با وای دابنێین سەمای کوڕ و کچەکەی سلێمانی سیناریۆی دەسەڵاتدارانە بۆ لە بیربردنەوەی پرسی مووچە

0
ڕۆنان احمد 
١- خۆزگە دەسەڵاتداران ھەمیشە سیناریۆکانیان وا جوان بوایە.
٢- خۆزگە لەم سیناریۆیەدا تەنھا کوڕ و کچێک بەشدار نەبوونایە و تەنھا لە یەک شەقامیش نەبوایە. خۆزگە ھەزاران کچ و کوڕ ھەموو شەقامەکان و کۆڵانەکانی شارەکانی کوردستانیان پڕبکردایە لە سەماو موزیک و خۆزگەش سیناریۆیەکی لەو جۆرە ھەر تەنھا نیوکاتژمێر بەردەوام نەبوایە.
٣- پرسەکە بۆ ئێمەمانان بریتییە لە ھونەر، ئیستاتکا و ئازادی. کەسانێک کە باوەڕیان بە ئازادی ھەیە نابێت لەژێر ھیچ بیانوویەکدا دژی سەما بن لە سەر شەقامەکان یان پارکەکان یان مەیدانەکان بێت. کەسانێک لەژێر بیانووی کات و گرێدانی بە مانگی ڕەمەزانەوە دژی ئەم سەمایە بوون باشترە زۆر وردتر لەخۆیان و بابەتەکەش بنواڕن و فەحسی مەودای بڕوابوونی خۆیان بە ئازادی بکەن ئاخر ئازادیی سەما و ئیستاتکا کەی مەرج و کۆت و بەندی بۆ دانراوە؟
٤-تۆ یان باوەڕت بە ئازادی ھەیە و سەمای ئەو کوڕ و کچە بەلاتەوە ئاساییە ھەتا گەر سەماکەیان ھیچ چێژێکیش بە تۆ نەبەخشێت. یانیش باوەڕت بە ئازادی نییە و بیانوویتری وەک کات و شوێن دەھێنیتەوە بۆ ڕێگری لە سەمای ئەو کچ و کوڕە.
٥- سەیر ئەوەیە زۆربەی ھەرەزۆری ئەو خەڵکەی بەم سەمایە قەڵسن جیلی خوار تەمەنی پەنجا ساڵن کە پێبزانن یان نا بە ویستی خۆیان بێت یان بێ ئاگایانە لە ژێر ھەژموونی تەوژمی ئیسلامی سیاسین کە وڵاتە زلھێزەکان بە سپۆنسەری قەتەر و سعودیە و ئیمارات لە پشتییەوەن تا خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەنگ و ململانێی کۆنەپەرستانەدا نغرۆ بێت و نەیپەرژێتە سەر حاڵ و گوزەرانی خۆی. لە ساڵانی نەوەدەکان بە تەمەنەکان لە خزم و ئاشناو ژن و پیاوانی گەڕەک گوێیان باش باش بۆ ڕەخنەگران لە دەسەڵاتداران و حیزبەکان شل دەکرد و قسەکانمانیان لەسەر بارودۆخی گوزەران و ژیانی خۆیان و کۆمەڵگە بە ھەند وەردەگرت چونکە بەر تەوژمی ئیسلامی سیاسی نەکەوتبوون، «ھەر لە ناو کەسە نێزیکەکانیشماندا گەنجی سەر بە ئیسلامی سیاسی ھەبوون چاوەڕێ بوون جیھاد دەست پێبکات و یەکەم گوللە بنێن بە نەخشی نێوچاوانمانەوە-من خۆم حەرفییەن ئەمەم پێوتراوە» چونکە ئێمەیان بە کافر لە قەڵەم دەدا بەھۆی ئەوەی ئێمە قسەمان لەسەر ئازادی دەکرد بەجۆرێک پێچەوانەی ڕوئیای ئیسلامی سیاسی بوو. جا ئێستا لەجیاتی گوللە فەیسبووک و شۆشیال میدیا ھەیە بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتی.
٥- یەکێک لە دیارترین پێکھێنەرەکانی کولتووری ھەر گەلێک بریتیە لە سەماوموزیکوگۆرانی. لە مەیدانی شارەکان و پارکەکان و لەو شوێنانەی کە ڕێ لە کاسبی و ژیانی خەڵک ناگرن چی دەبێت گەر ھەموو فێنکانی ئێوارانێک پڕ بکرێن لە سەماو موزیک؟ کێ بەمە دەچێتە دۆزەخەوە، بۆ دەبێت ئەمە جێی نەبێتەوە لە کۆمەڵگەدا؟ لەبەر کام ھۆکارانە دەبێت ڕێگە لەمە بگیرێت؟
٦- خەڵکی ئازادیخواز ئەرکێتی خەبات بکات تا فەزای ئازادی بۆ ھەمووان بخوڵقێت. لە جیاتی بانگەشەکردن بۆ ڕێنەدان بەو جۆرە ئەکتانە، گەر فەزایەک بەرقەرار بێت چوار ھەنگاو لەولای سەماکەوە مەلایەک و پیرێکی زەردەشتی و باوەڕادارێکی یەزیدی و پەیڕەوکەرانی ھەر دینێکیتر و بێباوەڕێک ھەریەکەیان لەناو گروپێکدا لە کەشێکی ئاساییدا گفتووگۆ لەگەڵ ھەواداران و دژبەرانیاندا بکەن کێ لەمە زەرەر دەکات؟کۆمەڵگە بەمە بەھێز دەبێت یان لاواز؟
٧- ھیوادارم کە شانۆی شەقام و موزیک و سەمای شەقام و گفتووگۆی سیاسی لەسەر شەقام ببنە نەریت و سیمایەکی جوانی کوردستان.
٨- بێمەوە سەر سیناریۆ: وا بۆ حەوت ساڵ دەچێت دەسەڵاتداران یاری بە قووت و موچە و ژیانی خەڵک دەکەن و سی ساڵیشە لە گشتدا سووکایەتی بە ھەموو پیرۆزییەکانمانەوە دەکەن و بەداخەوە بۆشیان چووتە سەر.. خۆ ئێستا خەڵک لە ساتەوەختی شۆڕشکردندا نە بوو ئەم سەمایە ڕیسەکەی لێکردبنەوە بە خوری.
Leave A Reply

Your email address will not be published.