ئەڵتەرناتیف، دەسەڵاتی جەماوەرییە!

0

عەبدوڵا مەحمود:  
لەسەرەتای ئەم مانگەوە و شەپۆلێکی تری خۆپیشاندان و نارەزایەتی جەماوەری بێبەش لە شاری سلێمانیەوە دەستی پێکرد، و زوربەی هەرەزۆری شاروشارۆچکەکانی زۆنی سەوزی گرتۆتەوەو زۆنی زەردیش لە کوڵاندایە.
ریشەی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزیەتییە جەماوەرییە لە قڵشتی قوڵی چینایەتی واقعیەتی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستاندایە و دەتوانین بڵێین برگەیەکی تر لە نارەزایەتی فراوانی جەماوەرییە لە دەورەی دوای شکستی داعش و هاوکاتیش درێژکراوەی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی پێشوترە، بەدیاریکراوی درێژکراوەی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی هەولێر و بادینانە.
نابەرابەری بێسنور، بێ موچەیی و بێکاری، گرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و داڕمانی کەرتی تەندروستی و پەروەردە ڕاگرتنی فەرمانبەران و موچەخۆران بەدیار ناردن و نەناردنی پارەی بەغدا و لەچاوەڕوان راگرتنیان. کردنیان بە یاری نێوان ململانێی هەولێر و بەغدا و دیار نەبوونی هیچ ئایندیەکیش بۆ زامن بوونی موچە و چارەسەری ئەو کیشانە، لەپاڵ دزی و تاڵانیەکی ئاشکرای مافیاکانی سەر بە حزبەکانی دەسەڵات، ئەو هۆکارانەن کە وای کرد جارێکی تر موچەخۆران و جەماوەری بێبەشی کوردستان، بە ناچاری و بۆ بەرگری لەو ژیانە مەمرەو مەژیەی هەیانە، بێنەوە سەر شەقام و یەخەی دەسەڵات بگرن.
تەقەلای جەماوەری ناڕازی، تەقەلایەکی بەرگریکارانەیە لەبەرامبەر بەهێرشی سیستماتیکی دەسەڵاتی سیاسی بۆ سەر سفرە و قوتی خۆیان و خێزانەکانیان. بی دەربەستی و بێ وەڵامی دەسەڵات و هاوکات دەستبردنی دەسەڵات و بۆ توندوتیژی و تۆمەت بەخشینەوە و تاوانبارکردنیان بە خزمەت بەلایەن و دەستی دەرەکی!!، لەبەرامبەر داخوازی موچە و هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان، هۆکارن بۆ کاردانەوەی خەڵکی ناڕازی کە لەلایەکەوە ئاستی داخوازییەکان ببەنەسەرەوەو لەلایەکی تریشەوە هیرش بکەنە سەر بارەگا و مقەری حزبەکان. دیارە بەو هۆیەوە کە دەسەڵاتی سیاسی تا ئێستا گوێی لە خواستی هاوڵاتیان نەگرتووەو درۆی چاکسازیشی دەرکەوتووە، جەماوەری بێبەشی کوردستان، بڕوایان بە دەسەڵات و بەڵێنەکانی نەماوە، خواستی موچە و خزمەتگوزارییەکان جێگای خۆی داوە بە خواستی راماڵینی دەسەڵات و لەو ئاقارەشدا، راماڵینی بارەگاو سمبولەکانی ئەو دەسەڵاتە.
دیارە پەلاماری جەماوەری و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بارەگا حزبیەکان، نیشانەی چوونە پێشی هوشیاری جەماوەریی و پەی بردنە بەو راستیەی کەکۆمەڵگەی کوردستان پاوانی حزب و دەسەڵاتی حزبی و هیزە میلیشیایەکانیەتی کە لە رێگایەوە دەستییان بەسەر سامان و داهاتی کۆمەڵگەو قوتی هاوڵاتیاندا گرتووە.
بەرجەستە بوونی دەسەڵاتی سیاسی لە حزب و هێزی حزبیدا، لە جێگای بەرجەستەبوونی دەسەڵاتی سیاسی لە حکومەتدا، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و هاوکات یەکێک لەبنەرەترین خاڵی جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ هەر وڵات و دەوڵەتێکی بە فەرمی ناسراوی نیو دەوڵەتی و خاوەن قەوارەی حقوقیدا. هەر ئەو تایبەتمەندیەشە وای کردوە، کە حکومەت بکاتە دیکۆرێکی نەشاز و هیچ کارە و حزبیش بکاتە هەمەکارە.
