دەتوانێ هەوێنی رێکخستنی خەڵکی ناڕازی و سەرهەڵدانی دووبارەشوراکان بێت.کۆمۆنیستەکان ناتوانن لەدوورەوەلەدەرەوی وڵات فەرمان دەرکەن،بەڵکوو وەک سەرەتاکانی راپەرینی ١٩٩١پێویستەولەپێشەوەی جەماوەرولەناوجەرگەی حەدەسەکاندابن

0

ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی لەساڵیادی بزوتنەوی شورایی لە ساڵی ١٩٩١یی کوردستان-عێراقدا وەک ڕێزگرتن لەویادە وسوود وەرگرتن لەوتێکۆشانە شکۆدارە ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی ومرۆڤدۆستی یە،وە ڕێزگرتن لەهاوڕێ یانی گیان بەختکردوویی ڕێگای هێنانەدی سیستەم و ئیدارەدانێکی شورایی دا سەروڕێزی نەوازشیان لەئاستیان دادەنەوێنین وبەردەوام تێکۆشانیان بەرز دەنرخێنین و لەسەر هەمان ڕێبازوتێکۆشانی بزوتنەوەی شورایی دا بەردەوام دەبین بۆهێنانەدی نان،کار،ئازادی ئیدارەدانی شورایی ،هەر بۆئەم مەبەستەش پرسیارێکمان خستۆتە ڕوو بەم جۆره:بزوتنەوەی شورایی لەگەڵ ئەوەی لەساڵی ١٩٩١ لەهەلومەرجێکی تایبەتیدا هاتەکایەوە بەڵام توانی کاریگەرێکی ئەرێنی وسوودبەخش بەجێ بهێڵێت لەکۆمەڵگای کوردستاندا ئایا لەئێستادا دەتواندرێت بە میکانیزمێکی باشتر بەسوود وەرگرتن لەتێکۆشانی ڕابردوو هەمان نەخشە ڕێگای شورایی واتە خۆبەڕێوەبەری خەڵک هەنگاوی بۆبندرێت لەتێکۆشانێکی هاوبەش ویەکگرتوانەدا بۆڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەدەست قەیران وکێشەکانی دا؟

حەسەن رەحمان پەناە : 

بزووتنەوەی شورایی ، وەک بزوتنەوەیه کی سیاسی و کۆمەڵایەتی، به پێی مێژووی سه رهە ڵدانی، له بنەرەتدا له ئاکامی خه باتی چینایه تی کرێکاران بۆ رزگاری هاتووەته ئاراوه و به پێی جه وهه ر و ناوەروکی دێموکراتیکی خۆی له ئاستێکی بەریندا سەرنجی باقی چین و توێژەکانی سته ملێکراو و بێ بەشی کۆمه ڵگای بەرەوخۆی راکێشاوه. بزووتنەوەی شورایی کە بۆ یەکەم جار لە شۆرشی ١٩٠٥ روسیە و بە ئەزموون وەرگرتن لە کۆمۆنەی پاریسی ١٨٧١ فرانسە ، هاتە گۆرەپانی خەبات و دەسەڵاتدارەتی چینی کرێکار ، لە شۆرشی ١٩١٧ روسیە بە تەواوی وەک ئەڵترناتیوی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان به رانبه ر به نیزامی پاڕلمانی بورژوایی دەر کەوت.ئەم شێوازە لە دە سەڵات داریه تی و له رێکخستن نە تەنیا رێگا بۆ دەسەڵاتی راستەوخۆی دەنگدەر خۆش دەکات و ئیرادەی ئەوان نیشان دەدات ، بەڵکوو بە وتەی “مارکس” ئەم شێوە دەسەڵاتە “کۆمۆنییە” رێگا بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەت خۆش دەکات و کۆمەڵگا بەرەو سوسیالیسم و کۆمۆنیزم هیدایت دەکات . چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان ، کاریکرێگرتە و” بێگانە بوونی ئینسان لە خۆی ، لە ئامرازی بەرهەم هێنان و لە ژینگە ” ، ئەو  سێ تایبەتمندیی نیزامی کرێگرتە کە لە لاین مارکسەوە زۆر گرینگن بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، کۆتایی پێ دێنێت. پێویستە شورا وەک  ئامرازی دەستی چینی کرێکار بۆ هەلومەرجی پێش گەیشتن بە دەسەڵات و پاش گەیشتن بە دەسەڵات چاوی لێبکرێت ، تایبەتمندیەکانی بناسرێت و بەردەوام بەکار بهێندرێت و نوێ بکرێتەوە.