یەكی ئایار رۆژێكی نێونەتەوەیی تێكۆشانی چینی كرێكار و ڕەنجدەرانی بیروبازو وە لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی جەماوەری تێكۆشەری كرێكاران! ڕەنجدەرانی بیر‌و بازو! خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان!

0
جەماوەری تێكۆشەری كرێكاران!
ڕەنجدەرانی بیر‌و بازو!
خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان!
بەبۆنەی یەكی ئایارەوە، كە ڕۆژێكی سومبولی جیهانییە، بۆ دەڕبڕینی تێكۆشان و هاوكاری كرێكاران لە سەرانسەری جیهاندا، سڵاوی تێكۆشان ئاراستەی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەقینەی پێداویستییەكانی ژیان لە سەرجەم كرێكاران و ڕەنجدەرانی بیروبازو و خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان‌و جیهان دەكەین.
لە كاتێكدا ئەم چین و ناوەندە بەرهەمهێنەرە سەرەكییە لە سەرانسەری جیهانیدا دووپاتی یەك ریزی و یەك خەباتی خۆی دژ بە سیاسەتەكانی سەرمایەداری جیهان دەكەنەوە، بەرهەمی سەرمایەداری جیهانی بێكاری و هەژاری و بارگرژی و شەڕی شوناس و پێشبركێی چەك و هەژمونی گەندەڵی، و كەڵەكەبوون و زیادبوونی داهات و دارایی سەرمایەداران بووە ،وەک دەبینین سەرمایەی ٤٠ سەرمایەداری جیهانی بە ئەندازەی نیوەی سەرمایەی دانیشتوانی جیهانە کە ئەوە هێمایە بۆ نا ئەخلاقی سیستەمی نا مرۆڤانەی سەرمایەداری، و لەبەرامبەریشدا هەرەسهێنانی ئابوری وڵاتە تازەپێگەیشتوەكان و قەیرانی ئابوری تیایاندا و هەژاری گەلان و خەڵكی زەحمەتكێشی، هاتۆتەكایەوە، وەسەرجەم پێشكەوتنەكانی بواری زانستی و ئاكامەكانی جیهانگیری لە بەرژەوەندی وڵاتە ئیمپریالستەكان و سەرمایەدارە گەورەكان بووە، تێكۆشانی چینی كرێكارو ناوەندەكانی زەحمەتكێشان لە سەرانسەری جیهاندا دووچاری شاڵاوی لیبرالیزمی نوێ و ئاراستەی بەتایبەتكردنی ڕەهاو، و شەڕی ئیمپریالزم وپاشگەزبوونەوەی دەوڵەت لە ئەركی ئابوری و كۆمەڵایەتی خۆی دەبێتەوە. لەم تێكۆشانەدا كاری شۆڕشگیری هاوبەشی چینی کرێکار بەیەکگرتووی لە سەرانسەری جیهان لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی مرۆیی و وەدیهێنانی ئابورییەكی نێودەوڵەتی ڕەوا، ئەركێكی پێویست و هەنوكەییە،سەركەوتنی گەلان و هێزە شۆڕشگێرەكان لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا، رێگای خەباتی مرۆڤایەتی بۆ هەڵبژاردنی سۆشیالیستی وەك جێگرەوەیەك بۆ سیستمی سەرمایەداری، واڵا دەكات و، وەك پێداویستییەكی ژیانی دەیخاتە ڕوو.
جەماروەری كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان!
مێژوو سەلمادویەتی کە هەردەم كرێكاران و ڕەنجدەرانی بیرو بازو، و تەواوی زەحمەتكێشانی گەلەكەمان لە ریزی پێشەوەی داكۆكیكردن لە مافەکانیان بوونە و قوربانییان لەم پێناوەدا داوە،
ئەم چینە تێكۆشانی لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەکانی و ڕووبەڕووبونەوە لە دژ بە گەندەڵی و ئەو سیاسەتانەی كە لە بەرژەوەندی بۆرژوای مشەخۆر و بیروكرات بووە بەپێی توانا درێغی نەکردوە، وە هەردەم لە ژێر فشاری بێكاری و هەژاری و كەمدەرامەتی بووە، و لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی كە بنەمایەكی سەرەكی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتییە لە خەباتدا بەردەوامبووە.
