لەئەساسەدا هیچ تاوانبارێکی کۆمەڵکوژی هەڵبجە دادگایی نەکراوە

0

لەدوایی کۆمەڵکوژی یەکانی هەڵبجەوشوێنەکانی تر پاش چەندین ساڵ لەئەنجامدانی ئەوکۆمەڵکوژی یانە کەبەرامبەر خەڵکی کوردستان بەڵام هەتائیسانەتواندراوە تاوانباران دادگایی بکرێن وقەرەبووی قوربانییەکان بکرێتەوە ،هەربۆگرینگدان بەویادە ناخ هەژێنە ئێمەوەک ماڵپەڕی ئەنتەرناتیڤی شورایی بەپرسیارێک کەئاراستەی چەند کەسایەتی یەک کردووە بەم جۆرە (کۆمەڵکوژی هەڵبجەوشوێنەکانی تری کوردستان  کەتاوانێکی گەورەیەلەلایەن فاشیزمی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار لەعیراق بەهاوکاری کەسانی دژە ئینسانییەکانی تر ئایا تواندراوە سەرجەم تاوان باران دادگایی بکرێن؟ ‎ ئەگەر نەتواندراوە ئایا چۆن دەتواندرێت سەرجەم تاوانباران پەلکێشی دادگا بکرێن وسزابدرێن لەدادگا لەسەر تاوانەکانی کیمیاباران وکۆمەڵکوژی یەکان سەرنجتان لەوبارەیەوە چییە؟) کۆی سەرنج ووەڵامەکان لێرەدا دەخوێنیتەوە وبەوهیوایەی سوودی هەبێت بۆ کۆمەک کردن بەتێکۆشانی باشتر بۆدادگایی کردنی کۆی تاوانباران وبکەرانی کۆمەڵکوژی یەکان:

 

نیان ابراھیم سعید سەرپەرشتیاری پەروەردەییی ٸینگلیزی :

