گێڕانەوەیەک ڕیشەی لە ڕووداوێکە کە ڕوویداوە!! چیرۆکی کوڕە تاقانەکە!

0

شەهلا یار

دوای مردنی دایک و باوکی، کوردستان جێدەهەڵێ و خۆی وتەنی، سەرخۆی هەڵدەگرێ‌ و ڕوو دەکاتە هەندەران بە قاچاخی و بە قەرزو لە سەر گیرفانی تاقه خوشکە گەورەکەی کە پێش ئەوەی ئەو برا تاقانە بچێتە ناو ژیانیانەوە، ئەو باشترین و خۆشترین ژیانی هەبووە.هاوسەری خوشکە تاقانەکەی بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی توانیویەتی لە ئەوروپا _سەرەڕای ئاوارەیی و دەربەدەری و ناخۆشیەکانی ژیانیان، بە چەند مناڵی وردەوە_ پلەی دوکتۆری ببڕێت،. خوشکی تاقانەیش بە هەمان شێوە ژنێکی لێهاتوو و پڕ لە وزەو تواناییە. خوشکەکەی و زاواکەیان پێشمەرگە بوونە لە شاخ و دوو مرۆڤی یاخی بوون بەرامبەر بە سیستەم و یاساو ڕێسای حکومەتی دڕندەی عێراق و کۆمەڵگەیەکی داخراوی وەک کۆمەڵگەی کوردستان کە هەموو نەریتێکی بێگانە زاڵ بووە بە سەر بیرو هۆشی خەڵکەکەیدا.
بۆ ئەو مەبەستەش، خوشکی کوڕە تاقانەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەستی بە یاخیبوونی خۆی کردووە و پێیوابووە کێشەی ئەوان لە گەڵ خاکی کوردستاندا نیە، بەڵکو بیرو یاسای دیکتاتۆرییە. هەربۆیە بەو باوەڕە گەیشتوون ناتوانن ئەو زوڵم زۆردارییە قەبوڵ بکەن. هەر دوا بەدوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ڕوو ئەکەنە هەندەران و لە وڵاتێکدا دەگیرسێنەوە بە سێ مناڵی جوان و شیرینەوە و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەنەوە.
لە ماوەیەکی نە زۆر کورت نە زۆر درێژدا ئەبنە خاوەن بڕوانامە و دەست دەکەن بە کاری خۆیان تایبەت بەو بوارەی کە بۆیان خوێندووە.لە یەکێک لە رۆژەکانی ساڵی ١٩٩٥ی زایینیدا کوڕە تاقانەکە تەلەفۆن بۆ خوشکی ئەکات و دەستبەجێ ئەکەوێتە گلەیی ژیان و پێی دەڵێت: من ناتوانم لێرە بمێنمەوە ،باوک و دایکیشم لە ژیان نەماونن، ئیتر من لێرە چی بکەم؟ خوشکییش بە دڵێکی زۆر پاک و بێگەردەوە ڕازی ئەبێت کە هاوکاریی برا تاقانەکەی بکات لە ڕووی ئابورییەوە.
پێیوایە نزیکبوونی براکەی ئەو هەموو خەم و دەردەسەری و ژیانی پڕ هەورازو نشێوەی پێشتر دیتوویەتی، بۆی ئەڕەوێنێتەوە و ئەم برا ئەبێتە قەڵایەک بۆ خۆی و مناڵەکانی. مانگ هات و مانگ چوو، برای تاقانە ئەگاتە ئەو وڵاتە کە خوشکی لێ نێشتەجێیه‌ و هەر لەوێ دەگیرسێتەوە و خوشک و خوشکەزا و زاواکەیان ، لە خۆشیا خەریک بوونە کە شاگەشکە بکەن ،لەبەر ئەوەی پێیانوا بووە دوای ساڵانێکی زۆر دووری لە کەسی نزیکی وەک برا و لە هەمان کاتدا خاڵۆ، ئێستا بە هاتنی ئەم برا تاقانەیە، ژیان زۆر دەگۆڕێ و بۆنی دایک و باوک و هەموو کەسە لە دەستچووەکانی دیکەی شارە بێ نازەکەیان، واتە هەڵەبجە_کە لە کاتی کیماباراندا لە دەستیان داون_ لە ئامێز دەگرن و هەست پیدەکەن.