بالە پرسیارەکە زۆر دوور نەکەوەینەوە کە لە سەر کاریگەری ئەزموونی شورایی لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ زاینی لە هەرێمی کوردستانە. بەلای منەوە دوو خال لە رووداوەکانی ئەو ساڵە زۆر گرینگ و چارەنووس ساز بوون . یەکەم راپەرین بوو کە کۆتایی بە دەسەڵاتی فاشیسی بەعس لە کوردستان یان بەشی زۆری کوردستان هێنا و کەش و هەوایی بۆ هاتنە ئارای شوراکان خۆشکرد. دووهەم بزووتنەوەی شوراکان لە کوردستان بوو کە ئەزموونیکی تازە لەم ناوچەیە، بەڵام کۆن لە مێژووی سەدساڵی رابردوو بوو. هەر دوو ئەزموونەکە لە باری مێژووییەوە ئەزموون و رێگا چارەی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان بوون و هەن. ناڵیم بۆرژوازی قەت کەڵکی لەم دوو شێوازە وەرنەگرتووە ، با کەڵکی لێ وەرگرتوون ، بەڵام بۆ قازانجی خۆی و بەلارێدا بەردنیان.ئەگەر راپەرین و شووراکان ئەزموون و چەکی دەستی کرێکاران، هەژاران و کۆمۆنیستەکان بۆ خرۆشان و گۆرینی نەزمی کۆن بە نەزمی نوێیە ، هەق وایە هەڵە و کەم و کوری گەورەی خۆمان وەک کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی هوشیار کە پێشرەوی سەرجەم چینی کرێکارن دەست نیشان و لە بەرچاو بگرین کە بۆ رەوتی رووداوەکان وای لێهات ؟ بە باوەری من گرێ کوێرەی باسەکە لێرەدایە .من لاموایە کۆمۆنیست و چەپی رادیکالی کوردستانی عێراق خۆێندنەوەی بۆ راپەرین هەڵە بوو. ئەو رووداوە گرینگەیان بە ئاسانی بە ده ستکردی ئه مپریالیسم  پێناسە کرد و لە دەستکەوت و کەموکووریەکانی کە خۆیان لە زۆر شوێن هێزی بزوێنەر و رێکخەری بوون نامۆ و بەری کرد. ئەو بەشە لە چەپ لە ژێر کاریگەری باس و کێشە و جیابوونەوەکانی ئەو کاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوون و دیسکۆرسی کیشەناوخۆیەکانی حیزبی ئێمە و بە تایبەت لایەنێک کە بە “کۆمۆنیزمی کرێکاری” ناسرا رەچاو و پراتیک کرد کە خۆێندنەوەی بۆ رەوتی رووداوەکان هەڵە بوو و ئەزموونی دواتر ئەوەی نیشاندا. لە سەردمێکی هەستیاردا بریاری هەڵەدان بە دەیان ساڵ تەقالا بۆ جوبران کردنی قەرەبوو ناکرێتەوە.بێجگە لەو خاڵەی کە ئاماژەی پێکرا ،هەڵسووکەوت لەگەڵ شوراکان ، رێکخراوە کرێکاری و جەماوریەکانیش نادروست و لە جێی خۆی نەبوو. بەحیزبی کردنی رێکخراوە جەماوەریەکان هەڵە بوو و هەڵەیە . رێکخراوی جەماوەری ناوی بە خۆیەوەیە. دەبێ جەماوەری کرێکار و هەژار و نارازی  لە خۆی بگرێت. وەها رێکخراوە گەلێک ، مەیدانی ململانێەی فکر و گرایشی جیاوازی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. جەریانی کۆمۆنیستی تەنیا یەکێک لە لایەنەکانی ناو ئەو رێکخراوە جەماورییە کرێکاریانەیە . گرایشی کۆمۆنیستی پێویستە بە کاری هوشیارانە ، بە نەخشەرێگای دروست ، بە دیاریکردنی تاکتیک و ستراتێژی شۆرشگێرانە ، هێژموونی خۆی لەو رێکخراوانە