کەمپینەکە دەنگهەڵبڕین و شکاندنی دیواری بێ دەنگیە سەبارەت بە بێ مافی هاوڕەگەزخوازان

0

ئێمە وەک ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دەپرسین ئایا گرینگی ئەنجامدانی کەمپینێک بۆ واژۆ کۆکردنەوە لەچی دا یە لەکاتێکدا دەسەڵات ماوەی چەندین ساڵە وەڵامی دروستی خۆپیشاندان و خەڵکی ناڕازی ناداتەوە کە لەدژی دزی وگەندەڵی و وچەوسانەوەوبێ مافی یەکانیان دێنە سەرشەقامەکان بەڵام بەبێ وەڵامدانەوە ودەستکەوت خەڵکی ناڕازی دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان ،ئایا ئەوجۆرە دەسەڵات وحکومەتەی لەکوردستانی عێراق  هەیە وەڵامی واژۆکان دەداتەوە ئەگەر وەڵامی ئەو کەمپینەو داواکارییەی نەدایەوە هەنگاوی دواترتان چی دەبێت بۆ هێنانەدی داواکاری یەکانتان کەلەوکەمپینەدا خستووتانەتە ڕوو ؟ 

شەماڵ علی هەڵسوڕاو لەکەمپینی دژ بە هێرش وزیندانیکردنی هاوڕەگەزخوازن لەکوردستان :

