پەروەردەو فێربوونی بۆرژوایی

0

فوئاد قەرەداغی

بۆرژوازییەت بە ناوی ریفۆرم و چاکردنی مەرجەکانی خوێندن و کوالێتییەکی باش ، گرنگیی بە تایبەتیکردنی خوێندن دەدات و ، بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو خوێندنی گشتی ( حکومی ) ناھێڵێت .
سەرمایەداریی لە بواری پەروەردەو فێربووندا ، کار بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئایدیای مرۆڤەکان دەکات بەپێی فەلسەفەو جیھانبینی خۆی ، لەم رێیەوە وەک تاکەکەسێکی بەرھەمھێن پێیدەگەیەنێت بۆ ئەوەی تەواو لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیدا بێت .
لەسایەی سیستمی سەرمایەدا مرۆڤ تەنھا بۆ ئەو کارانە پێدەگەیەنرێت کە سوودی ئابووری بۆ ھەرچی زێتری کەڵەکەکردنی سەرمایە دەبێت ، ئەم پڕۆسەیە لە ئەمڕۆی سیستمی سەرمایەداری جیھانگیردا ، بەناوی دابەشکردنی بازاڕی کار لە ئاستی جیھانیدا پەیڕەو دەکرێت .زانست و زانیارییەک کە مرۆڤ ئارەزوومەندانە لەپڕۆسەی فێربووندا بەدەستیھێناوە ، بەپێی پێداویستییەکانی بەرھەمھێنان دەیگۆڕێت و ، زانیارییەکیان دەداتێ و ، کارامەییان لە جۆرێک کاردا بەرزدەکاتەوە ، کە بەرھەمھێنان و قازانجی زێتری لێبڕسکێت . لەم پڕۆسەیەدا یاری بە ئاستی ئەم ھێزی کارە دەکرێت ، تا زێدەبایی کاریان زۆرترو فراوانتر بێت و دەسکەوتی گیرفانی سەرمایە بەردەوام بێت .
سەرمایەداریی ھاوکات جۆرێک لە پەروەردەو فێربوونی تایبەتی بەخۆی ، لە وڵاتە وابەستەکانیدا پیادە دەکات ، تا نەوەکانی ئەو وڵاتانە پەی بە واقیعی داگیرکاریی سەرمایەداریی نەبەن و لە خزمەت پڕۆژەکانی سەرمایەگوزاریدا ئاڕاستەیان بکات ؛ لەسەرێکیدییەوە ، لەڕێی کردنەوەی پەیمانگەو کۆلیژ و زانکۆو خوێندنگەی فرە پسپۆڕییەوە ، نەوەیەکی وابەستە بە ئایدیاو بەھا سەرمایەدارییەکان پێدەگەیەنێت ، وەک زەخیرەیەکی بەشەری بۆ زامنکردنی وابەستەیی وڵاتان و مانەوەی ئابووری و سیاسەتیان لە قەڵەمڕەوی سیستمە جیھانییەکەی سەرمایە دا .
زۆربەیەک لە خەڵکی وڵاتە دواکەوتووەکان خۆشباوەڕییان بەتێزە بۆرژواییەکانی سەرمایەداریی لە بواری پەروەردەو فێربووندا ھەیە . جۆرنالیزمی جیھانیش رۆڵێکی کارا لە جێگیرکردنی ئەو تێزانەدا دەبینێت ، بۆیە پەروەردەو فێربوون بە بوارە جیاجیاکانیەوە سەرخانێکی گونجاوی سیستمە جیھانێکە پێكدەھێنێت .
سیستمی پەروەردەو فێربوون لە کوردستاندا لەم رووکارە جیھانییەی سەرمایەداریی بەدەرنییە ، جگە لەوەی دەرگای کوردستانیان بۆ کراوەتەوە ، تا چۆنیان بوێت ئاڕاستەی نەوەکانی ئەمڕۆو ئایندە بکەن ، راستەوخۆو ناڕاستەوخۆش دەستیان لە دارشتنەوەی سیستمی پەروەردەدا ھەیەو ، سیستمەکە لەو پەروەردەو فێربوونەی سیستمی جیھانگیرییەوە دوور نییە .
ئەم واقیعە وەھا دەخوازێت مامۆستایان و پەروەردەکاران و کەسوکاری خوێندکاران ھوشیارییان سەبارەت بە پەروەردە جیھانگیرەکە ھەبێت ، ھەتا بتوانن بە ھوشیارییەوە بەرەنگاری ببنەوەو نەھێڵن بەسەر سیستمی پەروەردەی کوردستاندا سایە بکات .
لەبەرئەوە ، لێرەدا ئاماژە بە ھەندێک لە سیماکانی پەروەردەی بۆرژوایی ئاوێتە بە پەروەردەی خێڵەکی دەکەین :
1 ) بۆرژواکان رەگی ئەم پەروەردەیەیان بۆ پرنسیپەکانی شۆڕشی فەڕەنسای ساڵی 1789 دەگەڕێننەوە ، واتە بۆ پرنسیپەکانی ( ئازادی ، برایەتی ، یەکسانی ) کە ناوەرۆکەکەی ئازادی بۆرژوایی و برایەتیی و یەکبوونی سەرمایەداران و پاراستنی مافی بۆرژوازیانە ، بەناوی یەکسانی حقوقی نێوان چەوسێنەران و چەوساوەکان .