و بە تایبت شوراکان بەرێتە پێش و بەبێت بە جێگا موتمانەی زۆرینەی بەشداربووانی ئەو رێکخراوانە. پێویستە بە زەحمەتی شەوانە رۆژی و خشت لە سەر خشت دانان وەها ترازوی هێز بە قازانجی کرێکاران و بەرەی چەپی کۆمەڵگا بگوردرێت کە بۆ بەرەی راست و دەسەڵات ئاسان نەبێت دەست بۆ ئەو رێکخراوانە بەرێت . نە تەنیا ئەوە، بەڵکوو دەبێت وەک جێگرەوەی دەسەڵاتی سەرمایەدارن لە کۆمەڵگا مەترح بن و زۆرینەی جەماوەر باوریان پێبکات و چارەنووسی خۆی پێ بسپێرێت.  ئەوە تەنیا بێ رەحمی و سەرکوتگەری دەسەڵات نەبوو کە چارەنووسی چەپ و شوراکان و دەستکەوتەکانی راپەرینی بەم رۆژە گەیاند ، بەڵکوو پێویستە بە چاوی رەخنەگرانە لە و رابردووە و کەم و کوریەکانی بروانین ، هەڵە کان ببینین ، برینەکان سارێژ کەین ، بێ رەحمانە رەخنەیان لێبگرین و دەستکەوتەکان بە هێز و رەچاو کەین . لەم روانگایەوە دەتواندرێت هەوڵ بۆ بووژانەوەی بزوتنەوەی شورای و دەسەڵاتی جەماوەری خەڵک بدرێت. لەم رۆژانەدا کە کۆمەڵگا لە گەڵ سڕبوونی سیاسی لە لاین دەسەڵاتەوە بەرەوروو بووەتەوە و خەڵک لە پەراوێزی سیاست و دەسەڵاتداریەتیدان ، بەربەرەکانی دژ بە گەندەڵی ، ناعەداڵەتی، بێکاری ، نەدرانی مووچە ، داخوازی بیمەی بێکاری و دەرمانی بە تایبەت لە سەردەمی کرۆنا کە ژیانی تاڵی خەڵکی هەژاری چەند قات خراپتر کردەوە  ، بەربەرەکانی لەگەڵ بێ مافی ژنان و یاسا و بیری کۆنەپەرستانە دژ بە ژنان ، دژایەتی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری ناوچەکەدا کە تداخول لە هەرێم و پیلانگێریەکانیان ٣٠ ساڵە درێژەی هەیە  و زۆر داخوازی دیکە ، دەتوانێت هەوێنی رێکخستنی خەڵکی نارازی و سەرهەڵدانی دووبارەی شوراکان بێت. کۆمۆنیستەکان ناتوانن لە دوورەوە و لە دەرەوی وڵات فەرمان دەرکەن و بریار بدەن ، بەڵکوو وەک سەرەتاکانی راپەرینی ١٩٩١ پێویستە و دەبێت لە پێشەوەی جەماوەر و لە ناو جەرگەی حەدەسەکاندابن. لەو روانگاوە بە باوەری من مەجال و زەمینە بۆ سەر هەڵدان و گەشەی دووبارەی شوراکان بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵە و دەسکەوتەکانی رابردوو تا ئێستا هەیە و کاری عەمەلی و کردەیی دەوێت.  

لیلە سلێلمانی :

بێگومان وەک پێویست پێویستە بزوتنەوەی  شورایی بۆ هێنانەدی ئیدارەدانی شورایی بەڵام هیچ بزوتنەوەیەک بێ دوو بنە ماناتوانێت لە ناو ئەم فەزای چەتەگەرییەدا شانسی سەر کەوتنی هە بێت: یەکەم:ئابورێکی سەر بەخۆی پێویستە .دووەم هێزی خۆ پاراستنی ڕەواو گەردونی .ئایا دەتوانرێت لەم تاک و کۆمەلگا بێ ئیرادە کراو  و داڕووخاوەدا ،ئەم دوو پێویستییە دەستەبەر بکرێت؟بنە مای سێ یەم بە رێکخستن کردنی خەلکە.چۆن بە ڕێکخستن بکرێت ؟ئەوە گرنگە دە بێت کۆمەڵ ناسیانە،هە موو لایەنە دەرونییە کانی خەڵک، لایەنی خێزانی کۆمەلایەتی باش شی بکرێتەوە.لە گەڵ ئەوە پلان نامەی وردو تۆ کمە دابنرێت،وە ڕابەرایەتیەکی جێگای قبوڵی خەڵک پێ شەنگ بێت.شۆڕش و گۆڕانکاری سەبری  وقوربانی  دانی دەوێت.

