پێویستەئەم سأل کاروچالاکیە کان ڕێکبخرێن لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەمانەتی سەلامەتی ژیان و گوزەرانیان بکرێت

0

دابینکردنی بیمەی بێکاری ومافی سەلامەتی کرێکار خواستی سەرجەم بێکاروکرێکارانە کەپێویستە دەست بەجێ جێبەجی بکرێت لە ١ی ئایار دا :بەم بۆنەیەوە پرسیاری ئەم جارەی ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی کەئاراستەی چەندین کەسایەتی  کردووە بەم جۆرەیە : یادکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار گرینگی چی هەیە کەئەو یاد کردنەوە نەبێتە گەشەی تێکۆشانی هاوپشتی،لەکاتێکدا کرێکاران وزەحمەتکێشان لەژێر هەڕەشەی مەرگی برسێتی وهەژاری و بێ مافی دا ژیان بگوەزرێنن؟)،وەڵامی هاوڕێ یان بەچەند بەشێک لەم گۆشەیەوە بڵاودەکرێتەوە.

پیرۆزبێت ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار

بابان ئەنوەر :یاد و یادکردنەوەی هەر ڕووداوێک گرینگی خۆی هەیە. بە تایبەت لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە ئایدیۆلۆژیا باڵادەستەکان کار لە سەر سڕینەوە مێژوو و ڕابردوو و یادگارەکان دەکەن، تەنانەت کار لە سەر سڕینەوەی یادگەی تاکەکانیش دەکەن. لە جیهانێکی لەم شێوەیەدا هەر یادکردنەوەیەک کردەیەکی سیاسییە و جۆرێکە لە بەرەنگاری.سەرەتا پێویستە ئەوەمان بیر نەچێت کە یادی یەکی ئایار، وەک ڕۆژی جیهانیی خەباتی چینی کرێکار، بەدەر لە یادکردنەوەکان و شێوازی بەڕێوەچوونی یادەکان لە شوێنە جیاجیاکانی جیهاندا، کە بەشێکی زۆریان بوونەتە مەڕاسیمی بێ گیان و بەڕێکردنی ڕۆژێکی ئاسایی وەک هەر ڕۆژێکی دیکە، بەڵام گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە. بە مانایەکی دیکە، بوونی یادەکە خۆی لە خۆیدا جێگەی دڵخۆشییە، چونکە تاکە یادە کە تەواوی کرێکارانی جیهان، تەواوی بەرهەمهێنەرانی شمەک و خزمەتگوزارییەکانی جیهان، تەواوی دامەزرێنەرانی بونیادی شارستانێتییەکان پێکەوە کۆ دەکاتەوە.

تا ئێرە یادکردنەوەی یەکی ئایار، کارێکی گرنگە. بەڵام ئەگەر نەمانەوێت تەنها یادەکە لەمەدا قەتیس بکەین و هەنگاوێک لە یادکردنەوە بچینە پێشەوە، ئەوا پێویستە یەکی ئایار ڕۆژێک بێت وەک بۆمب ئاگایی ستاتیک و وەستاوی چینایەتیی کرێکاران بهەژێنێت. ئەمەش کاتێک دروست دەبێت کە: یەکەم: پێناسەیەکی نوێ بۆ چەمکەکان بکەینەوە. دوەم: مۆدێلی کارکردنمان پەیوەست بە پرسی کرێکارانەوە گۆڕانی ڕیشەیی بە سەردا بێت.

پێناسەی نوێی چەمکەکان خۆی دەبینێتەوە لە گۆڕینی پێناسەی چینی کرێکار بە پلەی یەکەم. تا ئەم ساتەش لە کوردستان ئاگایی زاڵ بەو جۆرەیە کە کرێکار بریتییە لەو کەسەی کاری بیناسازی دەکات! من تا ئێستا هەوڵێکی جدییم نەبینیوە بۆ گۆڕینی ئەم تێڕوانینە. ئەگەر بەو جۆرە بێت کەواتە کرێکاران کەمینەی کۆمەڵگەن! لە کاتێکدا ئێمە بۆیە چینی کرێکار بە پێشڕەو و بزووێنەری گۆڕانکاری دەزانین، کە زۆرینەن لە کۆمەڵگەدا و لە لایەن کەمینەیەکەوە بەرهەمی ڕەنجیان دەدزرێت و مافەکانیان زەوت دەکرێت. لێرەوە دەستبردن بۆ گۆڕینی ئەم پێناسەیە و جێگرتنەوەی بە پێناسەیەکی دیکە، کارێکی شۆڕشگێڕانەیە. بە بڕوای من چینی کرێکار لە ئێستادا لە کوردستان، پێک دێت لە تەواوی ئەو کەسانەی لە بەرانبەر بڕێک کرێ یاخود مووچەدا، کات و وزەی جەستەیی و زەینیی خۆیان دەفرۆشن. واتە سەرجەم کرێکارانی بیناسازی و گواستنەوە و کشتوکاڵ و باخداری و کارمەند و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت، بە سەرجەم فەرمانگەکانەوە، دەگرێتەوە.