2 ) لە پەروەردەی بۆرژوازیدا جێوڕێیەک بۆ رۆڵی کرێکاران نییە ، کار بەھایەکی بەرزی نییە ، کاری دەستیی بەسووک دەزانرێت ، ئاڕاستەی خوێندکاران بەرەو ئەو پیشانەی داھاتی زۆرە دەکرێت . ئەم پەروەردەیە ھەڵاواردنی چینایەتی برەوپێدەدات . پەروەردەیەکە بەھاو نەرێتی چینی بۆرژوا بە ھەند وەردەگرێت و کارو رەنجی جەستەیی کرێکاران دەسڕێتەوە ، یان فەرامۆشی دەکات . بەکورتی پەروەردەیەکە بۆ بەرجەستەبوونی جیاوازی چینایەتی و باڵادەستیی ھەمیشەیی چینی بۆرژوا بەسەر تەواوی بوارەکانی ژیاندا .
3 ) ئەم پەروەردە چینایەتییە ، بۆ ململانێ نەتەوەیی و ئاینییەکانیش پەلدەھاوێت ، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە سیستمی خێل کاریگەریی کۆمەڵایەتیی ھەیە .
ململانێی نەتەوایەتی و ئایینی دوو کۆڵەکەی خۆڕاگرتن و مانەوەی سیستمی خێڵن . ئەم سیستمە لەھەلەمەرجی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا ، لەلایەک وابەستەی سیستمە سەرمایەدارییە جیھانییەکەیەو ، لەلایەکیدییەوە بەھاو نەرێتە خێڵەکییەکان پەیڕەو دەکات و ، لە رێگای سیستمی پەروەردەوە پارێزگاریی لێدەکات . ئەمڕۆ ئەم ئاوێتەبوونەی بەرژەوەندیی سەرمایەو بەرژەوەندی خێل لە وڵاتە وابەستەکاندا بەئاشکرا دەبینرێت و دەوڵەتە سەرمایەدارییە گەورەکان بەرابەری ئەمریکا پشتگیریی لێدەکەن و دۆستایەتی کۆنەپەرسترین و دیکتاتۆرترین و خێڵەکیترین دەوڵەتانی کیشوەرە جیاجیاکانی جیھان دەکەن .
4 ) دووفاقی بەھاکانی پەروەردەی بۆرژوایی لایەنێکیدی ئاڕاستەکردنی خوێندکارانە . لەکاتێکدا سیستمی پەروەردە ، لەڕێی بەرنامەکان و کتێبەکان و وانەکان و شیعرو سروودو چالاکییەکانی نێو خوێندنگاو دەرەوەی خوێندنگا ، جەخت لەسەر رۆڵی سەرکردەو رابەرو پێشەوای کاریزمی دەکاتەوەو ، بەھاو نەرێتە خێڵەکییە دواکەوتووەکان لە نەوەکاندا دەچێنێت ، لەبەرامبەریشدا ، بایەخ بەو بەھاو نەرێتە بۆرژوازیانە دەدات کە خاوەندارێتی تایبەتی پیرۆز دەکەن و بە بەھایەکی سروشتیی ئاکاری مرۆیی دەناسێنن .
ئەم پەروەردەیە خاوەندارێتی تایبەتی بە بنەمای ئازادیی شەخسی دادەنێت . چەمکی ئازادیی بە رەھا دەبینێت و ،دان بەو واقیعەدا نانێت کە ئازادی چەمکێکی چینایەتییەو ، ئازادی ناچینایەتی و ئازادیی سەروو چینەکان و ئازادیی ھاوتەریبی چینەکان وجودیان نییەو ، ئازادیی بێناوونیشانی چینایەتی خۆڵکردنە چاوی خەڵکەو ، چەوساندنەوەی سەرمایەداریی و کاری کرێگرتەو زێدەبایی پێدادەپۆشن .
ھەر لەم روانگە بۆرژواییەوە ، بەرنامەکانی خوێندن دژ بە بەھا سۆسیالیستییەکان ئاڕاستەدەکەن و ، وەھا پێناسەی دەکەن کە ھەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی تایبەتی ، ھەڵوەشاندنەوەی ئازادییە و ، نەفیکردنەوەی ئازادیی تاکەکەس و مافە شەخسییەکان و ئیرادەی سەربەخۆی بڕیاردانی ژیانی تایبەتییەتی .
لێرە لە کوردستان نموونەیەکی بەرچاوی ئەم پەروەردە ئاوێتەیە ھەیە کە تایبەتمەندێتی خێڵەکێتی و عەشایەری و بۆرژوایی پێکەوە دەپارێزێت ، بەشێوەی جیاجیا چ لە بەرنامەکانی خوێندن و رەوتی پەروەردەو فێربووندا جێی بۆ کراوەتەوە و ، چ لە پراکتیکدا جێبەجێ دەکرێت و ، تەنانەت لە چالاکیی فیستڤاڵی ( شانازیی خێڵەکی ) تایبەت بە خێڵەکانی کوردستان و ، لە چالاکیی بەشێک لە رێکخراوەکانی ( بەناو ) کۆمەڵگەی مەدەنیدا ( کۆڕو سیمینارو سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ) دا دەربارەی ئازادیی تاکەکەس و مافی مرۆڤ … ھتد ، رەنگیانداوەتەوە .
Leave A Reply

Your email address will not be published.