له هه ریم و به غدا غه در له خه لکى هه له بجه و ناوجه کانى تر کراون که بى به شن له وه رگرتنى تعویزات که محکمه ى ده ستورى عیراق بریارى داوه جگه له وه ده بو ئاواره کانى هه له بجه موجه ى زیندتمى سیاسیان بى بدرایه ئه ویش به غدا نه ى دا به لام به عه ره به کانى داوه که ئاواره ى ئیران بوو تاوانی کۆمەڵکوژی بەرامبەر خەڵکی کوردستان، لەلایەن ڕژێمی لەناو چوی بەعسەوە،ئەو برینە قوڵەیە، هێشتا ساڕێژ نەبووە، ڕاستە کوردستان ئازاد و سەدام حسێن و سستەمە تۆتالیتارییەکەی لەناو چوون و بەشێک لە سەرانی ئەو ڕژێمە بە سەدامی سەرۆک کۆمار و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەوێ ڕۆژێی عێراقیشەو، لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە دادگایی کراون، زۆرینەشیان لە سێدارەدران، چ لە سەر تاوانی دوجەیل و تاوانەکانی دیکەی بە رامبەر بە گەلی کورد ئەنجامیان داوە، چ لەسەر کیمباباران کردنی شاری هەڵەبجە لە ١٦/٣/١٩٨٨ و چ ئەنفال کردنی خەڵکی بێ گوناهی کوردستان و زیندەبەچاڵکردنییان لە بییابانەکان خواروی عێراقدا، ئەم تاوانانە چەندین ڕەهەندیان هەیە ، چ بەرامبەر مرۆڤی کورد و عێراقییەکان، چ بەرام بەر ژینگە و خاک و ئاوی کوردستان و وێرانکردنی زیاتر لە پێنج هەزار گوند و شار و شارۆچکەی کوردستان، چ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارە کوردستانییەکانی وەک کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی دیکە، بە ئامانجی نەهێشتن و سڕیینەوەی دانیشتوانی کورد لەو شارانەدا، ئەمانە هەموو خۆیان لە تاوانی جینۆساییدا دەبیینەوە، کە دەسەڵاتی ڕەفتار فاشی بەعس بەرام بەر بە گەلی کورد و کوردستان ئەنجامی داوە، کاریگەرییەکانی ئەم تاوانانە تەنها بە دادگایی کردنی سەرانی ڕژێمی پێشو کۆتایی نایەت، بەڵکو پێوسیتە قەرەبووی مادی و مەعنەوی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان بکرێتەوە، کە تائێستاش ئەو بریینانە ساڕێژ نەبوون، بۆیەدەبێت وێڕای دادگاییکردنی ئەنجام دەرانی ئەو تاوانانە، لە ناو خۆی عێراقدا، لە لایەن کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیشەوە بە جینۆساید بناسێنرێت، ڕاستە تائێستا هەندێک وڵات ئەم تاوانانەیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام زۆرێک لەوڵاتانی دیکە هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نییە لەم بارەیەوە، کەواتە دەبێت لە ڕەهەندە نێو دەوڵەتییەکەیەیەوە کار لەسەر بە جینۆساید ناساندنی بکەین و فشاری یاسایی و سیاسی لەسەر ئەو دەوڵەت و کۆمپانیایانە دروستبکەین کە ئەو چەک و تەقەمەنییانەیان بە عێراق فرۆشتوە، قەرەبووی مادی خەڵکی کوردستان بکەنەوە، و وابکرێت نێو دەوڵەتییەن فرۆشتن و دروستکردنی ئەو جۆرانە لە چەک، تەحریم و تەجریم بکرێت، ئەنجومەنی ئاسیشی نەتەوەیەکگرتوەکان، ناوەندێکی گرنگی کار لەسەر کردنی ئەم کەیسەن، سەبارەت بە ناو خۆی عێراقیش بەهەمان شێوە دەبێت فشاری یاسایی و سیاسی و جەماهیری لەسەر دەوڵەتی عێراق دروست بکرێت ،وەک میرات گری حکومەتی پێشوو، لە هەموو ڕوویەکەوە قەرەبوی خەڵکی کوردستان بکاتەوە و ساڵانە لە بودجەی عێراقدا بڕی پارەی پێویست تەرخان بکرێت بۆ سڕینەوەی ئەسەواری ئەوتاوان کارییانە، بەباشترین شێوە ئەو ناوچە زیان لێکەوتووانە ئاوەدان بکرێتەوە، هەموو ئەمانە بارتەقای قەرەبوو کردنەوەی ئەو تاوانانەنین، بەڵام دەشیت هەرنەبێت وەک وەڵام دەرەوەیەکی ئەرێنی بۆ کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو تاوانانە چاوی لێبکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوانانی ئەم بوارەش دەبێت بەبەردەوامی و بێدرێغ تواناکانی خۆیان وەگەڕ بخەن لەم پێناوەدە.

موزەفەر عەبدوڵا هەڵسوڕاوی سیاسی:

سوپاستان دەکەین کە بۆ جارێکی تر ئەم ڕوداو و پرسە کە تاوانێکی گەورە بو دەیوروژێننەوەو ھیوادارم کاریگەریەکی ھەبێت لەسەر مەبەستی پرسیارەکەت. سەرەتا ئەوە بڵێم کە ئەوەندەی من زانیاریم ھەبێت زۆربەی تاوانباران بە تایبەتی ئەوانەی پێیان دەوتن سەرۆک جاشو ئەفوج خفیفە زۆریان وەک مەسئولینی باڵادەستی پارتی و یەکێتی بەبەردەم کەسوکاری قوربانیان دەسورێنەوە . ھەلبەت کەسانێکی تاوانباری سەرەکی وەک سەرانی ڕژێمی بەعسی قەومی فاشی سزای خۆیان وەرگرت وەک سەدام حوسێن و علی حسن مجید ناسراو بە علی کیمیایی ھتد.ھەرچەندە کەسانێک لە سەرانی بەعسیش لە لایەن پارتی و یەکێتی بارزانی و تالەبانی داڵدەدران وەک نزار خزرجی .بەڵام وەک ووتم زۆرێک لە تاوانباران کە کورد بون بە بەھانەی کورد بون ھەروەھا بۆ بەکارھێنانیان لە لایەن سەرانی پارتی و یەکێتی یەوە لێخۆشبونیان بۆ دەرچو ئێستا ڕۆڵیان پێ دەدرێت لە سەرکوتی خەڵکی نارازی ئەو ناوچانەی کە ئەو تاوانانەیان لێ ئەنجام دراوە. بۆ نمونە لەسەرو بەندی ھەڵبژاردنەکانی بەناو پەرلەمانی کوردستان لە تی ڤیەوە بینیم کەسێک کە سەر بە پارتی بو تاوانباری ئەو ڕوداوانە بو خەریکی بانگشەی ھەڵبژاردن بو لە ناوچەی گەرمیان کەنجێکیش لێی ڕاست بوەوەو مایکەکەی لێ وەرگرت و پێی وت من کوڕە ئەنفالم و تۆش تاوانباریکی ئەو روداوەی کەچی ئێستا ھەر تۆ دێیت قسە بۆ من دەکەی داوای دەنگدانم لێ دەکەیت !!؟؟ ئەوە ئیتر نمونەیەکی زیندوی ئەو روداوو تاوانەیە. بێگومان ھەوڵ و کاری زۆر کراوە لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان بۆ دەسگیر کردنو دادگایی و سزادانی ھەمو تاوانباران و ھەندیکیش سزا دراون .بەڵام سەرەراێ ئەو ھەوڵ و کارانە وەک وتمان بێ ئاکام بونە لە دەسگیرکردن و دادگایی و سزادانی زۆربەیان. جا ھۆی چیەو چارە چیەو چی بکرێت بۆدەسگیرکردنو سزادانی تەواوی ئەو تاوانبارانە؟ بەڕای من ئەوە بەندە بە لێکگرێدانی ھەمو ئەو ھەوڵوکارانەی کە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ھەمو ئەو کارو خەباتە سیاسییەی کە دژی ئەم دەسەلاتەیە بۆ وەلانانی. نابێت چاوەڕوان و خۆشخەیاڵ بین بەوەی لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکیتێ و ھاوپەیمانە قەومی و ئیسلامیەکانیان ھەمو ئەو تاوانبارانە دەسگیر و سزا بدرێن. ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتێکە کە ڕاستەو خۆ ھەڵقوڵاوو نوێنەری راستەقینەی جەماوەر بێتو بەھای سیاسی و میژویی ئینسانی ھەمو خەباتو تێکۆشانو قوربانیانە بەرز بنرخێنێ کە جەماوەری ئازادیخواز داویانە لە پێناوی کۆتایی ھێنان بە ستەمی قەومی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری. بەڵام ئەم دەسەڵاتەی پارتی و یەکێتی کە رابەری دەکەن بە بەخشینی ناسنامەی قەومی و خێڵەکی کوردایەتی بە خەڵکانێک بۆ پەیداکردنی ئەندام بۆ ریزەکانی خۆیان ناتوانن و نایانەوێت کۆی ئەو تاوانبارانە دادگایی و سزا بدرێت. .سەرانی دەسەڵاتی کوردایەتی لە ساڵی ٩١ — ٩٢ وەک بەرەی کوردستانی بریارو بەیانیکی لێخۆش بونیان بۆ ھەمو ئەوانە دەرکردولێیان خۆش بون بەبەھانەی ئەوەی ئەوەی ھەمو ئەو تاوانبارانە کوردن . بە رای من ئەوە سیاسەتو پیلانێکی ئامانجدارانە بو بۆ بەھێز کردنی پێگەی خۆیان .