لە ڕوانگەی منەوە کەمپینەکە دەنگهەڵبڕین و شکاندنی دیواری بێ دەنگیە سەبارەت بە بێ مافی هاوڕەگەزخوازان. هێندەی ڕاگەیاندنەکە دەربڕینی پشتیوانی لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان و ئیدانەکردنی سەرکوتگەری و ئازاردانیانە هێندە پێشکەشکردنی خواست نییە بە دەسەڵات. ئەوە ڕوونە کە دەسەڵات ئەگەر بەرپرسی ڕاستەوخۆ و بکەری هەڵاواردن و ستەمە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکانیش نەبێت، ئەوا ناڕاستەوخۆ هاندەری هەموو کۆنەپەرستی و دارشەقی بن باڵی هەموو جۆرە پەرواێزخستن و سوکایەتیەکانە کە بە گروپ و کەمایەتی جۆراوجۆر دەکرێت. هاوڕەگەزخوازان پێویستیان بەوەیە لەو دۆخە نالەبارەی تێی کەوتوون بزانن کە کەسانی تری دەرەوەی گروپەکەی خۆشیان هەست بە ئازار و موعاناتیان دەکەن و پشتیوانیانن. خاڵێکی گرنگی تری ئەم هەڵمەتەش هەر ئەوەیە.
*ئەمەی خوارەوەش دەقی نوسراوی کەمپینەکەیە 
ڕاوەدوونانی هاوڕەگەزخوازان پێشێلکردنی مافی مرۆڤە
دەزگای ئاسایشی سەر بە یەکێتی نیشتیمانیی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ڕەشبگیریی دژ بە هاوڕەگەزخوازەکانی شاری سلێمانیی دەست داوەتێ و هەر جارەی بە ناوێکەوە پاکانە بۆ ئەو زیادەڕۆییەی خۆی دەکات. لە سەرەتادا وەک هەڵمەتی ڕەشبگیریی هاوڕەگەزخوازەکان ڕایگەیاند. دواتر وەک هەڵمەتی ڕێگرتن لە فرۆشتنی سێکس و، ئێستاش بەناوی شکاندنی ئاداب و عورفی گشتییەوە دەیەوێت دەیان زینداینکراویان بداتە دادگا.
بۆ ئێمە کە لە خوارەوە ئیمزامان کردووە ئەوە ڕوونە کە ئەو هەڵمەتەی ئاسایش ڕاوەدوونان و سەرکوتکردنی کەمینەیەکی ناو کۆمەڵگایە لەڕێگەی خراپبەکارهێنانی دەزگایەکی دەوڵەتییەوە.
نە دەزگای ئاسایش و نە هیچ دەزگایەکی تر مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەر کەمینەیەک و سەرکوتیان بکات تەنها لەبەر ئەوەی ئەو کەمینەیە لە ڕووی سێکسواڵیتییەوە یان لە ڕووی ناسنامەی زاتییەوە جیاواز لە چاوەڕوانییەکانی زۆرینە و جیاواز لە کولتوری دواکەوتووانە دەجوڵێنەوە.
دەزگای ئاسایش پۆلیسی ئەخلاق نییە تا مەهامی پاراستنی «کولتوری باو و باپیران» بگرێتە ئەستۆ. تەنها ڕژێمە سەرکوتگەرە کۆنسەرڤاتیڤ و تۆتالیتارەکان ئەرکی پاراستنی ئەخلاق بە دەزگای پۆلیس و ئاسایش دەسپێرن. کولتوری کوردیی وەک کولتوری هەر نەتەوەیەکی تر قەبارەیەکی دینامیکییە و لە جوڵەدایە، نەک ئەوەی کۆمەڵێک ڕێسای نووسراو و مەحفوز بێت و کۆنەپەرستان و دەسەڵاتی حکومیی کۆنەپەرست ئەرکی جێبەجێکردنیانیان هەبێت.
ئینسان ئازادە لەوەی دەیەوێت چی بێت و کێی خۆش بوێت. ئەمە پرەنسیپێکی مافی مرۆڤە کە دەوڵەتی عێراقیی ئیمزای کردووە و دەزگای ئاسایش و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمیش مولزەمن ڕەچاوی بکەن. دەوڵەتی عێراق ئەندامە لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە مەدەنیی و سیاسییەکانی ساڵی (١٩٦٦)-دا و لە بڕگەی (٩)ی ئەو پەیماننامەیەدا کە سەبارەت بە مافە شەخسییەکان و ئاسایشی هاونیشتیمانییە، هەموو ئەو مافانەی مرۆڤ زەمانەت کراون کە هاوڕەگەزخوازەکان مومارەسەی دەکەن. هەر ئەو مافانەی مرۆڤ لە دەستوری عێراقیشدا ڕەسمییەتیان پێ دراوە. بۆیە ئەو کارەی ئاسایش هەم کارێکی نادوستوریی و نایاساییە و، هەمیش پێشێلکردنێکی ڕاستەوخۆی ئەو مافانەی مرۆڤە کە زیاتر لە (٧٠) ساڵە نزیک بە سەرجەم وڵاتانی دونیا، لەوانە عێراق، بە ڕەسمیی خۆیان مولزەم کردووە پێشێلیان نەکەن. بەپێی ئەو پەیماننامەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزگا حکومییەکانی دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستان نەک هەر فەرزە لەسەریان هیچ سەغڵەتییەک بۆ هاوڕەگەزخوازان دروست نەکەن، بەڵکو فەرزە لەسەریان کار بۆ ڕەخساندنی زەمینە بکەن بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن ئەو جۆرە ژیانە جیاوازە مومارەسە بکەن کە مافیان هەیە بیکەن.