هەر ئەو واقعیەتەشە، کە هەڵپێچان و روخاندنی حکومەت و پەرلەمان، هیچ لە دۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستان ناگۆرێت. حکومەت هەبێت یان نەبێت، حزبی خاوەن دەسەڵات هەمە کارەیە، بۆیە هەڵپچان و راماڵینی دەسەڵاتی سیاسی راستەوخۆ بە راماڵینی دەسەڵاتی حزبی دیت کە بارەگاکانی رەمزی قێزەونی ئەو دەسەڵاتە نیشان دەدەن. بەڵام ئەمە ئەرکی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و حزب و هیزە سیاسیەکانی نەیاری دەسەڵات و بزوتنەوەی سەرنگوم کردن قورس و سەختر دەکات. لەهەر کۆمەڵگە و وڵاتیکدا ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی لە حکومەتدا بەرجەستە بێت، بەروخاندنی حکومەت دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا بەتەواوی دەکەوێت و حزبە سیاسییەکەش کەنار دەخرێت. لە هەلومەرجی سیاسی کوردستاندا چونکە دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتی حزبدا بەرجەستەیە لە جێگای حکومەت، دەبێ دەسەڵاتی سیاسی حزبی رابماڵریت، ئەمەش بەمانای ئەوە دیت کە لەهەر جێگایەک و لەهەر گەرەک و شارو شارۆچکەیەک کە دەسەڵات نابوت دەکرێت و بارەگاکان و هیزەکانی رادەماڵرێن یان ناچار بە پاشەکشە دەکرێن، ئەگەر راستەوخۆ هێزی سیاسی، یان جەماوەری تر جێگەی نەگرێتەوە و توانای بەرگریکردنی جەماوەری و چەکداری نەبێت، بە شوێنیک ناگات و حزبی دەسەڵات، بە بە پشت بەستن بە هیزی چەکدار و داهاتێک کە دەستی بەسەردا گرتووە، دەگەڕیتەوە… پرسی راماڵینی دەسەڵاتی حزبی، دەبێت هاوکات بێت بەجیگرتنەوەی بەدەسەڵاتێکی تر کە پشتیوانی جەماوەری و توانای بەرگری کردنی لەخۆی هەبێت. هەروەها ئەم ڕاماڵینە دەبێ پرۆسیسێکی بەردەوام بێت، تا بەتەواوەتی هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت بە سودی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە، چونکە بە دەرکردنی حزبەکان لەچەند شارو شارۆچکەیەکیش دیسان دەگەڕینەوە شوێنی خاوەن پیگەی خۆیان و خۆیان سازدەدەنەوە، بۆیە پیویستە پرۆسیسی راماڵین بە نەخشە بێت و بەردەوام بێت و تا ناچار بە پاشەکشەی یەکجاری دەکرێن و دەست لەدەسەڵات بەردەدەن. دیارە ئەمە بۆ هەردوو دەسەڵات و بۆ هەردوو زۆنەکە واقعیەتە… بەڵام بێگومان راماڵینی دەسەڵات لەهەرکام لە زۆنەکاندا، کاریگەری یەکجار زۆری لەسەر زۆنەکەی تر چ لەسەر خەڵکی توڕەو چ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دەبێت. ئەگەر خەڵک هەموو دەسەڵاتی زۆنی سەوز ڕابماڵیت، هێشتا کار تەواو نابێت لەهەرێم، چونکە زۆنی زەردیش هەیە کە ئەویش دەبێ بەهێزی جەماوەری برسیەکان و ئازادیخوازەکان رابماڵرێت، بەجیا لەوانەش دەستێوەردانی عیراق، ئیران، تورکیا، نابێ نادیدە بگیریت، کە چ ناراستەوخۆ یان راستەوخۆ لە پێناو بەرژەوەندیەکانیاندا، هەمیشە ئامادەیان هەیە…
لەهەموو هاتنە مەیدانێکی جەماوەری خۆرسک و نائاراستەکراودا، واتە هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەک بۆ راماڵینی دەسەڵات، ئەگەر حزبی سیاسی بەهیزو بەنەخشە و بە ئامادەیی رابەری و کاراکتەرەکانی حزوری نەبێت، دیارەی سوتاندن، تاڵانی، رفاندن، چونە سەرماڵان، شیواوی، تەنانەت کوشتنی بێ دادگایی و لێپرسینەوە، خۆیان نیشان دەدەن و روو دەدەن، هاوکاتیش خەڵکی خۆپیشاندەر دەزانن کە دەبێ چ بڕوات، بەڵام هێشتا نازانن دەبێ چ جێگای بگرێتەوە و ئەو سیستەمەی دەبێ جێگەی بگرێتەوە چ سیستەمێک و بێت و هەڵگری وەڵام بەکام لە گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگە لەناو دەیان گرفتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بێت.