ھاوکات ئەو بریارە جگە لە بێڕێزی کردن بە ھەمو ێەو قوربانیانە ھاوکات بێ رێزی و سوکایەتی بو بە ھەمو خەلکی کوردستانو کەسوکاری قوربانیەکانییش . لە ڕاستیدا ئەگەر رژیمی بەعس لە ساڵی ٩١ و ٢٠٠٣ بە ھێزی ڕێکخراوی جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز لەناو بچوایە و بەدیلێکی شۆرشگێڕانەی جەماوەری بھاتایە سەر دەسەلات ئەو کات دەسگیر کردن و سزا دانی ئەو تاوانبارانە کارێکی سادە بو . بەڵام وەک ووتمان ئەوە سی ساڵە ئەم دەسەلاتە قەومی و خێڵەکیە لەسەر کارن ھەر زوش وەک وتمان بریاری لێخۆش بونیان دەرکرد بۆ تاوانباران ئیتر دەسگیر کردنو سزا دانی ئەو تاوانبارانە کارێکی سادە نیە. ئەوەش بڵێین سەرانی ئەو حزبانە لە روی سیاسی و بە کردەوە بەشدارن لەو تاوانانە چ راستەوخۆ چ ناڕاستەوخۆ. قسەکانی تاڵەبانی کە کاتی خۆی دەیوت خۆزگا چەند روداوی تری ھەڵەبجەو ئەنفال ڕویدایە تا کورد زیاتر کێشەکەی بناسرایەو قازانجی بۆ ئەوان تیابو باشترین بەڵگەن لە تاوانباری ئەوان لەھەردو روەوە لەم تاوانە. خاڵێکی تر ھەیە کە لێرەداو ھەمیشەش پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت و جەختی لێ بکرێتەوە ئەویش زەمینە بابەتی یە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیەکانی رودانی ئەو تاوانەیە کە بونە ھۆکار بۆ رودانی ئەو تاوانە . لێرەدا مەسەلەکە ھەر درندەیی و فاشیەتی حزبی بەعسی قەومی و ڕژێمە سەرکوتگەرەکەی نەبو بە تەنھا بەڵکو ھاتنە پێشەوەی وەزعێکی سیاسی و سەربازی و ئالوگۆرو وەرچەخان لە رەوەندی سیاسی بو لەو سەردەمەدا. بۆیە وەک وتمان ھەر رژێمی و بەعس ھاوکارە ناسیونالیستەکانی تاوانبار نەبو م راستە ئەوان بکەریو تاوانباری سەرەکین بەلام سەرانی ناسیونالیزمی کورد و رژێمە ناوچەیی و زلھێزە جیھانیەکانیش تاوانبارن چ ئەوانەی ھەمو جۆرە چەکێکی قەدەغە کراویان دەدانی چ ئەوانەی تاوانەکەیان لە کاتی خۆی مەحکوم نەکرد لە ئاستی ناوچەکەو جیھان. ئەوەش بڵێین کە زۆر جا رژێمی ئیسلامی ئێران وەک فریاد ڕەس و ھاوکاری خەڵکی کوردستان بە تایبەتی خەلکی ھەلەبجە وێنا دەکرێت لە کاتێکدا ئەو تەرەفی تاوانبار بوە لەو روداوە . ئەو روداوە لە کاتێکدا بو کە چەند ساڵ بو رژێمی ئیسلامی لە شەردا بو لەگەل رژێمی بەعس ببوە ھۆی خۆش کردنی زەمینەی ئەو روداوە ۆرکارەساتە. بۆیە لە قسە کردن لەسەر ئەو تاوانە گەورەیە کە جنۆسایتی ئاشکرا بو دەرھەق بە خەڵکی کوردستان پێویستە لەم روانگە سیاسی و چینایەتیەوە سەرنجو لێکدانەوەو ھەڵوێستگیری لەبارەوە بکرێت تا ئەنجامگیری ھەمەلایەنەی سیاسی و عەمەلی لێ بکرێت بە تایبەتی لە وەلامی ئەو بەشەی پرسیارەکەی ژە چی بکرێت بۆ دەسگیرکردنو سزادانی تاوانباران .کورتەی وەڵامم لەو بارەیەوە ئەوەیە کە چ بۆ ئەوانەی ئەو تاوانبارانە دەسگیرو دادگایی سزا بدرێن چ بۆ ئەوەی ئەو روداوانە دوبارەو چەند بارە نەبنەوەی وەک تاوانی جنۆسایدی خەڵکی شەنگاڵ پێویستە زەمینە فکری و سیاسی و سەربازیەکانی ئەو جۆرە لە ڕوداو نەمێنێت ئەمەش لە گرەوی کۆتایی پێھێنانی دەسەڵاتو ڕژێمە قەومی و دینیە فاشیەکانە کە سایەی سیستەمی ئابوری و سیاسی و سەرمایەداری ئیمپریالی ئەمرۆدا لە رێگای ڕاپەرین و شۆرشێکی کۆمەلایەتی سۆشیالیشتیو دامەزراندنی دەولەتو حکومەتێک نوێنەرایەتی ھەمو جەماوەر لەسەت بنەمایەکی ئینسانی بکات. بە سوپاسی دوبارەوە .