ڕۆژ دێت و دەڕوات ،خوشک و هاوسەری خوشک، ڕۆژانە سەر قاڵ ئەبن بە کارەکانی ڕۆژانەیانەوەو‌ لە پاڵ ئەوەشدا کە بەماندوویش دێنەوە بۆ ماڵ، ئەبێت خزمەتی کوڕە تاقانەیش بکەن ،چون دایە و بابە هیچ کات پێیان نەوتووە لێرە هەسته بڕۆ ئەوێ. زۆر نازاوی گەوەرەیان کردووە، جا چ گەورە بوونێک؟ سک تێر و مێشک برسی.خوشکی کوڕەکە، سێ کچی هەیە. کچە گەورەکەی یازدە ساڵی ئەبێت ئەو کاتە و ئەو دوو کچەکەی دیکەیان مناڵترن و ئەچوونە باخچەی مناڵان. بەڵام کچە یازدە ساڵەکە ئەچوو بۆ قوتابخانە و ڕۆژانە دوای قوتابخانە، پێش لە باوک و دایکی ئەچووەوە بۆ ماڵەوە و چاوەڕێی دەکرد تا دایکی و باوکی ئەگەڕانەوە وەک جاران و بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەک. جا لە خۆشیی خاڵویشی هێندەیتر وزەی پێدەدەرا کاتێک کە ئەڕۆیشتەوە بۆ ماڵەوە لەبەر ئەوەی کاتێ منداڵ بووە، خاڵۆی نەبینیوە و گەر بینیشیبێتی لە بیری نەماوە.
ڕۆژێک هەر وەک ڕۆژانی پێشوو، دوای قوتابخانە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و وەک هەمیشە دەست بە جێ جانتا و کتێبەکانی‌ ئەخاتە ژووری نوستنەکەی و ئەچێت لە چێشتخانەکە دوو لەتە “سەموون” ( نانی ساندویچی یان بابۆڵەیی)، لە نێو ساردکەرەوەکە دێنێ ،پەنیر و کەرە دێنێ و لە سەر قاپێک دایدەنێت و ئەیبات لە گەڵ خاڵۆی دانیشت و خاڵۆی نازی بکێشتێت.خوڵکی خاڵۆی ئەکات ئەڵێ :سەموونێکت بۆ چەورکەم بیخۆی؟ خاڵۆیشی ئەڵێ نا خۆت بیخۆ من برسیم نیە. خوشکەزاییش خەریک ئەبێ نانەکەی بخوات. کە مژووڵی خواردنی نانەکەیەتی، خاڵۆی دەستێکی پێدا ئەهێنێ و ئەڵێ گەورە بوویت، ئەزانی؟ خوشکەزایش زەردەخەنەیەکی بۆ ئەکات بەردەوام ئەبێت لە نان خواردنەکەی. دیسان دەستدێنێت بە قژیداو ئەڵێ تۆ زۆر جوانیت و ماچی ئەکات. کچی بەستەزمایش بە هیچ شێوەیەک ئەوەی بە بیریدا نەیەت ئەوەیە کە خاڵۆی خەریکه گێچەڵی پێدەگێڕێ و تەماعی تێکردووە.
کچ هەڵئەسێ و ئەچێ بە دەستە وردیلەکانی شتەکان کۆ ئەکاتەوە و ئەچێتە ژووری نوستنەکەی خۆی و ئەیەوێ دەرسەکانی بخوێنێت وەک هەموو ڕۆژەکانیتر. بەڵام ئەمڕۆ زۆر پێچەوانەی ڕوژەکانیترە بۆی و خاڵۆی قوت لە بەردەمی وەستاو وتی ئەوە چی ئەکەی؟
ئەویش وتی :خاڵۆ گیان ئەمەوێ دەرسەکانم بکەم بۆ سبەی. دواتر کە دایەو بابەیش بێنەوە ماندوون و ڕەنگە نەتوانن یارمەتیم بدەن.
کە وای گووت، خاڵۆی دەستی گرت و گووتی لایبە. کچەش زۆری لە لا سەیر بوو و گووتی: بۆ لایبەم؟ خاڵۆیشی گووتی: ئیشم پێتە.
