ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە رانیە بەرز ڕاگیرا

0

فەرمان چۆمانی ئەڵتەرناتیڤی شورایی /ڕانیە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە ڕانیە لەلایەن کۆمیتەی یەکی ئایار لە ڕاپەرین ژمارەیەک چالاکی ئەنجامدران.

عومەر چاوشین، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەکە بە ئەلتەرناتیڤی شورایی ڕاگەیاند”پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 1ی ئایاری 2021 بەشێوەیەکی مەیدانی هەندێک لە کرێکارانمان لە کاتی کارکردن لەشوێنی کارەکەیان لە بازار و کارگەکان وبەشێکی تریش لەناحیەی چوارقوڕنە بەسەرکردنەوە.لەوسەردانەمەیدانیەدا لە کێشە و گرفتەکانمان کۆلینەوە و پیرۆزباییمان لێکردن” لەسەرئەوچالاکیە چینایەتیە،

عومەر گوتیشی “دوانیوەڕۆش لە نێو باغی گشتی ڕانیە گردبوونەوەیەکمان سازداو تێیدا ئیدانەی کەمتەرخەمی دەسەڵاتمان کرد لەبارەی پشتگوێ خستنی کرێکاران و مافەکانی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارو دەسەڵاتی سەرمایەداریەوە” کۆمیتەی یەکی ئایار لەناوەڕاستی مانگی نیسانی 2021لەلایەن ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و سیاسی و حزبی شیوعی کوردستان وحزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وەک بەرەیەکی چینایەتی بۆ یادی ڕۆژی 1ی ئایار جەژنی جیهانی چینی ماندوی هەژار دروستکرا بوو.

ئەوەی خوارەوە بەیاننامەی ،،کۆمیتەی 1ی ئایارلەڕاپەڕین،، وەک خۆی:

دەبێت ١ی ئایار بە زیندوویی بمێنێتەوە (١)ی ئایار رۆژی جیهانی چینی کرێکارانە،

بۆنەیەکی چینایەتی و سۆسیالیستی سیکۆلاریزمی سەندیکاییە:

ئێمە لێرەوە پیرۆزبایی لە کرێکاران و خەڵکی ماندووی کوردستان و ناوچەکە بە تایبەت دەکەین، دەخوازین بە هۆی یەکگرتوویی چینی کرێکار کۆتایی بە ناخۆشیەکانی خەڵک بێت و رۆژە ناخۆشەکان ببن بە رابردوو لە ژیانی ئەو چینەی کە دەسەڵاتی سەرمایەداری بۆی گرینگ نەبووە و بۆ چینی خوار خۆی خوڵقاندوویەتی. پێویستە بزانین کە باکگراوندی ئەو یادە رۆژی یەکی ئایار دەگەرێتەوە بۆ وڵاتی ئوسترالیا لە ساڵی ١٨٥٦ دواتریش بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و کەنەدا. ئەو رووداوە مێژووییە لە شیکاگۆ لە ساڵی ١٨٨٦ لە نێوان کرێکار ە خاوەنکارەکاندا هاتە ئاراوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بۆ ٨ کاتژمێر لە رۆژێکدا، دەرئەنجامی ئەو بزاوتە کرێکاریەش لە کەنەدا یاسای سەندیکای بازرگانی هێنایە کایەوە کە سیفەتێکی یاسایی بەم بزاوتە بەخشی، لەم رۆژەدا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کرێکار مانیان گرت و داواکاریەکانیشیان بریتی بوون لە (٨ کاتژمێر کار، ٨ کاتژمێر خەوتن و ٨ کاتژمێر بۆ کارە لاوەکیەکانی دیکە)، مانگرتنەکان سەرکەوتنیان بە دەستهێنا و بزاوتی ئابوریان لە شارەکەدا پەکخست، پۆلیس تەقەی لە خۆپیشاندەران کردوو ژمارەیەکی لێ کوشتن، لە بەرامبەریشدا خۆپیشاندەران ژمارەیەک پۆلیسیان کوشت و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار کردن، بەو کارە زۆرێک لە سەرداری کرێکارەکان گیران و ٤ کەسیان لە سێدارە دران، دواتر ئەم رووداوانە هەموو جیهانی گرتەوە، لە ساڵی ١٨٨٩ دا لەلایەن کۆنگرەی سۆسیالیستی نێو نەتەوەییەوە لە فەرەنسا یادەکە بەرز ڕاگیرا، ئینجا لە ساڵی ١٨٩٠ ئەو رۆژەیان کردە جەژنی کرێکاران. پێویستە بە گشتی بگوترێت کە لە هیچ داواکاریەکی کرێکاراندا داوایەکی نارەوا نەبووە بەڵکو داواکاریەکانیان مافی سەرەتایی و مرۆڤی و پیشەیی بوون لە هەموو جیهاندا. لە عێراق و کوردستانیش کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی بە بەرچاوی جیهان توشی جۆرەها کێشە بوونەتەوە و کەرامەت و مافی مرۆڤ نەوەک پێشێل کراوە، بەڵکو ڕەنجی مرۆڤ بە جۆرێک هەرزان فرۆش کراوە لە سایەیدا خەڵکی کوردستان کەوتوونەتە نێو گێژاوێکەوە کە ساڵانە بەهۆی کێشە جۆراوجۆرەکانیان دەکوژرێن یان خۆیان لە ناو دەبەن. کرێکاران لە سایەی نەبوونی یاسایەکی تۆکمەی کار و خراپی هەلومەرجی کار ڕووبەرووی غەدر لێکردن دەبنەوە و هەندێک جار کەرامەتیان دەشکێندرێت، یان لەبەر خراپی شوێنی کار و کاری تاقەت پڕوکێنەوە دەبنە قوربانی بەبێ ئەوەی هیچ ڕێزێک لە ژیان و قوربانیدانەکەی بگیرێت، یان بەبێ ئەوەی هیچ رەچاوی مرۆڤ بوون بکرێت لە سەرکارەکانیان دەردەکرێن لە کوردستاندا ئەوانە هەمووی لە سایەی دەسەڵاتداران و حکومەتدایە و نابێت لەوە زیاتر کرێکاران بە خواستی چینی سەرو بچەوسێندرێنەوە، دەبێت گشت مافەکانیان بۆ بگێردرێتەوە، پێویستە یاسایەکی دادگەرانە لە چوارچێوەی ئاکارە مرۆییەکاندا مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزرێن، نابێت چیتر غەدر و کوشتن و چەوساندنەوە شوێنی خۆشگوزەرانی و یاسایەکی پیشەییانە بگرێتەوە، لەم رۆژەدا هەرچی بێرێزی و کەرامەت شکاندنی خەڵکی زەحمەتکێش شەرمەزار دەکەین، چونکە ئەوەی تا ئێستا لە کوردستان ڕوویداوە گشت لایەنە سیاسیەکان لێی بەرپرسیارن، حکومەت دەبێت ناچار بکرێت مل بدات داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بێنێتەدی و لەبەرامبەر بەو نادادیەی کە لە کۆمەڵگادا هەیە دەبێت کرێکاران و خەڵکی کوردستان یەکگرتوو بن تا بتوانن بە یەکگرتوویی داخوازیەکانیان بێننە دی، زۆربەی ئەو نەهامەتیانەی توشی کۆمەڵگەی کوردستان و چینی خوارو بۆتەوە بەربڵاوی و پەرت بوونی ریزی هەژاران و چینی کرێکاران بووە و بێدەر بەستی حکومەت لە ئاستی ژیانی خەڵک کێشەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی زیاتر قوڵکردۆتەوە، لەبەر ئەوەیە نابێت سازش لە سەر هیچ سیاسیەتێکی پاوان خوازی چینایەتی بکەن. بژی یەکی ئایار، رۆژی هاوخەباتی چینی کرێکار سەرکەوێت داخوازیەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش.

کۆمیتەی 1ی ئایار لە راپەرین ١ی ئایاری

Leave A Reply

Your email address will not be published.