حسێن عزیز :

تاوانبارانی کیمیاباران و ئەنفالەکان، پێوەندیی بە چەن لایەنێکەوە هەیە: ١- دەوڵەتی داگیرکەری (بەعس). هەرچەندە زۆر لە سەرکردەکانی سزای خۆیان وەرگرت، بەڵام ئەو لاپەرەیە، بە کەوتنی (بەعس) پێچرایەوە.. ٢- جاشە کوردەکان. ئەمانیش لە دوای ڕاپەڕینەوە، بەر لێبووردنەکەی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانیی کەوتن و ناپاکییەکەیان بە نیشتمانپەروەریی بۆ ئەژمارکرا. ئێستەش زۆربەیان، ئەندامی (پارتیی) و (یەکێتی)ن و جیاوازییەکی زۆریان، لەگەڵ ئەندامەکانی خۆیاندا نییە! ٣-سەرکردایەتی پارتەکانی کوردستان. هەڵبەتە هەر لە سەرەتاوە نەیانویستووە، زۆر بە کوڵودل چارەسەری ئەم کێشە نەتەوەییە گرنگە بکەن، ئێستەش خۆیان لێ کەڕکردووە! پێم وایە: ئەم بابەتە زۆر گرنگە. بەڵام دەبووایە، دوای ڕاپەڕین ئەو کارە بکرایە. وا بزانم، تازە کاتی بەسەرچووە و هیچ لایەنێکیش، دوای ئەو کێشە گرنگە ناکەوێ.

خالید احمد :

ئایە توانراوە تاوانباران ڕاپێچی دادگا کراوە من دەڵێم نەخێر چونکە ئەمڕۆ چی لە عراق چی لەکوردستان هیچ هەناگاوێک نەنراوە با سزادانی تاوانبارانی هەڵبجەو شوێنەکانی تر بگرە ژیانی تاوانباران لە کەس وکاری کیمباران و ئنفالەکان خۆشترە ،، پێویست ڕێکارێکی وابگیرێتە بەر بۆ ئەوتاوانبارانە ڕابێچی دادگا بکرێن ئەویش ئەوەیە سکڵا و لە نەتەوەیەکگرتوەکان بکرێت و شەقامی گشتی بجوڵێنرێت لەگەڵ ڕێخراو ە مرۆڤ دۆستەکان ،،، دەستان خۆشبێت هیوای بەزووترینکات تاوانباران لە قەفەزی سزا ببینرێن.

