لە سەرکار وەدەر نرا ، دواتریش ڕووتێنرایەوە(دزی لێکرا)!

0

لە دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هاوپەیمانی مافەکانی کرێکاران) کە لە سەرەتای مانگی ئاپڕڵ بڵاوکرایەوە لەژێر ناوی:” لە سەرکار وەدەر نرا، دواتریش ڕووتێنرایەوە، تێوەگلانی مارکە جیهانییەکان لە دزینی هەقدەستەکان لە کاتی پەتای کۆڤید ١٩ ” دا باس لە کاریگەرییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بێکارکردنی بەلێشاوی کرێکاران، سەخت‌تر کردنەوەی هەلومەرجی کارکردن و دواتریش نەدانی هەقدەستەکانیان ئەکات.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە:” کرێکارانی جلوبەرگ دروستکردن لە نێو زۆرترین زیان لێکەتووەکانی قەیرانی ئابووریدان لەسەرتاسەری جیهان. ملیۆنەها کرێکار بێکارکراون، کاتی کارکردنی زۆریان هێنراوەتە خوارەوە و بەوپێیەش هەقدەستەکانیان، یان بۆ ژمارەیەکیان بووەتە چڕکردنەوەی هەلومەرجی کارکردن بە کەمترین هەقدەست و هەلومەرجی خۆپارێزیی.

لە وڵاتە هەژارنیشینەکانی وەک بەنگلادش، میانمار،هیندوستان سیریلانکا، ئیندۆنیسیا، …هتد لە کاتی بێکارکردنیان هیچ چەشنە قەرەبووکردنەوەیەکیان نە لەلایەن کارگەکانەوە و نەلە لایەن حکومەتەوە پێشکەش نەکراوە هەربۆیە ژمارەیەکی زۆریان ڕۆچوونەتە ئەوپەری بارودۆخی هەژاریی لە ڕاددەبەدەرەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ٣١ کارگای دروستکردنی جلوبەرگ لە ٩ وڵاتدا ئەکات کە بۆ براندە جیهانییەکانی فاشیۆنی وەک (adidas)،( Amazon)،( H&M)،( Inditex)،( Next)،( Nike)،( Target)،( Walmart) کار ئەکەن، کە کرێکارانیان لەسەر کاردەرکردووە، ژمارەیەکیان تا نیوە لە هەقدەستەکانیان کەمکراوەتەوەو ژمارەیەکیان لە هەر چەشنە قەرەبووکردنەوەیەک بێبەشکراون. تەنها لەو ٣١ کارگەیەدا دزی هەقدەست لە ٣٧٦٣٧ کرێکار کراوە کە بەهاکەی ئەگاتە نزیک بە ٣٩،٨ ملیۆن دۆلار.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ٢١٠ کۆمپانیای ناردنە دەرەوە لە ١٨ وڵاتدا ئەکات کە بە هەمان شێوە بێکارکراون. لە توێژینەوەی ڕێکخراوەکەدا دەرکەتووە کە ٢١٣ حاڵەتی دزی لە هەقدەستی کرێکاران ڕوویانداوە، دزی هەقدەست لە ١٦٠هەزار کرێکار کراوە کە سەرجەمیان کردوویەتی‌یە ١٧١،٥ ملیۆن دۆلار.
وەرگێرانی :کامەران ئەحمەد
Leave A Reply

Your email address will not be published.