دەربارەی هونەر

0
جەبار ئەحمەد
هونەر و حەز و خولیاى هونەرى دەکرێت وەک جەوهەر و هەوێنى داهێنان، وەکو بنەما و بناغەى ئافراندن سەیربکرێت. هونەر هەم وەک تراژیدیا و هەم وەک کۆمیدیا، هەم چێژبەخشانە و هەم هەژێنەرانە، سەرسامکەرانە ڕۆڵى خۆی دەگێڕێت. هونەر دەکرێت وەکو دوو لایەنى جیاواز، هەڵگرى دوو وەزیفەى سەرەکى، نواندن یان نواندراوى دوو ڕەهەند بێت، ڕەهەند و لایەن و وەزیفەى یەکەمى بریتییە لە گرتن و وەکخۆ هێشتنەوە و دووەمیش بریتییە لە تەکان و وەرچەرخان ڕووەو سەردەمێکى تر و شێوازێکى تر.لە ڕەهەندى یەکەم دا هونەر کار لەسەر وەستاندنى زەمەن دەکات. دەخوازێت ئەم دۆخە لەم کاتەدا بگرێت و بێجوڵە و بێگۆڕان بیوەستێنێت، بەجۆرێک ئەم کارى وەستاندنە جێبەجێئەکات کە تێپەڕینى کاتەکان، گۆڕانى دۆخى ژینگەى دەرەکى و دەوروبەر، هیچ کاریگەریان لەسەر ئەم چەقبەستن و وەستاندنە نەبێت، تەنانەت ئەم وەستاندنە دەکرێت جۆرێک بێت لە بەرەنگارى کاڵبوونەوەى زاکیرە، و بەرخورد بێت دژ بە لە بیرچوونەوەى تاکەکان. ئەم جۆرەى هونەر وەکو فیلم و سینەما، تابلۆ، وێنەى فۆتۆگرافی. بەنمونە کاتێک دۆخێک سەرهەڵدەدات وەکو دۆخى ناڕەزایی، خۆپیشاندان، کارەسات…هتد، ئەوا چرکاندنى وێنەیەک لەو کاتەدا، وێنەى ڕووداوەکەى ئەو ساتە وەختە، وادەکات ئەم سات و شوێن و کردە و کەسانەى بەر زوومى کامێراکە دەکەون، بخرێنە حاڵەتى جاویدانى و نەمرى و ئەبەدییەتەوە. وێنەى قوربانیانى چەکى کیمیایی لە هەڵەبجە، وێنەى ئەو مامۆستایەى لە هەولێر دەدرێتە بەرشەق کە لەپێناو موچەکەیدا هاتۆتە سەر شەقام، وێنەى لاشەى تیرۆرکراوى سەردەشت عوسمان کاتێک لە هەولێر دەڕفێندرێت و لە موسڵ دەدۆزرێتەوە، وێنەى ڕووداوەکانى حەڤدەى شوبات…هتد. هەموو ئەو کەس و دۆخ و سات و شوێنانەى کەوتونەتە ناو وێنەکان، ئەوا نامرن و بە زیندوویی دەمێننەوە، تێپەڕینى کات کاریگەرى ناکاتە سەریان، هەمیشە زیندوو دەبنەوە و ناچنە ناو تەم و تاریکى بیرچونەوەى ئینسانەکانەوە. ئەم جۆرەى هونەر جۆری بە زیندوو هێشتنەوەى شتەکانە لەکاتى بوونى خۆیاندا و نیشاندانەوەى بۆ هەمیشە.
ڕەهەندى دووەم، ڕەهەندى پێش کۆمەڵگە کەوتنى هونەرە. هونەر وەکو سەرمەشق و ڕچەشکێن، لە دەرەوەى سنورەکان و چەندان هەنگاو لە پێش کۆمەڵگەوە خۆی نمایش دەکات. ڕێبینێکە و دەخوازێت کۆمەڵگا بە شوێن پێکانیدا بڕوات، کارەکتەرێکە و پێیوایە کۆمەڵگە وەستاو و چەقبەستووە و پێویستە لەو دۆگمابوونە ڕزگار بکرێت.ئەم ڕەهەندەى هونەر تەواو لە هونەرى کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە، لە پرسەکانی کێشەى کۆمەڵایەتى و چینایەتى، دواکەوتوویی، پرس و بابەتى نەتەوەیی و دڵداریدا، هونەر و ئەدەبیاتى کوردى هەوڵى زۆری ڕچەشکێنى داوە و هەوڵى خستنەڕووى شتە تابۆ و قەدەغەکانى داوە، شتە تەم لێنیشتووەکانى هەڵداوەتەوە و پرسە یاساغەکانى گوزارشت کردووە، هەتا ئەگەر لە ڕێگەى کۆد و ڕەمزى نهێنیشەوە بووبێت.
لە هونەرى گۆرانى کوردیدا زۆر بەر ئەو وێنا و هێمایانە دەکەوین کە ئاوێزانى و تێکەڵبوونى نێر و مێیە، لەکاتێکدا ئەو کردەوە و ڕووداوانە لەناو نەریتى کۆمەڵگەدا یاساغ بوون. هەروەها زۆرکات کۆمەڵگە پەلامارى ئەو بەشەى هونەرى داوە کە لە دەرەوەى سنور و ڕێپێدانەکانى نەریت و ئایین و کەلتورى کۆمەڵگا کاریان کردووە، دیارترین نمونەش شکاندنى پەیکەرى (گوێدرێژى چاکەت لەبەر)ى زیرەک میرە بوو لە بەردەم باخچەى نالی و سوتاندنى پەیکەرى (ماچ)بوو لە پارکى ئازادى شارى سلێمانى، چونکە ئەو دوو پەیکەرە هێرش بوون بۆسەر هەندێک دیدگا و باوەڕى باڵا و باوى کۆمەڵایەتى و بەجۆرێک لە جۆرەکان لەپێش ئاستى گەشەى عەقڵى گشتى کۆمەڵگەوە بوون.
Leave A Reply

Your email address will not be published.