علی محمود ڕاگەیاندکار و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ :

لەدوایی کۆمەڵکوژی یەکانی هەڵبجەوشوێنەکانی تر ئایا تواندراوە سەرجەم تاوان باران دادگایی بکرێن ئەگەر نەتواندراوە ئایا چۆن دەتواندرێت سەرجەم تاوانباران پەلکێشی دادگا بکرێن وسزابدرێن لەدادگا لەسەر تاوانەکانی کیمیاباران وکۆمەڵکوژی یەکان سەرنجتان لەوبارەیەوە چییە؟ وەڵام : لەسەر تاوانی هەڵەبجە عەلی حەسەن مەجید سزای بەسەر جێبەجێكرا, كە پێشتر لە دۆسیەی ئەنفال چەندین سزای ئیدام بەسەردا جێبەجێكرابوو , لەو بترازێت لەسەر چوار دۆسیەی جینۆسایدی كورد هیچ كەسێك سزای بەسەر جێبەجێنەكراوە, هەموو لە سزا رزگاریان بووە , تەنها لە دۆسیەی ئەنفال جگە لە ٧ تۆمەتبار ٤٢٣ كەسی دی داواكراون , بەڵام تا ئێستا لە عێراق و كوردستان هیچ یەكێك لەوانە دادگایینەكراون , هەرچەندە چەندین كەسیان لە دادگاكانی كوردستان وەك كەس , وە هەموویان بە كۆمەڵ لە لایەن رێكخراوی كوردستان بێ جینۆسایدەوە دوو جار سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە , لە ئاستی دەرەوەش نزار خەزرەجی لە دانمارك , نیعمە فارس محیاوی لە نەمسا , مەلا عوزێر لە هۆڵەندا سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە, خەزرەجی هەڵات , محیاوی گەیشتە داواكاری گشتی و لایەنی بەرپرس هاوكاری دۆسیەكەیان نەكرد لە كاتێكدا ئەو تاوانبارە لە دۆسیەكانی جینۆسایدی بارزانی و ئەنفالدا , مەلا عوزێریش بە پێ وتەی قوربانیان دۆسیەكەی یەكلا ببوەوە بۆ دادگاییكردن بەسەریدا مرد رزگاری بوو لە دادگاییكردن , دیارە پێش ئەمانەش لە هۆڵەندا بازرگانی چەكی كیمیاوی فرانس ڤان ئانرات دادگایی كراو بە 16,5 ساڵ زیندانی حوكمدرا , هاوكات تاوانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە وەك دوو تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی ناسێنران لە ئاستی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا .

  وەلید محەمەد چالاکوانی سیاسی:

هەڵەبجە زامێکی لەبیرنەکراو ڕۆژی ۱٦ ئاداری ۱۹۸۸ حکومەتی ئەوکاتی بەعسی دڕندە بەبەرچاوی هەموو جیهان و بەهاوکاری بەشێک لەووڵاتان شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکردو بەو هۆیەوە زیاتر لە ٥۰۰۰ هاونیشتمانی بێ گوناه شەهیدو برینداربوون. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری شەهیدان دەکەم و هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. تا ئێستا دەپرسین و دەمانەوێت بزانین بوچی شاری هەڵەبجە کیمیا بارانکرا؟ تاوانی هەڵەبجەییەکان چیبوو؟ بۆچی ئەو کات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ دەنگبوو؟ لەوەڵامی پرسیارەکانی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کەتەنها کوردبوون بوون و ناسنامەیان کوردستانی بوو ، تەنها بە زمانی کوردی دەدوان . ئەوەی جێی نیگەرانییەو تائێستا نەمانزانیوە کێ چەکی کیمیاوی بەڕژێمی بەعسی دڕندە دابوو؟ بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگری لەڕژێمی سەددام نەکرد هەڵەبجە کیمیا باران نەکات؟ بەنیگەرانیەکی زوورەوە تا ئێستا ئەوانەی هەڵەبجەیان کیمیا بارانکرد ، دادگایی نەکراوون. دەپرسین بۆچی دادگایی نەکراوون ؟ کێ ڕێگرە لەداگایی کردنیان؟ وەڵام : نازانین!!!!! لەم بۆنە خەمناکەدا پێویستە : یەکەم: دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە کەیسی هەڵەبجە درۆست بکرێت. دووەم: تاوانباران بەزووترین کات داگایی بکرێن. سێیەم: قەرەبوووی ماددی و مەعنەوی هەڵەبجەییەکان بکرێت. چوارەم: کەیسی هەڵەبجە بە نێودەوڵەتی بکرێت. پێنجەم: چارەسەری بریندارانی کیمیابارانی هەڵەبجە بکەن. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجەو تەواوی شەهیدانی کوردستان. بمرن داگیرکەران و تیرۆرستان و ناحەمزانی گەلی کوردستان.