بدەن زوو، بۆیە ئێستا تەواوی ئەکەم. کچ ترسا و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتی: ئاخر من دەرس دەکەم. دیسان خاڵۆی گووتی: تۆ ئەوانە لابە و دەستی کرد بە گێچەڵ گێڕانی سێکسی بە خوشکەزاکەی و دەست بە جێ دەستدرێژی سێکسی ئەکاتە سەر خوشکەزاکەی. کچی بەستەزمان دەست دەکات بە گریان و هاوار کردن و کەسیش ناچێت بە هاوارییەوە و دەنگی نابیستن.
یەک لەو شتانەی دەبنە هۆی ئەوەی دەنگی کچە نەبیسترێ لەبەر ئەوەیە دەرگاو پەنجەرەی ماڵەکان لە وڵاتانی ئەوروپایی هەموو تەواوکپە و کەس گوێی لە کەس نیە هەر چی ڕووبدات.
خاڵۆی کچە، ئەو ڕۆژە کاری خۆی تەواو ئەکات، کچ نەخۆش ئەکەوێ و دوو ڕۆژ ناتوانێ بچێتە قوتابخانە و کوڕی تاقانەیش هەڕەشە لە کچ ئەکات کە ئەگەر باسی بکات بۆ دایک و باوکی، سەری ئەبڕێ و سەری لەو پەنجەرەیەوە فڕێ ئەدات و ناشبێ لە لای هیچ کەسێکی دیکە و تەنانەت لە قوتابخانەش باسی ئەو رووداوە بکات.
چەند مانگ بە سەر ساڵی ١٩٩٥دا تێدەپەڕێ و کوڕە تاقانە لەماڵی خوشک نامنێت و دوای ماوەیەک مافی پەنابەرێنی یان مافی مانەوەی لەو وڵاتە پێدەدرێ. ڕۆژ هات و ڕۆژ چوو، ساڵانێک لەو رووداوە تێپەڕی، کچ ڕۆژ لە ڕۆژ لاواز و لاوازتر ئەبوو، توشی نەخۆشی دەروونی ئەبێت و بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێ و بینینی پیاو بۆی تۆقێنەرەو پێیوایە هەموو کوڕێ وا دڕندەیە و هەموو پیاوێک هەر لە جۆری خاڵۆیەتی.
کچی خێر لە خۆ نەدیو، تا گەورە ئەبێت زیاتر هەست بە نائارامی و ڕۆحێکی زیاتر ماندو ئەکات و ئەم خەونە تاقەت پڕوکێنە قێزەونە لە گەڵیدا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە گەورەبووندایە و وا دەزانێت دڵ ومێکشی خەریکە لە پڕ ئەتەقێ. ڕۆژێک تەواو فشاری بۆ دێت. پیوەندی بە دوکتۆری دەرونناسەوە دەگرێ و کاتێکی پێدەدات. ئەڕوا بۆ یەکەم دانیشتن و بۆ یەکەم دانیشتن دەروونناس لێیدەپرسێت کێشەت چیە؟ چۆن بتوانم هاوکاریت بکەم؟
ئەویش بە ڕەنگێکی پەڕیو و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتی من دەستدرێژم کراوەتە سەر.
دوکتۆرەکە دەپرسێ کەی ؟ ئەویش لە وەڵامدا ئەڵێ کاتێک لە قوتابخانە بووم و تەمەن یازدە ساڵ بوو. دوکتۆر لێی دەپرسێ ئەو‌ کەسانە دەناسی؟ ئەویش دەڵێ بەڵێ، ئەو یەک کەس بوو کە برای دایکمە.
دوکتۆرەکە کەمێک توشی تێڕامان ئەبێت پێیوابوو گوێ دەزرنگێتەوە و ئەڵێ: چیت گووت؟ دەتوانی جارێکیتر بیڵێیتەوە؟ ئەویش وتی بەڵێ ئێستا گوێ بگرە بەس من یارمەتیم ئەوێ و ئەبێت تۆڵە بکەمەوە چی بکەم باشە؟ زۆر بێزارم لە ژیانم، شەو نیە من بە ترسەوە چاوم نەچێتە خەو، شەو نیە ئەو تارماییە نەمخنکێێنت.
