی ئینسانی لە شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتیدا. ھەزاران ژن و کچی یەزیدی و نا یەزیدی قەلاچۆکردوە و زۆرێکیشی کردوە بە کۆیلە و وەک کاڵا خستونیەتە بازاڕی کڕین و فرۆشەوە، وە لەلایەکی تریشەوە میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی شیعە هەڵساون بە  سووکایەتی پێکردن و توندوتیژی نواندن دژ بە ژنان و کوشتوبڕی لەسەر بنەمای ناسنامە لە ڕێگەی شەڕی تائیفیەگەریەوە.

لە ھەرێمی کوردستانیشدا، حیزبە ئیسلامیەکان دوای زنجیرەیەک شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزە قەومیە فەرمانڕەواکاندا، ئێستا ساڵانێکی دورودرێژە  بوونەتە تەواوکەری ڕژێمی سیاسی بورژوا قەومی هەرێمەکە و بە بەردەوامی و بەئازادیەکی تەواوەویشەوە هەڵدەستن بە دژایەتی ژنان و خەباتی ڕزگاریخوازانەیان بە پشتیوانی بورژوا قەومی فەرمانڕەوا و ئەوانەش کە لە ئۆپۆزیسیۆندان، ئەمەش وەک ستڕاتیژێکی ڕژێمی هەرێمەکە لە ڕۆڵ دابەشکردنی نێوان خۆیاندا لە پێناو خنکاندنی خەباتی سۆشیالیستی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی پڕۆلیتاریا و خەباتی ڕزگاریخوازانەیان لە کوردستاندا.

لەژێر سایەی گەشەکردنی سەرمایەداری لە عێراق و سیاسەتە ئابووریە نیولیبرالیەکانی دەوڵەتدا، ژنانی پرۆلیتاریا، بەتایبەت نەوەی گەنج و کچانی دەرچووی خوێندنگە و پەیمانگە و زانکۆکان، بەدەست بێکاریەکی لەڕادەبەدەر و کولەمەرگی ئابووری و پەراوێزخراوی کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنن. خۆدزینەوەی دەوڵەت لە فەراھەمکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ بێکارانی کچ و کوڕ و ھەژارکراوان و بەردەوامبوونیشی لەسەر سیاسەتەکانی داسەپاندنی سکهەڵگوشین و بەرتەسککردنەوەی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان و داڕووخاندنی کارەساتباری کەرتەکانی تەندروستی و خوێندنی گشتی، دابین نەکردنی خانووبەرە، ھەموو ئەمانە بەشێوەیەکی تڕاژیدیایی ڕەنگدانەوەیان هەبووە لەسەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان، کە بونەتە هۆکاری ڕێگر لە ئازادبوونیان لە کاری سەختی ناوماڵ و لە کۆتوبەندی پشتبەستن بە خێزان و ئەو بازنە کۆمەڵایەتیە خنکێنەرەی کە دەوریداون لە پێناو دابینکردنی گوزەراندا.

بۆیە ڕازی بوون بە کاری تاقەت پڕوکێن و کاتی و بودەڵە لە بازاڕەکاندا، لە رێستورانت و ئوتێل و کارگە بچووکەکاندا یان لە ماڵان و لە کەرتی کشتوکاڵدا، وە بە کرێیەکی زۆر کەمەوە، بۆتە دۆخێکی ناچاری بۆ ژمارەیەکی فراوان لە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و کچانی لاوی پرۆلیتاری. ئەمە جگە لەوەی کە بەشێک لە کچانی گەنجی توێژە پڵیشاوە و ھەژارکراوەکانی کۆمەڵگە دەکەونە داوی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بەژنان و بەهرەبەرداری سێکسی و توندوتیژی و مادە ھۆشبەرەکانەوە.

ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و مێژووییەی کە وەستاوە لەپشت دەستپێشخەری شۆڕشگێڕانە و بەشداری چالاکانە لە ڕاپەڕینی ئۆکتوبەری ٢٠١٩ دا لەلایەن ژنانی کرێکار و کچانی گەنجی بێکار و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بریتیە لەو گۆڕانکاریانەی کە لەژێر سایەی ڕژێمی سەرمایەداری لە عێراقدا بەسەر دۆخی ژنانی کرێکاردا هاتووە کە بەشێکن لە تایبەتمەندیەکانی پێکھاتەی ناوخۆیی چینی کرێکاری ھاوچەرخ. ڕاپەڕین و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە سەرکەوتن بەدەست ناھێنێت بەبێ بەشداری چالاک و کاریگەری ئەم ھێزەی ژنانی پرۆلیتار و سەرکەوتنی خەباتە ڕزگاریخوازانەکەی و بەدەستھێنانی ئازادی و یەکسانی ژنان.

ڕزگاری ژنان لە عێراقدا، بەشێوەیەکی بابەتی بەستراوەتەوە بە ڕزگاری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و ھەژارکراو و خەباتەکەیان دژ بە کولەمەرگی ئابووری و پەراوێزیی کۆمەڵایەتی و قێزەونیەکانی پیاوسالارانە کە لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها ئەم ڕزگاریەی ژنان لە عێراقدا، بەشێوەیەکی بابەتیش بەستراوەتەوە بە ڕۆڵی ڕابەرانەی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان بەگشتی لەپێناو هێنانەدی ماف و ئازادی و یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاواندا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێویستە پەیوەندیەکی پتەو دابین بکرێت لەنێوان خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی سۆشیالیستی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لەسەرتاسەری عێراق و لە ناوچەکەدا.

ئەی جەماوەری ژنانی کرێکار و چەوساوە

ئەی جەماوەری کرێکاران، ئەی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان

با ھەشتی مارس بکەینە ڕۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای خەباتی شۆڕشگێڕانەمان بۆ ڕزگاربوون لە ڕژێمی بۆرژوا ئیسلامی و قەومی فەرمانڕەوای قەیرانگرتوو کە گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم هێنانەدی ئازادی و یەکسانی ژنان لە عێراقدا.

با ڕیزی خەباتی ئابووری و سیاسی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و کچانی گەنجی شۆڕشگێڕ بەھێزکەین، با ئەم خەباتەیان ڕێکخراوکەین لەناو ئەو کۆڕوکۆمەڵ و تۆڕ و ڕێکخراوە سەربەخۆیانەدا کە بەرگریکارن لە بەرژەوەندی چینایەتیان و لە ئامانجی فێمێنیستی ئازادیخوازانەیان.

با ھەشتی مارس بکەینە ڕۆژی خەباتی یەکگرتووی ژنانی پرۆلیتاریای ئازادیخواز لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ڕێکخراوە سۆشیالیستەکانیان لەسەرتاسەری عێراق و لەئاست ناوچەکەدا.

با ھەشتی مارس بکەینە ڕۆژی یەکخستنی خەبات دژ بە سیاسەتە نیولیبرالیە ئابوریەکانی دەوڵەت و ھێرشە بەردەوامەکانی بۆسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشکراوان و ژنانی پرۆلیتاریا، با بیکەینە ڕۆژی یەکخستنی خەبات بۆ داسەپاندنی داواکاریە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە دەستبەجێکانیان.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی پیرۆزبایی ھەشتی مارس لە ژنانی عێراق و ژنانی تەواوی جیھان دەکات، پیرۆزبایی لە ژنانی کرێکار و چەوساوەی هەر وڵاتێک دەکات کە لە عێراقدا دەژین، وە پێداگرانەش خەبات دەکات لەپێناو هێنانەدی ئازادی و یەکسانی تەواوی ژنان.

بژی ھەشتی مارس

بژی ئازادی و یەکسانی ژنان

بژی سۆشیالیزم

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

٢٧/٢/٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.