ئاسۆ کمال:

 ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا فرسەتی بۆ ئەم گروپە کۆمۆنیستانە کردەوە کە بێنە ناو مەیدانی ململانێی ئاشکرای سیاسی و کاری جەماوەریەوە. بەشداری چەکدارانەی کۆمۆنیستەکان لە ڕاپەڕیندا و پێکهێنانی شوراکان و دروستکردنی هێزی چەکدار بۆ بەرگری لە دژی گەڕانەوەی بەعس، ئەمانە قاڵبێکی تری دا بە هەڵسوڕانی سیاسی ئەم گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستانە. دەرگیربونمان لەگەڵ کێشەی کرێکار و فەرمانبەران و خەڵک کە چی بکەن لەدوای نەمانی بەعس؟ وە ململانێی شوراکان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و بەرەی کوردستانیدا و هتد.. هەموو ئەمانە پێویستی یەکگرتووبونی کۆمۆنیستەکان کردە ئەمری واقیع. هەرچەند “ڕەوتی کۆمۆنیست” وەک گروپێکی جیا مایەوە، بەڵام هەڵسوڕاوانی ڕەوتی کۆمۆنیست و گروپەکانی تر لەناو شوراکاندا یەکیان گرت. ئەم بزوتنەوە شوراییە نەیتوانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا دروست بکا. نەک تەنیا لەبەر مەسەلەی کەمی کات، کە تەمەنی شوراکان هەر ٣ هەفتە بوو ، بەڵکو توانایی و تەجروبەی ئەم گروپانە لە باری سیاسی و جەماوەریەوە زۆر لاوازبوو. تەجروبەی ململانێی ئاشکرامان لەگەڵ حزبە چەکدارە ناسیونالیستەکاندا نەبوو و لەمەش گرنگتر تەجروبەی شەڕی چەکداریمان لەگەڵ بەعس نەبوو. لەگەڵ ئاوارەبونی خەڵکی کوردستان لە نیسانی ١٩٩١دا گروپە کۆمۆنیستەکانیش ئاوارە بوون و ئیتر دەوری ئاشکرا و جەماوەریان نەگێڕا.

 ئەوەی ئێمە لە کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە فێری بوبوین خۆجیاکردنەوەمان بوو لە ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی. ئەمە لەکاتی ڕاپەڕین و شوراکاندا زۆر زوو ڕەگی داکوتا لە بزوتنەوەکەماندا کاتێک دژایەتی یەکێتی نیشتمانی و بەرەی کوردستانیمان بەرامبەر بە شوراکان بینی و دژایەتی ئەم حزبە بورژوازیانە بەرامبەر بە کۆمۆنیستەکان بەرجەستەبوو.بزووتنه‌وه‌ی چەپ بەدوای جیابوونه‌وه‌ لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران توشی دەورەیەکی دوورودرێژی پاسیڤیستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ٢٠ بوو، وە خۆی خاوەنی پایەی کۆمەڵایەتی و سوننه‌تی کاری سیاسی جەماوەری نەبوو. هەربۆیە دوای شوراکانی ١٩٩١یش هێشتا باوەڕی بە تەجروبەی سیاسی خۆی نەبوو کە لە بزوتنەوەی شوراییەوە بەدەستی هێنابوو. لە کاتێکدا لە ڕاپەڕیندا ئەم بزوتنەوەیە شانسی گۆڕینی ئەم وەزعەی هەبوو، وە دەستی بە خەڵک ڕاگەیشت و چووە مەیدانی سیاسی و بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شوورایییەوە.ئەزمونی شوراکان گرنگە و پێویستە لێکدانەوەیەکی واقعی و دروستی بۆ بکەین، نەک تەنیا وتنەوەی ئەو دروشمەی کە شوراکان گرنگ بوون. دەبێ بزانین شوراکان چیبون؟ چ دەورێکیان هەبوو؟ کۆمۆنیستەکان لەڕیگای شوراوە چیانکرد؟ ڕای من بەکورتی ئەوەیە کە ئەمە یەکەمین تەجروبەی کاری جەماوەری کۆمۆنیستەکان بوو و لەم بارەوە دەبێ جارێکی تر دەرسەکانی باس بکەین.یەکەمین شتێک کە کردی کاریگەری بۆ سەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی خۆی بوو کە لەو پەرژوبڵاوی و فیرقەگەریە و گروپە بچوکانە دەری کردن و یەکگرتوی کردن بۆ چونە مەیدانی کاری سیاسی و جەماوەری. هەرچەند ئەم بزوتنەوەیە دوای ئاوارەیی گەڕایەوە دۆخی جارانی نهێنی و سیکتاریستی خۆی، بەڵام بوە زەمینەی دروستبونی حزب و ئێستاش دەتوانێ جارێکی تر وەک تەجروبەیەک دوبارەبکرێتەوە بۆ دروستکردنەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی و کرێکاری بەرفراوان و ئەم پەرژوبڵاویەی ئێستا کۆتایی پێ بێنێ.دووەم؛خەڵکی لەگەڵ ناوی شورا و لەگەڵ کۆمۆنیستەکان ئاشناکرد و پەیوەندی لەنێوان ئێمە و خەلکدا دروستکرد. ئەمەش تەجروبەیەکە ئەگەر بمانەوێ ببینە بزوتنەوەیەکی کرێکاری و جەماوەری دەبێ لەنێو کرێکاران و فەرمانبەران و خەلکی زەحمەتکێشدابین و لە ناڕەزایەتیەکانیاندا دەورمان هەبێ و ڕیکخراو و یەکگرتویان بکەین . ئەمە ڕێگای دروستکردنی بەدیلی کرێکاریە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان.

