دوکتۆر حوسەین خەلیقی:بەداخەوە،دژەبەرەکانی ڕژیم،ھەتاھەنووکە نەیانتوانیوە لۆبی دروست بکەن وزیاتر سەرقاڵی کێشەی نێوخۆی خۆیان بووون

0

ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی بۆزیاتر تیشک خستنە سەر بزوتنەوە کۆمەڵایەتی یەکان وناڕەزایەتی یەکانی ناوخۆی ئێران وکاریگەری حزبەئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لەسەر ڕەوتی ئاراستەی ناڕەزایەتییەکان وبە لۆبی کردنی کێشە وتاوانکاری یەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دیدارێکی ئەنجامداوە لەگەڵ زۆر بەڕێز پڕۆفسۆر دوکتۆر حوسەین خەلیقی سەرۆکی پێشوویی زانکۆی سنە ونووسەروکۆمەڵناس.

 

ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی : لەقۆناغی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا ناڕەزایەتی جۆراوجۆری جەماوەری دەبیندرێت لەناوچین وتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا وەک کرێکاران ،مامۆستایان ،ژنان بەرامبەر سیستەم ویاسادژە ئینسانی یەکانی دەسەڵات ئایا ناڕەزایەتی و بزوتنەوە کۆمەڵایەتی یەکان لەچ ئاستێکدایە خوێندنەوەت بۆ بارودۆخی کۆمەڵناسییانەی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی وناڕەزایەتی یانە چییە؟

دوکتۆر حوسەین خەلیقی: لەگەڵ سپاس بۆئێوە. یەکەم دژکردەوەی کومەڵانی خەڵک لەبەرانبەر ڕژیمدا، بەری نادادپەوریی وستەم وسەپاندنی بیری کونەپەرستانە وئاڵوزی باری ژیان وبێتوانایی دەسەڵاتە لەدابینکردنی پێداویستی کاروئامرازی ژیانە. واتا ھەم گوشارلەسەرباری مەعنەوی وھەم باری مادی. کەوابوو بێ ھەستترین کەسانی کومەڵگاش لەخەو ڕائەپەڕێنن. ئەم ڕەخنانە کاتێک کاریگەری خۆی نیشان ئەدا کەخاوەن ڕێکخراوەیی وھەمەگیربێت.نەک خۆ ڕا لەشوێنێک سەرھەڵدا ولەشوێنێک دابمرکێ.

دووەم، ئەگەر ڕێبەرایەتی بکرێن ئەم ڕاپەڕینانە بەھێزترین چەکی گوڕانکارین ودەتوانن بەداڕشتنی بەرنامە ودیاریکردنی ئامانجی ئازادیخوازانە، کومەڵگا بگۆڕن وقەوارەیەکی تاڕادەیک دوورلەستەم وچەوسانەوە، پێک بهێنن.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی: ئایا حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کاریگەری یان چۆن دەبینیت لەسەر هەماهەنگکاری وئاراستەکردن وپشتیوانی کردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی یەکانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ گۆڕانی ئاڵۆگۆڕ لەدەسەڵات وکۆمەڵگادا؟

دوکتۆر حوسەین خەلیقی: حیزب وڕێکخراو یان دژەبەرانی دەسەڵات چوار جۆرن، مجاھدین وپاشاخواز کەھەردووکیان ھەم دژی یەکن وھەم تەواو دیکتاتۆرخوازن. حیزبەکانی نەتەوەکان، داوای بەشێک لەدەسەڵات ئەکەن وئەو دووانە، دەسەڵات دابەش ناکەن. بەشێکی زۆر لەدژەبەرانە، تەنیا خوازیاری نەمانی ئاخوندن وبەرنامەیەکیان نیە بۆ دوا ڕۆژ.ھەربۆیە دەوری حیزبەکان، لەو جموجۆڵەدا بەتایبەت لەبەشە فارسە نشینەکەدا، بەرچاونیە. کەوابوو دەبێ چاوەڕوان بین لەناوەوە، دژەبەرەکان خۆیان ڕێک بخەن وستراتیژی وئاماج دابڕێژن کەئەمەیان چاوەڕوانترە. چونکە لەزۆرڕاپەڕیندا لەڕەوتی چالاکی وناڕەزایەتییەکاندا ، ڕێبەرایەتی دروست دەبێ ولەئاکامدا ئامانج دیاری دەکرێ وبەرنامەی کار دائەڕێژدرێ. بەم جۆرە ھیوا زیاتر بەرەو ناوخۆ یە تادەرەوە.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی: ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەگشتی وحیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لە تێکۆشانی بزوتنەوە کۆمەڵاتی وسیاسی یەکان لەڕوویی لۆبیکردنی نێودەوڵەتی دۆسیەوکێشەومافەکانی خەڵکی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت نموونە وەک (ئەنجام دانی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی یەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و بەردەوامی لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەرانی زەحمەتکێش و… هیتد ؟