هەر ئەم دۆخەشە وا دەکات، هەموو حزب و لایەنێکی سیاسی بە ناوی” خەڵک” و “بەرەژەوەندیەکانی خەڵک” بێتە ناو خۆپیشاندانەکان و هەوڵی خۆ هەڵواسین بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بدات و سوای خواستەکانی بێت بۆ ئامانجی تر و مەبەستی تر. راستە خەڵک بە شێوەی گشتی داوای نان و ئازادی و خۆشگوزەرانی دەکەن، بەڵام نازانن ئەمانە چۆن وەدی دێت و بەدیاریکراوی ئەلتەرناتفی سیاسیان نادیار و نارۆشنە، لێرەوە رۆڵی سیاسی حزبە سیاسیەکان دەست پێدەکات، کە چ بژاردەیەکی سیاسی و چ سیستەمێکی ئەلتەرناتیف لەجێگای سیستەمی ئێستادا، دەخەنە روو وە بەدەستەوە دەگرن و بانگەوازی جەماوەر دەکەن بۆ کۆبونەوە لە دەوری. لە دۆخی سیاسی ئیستای کوردستاندا، هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن، چەپ و راست، بەو حزبانەشەوە کە خەڵک بۆ ڕاماڵینیان هاتۆتە مەیدان، دەلێن لەگەڵ خەڵکین!! لەگەڵ داخوازی جەماوەرین!!، بەمەش هیچ جیاوازییەکی بنیادی لە رێگای خستنە رووی بژاردە سیاسییەکان و ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتی داهاتوو بەشێوەی دیاریکراو” مشەخەس” دیار نییە، کە جەماوەر بتوانێت، وەکو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتی هەڵیان بژێرێت و لەدەوری تەرحەکانیان کۆببێتەوە. ئەمڕۆ ریزی ورد و درشتی بۆرژوازی لەدەوری بانگەشەی چاکسازی!! حکومەتی تەکنۆکرات، هەڵبژاردنی بی تەزویر، پێکێهنانی حکومەتی کاتی، یان حکومەتی رزگاری نیشتیمانی… تەوەرەیان بەستووە و ئەڵتەرناتیفێکی جیاوازیان لە هی دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی و گۆران زیاتر لا نییە و ناشتوانرێت لایان بێت، هەموو بزوتنەوە سیاسیی کۆمەڵایەتیە بۆرژوازییەکان، لەپێناو حكومەتێکی تر بە هەمان بنیادەکانی وەکو هەڵبژاردن، پێکهێنانەوەی حکومەت و پەرلەمان، بەشداری یان هەلوێست لە دۆخی ئیستا دەگرن، واتە رەوتە بۆرژوازییەکان کیشەیان لەگەڵ ئەدای حکومەت و پەرلەمانە، و رەخنەیان لە بنیادی سیستەمی سیاسی و چینایەتی ئەم ئەلگۆیەی دەسەڵاتی بۆرژوازی نییە، لە کاتێکدا مەسەلەی سەرەکی بۆ جەماوەر و چینی کریکار و بیبەشانی کۆمەڵگە، و حزب و رەوتی چەپ و کۆمۆنیزم بەتەواوەتی جیایە و رەتکردنەوەی ئەلگۆ و بنیادی سیستەمی سیاسی و روبینای دەسەڵاتدارێتی ئیستای بۆرژوازییە.
ئەوەی کە لە ئێستادا یەکجار پێویستە و دواخستن هەڵناگرێت، خستنەڕووی رۆشنی ئەڵتەرناتیفی سۆشیالیستییە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پراکتیکیدا، چ بۆ جیگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژازی بەگشتی و چ بۆ ئەو شوێنانەی ئێستا لە بارەگاو دەسەڵاتی حزبی پاککراونەتەوە. هاوکات پیادەکردنی ئەلگۆ دەسەڵاتدارێتیەکی جیاوازی جەماوەرییە بۆ ئەو شوێنانەی هەر ئێستا هاوسەنگ هیز رێگا دەدات… هەر ئەمەش دەتوانێت رۆڵی چەپ و کۆمۆنیزم لە ململانێی ئێستادا بخاتە روو وە ببیتە زەمانەتێکیش بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر لەدەوری بەدیلی سۆشیالیستی و لەئاستی کۆمەڵایەتیدا. خستەرووی ئەلگۆی دەسەڵاتدارێتی پشت بەستوی جەماوەری لە رێگای هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەخۆی جەماوەری لە گەرەکێک، کارگەیەک، شارۆچکەو شارێک، و بەرزکردنەوەی ئاڵایەکی تر لەسەر بنکەی شورایی هەر شوینیکدا، شانسی بڵاوبوونەوە و بەرین بوونەوەی لەهەموو کوردستاندا بۆ دەرەخسێت… ئیرادە گێرانەوە بۆ چینی کریکار و بێبەشان تەنها لە لە پرۆسیسی بەشداری دەسەڵاتدارێتیدا بەرجەستە دەبێت و توانایەکانی خۆی دەبینێت. ئەڵتەرناتیفی هەموو حزب و لایەنە بۆرژوازییەکان، رۆشن و دیارە کە سیستەمی پەرلەمانی شکسخواردووە و ئەم دۆخەی ئیستا راستەوخۆ دەرهاویشەی ئەو سیستەم و نەریتەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازییە کە جەماوەر بۆ راماڵینی هاتوونەتە مەیدان. لەسەر پایەو وێرانە و شکستی ئەم دەسەڵات و ئەلگۆ بۆرژوازییە، زەمینەی دەسەڵاتدارێتیەکی ترو ئەلگو و نەریتیکی تری بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تر ئامادەیە… ئەگەر شانسێک بۆ سەرکەوتنی کۆمۆنیزم، هەبێت، لە گرەوی بەشداری چالاکانەی ئەو دایە لە هەلومەرجی هەڵسانی جەماوەری ئیستادا بەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی…
ناوەڕاستی دیسەمبەری ٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.