لە( یەکی ئایار )، ڕۆژی جیهانی کرێکاران دا،خۆپیشاندانێکی جەماوەری سازدرا:( نان کار ئازادی، داواکاری کرێکار: سەلامەتی شوێنی کار ، کار یان بیمەی بێکاری: ژیانی دوور لە هەژاری

0
یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکارە، ڕەمزی تێکۆشان و خەباتە دژی سیستمی سەرمایەداری و حکومەتە ستەمکارو چەوسێنەرەکانیان، ئەو حکومەتانەی کە بەرژەوەندی کەمایەتیەکی سەرمایەدار دەپاڕیزن ولەم پێناوەدا، ژیانێکی کولەمەرگی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان دا دەسەپێنن.
هەروەک چۆن لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دا، یادی یەکی ئایار بەرز ڕادەگیرێ، لە کوردستانی خۆشمان دا، بۆ خستنەڕووی داواکاریە کرێکاری و جەماوەرریەکان وشکۆدارکردنی زیاتری ئەو ڕۆژە، لە چەند شارو شارۆچکەدا، بەشێوەی جۆراوجۆر خەبات و تێکۆشان بەڕێوە چوو.
لەشاری سلێمانیش ، لە شەقامی سالم. سەهۆڵەکە، کاتژمێر سێ و نیوی پاشنیوەڕۆ، خۆپیشاندانێکی جەماوەری، پڕ جۆش و خرۆش بەڕێخراو بەشداربووان بە دەنگی بەرز دروشم و داواکاریە کرێکاری و جەماوەریەکانیان دەووتەوە
( نان کار ئازادی، داواکاری کرێکار: سەلامەتی شوێنی کار ، کار یان بیمەی بێکاری: ژیانی دوور لە هەژاری ….)،
بەگەیشتنی خۆپیشاندانەکە، بۆبەردەم باخچەی گشتی، کۆبوونەوەیەک، بەبەشداری چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن سازدرا، لەو کۆبوونەوەیەدا، وێرای خوێندنەوەی ووتاری کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار، چەند سرودێک لەلایەن هونەرمەند ( نەجم محەمەد ) ەوە پێشکەشکرا وپارچە شیعرێکیش لەلایەن ( بەندی عەلی)  شاعیرەوە خۆێنرایەوە… لەووتاری کۆمیتەی مەراسیم دا.
ئاماژە بە خەباتی لە مێژینەی چینی کریکار، بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان کراو باس لەو بارودۆخە ناهەموارە کرا، کە کرێکاران لە زۆرێک وڵاتان دا دەیگوزەرێنن، بەتایبەت دوای ئەوەی کەسەرمایەداری جیهانی و حکومەتەکانی زیاتر دەستیان ئاوەڵابوو بۆ چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری کرێکاران، بەهۆی مەرج و یاساو ڕێساو ڕینماییەکانی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتیشەوە، هێندەی تر باری سەرشانی کرێکاران و خەڵکی هەژارو دەستەنگ خراپترو سەختتربوو، کوردستانیش لەم بارودۆخە دوورەدەست نەبوو، لەسایەی حوکمڕانی حیزب و لایەنە کوردیەکان دا، ڕێژەی بێکاری و هەژاری زیاتر پەرەیسەندو بەبیانووی قەیرانی دارایی و پەلاماری داعش و ، لەم دواییانەش نەخۆشی کۆرۆنا، هەل و مەرجێکی سەختترو بە ئازارتر داسەپێنرا. ئەم هەل ومەرجە نەک هەربۆ کرێکاران وڕەنجدەران خراپ و نالەبار بوو، بەڵکو بۆ زۆرێک لە چین و توێژەکان دۆزەخێک بوو بۆ خۆی، مناڵان و ژنان و لاوان و خاوەن پێداویستانی تایبەت و خانەنشینان وڕۆژنامەنووسان و مووچەخۆرانیش بە گشتی گیرۆدەی ژیان و گوزەرانی سەخت و تاڵ بوون، بەتایبەت کاتێک کەزۆرێک لە فەرمانگاو دامەزراوەی کەرتی گشتی و حکومی بەتایبەتکراو هەموو ئەو خەڵکە دەسکورت و زەحمەتكێشە توانای بەهرەمەندبوونیان لە خزمەتگوزاریەکانی خوێندن و تەندروستی وتەنانەت کارەباو ئاویش…لەدەستدا. هەر لەو ووتارەدا ئاماژە بەوەکرابوو کە تاکە ڕێگای ڕزگاری چینی کرێکار و سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازو یەکسانیخواز، جگە لە بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان ، هوشیاری و یەکگرتوویانە دژ بە ڕژێمی سەرمایەداری و حکومەتە ستەمکارو ملهوڕەکانیان.
ئا: عەلی محەمەد ئەمین
١ / ٥ / ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.