خاڵێکی دیکەی گرنگ کە دەبێت یادکردنەوەی یەکی ئایار لەخۆی بگرێت، ڕاهێنانی کرێکاران و جەماوەرە بە گشتی لە سەر بیرکردنەوە لە گۆڕینی دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان. بەڵام ئەوەی دەبینرێت ساڵانە، یەکی ئایار کورت کراوەتەوە لە هەڵواسینی چەند پۆستەرێک و خۆپیشاندانی چەند سەعاتێکی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە. ئیدی دووی ئایار هیچ شتێک جێگەی سەرنج نەماوە.هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی یەکی ئایار هیچ لە ژیانی واقیعیی کرێکاران ناگۆڕێت. هەر بۆیە لە نێوان دوو یەکی ئایاردا ژیانی خەڵک و کرێکاران وەک خۆیەتی و گۆڕانکاریی بە سەردا نایەت. چوونکە ویستێک نییە بۆ یادکردنەوەی یەکی ئایار بە ئامانجێکی نوێ و ستراتیژییەوە.

شکۆفە ڕەشید: یادی1ی ئایار رۆژی جیهانی کرێکاران لە هەمو کرێکارانی جیهان و کوردستان پیرۆزبێت 1ی ئایار رۆژی سوربونە لەسەر داواکاری چینی کرێکار. رۆژێکە پڕ لە تێکۆشان لە ژیانو مێژوی کرێکاراندا گرنگی خۆی هەیە. سالانە لەم رۆژەدا کرێکاران دێنە سەرشەقام چالاکی ئەنجام دەدرێت تیایدا داوادەکرێت لە دەسەلاتداران کە مافو ژیانیان پارێزراوبێت. سەرەتای ئەم نارەزاییانە لەئەمەریکا دەستی پێکرد. سەدەی 19کۆمەلێک دەست کەوتیان بەدەست هێنا لەوانە یاسای کار. بەلام لەوکاتەوە تائێستاش کرێکاران ئەنالێنن بەدەس سیستەمی سەرمایەداری و دەسەلاتدارانەوە کە کرێکارو ڕەنجی کرێکارکۆلەکەی بونیادنانە تەواو پەراوێز خراوە لەهەمو جیهان. بەتایبەت تر لە عێراقو کوردوستان. کە ولاتێک پڕلە قەیرانو لەژێر هێلی هەژاریش ئەژی. بەتایبەت لەئێستادا کە نەخۆشی ڤایرۆسی (کۆرۆنا) جیهانی تەنیوە رێژەیەکی زۆر کرێکار لەهەمو جیهان بێکارنو هەژارن بەتایبەت لەکوردوستان. زۆرینەی خەڵک بێکارن.بەبۆنەی ئەم ڤایرۆسەوە شوێنەکانی کارو زۆربەی کارگە کان داخراون هەلی کار زۆرکەمە. ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر ژیانو گوزەرانی هاوڵاتیان دروست ئەکات. پێویستە ئەم ساڵ کارو چالاکیە کان ڕێکبخرێن لەپێناو باشترکردنی ژیانو گوزەرانی کرێکاران دا وابکرێت هەلی کار بڕەخسێنرێت بۆ کرێکاران. زەمانەتی ژیان و گوزەرانیان بکرێت. لەکاتی زەرەر لێکوتنیان قەرەبو بکرێنەوە. هەمو ئەو پێدا ویستویانە یان بۆ دابین بکرێت کە لەکاتی کارکردنیاندا ژیانیان بپارێزێت. هیوادارم ئەمساڵ بێتە سالی بەدی هێنانی مافو داواکارییەکانی چینی کرێکارو زەحمەتکێشان. کە ئەمەش ئەرکی سەر شانی حکومەت و دەسەلاتە.