ئێمە لە كاتێكدا سڵاوی تێكۆشان و بەردەوامبوون ئاراستەی سەرجەم كرێكارانی كوردستان بە ژن‌و پیاو، و سەرجەم نەتەوەكان، و تێكرای داكۆكیكەران لە مافی كرێكاران، دەكەین، دووپاتی تێكۆشان بۆ وەدیهێنانی ئەم ئەركانە، دەكەینەوە:
ـــ ڕاگرتنی هەنگاوەكانی بەتایبەتكردنی ڕەها كە بەپێی مەرجەكانی سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەكرێت، و پاراستنی خاوەندارێتی گشتی بۆ سەرچاوەكانی ووزە، و پیشەسازی نەوت و كارەبا و رێگاوبان.
ـــ دابینكردنی ئازادی كاری سەندیكای، و پرنسیپی فرەیی و هەڵبژاردنی ئازاد لە كاری سەندیكایی.
ـــ بریاردانی یاسایەكی نوێ‌ و یەكگرتووی كار بەپێی یاساو رێككەوتننامە نێودەوڵەتیەكان، بە جۆرێك مافی كار و بیمەی كۆمەڵایەتی و یەكسانی لە كرێ‌ و خانەنشینیدا زامن بكات.
ـ دانانی یاسایەكی نوێ‌ بۆ بیمەی كۆمەڵایەتی كە مافی بیمە وەرگرتن لە كاتی بێكاری و نەخۆشی و پیری وپەككەوتندا، زامنبكات.
ـــ كردنەوەی ناوەندی تەندروستی تایبەت بە كرێكاران.
ـــ گەڕاندنەوەی شوناسی چینایەتی بۆ كرێكارانی كەرتی گشتی.
ـــپاراستن و رێكخستنی هاوردن و كاری كرێكاری بیانی ‌و، بە جۆرێك یاسای كاری یەكگرتوو بیانگرێتەوە
ــ بایەخ بە كرێكاری ئافرەت و دامەزراندنی سەنتەرەكانی راهێنانی كرێكاری و كردنەوەی خولی راهێنان بۆ هێزی كاری لاوان.
ـــ دەستنیشانكردنی ڕادەی كەمی موچەی كرێكار بەجۆرێك رەچاوی ژیانێكی شەرەفمەندانە لە هەلومەرجی ئەمرۆدا بكات .
لە یەكی ئایاردا سەرەرای ئەم ئەركە گرنگانە، جەخت لەسەر یەك ریزی‌و، یەك سەنگەری چینی كرێكار و تەواوی زەحمەتكێشانی كوردستان دەكەینەوە، لە تێكۆشاندا بۆ وەدیهێنانی مافەكانیان‌و، دوپاتی ئەوە دەكەینەوە كە كارگەرانی بیرو بازو هێزی سەرەكی تێكۆشانن لە پێناوی مافەكانی گەلی كوردستان‌و دیموكراسی‌و مەدەنیەت‌و پێشكەوتن و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، و بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە هێز و لایەن و كەسایەتی چەپ لە كوردستاندا بە شێوەیكی هاوبەش و هەماهەنگ بۆ ئەنجامدانی ئەركی نیشتمانی و چینایەتی ئەم قۆناغە، ئەرك و بەرنامەی كاری خۆیان، رێكخەن.
بەرز‌و بەرێز بێت یەكی ئایار، رۆژی هاوخەباتیی كرێكارانی جیهان.
کۆمیتەی یادکردنەوەی ١ ئایار
١ی ئایاری ٢٠٢١ ڕانیە
Leave A Reply

Your email address will not be published.