دوکتۆر حوسەین خەلیقی: بەداخەوە، دژەبەرەکانی ڕژێم، ھەتاھەنووکە نەیانتوانیوە لۆبی دروست بکەن وزیاتر سەرقاڵی کێشەی نێوخۆی خۆیان بووون. ئەوەی دەرەوە وەک کۆماریخواز وپاشایەتیخواز ومجاھید، زیاتر پەسنبێژی خۆیانن تاھەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات. چەپی ئێرانیش ھەرگیز خوازیاری دەسەڵات نەبووە، نەکا بیکا وگەندەڵ بێ! بۆئەوەیە گوایا پاک بمێنێ، کاری لەقاودانی دەسەڵات وحیزبەکانیترە! ئەوەی لەمەڕ خۆمان وەک ئاماژەم پێکرد، ھێزی خۆیان زیاتر تەرخانکردووە بۆ کێشە وململانێ نێوخۆیی وھەتا ئێستا نەیانتوانیەوە باسی کومەڵکوژی وکوشتنی کوڵبەران بکەنە بابەتی لەقاودانی ڕژێم وخۆیان وکەیسەکەیان بگەیننە بنکەوبونیادی تایبەت وەکومیساریای مافی مرۆڤ ویەکیەتی ورووپا.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی: ئایا بزوتنەوە کۆمەڵایەتی یەکان لەتوانایاندا هەیە کۆمەڵگا ئاراستەی کۆمەڵگایەکی باشتر بکەن لەئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ ئەگەر دەتوانن ئەمە چۆن دەکرێت ؟

دوکتۆر حوسەین خەلیقی:ئەگەر باسی ڕەوڵی ڕێکخراوەکان بکەین وەک بنەما ڕەچاوی بکەین، دەبێ ئەوان ژیرانە وزانایانە لەناوخۆ خەریکی ڕێکخستن وکوکردنەوەی ھێزی مرۆڤی بن بۆ ڕێبەرایەتی وڕیکخستنی مانگرتن وڕێ پێوان وڕەخنەکان، تابتوانن ھەم بەڕێکوپێکی بەڕێوەبەرن وھەم بتوانن بەردەوام بن. لەوپێوەندییەدا، دەبێ ھۆشیارانە لەدەرفەتەکان کەڵک وەربگرن وخاوەن بەرنامە بن وەتاکتیکی جوان ھەڵبژێرن بۆ ئەوە ھەم دەسکەوتی زیاتریان ببێ وھەم زیانی کەمتریان ببێ. پێگومان ڕاپەڕینی لە خۆڕا و بێ بەرنامە وبێ ڕێکوپێکی بەئاکام ناگا.دروستە خەڵک وەزاڵەھاتووە، بەڵام ئەگەرلەو ڕاپەڕینە کەڵکی باش وەرناگرین، ئەوھێزە بەفیڕۆ ئەچێ ودوژمن زیاتر بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ ئەبێت. نابێ لەبیری بکەین، لەڕەوتی ڕاپەڕیندا، دوژمن دەیان فرت وفێڵ بەکارئەبات، تائەوھێزە تێک بشکێنێت . ئەبێت بەڕێوەبەرانی ئەو ڕاپەڕینە خاوەن بەرنامەی باشبن تابتوانن ئەو جۆرە کردەوانە بەرپەرچ بدەنەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.