هونەرمەندی شێوەکار تارا محمد ئەمین :

برینەکانی نیشتمان هێندە قوڵە، ڕەنگی بەهاریان لێڵ کردوە ، دوای ئەو تاوانە گەورو کۆمەڵکوژیەی شاری هەڵبەجەو شوێنەکانی تری کوردوستان پاش کوژران و ماڵ وێران بون و سەرگەردان بوونی خێزان و کەم ئەندام بونی زۆرێک لەمرۆڤە بێ تاوانەکان و مردنی زۆرێک لەئاژەڵ و پەلەوەران و پیس بوونی ژینگەو .هتد بەدڵنیایی هەموو تاوانباران دادگایی نەکراون ، چونکە دەسەڵات بەڕێوەبەرێکی کۆیلەو پاوە نخوازە و کار بۆ نیشتمان و زێدی نیشتیمان ناکات ئەوان لەمێژە نیشتیمان بونیان لەبیر کردوە. کارێکی گرنگ هیوادارم ئەنجامێکی باشی هەبێ، و بەهیوای سودێک لەلایەن کەسانێک مرۆڤ دۆست و ژینگەدۆست و ئاژەڵ دۆستن ، لەدەرەوەی وڵات بۆ شوێنی تایبەت، بەهەموومان ئەو کەیسانەیان پێشکەش بکەین بە بەڵگەو دوکومێنتەوە.

 

نیازی حامد برایم چاودێری سیاسی:

لەئەساسەدا هیچ تاوانبارێکی کۆمەڵکوژی هەڵبجە دادگایی نەکراوە ،تەنانەت ئەوانەی کە لەدادگاکانی عێراقیش دادگایی کراون لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵبجە دادگایی نەکراون،ئەوەش بۆئەوە دەگەرێتەوەکە ئەو دەسەڵاتەی لەباشوور هەیە دەسەڵاتێکی لوکاڵی بێ دەسەڵات جگە لەتاڵان ومورتەزەقەیی بۆ داگیرکەرانی کوردستان هیچ لەسیاسەت نازانێت دەنا ئەو تاوانەی کەلەهەڵبجە ڕووی دا لەسەردەمی ڕژێمی بەعس،دەبوایە لەدادگایەکی جیهانی هاوشێوەی دادگایی کە لەشەڕی جیهانی دامەزرا بۆ تاوانی جەنگ  دەبوایە لەودادگایە دادگایی بکرابانەیە تاوانباران .دەبوا نەک سەرانی حیزبی بەعس بەڵکوبەشێک لەتاوانەکە دەکەوێتە ئەستۆی ڕژێمی ئیسلامی ئێران وهەروەها ئەوهیزە چەکدارەی کەلەناوچەی هەڵبجە هەبووە وکەهاوکاری ئێران بوون بۆئەوەی ڕژێمی بەعس پاساوی هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەوکۆمەڵکوژییە،من وای دەبینم هەتاوەکو بەجیهانی نەکرێت کەیسی هەڵبجە وەدادگایەکی نێونەتەوەی نەکرێت بەهێچ شێوەیەک تاوانباران ناگەنە سزادانیان،ئەم دادگا لەچوارچیوەی تاوانی جەنگ دروست بکرێت ئەمەش بەوهێزە سیاسی یانەش دروست ناکرێت کەلەسەر دەسەڵاتن ،لەباشووری کوردستان چونکە ئەوهێزانە هێزی لوکاڵی تاڵانچی وهێزی تیرۆرن بۆخۆیان بەشێکن لەوتیرۆر.پێویستە ئەو تاوانە هەقی خۆی بدرێت بکەرانی ئەو تاوانە بەناڕاستەو خۆ وڕاستەوخۆ لەدادگا سزابدرێن.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.