حسێن حسن:  یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی وهاوخەباتیکرێکارانی جیهانە،یادکردنەوەی ئەوڕۆژە بۆدووپات کردنەوەی ئەوهاوخەباتی زیاترجۆشدانی تیکۆشانی کرێکارانە بۆبەدەست هێنانی زیاتری مافەکانیان وڕزگاربوون لەستەم وچەوسانەوەیە کەلەلایەنسەرمایەدارو خاوەن کارەکان روبەڕویان دەبێتەوە جاڕژیمەکان بن یاکۆمپانیا سەرمایەداریەکان.بێگومان یادکردنەوەو بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆبەردەوامی تیکۆشان وکۆکردنەوەی ئەوهێزو گروپانەی پشتیوانی لەمەسەلەی کرێکاران دەکەن بۆبەدیهێنانی هاوکاری وهەماهەنگی لەسەر ئاستیکی فراوانتر چونکە کریکاران لەهەرکوێ بن ئامانجەکانیان وەک یەکن. بەڵام بەلامەوە گرنگە هەڵوەستەیەک لەسەر چەمکی چینی کرێکار لەوڵایە ناپیشە سازیەکان بکرێ کە چینی کریکار تیایاندا نەخەمڵیوەو ڕێکنەخراوە لە سەندیکاو رێکخراوەکاندا بۆیە ئەگەر ئەم چەمکە بۆ ووڵاتانی پیشەسازی ڕاست بێت ئەوا هەرگیز بۆ وڵاتانی نا پیشەسازی راست نیە چونکە کریکاران بەمانا مارکسیەکەی کەم ودابڕاوو پەتەوازەو ناهۆشیارن.بۆیە دەکرێ لەوجۆرە وڵاتانە ئەوە راست بکرێتەوە لەجیاتی خەباتی کریکاران گرنگی بدرێت بەخەڵکی هەژارو زەحمەتکێش وچەوساوە کەلەسەرجەم بوارەکانی کارگەو کشتوکاڵ و ئاژەڵداری پیشەوەری فەرمانگەکاندا کاردەکەن.گرنگی دان ووابەستەکردنی ڕۆژی یەکی ئایار تەنها بەکریکارانی گارگەکان وکانەکان کەلەلایەن هەندێ حزب وڕیکخراوەوە دەکرێ لەولاتانی ڕۆژهەڵات خەباتی چەوساوەکانی توشی دابڕان کردوە بۆیە لەم ڕۆژەو ڕۆژەکانی تریشدا دەبێ هەلومەرج وژیانی سەرجەم خەڵکی هەژارو ستەم دیدە لەبەرچاو بگیرێ وبکرێنە بەشێک لەبەرنامەی کاریان بۆ خەبات وتیکۆشان بۆکۆتای هێنان بەستەمی سەرمایەداری دەرەبەگی ودیکتاتۆری وسەرجەم ستەمەکانی تر.

بەرزو بەڕێزبێ یەکی ئایار ‘بەڵێ بۆدادپەروەری وئازادی.