سێیەم؛دەبێ بزانین کە بۆچی شورا نەبوە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و نەیتوانی گۆڕانکاری لە ئاستی ڕیکخراوبونی کرێکاران و فەرمانبەراندا دروست بکا. ئەمە بەشێکی لەوانەیە کە بە کورتی تەمەنی ڕاپەڕین و دیسانەوە سەرکوتی بەعس و ئاوارەیی پاساوبدەین. هەروەها داخرانی هەموو کارگە و فەرمانگەکان و دەوام نەکردن ئەمانە هەموو فاکتەربوون. بەڵام فاکتەری سەرەکی نەبونی پەیوەندی و ڕیشەی کۆمۆنیستەکان بوو لە نێو کرێکاران و فەرمانبەراندا.ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان دەچوین خەڵکمان کۆدەکردەوە و داوامان دەکرد کە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن لەگەڕەکدا و مودیرە بەعسیەکان لابەرن. بەڵام شورا ئەو پەیوەندیەی کە نوێنەری شورا بە خەڵکەوە هەیبێ و بزانێ دەبێ چی بکا و بەرنامەی چی بێ لە ئارادا نەبوو. دوای چەند کۆبونەوەیەکی گشتی بنکەکانی شوراکان و دوای ئەوەی یەکێتی دژی شورا ڕاوەستا و دەچوە سەر هەندێ بنکە، کاری ئێمە بوە کۆبونەوەی هەڵسوڕاوان و لەو کۆبونەانەدا نوینەری کرێکاران و فەرمانبەران و گەڕەکەکان نەبون و هەر گروپە باسی لە دروشمەکانی خۆی دەکرد. کارێکی سەرەکی و گرنگ کە شوراکان کردیان خۆئامادەکردنی چەکداری بوو، بەڵام بۆ ئەمەش بەرنامەیەکی دیاریکراومان نەبوو. دەچوین بۆ کەرکوک و چەمچەماڵ و دواتر لەگەڵ ڕەوتی کۆمۆنیست قسەمان کرد بۆ ئامادەیی بەرەنگاری هێرشی بەعس و بەداخەوە ئەوان لەقاڵبی گروپەکەی خۆیاندا بوون و لەم کارەدا بەشدارنەبوون. ئێمەش بەو هێزە کەم و پەرژوبڵاو و بێ بەرنامەیەوە دوای شەهیدبونی چەند هاوڕێیەک لە سلێمانی و هەولێر نەمان توانی وەک هێزێک لە کاتی ئاوارەییدا بمێنینەوە و دەوربگێڕین و دیسان پەرژوبڵاوبوینەوە و سەرەڕای هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هەڵسوڕاوانی شورایی بەڵام دواتر بەشێکمان کەوتینەوە سازدانەوەی دەورانی گروپگەرایی.هەربۆیە باسی ئەزمونی شوراکان دەبێ لەم واقعیەتەوە دەست پێ بکا کە ئێمە بزوتنەوەیەکی شورایی جەماوەریمان نەبوە و تەنیا هەوڵێکی سەرەتاییمان هەبوە بۆ چونە ناو جەماوەر و ڕێکخستنی ئەوان لە شوراکاندا لە دەوری نەبونی دەسەڵاتێکی حکومیدا ، لێرەوە دەبێ بچینە ناو ئەو باسەی کە ئایا لە ئێستادا چۆن بزوتنەوەی شورایی دەتوانین جارێکی تر بەڕێبخەین؟ بۆ ئەم کارە پیویستمان بە تیكەڵاوبونە لەو ناڕەزایەتیانەی کە ئێستا هەیە تا بتوانین شێوازەکانی ڕیکخراوبون لە کارگە و فەرمانگەکاندا دروست بکەین و لێرەوە بتوانین شیوازی ڕیکخستنی شورایی پەرەپیبدەین تا بتوانرێ بزوتنەوەیەکی جەماوەری شورایی بەڕیبخەین. ئەم کارە بە بانگەواز نابێ بەڵکو پرۆسەیەکە کە لە دروستکردنی ڕیکخراوە جەماوەریەکانەوە دەست پی دەکا و ئەمەش لە مەیدانی کار و بەرهەمهێناندا دەتوانێ پێشڕەوی بکا و تا دواتر لە ناوەندەکانی تردا دەتوانرێ پێک بێت و ببێتە بزوتنەوەیەکی سەراسەری. کۆبونەوەی هەڵسوراوان بەتەنیا ناتوانێ ناوبنرێ شورا و بزوتنەوەی شورایی و دەبێ ئەوەش بزانین کە شورا لەگەڕەکدا لە دەورانی ئاساییدا دروست نابێ لە کاتێکدا گەرەک تێکەڵاوێکە لە خەڵکی جۆراوجۆری چینەکان کە بەرژەوەندی جیایان هەیە و پەیوەندی ڕۆژانەیان لە شوێنێکی ترەوە ڕیکدەخرێ. هەربۆیە دەبێ لەو جۆرە شیعاردانە ناواقعیانە دورکەوینەوە کە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە بێ یان کێشەی ناوخۆی حزبە دەسەڵاتدارەکان پێمان وایە بە بانگەوازێک شورا پێک دێت! کرێکاران و فەرمانبەران لە پرۆسەی ڕیکخراوکردنی ناڕەزایەتیەکان و لە شوێنەکانی کارکردنیاندا دەتوانن ڕیکخراوی شورایی دروستبکەن. کۆمۆنیستەکان دەبێ لەم پرۆسەیەدا بەشداربن و دەوری سەرەکی بگێڕن تا بتوانن بزوتنەوەیەکی سەراسەری شورایی بەگەڕبخەن.