ڕاوەدوونانی هاوڕەگەزخوازان، ئەگەر هەر تەنها موبادەرەی ناوخۆیی باڵێکی کۆنەپەرست و هۆمۆفۆبی ناو یەکێتی نیشتیمانیی خۆی بێت، یان مەهامێکی سەفارشدراوی ڕژێمی ئێران بێت، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئاکامی بێتەحەمولیی و عەقڵداخراویی دونیای کۆنە بەرامبەر بە کرانەوەی کۆمەڵگا و زیادبوونی تەحەمولی دونیای مۆدێرن بۆ سروشتی هەمەچەشنەی ڕەگەزی ئینسان.
هۆمۆفۆبیایەکی گەورە زاڵە بەسەر کۆمەڵگای کوردییدا کە ژیانی هەزاران هاوڵاتی کوڕ و کچی هۆمۆسێکشوەڵ و بایسێکشوەڵ و ترانس-جێندەری ئەم کۆمەڵگایەی کردووە بە دۆزەخ. هەڵمەتی ئاسایش بۆ سەریان نەک هەر ئەو بارەیان لەسەر شان سووک ناکات، بەڵکو ئەوەندەی تر موعەرەزیان دەکات بۆ هەراسانکردن و بۆ خەتەر بۆ سەر ژیانیان.
هەر ئەمەیە وایکردووە تەنانەت نزیک بە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکانیش چوونەتە پشت ئەو هەڵمەتی ڕەشبگیرییە و ڕای داکۆکییکەران لە هاوڕەگەزخوازان نادیدە دەکەن و دەنگیان دەکەنە ژێر ئەو هەموو ژاوەژاوەوە کە ڕیپۆرتاژی میدیاکان و نوێنەرانی حیزب و لایەن و کەسە هۆمۆفۆب و زیهنداخراوەکان دروستیان کردووە.
داوای ئێمە لێرەدا ئەوەیە کە دەستگیرکراوەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن، وە حکومەت کاری چالاکانە بکات بۆ ڕاگرتنی ئەو لێشاوی ڕقەی لەناو کۆمەڵگادا دژ بە هاوڕەگەزخوازەکان هەیە لەڕێگەی دانانی یاسا و ڕێکاری ترەوە.
یەکێک لە جوانییەکانی کۆمەڵگای ئینسانیی سەردەم، سەرباری هەموو ناشیرینییەکانی، زیادبوونی تەحەمولێتی بۆ مافەکانی (LGBT) و وەستانەوەیەتی بە ڕووی ڕقڕێژیی لە بەرامبەریاندا. کۆمەڵگای کوردیی زۆرجار شانازیی بەوەوە دەکات کە تەحەمولی بۆ هەمەچەشنەیی و جیاوازیی زۆرترە تا نەتەوەکانی دەوروبەری.
ئەو شانازییەی کۆمەڵگای کوردیی چی شانازییەکی بێبنەما بێت یان شانازییەکی ڕەوا، ئەوا حیزبی یەکێتی و دەزگای ”ئاسایش”ەکەی ئێستا بە ڕاوەدوونان و سەرکوتکردنی هاوگەڕەزخوازان چالاکانە خەریکی بنکۆڵکردن و لەناوبردنێتی.
ئیمزاکان:
١- سیروان عەبدول،
٢-شەماڵ عەلی، لە سەرپەرشتیارانی کەناڵی هیوا
٣- لاوژە جەواد / هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان دانیمارك
٤- جەلا سۆفی
٥- ئاسو کمال. نوسەر. لندن
٦- رێبوار سەعید
٧- شوان هاوینی
٨- محمد مینە
٩- عەبدوڵا ساڵح ، ڕۆژنامەنوس . لەندەن بەریتانیا
١٠-دلاوەر ڕەحیمی
١١-هاوار محەمەد
١٢-شەنگار سابیر
١٣-ڕەند زارعی
١٤-هێمن حەمە جەزا
١٥-ماردین ئیبراهیم
١٦-سەردار حەمەڕەش
١٧-شاهۆ عەبدولقادر
١٨-ئەکبەر حەسەن
١٩-ساکۆ سمکۆ
٢٠-هەڵگورد سەمەد
٢١-شەماڵ عەلی
٢٢-فازڵ مەحموود
٢٣-سنوور باپووری
٢٤-سەیدۆ داوود مۆرگان
٢٥-ڕۆژان ئامینە عەزیز
٢٦-عومەر سەرگەتی
٢٧-ڕێبین مەعروف
٢٨-کرێکار محەمەد
٢٩-نەهرۆ هومەر
٣٠-شاهید محەمەد
٣١-دیمەن کەریمی
٣٢-داستان مارف
٣٣-سیما جیهانگیر
٣٤-کاروان بازیان
٣٥-مارینۆ عەبدولخالق
٣٦-چرۆ عومەر وەهاب
٣٧-شەهلا نەجمەدین
٣٨-هیوا محەمەد
٣٩-ئیسماعیل مەحموودی
٤٠-قەندیل بێستون
٤١-سنوور طه
٤٢-پێشڕەو محەمەد
Leave A Reply

Your email address will not be published.