ستاری چیمەنتۆ: یادکردنەوەی یەکی ئایارلەلای من، بریتیە لە بەبیرهێنانەوە وبەرزڕاگرتنی مێژووی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکار وخەڵکی زەحمەتکێش، بەدژی نەبوونی ونەداری، برسیکردن، چەوساندنەوە وسەرکوت. کە مێژوویەکی دوورو درێژە چینە !دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانی دەسەڵات، بەسەر تەواوی کۆمەڵگەکانی دنیادا سەپاندوویانە بۆیە سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ڕۆژی یەکی ئایار بە هیچ شێوەیەک جەژنێک نییە، وەک ئەو جەژنەی، کە بۆرجوازی ناوی لێ دەنێت وبەوبەهانەیەوە دەیەوێ سمبولی خەبات و ناڕەزایەتییەکان بە “ئاهەنگ و جەژنگێڕان“ لە ڕۆژی یەکی ئایاردا بگۆڕێت، وە ئەو ڕۆژە بکاتە ڕۆژێک، کەمێژووی چەوساندنەوە لە بیری کۆمەڵگە بباتەوە و بیگۆڕێت بە جەژنێکی سوننەتیی ساڵانە، تا ببێتە یەکێ لە جوانکارییەکانی سیستەمە قێزەونەکەی خۆی..! ئا لێرەوەیە، کە یەکی ئایار دەبێ سیما و ناوەرۆکە چینایەتییەکەی وەک خۆی. هەروەها وەک سمبولێکی مێژوویی خەباتی کرێکاران، بەرز ڕابگیرێت.!! بەڵام ئەمە چۆن دەکرێت با لە پێشدا هەڵوێستەیەک لە سەر ئەم نوسراوەکانی ئەم پلارکاتانەی دەستی چەند دەوڵەمەندێک بکەین ، کە لە دژی ،خۆپیشاندەرانی، ڕێپێوانێکی یەکی ئایاری، چەند ساڵێک لەمەوبەری شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا هەڵیانگرتبوو هەژاریی ئێوە ڕشانەوە بە ئێمە ئەهێنێ!“، “پارەکانتان نەفەوتاوە، تەنها لە شوێنێکی ترە”، “ستایلی ئێمە ” .“! “گرانبەهایە، بۆیە باج لەسەر دەوڵەمەندان نییە!“، “بۆ ئێوە نا بەڵام بۆ ئێمە تەواو باشە ئەمانە بەشێکن لە سادەترین سەردێڕ، بانگەواز و گاڵتەجاڕییەکانی، نەک هەر ئەم کۆمەڵە کەمە لە کەسانی دەوڵەمەند و مافیا، بەڵکو ئەمە ناوەرۆکی پڕ لە ئیهانە و سوکایەتیی تەواوی چینی بۆرجوازیی دەسەڵاتدارە بەخەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش، لە گشت دنیادا..! لە کاتێکدا تەواوی ئەو ماشێنانەی ئەمانە دەستیان بەسەردا گرتووە تەنها بە کرێکاران دەخرێتەگەڕ وبەرهەم .دەهێبرێت و بەرهەم دەهێنێت!. قازانج و زێدەبایی ملیاردەهایان لە ئاکامی ئەو چەوساندنەوەیەوە دەست دەکەوێت کەواتە بۆ ئێمە، خەڵکانی کرێکارو زەحمەتکێش، کە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە پێکدەهێنین و هێز و شیلەی گیانی ئێمە بە درێژایی مێژوو، تەنها بۆ خزمەتکردن و قازانج پەیداکردن بووە بۆ ئەو کەمینە کەمە مافیا و مشەخۆرەی کۆمەڵگە، بۆیە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە، کە چیتر یادکردنەوەیەکی سوننەتیی خەباتی مێژوویی هاوچینەکانمان لە تەنها ڕۆژێکی وەک یەک ئایاردا، ناتوانێ هێزێکی وەهامان پێ بدا، کە بتوانی ببێتە هەوێنی هێنانە مەیدانی تەواوی هێزو ووزەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لە پێناو ڕیشەکێشکردنی تەواوی ئەو سەرکوت وچەوساندنەوانەی کە سەرمایەداری و سیستەمەکەی ..بەسەر ئێنەدا سەپاندوویەتی بۆیە دەبێ ئێمە ڕۆژانە لە دژی برسییەتی، نەداری، نەبوونیی مووچە، سەرکوتی ئازادییەکان و ڕێگریی خستنە بەردەم ڕکخراوبوونمان، بێینە مەیدان و هێزی سەدان هەزاریی و ملیۆنییمان بڕژێنینە سەر جادەکان.. داواکارییەکانی ڕۆژانەمان ، ئاسۆ و ئامانجە هەمیشەیی و ستراتیجیەکانمان بکەینە پەرچەمی ناڕەزایەتییەکانمان و لە هەوڵی ئەوەشدا بین، کە هەرچی زووتر وە خێراترە پشتیوانیی و هێزی جیهانیی چینەکەی خۆمان بەهێزتر بکەین، تا بەو هۆیەوە بتوانین ڕێگری بخەینە بەردەم هەوڵەکانی …بۆرجوازی و سەرمایەداران بۆ سەرکوتکردن وپاشەکشەپێکردنمان لە پێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو ئامانجانەشدا.