سەردار عەبدوڵا حەمە :

دەستتان خۆش بۆ ئەم بەسەرکردنەوە بۆ ووتنی ڕای خۆم لە سەر ئەم بابەتە . یەکێ لە زوعفەکانی شوراکانی ١٩٩١ ئەوە بوو بە میکانیزمێ نەهاتنە مەیدان بۆ ئەوەی دەسەڵات بە دەستەوە بگرن . ئەو پێداویستیانەی پێویست بوون بۆ بەرەپێشەوە چوون بەرەو دەسەڵات بەجێ یان نەهێنا ، هەرچەندە هەلومەرجەکەش لە بار بوو وەک ئەوەی بۆشایی دەسەڵات هەبوو لەدوای ڕاپەڕین و وەدەر نانی ڕژێمی فاشی بەعس لە کوردستان ٠ سەرکرادیەتیەکی یەکگرتوو سەراسەری نەبوو کە بتوانێ سەرجەم شوراکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوک رابەرایەتی بکا ، ئەگەر ئەوە هەبوایە شوراکان دەیانتوانی دەسەڵات ڕابگەیەنن ، دەیانتوانی هێزێکی گەورە ی چەکدار دروست بکەن کە بەرگری لە خۆیان بکەن لە هەر پەلامارێک ، شوراکان دەبوو پێش بەرەی کوردستانی دەستیان ببردایە بۆ دەست بەسەراگرتنی ئیدارەکان و بانکەکان و مەخزەنەکانی چەک و تەقەمەنی ڕژێم پێش ئەوەی بەرەی کوردستانی دەستیان بەسەرا بگرێت، چونکە راگەیاندنی دەسەڵات پارەو چەک و بینا و بنکەی دەوێ . زوعفێکی تر ئەوە بوو حیزبێک نەبوو ڕابەری ئەو بزووتنەوە بکا . چەپەکان هەڵسوڕاوی سەرەکی شوراکان بوو بەشێوەی مەحفەلیانە کاریان دەکرد، بۆ بەڕێ خستنی بزووتنەوەی شورای و ڕاپەڕین بە بێ حیزبێکی لەو جۆرە ئاکامەکەی شکست دەبێ ، کۆمۆنەی پاریسیش بۆیە شکستی خوارد هەمان زوعفی هەبوو ، شوراکانی سۆڤیەت بۆیە سەرکەوتوو بوون ئەم زوعفەی نەبوو ، بەڵام دواتر شوراکانی سۆڤیەت لەدوای دەسەڵات گرتنە دەست شکستیان خوارد هۆکاری هاتنی ستالین بوو کە نەیتوانی کارەکانی حیزب وەک کاتی لینین درێژە پێ بدا ئەوە باسێکی ترە . ئێستا لە کوردستان هەمان هەلومەرجی ساڵی ١٩٩١ ی نیە دەست بۆ دامەزراندنی شوراکان دەبێ لەگەڵ هەلومەرجەکەدا گونجاو بێت ، ئيستا دوو دەسەڵاتی میلیشیایی پڕچەک و دەوڵەمەند هەیە کە بە ئاسانی ڕێگا نادەن شوراکان دامەزرێن دەبێ داسەپێندرێ بەسەریاندا . کاری زیاتری ئەوێ و ماندوو بوون جەسارەتی هەڵسوڕاوانی شورایی دەوێ. باشترین کارێ بکرێ بەهێز کردنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانە چونکە ئەلتەرناتیڤی ئەو حیزبە دەسەڵاتی شوراییە هەر ئێستا پرۆژەکەی لە بەردەستە ، گرنگە ئەوانەی باوەڕیان بەو ئەلتەرناتیڤە یە دەست بخەنە ناودەستی ئەم حیزبەوە لەسە ر بەجێگەیاندنی ئەو پرۆژەیە کاری لەسەر بکەن ، واز لەبەرژەوەندیە تەسکی حیزبی و گروپی و مەحەفەلي و کاری تاکەکەسی بێنن هەموو پێکەوە کار بکەن بۆ ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتە ناسیۆنالیستیە – ئیسلامیەی کە ٣٠ ساڵە خەلک برسی دەکاو تیرۆر دەکاو دەکوژێ وزیندانی دەکا خۆشی تێروپۆشتەو دەوڵەمەند دەکا تا دوانەوەکانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ملیاردەرو ملیۆنەر دەکا. دەکرێ ئێستا دەست ببرێ بۆ دروست کردنی شوراکان ، سەرەتا دەبێ کۆبوونەوەیەک بۆ سەرجەم ئەوانە رڕێک بخرێ کە هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست و چەپ و ئاژیتاتۆری کرێکاران و زەحمەتکێشانن کە باوەریان بەشورا هەیە تا بۆ ڕآبەرایەتی بزووتنەوەکە ئەرک و مەهامەکان دابنرێن . دەکرێ شوراکان لەگەرەکەکاندا لەڕێگای کۆبوونەوەی گشتیەوە دامەزرێ لە سەر بەدی هێنانی خواستە سەرەتایەکانی وەک ئاوو کارەبا و