لە شارۆچکەی چوارقورنە:پیاوێک کوژرا

0

فەرمان چۆمانی چوارقوڕنە/ئەلتەرناتیڤی شورایی

بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆژی یەک شەممە،لەبەرواری 25/4/2021 لە شارۆچکەی چوارقورنەی سەر بە ئیدارەی راپەرین کەسێک کوژرا، بکوژەکانیش بۆ دەربازبوونیان تەقەیان لە بازگەیەکی ئاسایش کرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند ”هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی چوارقوڕنە ئاگادار کراونەتەوە بە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە گەرەکی کوردستانی ناحیەیەکە، دوای گەیشتنی هێزەکانمان بۆ شوێنی ڕوداوەکە دەرکەوت کە لە ڕوداوەکەدا کەسێک کوژراوە. وە لە شوێنی ڕوداوەکەش ٤٤ قەوانی تەقیوی جۆری چەکی کڵاشنکۆف دۆزراوەتەوە و وەک بەڵگەی تاوان دەستیان بەسەرداگیراوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی تەقەکەران و دەستگیر کردنیان، هەماهەنگی لەگەڵ بازگەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین کرا.

تەقەکەرەکان دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان ویستیان بە بازگەی ئاسایشی بالیسان بێ وەستان تێپەڕ ببن، تەقەیان لە بازگەکە کردووە و دواتر بە هاوکاری دوو ئۆتۆمبیلی تر ڕادەکەن و ئۆتۆمبیلی سەرەکی کە لە ڕوداوی کوشتنەکەدا بەکاریان هێناوە بەجێ دەمێنێ و ئێستا ئەو ئۆتۆمبیلە لەلایەن بازگەی ناوبراو دەستی بەسەردا گیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە .

فەرمانی دەستگیر کردن بۆ تەقەکەرەکان بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێڕاقی دەرچووە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە” لەبارەی ناسنامەی کەسە کوژراوەکەش پۆلیسی راپەرین رایگەیاندووە ‘’کوژراوەکە ناوی (ف،ص،م) لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣ پیشەی پێشمەرگەیە’’ بەپێی زانیاری پۆلیسی راپەرین کوژراوەکە لەبەردەمی ماڵەکەی خۆیان لەلایەن چەندکەسێکەوە لەناو ئۆتۆمبیلێک تەقەی لێکراوە و شوێنەواری ١٨ فیشەک بەجەستەیەوە هەیە.

کەسوکارەکەشی بەپۆلیسیان راگەیاندووە کێشەکە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی بووە و هەردوو لایەن خەڵکی هەولێرن، بەڵام کوژراو بۆماوەی چەند ساڵێکە لە چوار قوڕنە دادەنیشێت و بکوژەکانیش دانیشتوی هەولێرن و لە هەولێرەوە هاتوون بۆ کوشتنی کەسەکە”

Leave A Reply

Your email address will not be published.