پێویستیمان بە بەخۆداچوونەوەیەکی قووڵ و زانستییانە هەیە لە ڕووی تیۆرییەو پراکتیکیشەوە، چونکە لە ئێستای سەردەمی نیولیبرالیزم و دیگیتالیزە بوونی دنیا و بچوک بوونەوەی هەموو دنیا. هێندەی لادێیەکی بچوک، کە لە مۆبایلەکانی ناو لەپی دەستماندایە..! ناکرێت و نابێ هەروەک سەردەمی ڕابردووی تازە گەشەکردووی پیشەسازیی بەریتانیای کاتەکانی مارکس بیبینین!! هەروەها ناکرێت هەر بەتەنها ئاڵوگؤڕەکان لە فۆکوسێکی تەسکی حیزبییانە وڕێکخراوەییانەی کلاسیکیی خۆمانەوە، وە دوور لەو هامووگەشە کردنە جیهانییەی بزوتنەوەی کرێکاریی و کۆمونیستی سەیری بکەین و بڕیارە هەڵەکانمانی لەسەر داڕێژین! لە ئێستادا بنەمای سەرکەوتنمان، بریتیە لە دیالەکتیکی کارکردنمان لە نێو خودی کۆمەڵگەدا بەو شێوەیەی کە هەیە و کۆکردنەوەی هێزەکەشمان، هەر لەو شوێنەوە دەست !.پێدەکات، نەک لەو شوێنەوە کە خەیاڵی دوور لە کۆمەڵگەمان دروستی کردووە سۆسیالیزم وە بەدیهێنانی سۆسیالیزم وا لە دڵی ئەو کۆمەڵگەیەدا، کە بە ژەهر و ڤایرۆسەکانی بۆرجوازی وسیستەمەکەی، ڕۆژانە لە ژێر ئەشکەنجەدایە..! بۆیە ئێمە ئەرکمانە،ڕێگاچارەی ئەو نەخۆشکەوتن و ماندوویەتییەی کۆمەڵگە لە ئەستۆ بگرین و زەهراوی ناسیۆنالیستی، دین پەرستی ،، ڕەگەزپەرستی و نیشتمانپەرستیی لەناوبەرین و هیوای بەرز و چارەسەری دنیایەکی ئازادو یەکسان و پڕ لە کامەرانی وسۆسیالیزم بخەینە جێگای. کەواتە ئێمە دژی کرێکارانێک نین، کە موسڵمان، مەسیحی و جوو ن یان هەر بێ دینن!! وە هەرگیز ناکرێت کرێکارانێک کە پارێزەری نەتەوەو نئشتمانن لە دژی یەک وە یاخود لە بەرانبەر یەکترییدا ڕابگیرێن..! نەخێر ئێمە سۆسیالستەکان دەمانەوێ ئەو دینپەرستی و نەتەوە پەرستییە، کە بۆرجوازیی هەمیشە وەک ماددەی بێهۆشکەر بەکاری دەهێنێت تا زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە چینایەتییەکەمان پێ لە بیر بباتەوەو ئێمە بکاتە سووتەمەنیی خواستەکانی خۆی، لە نێو خۆماندا بیکەینە دەرەوەو چیتر ڕێگە نەدەین لەسەرجیاوازیی دین، نەتەوە و ڕەنگی پێستمان لە یەکتر پەردەوازە دوور بین و خەباتی چینایەتییمان دژ بە سەرمایەداری وسیستەمەکەی لاواز و بیتوانا بێت جگە لەوانە و لەوەش گرنگتر لە دیدی مندا ئەوەیە، کە بەریەکی بەهێزی کۆمونیستیی وەها دروست بکەین، کە هەر کەس و هەر لایەنێکی دوژمن بەم سیستەمە چەوسێنەرانەیەی سەرمایەداری، سەر بە هەر ڕێکخراوێکی چەپ و کۆمۆنیستی وە یاخود ..تەنانەت ئانارشیستیش بێت هێزی هاوپشتیی چینایەتییان یەکبخەن بە ئامانج بەدیهێنانی یەکڕیزییەکی چینایەتی هێزی ئێمە لە هاوپشتی و لە یەک بوونماندایە و ئاسۆ ی بەدیهێنانی سۆسیالیزم لەم شێوازە نوێیەی خەبات و ناڕەزایەتییەکانماندایە بە دژی سەرمایەداری و سیستەمەکەی وە هەر ئەم شێوازەشە کە مانا دەدات بە یادکردنەوەی یەکی ئایار وەک ..ڕۆژی هاوخەباتی وهاوپشتیی چینی کرێکار.

  

Leave A Reply

Your email address will not be published.