کچە چەند جار دەستدرێژی کراوەتە سەر و چەند جار هەڕەشەی لێکراوە .هەموو بۆ دوکتۆرکە باس دەکات و ئەڵێ: نامەوێ دایکم بەمە بزانێ ،چونکە دایکم توشی نائومێدی ئەبێت، کێشەیان بۆ دروست ئەبێت لە گەڵ باوکم، دایکم گوناحە و زۆر کەسێکی فیداکارە. نا نا نامەوێ دایکم و باوکم توشی کێشه ببن. ئەگەر‌ باوکم بەمە بزانێ ئیتر ژیانی خێزانەکەمان تێکئەچێ، پەرتەوازە ئەبین. نانا نامەوێت.
چەند جار ئەچێتە لای دەرونناس تا لە ئاکامدا دەرونناسەکە بیری دەگۆڕێ و پێیدەڵێ :ئەگەر تۆ شکات نەکەیت لەو کەسە،هەرگیز ناتوانی تۆڵە بکەیتەوە و هەروا بەم دەردەوە ئەتلێتەوە. کچ قەناعەت دەکات و ساڵی ٢٠١٢سکاڵا لە سەر خاڵۆی تۆمار دەکات و هەموو شتەکان ئاشکرا ئەبن و خێزانەکەیان توشی کێشەیەکی قوڵی تاقەتپڕوکێن ئەبن و خوشکی کوڕە تاقانە توشی شۆک ئەبێت و ماوەیەکی زۆر نەخۆش ئەکەوێت. لە گەڵ هاوسەرەکەی کە چەندە بە خۆشەویستی و بیرو باوەڕی کوردایەتی و مرۆڤایەتی بە یەک گەیشتوون و بوونەتە خاوەنی باشترین ژیان و سێ مناڵی چاو گەش، ژیانیان ئەبێتە بڵقی سەر ئاو.
ئەو ئاڵۆزی و دژوارییە سۆزی و قورسانە، تووشی ژیانێکی زۆر ئەستەمیان دەکات. لە ئاکامدا دوای چەندین دانیشتیی دادگا و هێنان و بردنی شایەت حاڵی دیکەیش کە ئەوانیش سکاڵایان لە سەر هەمان کەس تۆمار کردبوو هەر بە هەمان هۆکارو گێچەڵی دەستدرێژی بۆ سەر کچان و کوڕانی مێرمنداڵ، دادگای ئەو وڵاتە حوکمی حەوت ساڵ بەندکردنی بە سەردادەسەپێنێ.. بەڵام لێرە خوشکێک کە بەو هەموو ئاوات و ئارەزووەوە ژیا، ئێستا بۆ ڕۆژی یادکردنەوەی هەڵەبجە: دەڵێ دایە، بابە بە ئەندازەی نێوانی ئەرزو ئاسمان گلەییم لێتانە، چونکە کوڕێکتان هێنایە دنیا تەنیا بۆ ئەوەی ببێتە دڕندەیەک بۆ ژیانی من و مناڵم.
ئاخ دایە، ئاخ بابە چەند ڕقم لە ناویشتان ئەبێتەوە هەر کات بیر دەکەمەوە لە ئێوە کە نەتانتوانی مرۆڤێکی باش پەروەردە بکەن، بۆ ئەوەی ئێستا من لە ڕووم هەڵبێت لە ڕۆژی یادی هەڵەبجەدا یادی ئێوە بەرز بنرخێنم. ئێوە دەزانن چی ئازارێکم لە ناخدایەوە و چۆن ئەمکوڵێنێ؟ ئێوە دەزانن ئێستا من مردوم لای مناڵەکانم ؟ ئا دایە من مردوم لای هاوسەرم، من ئێستا هاوسەر و دایک نیم، بەڵکو مرۆڤێکم به ناچاری ئەژیم ،ئا به ناچاری، بۆیە دەڵێم ناچار، چونکە من ئێستا کۆیلەی دەستی مناڵەکانم و هاوسەرە شۆڕشگێڕەکەی خۆمم. ئاخ دایه و بابە، چەند شەرم دەکەم ناوتان بێنم لە بەردەم خێزانەکەم، حەقیشیان پێدەدەم چونکە خۆم و ئەوانیش بوون بە قوربانی کوڕە تاقانەکەی ئێوه.
15/3/2021
Leave A Reply

Your email address will not be published.