یادکردنەوەی١ی ئایار زۆر گرنگە تاکرێکاران بتوانن خۆیان لەڕێکخراوێکی سەربەخۆ کۆبکەنەوەکەخواستەکانیان بکەن بەیەک بۆهێنانەدی

0

درەوشاوە بێت ئاڵای تێکۆشانی هاوپشتی چینایەتی چینی کرێکار لە ١ی ئایار :بەم بۆنەیەوە پرسیاری ئەم جارەی ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی کەئاراستەی چەندین کەسایەتی کردووە بەم جۆرەیە : یادکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار گرینگی چی هەیە کەئەو یاد کردنەوە نەبێتە گەشەی تێکۆشانی هاوپشتی،لەکاتێکدا کرێکاران وزەحمەتکێشان لەژێر هەڕەشەی مەرگی برسێتی وهەژاری و بێ مافی دا ژیان بگوەزرێنن؟)،وەڵامی هاوڕێ یان بەچەند بەش لەم گۆشەیەوە بڵاودەکرێتەوە .

تارا احمد 

سەرەتا سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی پێتاندام ، یەکی ئایار بەدەرلەوەی ڕوداوێکی مێژووییە، هاوکات بۆتە ڕۆژێک، کە سومبولی مافی کرێکاران و هەموو مرۆڤێکی چەوساوەی سەر ئەم زەمینەیە. سیستەمی سەرمایەداری کە بناغەی چەوساندنەوەی مرۆڤەکانە و بناغەی جیاکردنەوەی چینەکانی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانە لەسەر بنەمای نەتەوە و وڵات و سنور و ڕەنگی پێست و هێز و شتە ڕوکەشەکانی مرۆڤ. لە یەکی ئایاردا تەنیا یەکگرتوویی و تێگەیشتنی مرۆڤەکانە کە دەبێتە بناغەی ژیانێک کە شایەستەبێت بۆ هەموومان. یەکی ئایار ڕوبەڕوبونەوە و بەگژداچونەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ مرۆڤەکانی کردوە بە مەکینەیەکی بێگیان و بێهەست و بێخۆشەویستی بەرامبەر بە یەکتر، کە لە پێناوی سەروەت و سامانێک بە سەر گیانی مرۆڤەکانی تردا دەڕوات . ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی گرنگە بۆ ڕوبەڕوبونەوە و دەنگهەڵبڕینی مرۆڤە خاوەن هەڵوێست و ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان کە ببنە یەک دەنگ دژی بیر و هزری سیستەمی سەرمایەداری.

علی موختار 

یەكی ئایار ،ڕۆژی ڕابون و ڕووبەڕوو بونەوەی كرێكارانە بەرامبەر بە ستەم و نادادی سەرمایەداران،ڕۆژی هاوپشتی و هاوخەباتی چینی كرێكارانە. لەو ڕۆژەدا جیهان ئاهەنگ دەگێڕێ و سەرمایەداریش دڕندانە پەلاماری دەسكەوتەكانی كرێكاران دەدات كە بە خەباتێكی دور و درێژ بە خوێن ئارەقە بە دەستیان هێناوە،لە ڕێگەی بە تایبەتكردنی دامەزراوە نیشتمانیەكانەوە و فرۆشتنی كەرتی گشتی بە كەرتی تایبەت،كە لەو ڕێگەیەوەش بە هەزاران. كرێكار بێ كار دەكرێن و ڕەوانەی ماڵەوە دەكرێن،ئەوەش وایكردوە یەكی ئایار جەژنی كرێكاران لە ناوەڕۆكەكەی خاڵی بكرێتەوە. ئەوساڵ لە كاتێكدا یادی یەكی ئایار دەكەینەوە،كە كرێكاران لە خراپترین بار و دۆخدا ژیان دەكەن بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و سیاسەتەكانی لیبڕالزمی نوێ،كە ئەوەی دووەمیان بۆتە هۆی دروستكردنی جیاوازیەكی گەورە لە نێو چینە كانی كۆمەڵگا و دەركەوتنی توێژێكی گەورەی پەراوێز خراو كە توانای دەستەبەری سەرەتایترین پێداویستیەكانی ژیانی نیە. لەسایەی ئەو بار و دۆخە نالەبارەی سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی خولقاندویەتی،یەكی ئایار تەنیا بۆ كرێكاران پشونیە،ئەوەش لە هێز و لایەنە چەپ و پێشكەوتوخوازەكان و بەتایبەت لە كرێكاران دەخوازێ،كە بە توندی ڕووبەڕووی فرۆشتنی كەرتە خزمەتگوزاریە گشتیەكان بە كەرتی تایبەت ببنەوە و چالاكیەكانی یەكی ئایار لە گێڕانی ئاهەنگ و بەرز كردنەوەی چەند دروشمێكەوە بگۆڕن بە خەبات و ڕابونێكی بەردەوام لە پێناو دانانی سنورێك بۆ چاو چنۆكی سەرمایەداران و بنیاتنانی سۆشیالیزم.

ڤیان کەریم 

یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار پیرۆزە،من لێرەدا زیاتر باس لەدۆخ و ژیانی کرێکاران لە کوردستان دەکەم .چونکە ئەگەر بەراورد بکرێن بە کرێکارانی ووڵاتانی ئەوروپاو ووڵاتانی پێشکەوتوو .بابەتی ئەوان زیادبونی موچە و کەم کردنەوەی سەعاتی کارە. بەڵام بەداخەوە لە ووڵاتانی ئێمە بەتایبەت کوردستان کرێکاران شەڕئەکەن لەناو خۆیاندا کە کامیان پێشتر کارێکیان دەست بکەوێ .لە شاری سلێمانی چەندەها کرێکاری کورد و عەرەب و ناوچەکانی تر کۆبونەتەوە لە ناوبازاڕ چاوەڕێی کەسێ ئەکەن بۆ کار بانگیان بکەن .نەک ناتوانن یەگرتوبن بگرە ڕۆژانە شەڕیش ئەکەوێتە نێوانیان خاوەن کار کامیان بە کرێیەکی هەرزانتر بڕوات ئەوە دەبەن!قوربانیانی شوێنی کار ڕۆژانە ئەبیسترێ بەهۆی نەبوونی سەلامەتی لەشوێنی کارەکان .نەبوونی نیقابەیەکی کرێکاری کە بەرگری لەکرێکاران بکات نەبوونی یەکگرتوی کرێکاران لەناو خۆیاندا کەبرسیەتی و نەبوونی تەنگی پێ هەڵچنیوون. کە سەری ئەوەیان نەپەرژێ بیر لە مافە سەرەتایەکانی خۆیان بکەنەوە.بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی باس لە کەمکردنەوەی سەعاتی کار و زیادبوونی مووچەی کرێکاران لە کوردستان بکرێ ،ئەبێ پێشتر داوای کار و سەلامەتی شوێنی کار بکرێ. بۆیە یادکردنەوە و وەبیرهاتنەوەی ئەم ڕۆژە لەم کاتەدا زۆر گرنگە تا کرێکاران بتوانن خۆیان لە ڕێکخراوێکی سەربەخۆ کۆبکەنەوە کە خواستەکانیان بکەن بەیەک . داوای کار و سەلامەتی کار و بیمەی بێکاری خواستەکانیان بێ . بژی یەکی ئایا ڕۆژی خەباتی چینی کرێکار.کرێکارانی جیهان یەکگرن .

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.