بیمەی بێکاری و کۆمەڵایەتی و تەندرەستی وشتی تر ، لە کارگاو ئیدارە خزمەتگوزاریەکانیش لەسە ر خواستی نەبڕینی مووچەو زیادکردنی کرێ وباشکردنی هەلومەرجی کار شتی تریش . بۆ ئەم مەبەستە دەبێ پشت ببەسترێ بە ئاژیتاتۆرەکان یا کەسانی رابەرو خۆشەویست و جێگامتمانەی خەڵکی لە شوێنی ژیان و کاردا، دەکرێ ئەم بزووتنەوەیە بەڕێ بخرێ و تا لە هاوکێشەی ململانێکابدا سەنگ و قورسی پەیدا بکاو بەرەو دەسەڵاتی سیاسی بڕوات . بۆ ئەم کارەش بەبێ بوونی حیزبێکی کۆمۆنیستی شوڕشگێڕ مەحالە سەرکەوتن بەدەست بێ .

هیوا احمد : 

دەتوانرێ بوترێ کە بزوتنەوەی شورایی ساڵی ١٩٩١ تاکە دەستکەوتی پۆزەتیڤی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٩١دا.  تاکە بزوتنەوەیەکی سیاسی و جەماوەری بوو لەپاڵ بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا کە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و ژیانێکی باشتردا هاتە مەیدان و کەوتە ململانێی سیاسی وکۆمەڵایەتی لەگەڵ حیزبەکانی ناسیونالیزمی کورد و بزوتنەوەی کوردایەتیدا.  بۆ یەکەمجار بوو کە لە مەیدان ومێژوی سییاسی کوردستاندا هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەری جیاواز لە ئاسۆ و ئامانج و نەریتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی پێبنێتە مەیدانی سیاسی و ململانێی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، هەر بۆیە ناسیونالییزمی کورد و حیزبەکانی، ئەم بزوتنەوە سیاسی وکۆمەڵایەتیە جیاوازەیان پێقبوڵ نەکرا و هەر زوو سەرکوتیانکرد و بەزەبری چەک زۆرێک لە بارەگای شوراکان لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە داخران و لە ڕادیۆکانیانەوە کەوتنە پڕوپاگەندە و دژایەتیکردنی بزوتنەوەی شورایی.بزوتنەوەی شورایی کوردستان ئەزمونێکی گەورە و پڕبایەخ بوو بۆ بزوتنەوەیی کرێکاریی و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لە ڕوی ڕێکخراوبون و پیادەکردنی ئیرادە و خواستی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و نیشاندانی ئەڵگۆیەکی جیاواز لە حوکمڕانی  کۆمەڵگە. بۆیە هەمیشە دەکرێ سود لە دەستکەوت و لایەنە پۆزەتیڤ و لاوازەکانی ئەم ئەزمونە وەربگیرێت بۆ داهاتوی هەر بزوتنەوەیەکی ڕێکخراوەیی و بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگا لەلایەن چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانەوە، یان دوبارە بەڕێخستنەوەی بزوتنەوەی شورایی.سیستمی شورایی لە ئەمرۆی سیستمی سەرمایەداریدا لە هەر کاتێک و شوێنێکدا ئەڵگۆیەکی کارسازو گونجاو وعەمەلیە، چ وەک ڕێکخراوەی جەماوەری چینی کرێکار لە پێناو بردنەپێشەوەی خەباتی ئابوریی و بەدەستهێنانی خواستەکانی و ڕیفۆرمدا، چ وەک ئەڵگۆیەک بۆ پیادەکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیکردنی کۆمەڵگەدا. بەلام دروستکردنی شوراکان و بەرێخستنی ئەم بزوتنەوەیە لە دنیای واقعدا پەیوەندی بە زۆر هۆکارەوە هەیە لەوانە، ئاستی هوشیاری سیاسی و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار و هێز و توانای ناڕەزایەتیەکانی، ئاستی تەحەزوب و بەهێزی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و بونی چەپێکی شۆڕشگێڕ، چونکە سیستمی شورایی ئەڵگۆ و ئەڵتەرناتیڤی بزوتنەوەی کۆمۆنیستییە چ وەک ڕێکخراوبون بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم وە چ وەک سیستمێک بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگە و حوکمڕانی، جا ئەگەر خودی ئەم بزوتنەوە کۆمۆنیستیە لاواز بێت ئەوا بێگومان بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی شورایی کارێکی ئەستەمە، چونکە بۆرژوازی بەئاسانی دەەتوانێت هەر هەوڵ و جوڵانەوەیەکی سەرەتایی، کە پشتوپەنایەکی بەهێزی نەبێت، بۆ بەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی شورایی سەرکوت بکات.سەبارەت بە ئەمڕۆش کە ئایا جارێکی تر لە کوردستاندا دەتوانرێت بزوتنەوەی شورایی بەڕێبخەرێتەوە یان ئایا عەمەلییە یان نا، ئەگەر سی ساڵ لەمەوبەر و لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ دا عەمەلی بوبێت و توانرابێت شوراکان پێکهێنرابێت و دەور ونەخشیان بوبێت لە کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردستاندا، ئەوا بێگومان ئەمڕۆ  زۆر زیاتر لەو کاتە عەمەلیتر و کارسازترە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و پیادەکردنی حوکمڕانیەکی شوورایی، بەتایبەتیش لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە سەرجەم سیستمی سەرمایەداری لە ئاستی جیهانی و سەراسەریدا توشی قەیرانێکی قوڵی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و حوکمڕانی بوە و تەواو بنبەستە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا،کە ئەم قەیران و بنبەستە لە کوردستاندا دەیان قات قوڵتر و هەمەلایەنەترە و دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی زۆر دەمێکە بنبەست و ناکارایی خۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و حوکمڕانیدا بەسەدان شێوە نیشانداوە و خەڵک دەیانجار ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی گەورەی لەدژی دەسەڵاتە گەندەڵ ودیکتاتۆریەکەیان ئەنجامداوە.هەر وەک دەبینین لێرەدا هەلومەرجی ماددی، بابەتی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و بنبەست و قەیرانی قووڵی سەرمایەداری، بەتەواوی ئامادەیە، بەڵام هۆکاری زاتی، توخمی شۆڕشگێڕ، واتە هوشیاری سیاسی و حیزبی و ڕێکخراوەیی چینی کرێکار، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، تەحەزوبی کۆمۆنیستی، بونی حیزبێکی کۆمۆنیستی کۆمەڵایەتی بەهێز ویەکگرتوو، زۆر لاوازە و لە پرشوبڵاویەکی زۆر گەورەدایە بەجۆریک کە کاریگەریەکی زۆر کەم و لاوازی هەیە لەسەر کۆمەڵگە و گۆڕینی هاوکێشە سیاسیەکان، هەر بۆیە تا ئەو کاتەی ئەم کەلێنە گەورەیە پڕنەکرێتەوە زۆر ئەستەمە بتوانرێت بزوتنەوەیەکی شورایی بەهێز بەرێبخرێت. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بەم هەلومەرجەی ئێستاشەوە هەوڵی خۆمان نەدەین لەپێناو پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە و هەوڵدان بۆ سود وەرگرتن لەهەر هەلێک کە دەتوانێت هەنگاوێک لەم ئامانجە بمانباتە پێشەوە لەپێناو بەهێزکردنی ئەلگۆیی شوراییدا، تەنانەت ئەگەر تەنها لەسەر ئاستی پڕوپاگەندەش بێت وەک ئەرکی هەمیشەیمان لەپێناو ناساندن و ئاشناکردنی زیاتری کۆمەڵگە بە ئەلگۆی شورایی وەک باشرین سیستمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و پیادەکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.