ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار

0
خەڵکی تێکۆشەری ئێران
جەماوەری شۆڕشگێری کوردستان
کرێکاران و زەحمەتکێشانی ستەم لێکراو
هەر بەو جۆرەی کە ئاگادارن ١ی مەی رۆژی جیهانیی کرێکار لە هەموو وڵاتانی جیهان بە رێکخستنی میتینگ و ڕێپێوانی گەورە بە مەبەستی هاوپشتی لەگەڵ چینی کرێکار و زەحمەتکێشی سەرانسەری جیهان جێژن دەگیرێ و یاد دەکرێتەوە.
ئەمساڵیش وەک ساڵی رابردوو لە بارودۆخێک دا ١ی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار پیرۆز دەکرێت کە پەتای عالەم گیری کرۆنا جیهانی تەنیوە و بە داخرانی کارخانە و کارگە و شوێنی کارەکان زیاتر لە هەموو چینێک چینی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژاری کۆمەڵگان کە کەوتۆتە تەنگانەوە و لە ژێر فشاری تاقەت پرووکێنی مانەوە لە ژێر سێبەری مەترسیداری کۆڕۆنا ناچارن لە شوێنەکانی کار ئامادە بن.
دیارە لە کەس شاراوە نییە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو تا ڕادەیەکی زۆر زەرەرو زیانەکانی کە بەر کرێکاران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا کەوتوون قەرەبوو کراوەتەوە بەڵام بەو حاڵەشەوە گوشارێکی بەرچاو کەوتۆتە سەر ژیانی بەشەر و لە ڕاستیدا هاتنی ئەم پەتایە (کۆوید١٩) نەک تەنیا زەرەری گیانی زیاتری لە بەشی فەقیر و دەست کورتی کۆمەڵگای جیهانی داوە بەڵکوو بۆتە هۆی ئەوەی کە تادێت فشاری ماڵی زیاتریش هەر بکەوێتە سەر ئەم تەبەقە زوڵم لێکراوەی جیهان.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەم پەتایە و لەم بارودۆخە جیهانییە بێبەش نەبووە و تەنانەت دەتوانین بە دڵنییایەوە بڵێین کە دۆخی ئێران لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان خراپترە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنی ئەم پەتایە بە ناکارەمەیی لە ڕادەبەدەری خۆیان و بە لەبەر چاو نەگرتنی نیگەرانییە جیهانییەکان و لە کاتێکدا هەموو دنیا دەرگاکانی خۆی لەسەر وڵاتی چین داخست،درێژەی بە هاتوچۆکانی شیرکەتی ماهان ئەیر دا و بووە هۆکاری سەرەکی هاتن و پەرەسەندنی ئەو ویرووسە لە ئێران. دواتریش بە درۆ و دەلەسە کە کردەوەی هەمیشەییەتی ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستداوانی شاردەوە و تا ئێستاش ئەم سیاسەتە هەر بەردەوامە. لە لایەکی ترەوە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە کوتانی واکسێن بە شێوەیەکی بەربڵاو خەریکی واکسینە کردنی خەڵکی خۆیانن بەڵام، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەبەر ڕاگرتنی ڕواڵەتی دژە ئامریکایی خۆی بڕیاری نابەرپرسانەی قەدەغەی هاوردە کردنی واکسێنی ئامریکایی و ئینگلیسی دەرکردووە کە لە ڕاستیدا ئەمە دەکرێت وەک نەسل کوژی چاوی لێ بکرێ و جەنایەت بە دژی خەڵکی ئێران دێتە ئەژمار.
ئەم گوشارانەی ئەو دواییانە تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی بارودۆخی خراپی ئێستای کرێکاران، زەحمەتکێشان، فەقیر و هەژار و بە گشتیی خەڵکی ئێرانە.
کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرەتاییترین مافی خۆیان کەخۆ رێکخستن لە ڕێکخراوە سێنفییەکان بێت بێبەشن. لەگەڵ هەڵسووراوانی کرێکاری بە توندترین شێوازی مومکین هەڵسوکەوت دەکرێت و بە تاوانی جۆراوجۆر دەستبەسەریان دەکەن و سزای شەلاقیان بۆ دەبڕنەوە.
گەندەڵی لەڕادە بەدەری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی هەڵە و نابەجێی ئابووری و لە هەموو گرینگر سیاسەتی نابەرپرسانەی دەرەکی چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی وای کردووە کە ڕادەی بێکاری،گرانی و هەڵاوسانی هەوسارپساو و بە گشتیی داڕمانی ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتە هیچ سنوورێک نەناسێ. ناوەندەکانی کار و بەرهەم هێنان رۆژ لە دوای رۆژ دادەخرێن و رۆژ لە دوای رۆژ خەڵکی زیاترن کە لە کارەکانییان بێکار دەکرێن و کۆماری ئیسلامیش کەمترین بەرپرسایەتییەک لە ئاست ژیان و بژیوی خەڵک وە ئەستۆ ناگرێت.
ئەم بارودۆخە نالەبارە کرێکاران و مامۆستایان و بازنشستەکان و بە گشتیی هەموو چین و توێژەکانی کۆماری ئیسلامی وە زاڵە هێناوە و هیچ ڕێگەیان جیا لە دەربڕینی نارەزایەتی بۆ نەماوەتەوە کە ئەویش لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قەبوول ناکرێت و بە تووندترین شێواز سەرکوت دەکرێت و هەموو دەرەتانێکیان لە خەڵک سەندۆتەوە.
پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بە پێی ئامارە فەرمییەکانی دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین بارودۆخ دان و بێکاری و هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی خۆی دایە. هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هیچ سەرمایەگوزارییەکی بنەڕەتی و پیشەیی لە کوردستان نەکراوە و بە تەواوی هەوڵ دراوە کە کوردستان نەبێتە بەشێکی پیشەیی و هەمیشە نیگەرانی ئەمنی زاڵبووە بەسەر مەسڵەحەت و ژیان و بژیوی خەڵکی کوردستان. بارودۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان و نەبوونی کارخانە و کارگەکان و بە گشتیی نەبوونی کار بۆتە هۆکارێک کە خەڵکی هەژار و بێدەرەتان بۆ دابین کردنی نانی رۆژانەی بنەماڵەیان روو بکەن کارە تاقەت پڕووکێنەکان، کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە کۆڵبەری بکرێت و سەرەڕای ئەوەش رۆژ نییە کە هەواڵی گیان لەدەستدانی کۆڵبەر یا چەند کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبیستینەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پشتیوانی لە کرێکاران، زەحمەتکێشان، مامۆستایان،بازنشستگان و ژنان و بەگشتیی هەموو چین و توێژە بەشخوراوەکان کوردستان و ئێران بۆ وەست هێنانی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان، جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە کە مەسەلەی وەدی هاتنی مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەشخوراوانی کوردستان هاوتەریبە لەگەڵ مەسەلەی میللی نەتەوەی کورد و هیچیان لە یەک جیا ناکرێتەوە. پێکهێنانی کیانێکی کوردی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکرات، سێکۆلار و فێدراڵ دا کە ناوەندی هاوکاری خەباتی بۆ دەکا تێیدا مافی چین و توێژە جیاوازەکان و بە تایبەت کرێکاران پارێزراو بێت و ئەولەوییەتی حکوومەتێکی کوردی دەبێت.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١ی مەی ٢٠٢١
١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.