سەرکەوتن بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی ڕۆژانەکار و گرێبەست و وانەبێژەکانە، و بەتوندیش سەرکۆنەی سەرکوتە خوێناویەکانی حکومەت دەکەین

0

دە ڕۆژە شەپۆلێکی نوێی مانگرتن و دەستلەکارکێشانەوە و ناڕەزەیەتی کرێکارانی ڕۆژانەکار و گرێبەست وەڕێکەوتووە، بە دەستپێشکەری کرێکارانی ژینگەپارێزی شارەوانی قەزای شامیە لە پارێزگای دیوانیەی ناوەڕاستی عێڕاق، کە خوازیاری بەرزکردنەوەی کرێ و تەرخانکردنی دارایین بۆ بڕیاری (٣١٥)ی حکومەت و جێبەجێکردنی. ئەم خەباتە کرێکاریە بەخێرایی سەریکێشا بۆ فەرمانگەی ئاو لەو شارە و بۆ زۆرێک لە قەزا و ناحیەکان و بۆ ناوەندی پارێزگای دیوانیەش.

هاوکات لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا، شارەکانی نەجەف و حلە و کوت و ناسڕیە و بەسڕەش ناڕەزایەتیان بەخۆیانەوە بینی لەلایەن کرێکارانی ڕۆژانەکار و گرێبەستی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی، ئاو، کارەبا و تەندروستی، کە خوازیاری جێبەجێکردنی هەمان بڕیار و دژی بڕینی موچەی کرێکاران و کارمەندان بوون.

کرێکارن لەم شەپۆلە تازەیە لە خەباتیاندا، ئامڕازی خەباتی هەرە کاریگەری خۆیان، مانگرتن لە کاریان بەکارهێنا، کە بە ڕوونی بایەخ و کاریگەری ئەم توێژەی لە کرێکاران لەسەر کۆی خزمەتگوزاری ڕۆژانە دەرخست. لە ماوەی ئەم  کردە خەباتکارانەیەدا کرێکارانی مانگرتوو ڕووبەڕووی چەندین ئەرک و چەڵێنجی جۆراوجۆر بوونەوە و تا ئێستاش هەر ڕووبەڕوویانە، وەک بەڕێوەبردنی مانگرتنەکە و پاراستنی یەکڕیزی کرێکاران و بەدەستهێنانی ڕای گشتی و پاڵپشتی دانیشتوانی شارەکان بۆ مەسەلەکەیان و خواستەکانیان.

ڕۆژی پێنج شەممە (٢-٥-٢٠٢١) لە بەغدای پایتەخت، کرێکاران و کارمەندانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانەکار و وانەبێژانی خۆبەخەش، خۆپێشاندانێکیان ئەنجامدا لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دارایی، کە لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی حکومەت و لە گشت پارێزگاکانەوە بۆی هاتبوون، وە خوازیاری جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (٣١٥) بوون. هێزەکانی ئاسایشی حکومەت هەڵسان بە گولـلە بارانکردنی خۆپێشاندەران و ژمارەیەکی لێ بریندارکردن.

چەندین ساڵە کرێکارانی گرێبەست و ڕۆژانەکار لە کەرتەکانی کارەبا، ئاو، تەندروستی و هەروەها دامەزراوە خزمەتگوزاریەکانی حکومەت، دەستلەکار دەکێشنەوە و خۆپێشاندان دەکەن بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان، بۆ دامەرزراندنی هەمیشەیی و گۆڕینی کرێکارانی ڕۆژانەکار بە کرێکاری گرێبەست. ئەمە و زیاتر لە ساڵ و نیوێکیشە لە بەغدا و پارێزگاکانی تردا، ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی ئەندازیارانی بێکار بەردەوامە لەگەڵ خۆپێشاندانی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامەی خوێندنی باڵا و وانەبێژانی خۆبەخش و کارمەند و کرێکارانی گرێبەست.

لە هەرێمی کوردستانیش، لە چەند ساڵی ڕابردوووەوە، هەر ماوەناماوەیەک خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی کرێکاران و کارمەندان و مامۆستایان بەڕێوەدەچێت، بەدژی پێنەدانی موچەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، هەروەها خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەشیان لە کانونی یەکەمی (٢٠٢٠)دا لە پارێزگای سلێمانی بووبە ڕاپەڕیننێک و تیایدا چەندین خۆپێشاندەر بە تەقەی هێزەکانی ئاساییشی سەر بەدەسەڵاتدارانی هەرێمەکە کورژران.

ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریانەی ئێستا، لە جەرگەی پەرەسەندنی خۆپێشاندانە جەماوەریەکانی شەوانەی زۆرێک لە گەڕەک و ناوچەکانی بەغدا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارودا بەڕێوەدەچێت، دژ بە خراپی خزمەتگوزاریەکان و دەرەنجامەکانی کارەساتی کوڕۆنا و بێکاری و هەژاری و گوزەرانی پڕ لە کوێرەوەری داسەپاو بەسەر زوربەی هاوڵاتیاندا. ئەم ناڕەزایەتیە لۆکاڵیانە پەرەسەندنێکی جۆرایەتی پێکدەهێنن لە خەباتی سیاسی جەماوەریدا دژ بە دەسەڵاتداران و بەردەوامی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر)ن، بەڵام ئەمجارە نەک لە گۆڕەپانەکان، بەڵکو لە گەڕەکان و لە شوێنەکانی شاردا کە خۆپێشاندەران دروشمی ڕۆیشتنی ڕژێمی سیاسیش بەرزدەکەنەوە.

خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکارانی کچ و کوڕ لە ماوەی زیاتر لە دەیەێک لە عێڕاقدا خەریکە بە هەنگاوی پتەو وە بە ئاڕاستەیەکی ڕوولەسەر دەچێتەپێشەوە. ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدات درێژکراوەی ئەم هەوڵوتەقەلا و خەباتەیە.

ئەرکی هەرە بە پەلە و پێویست لەبەردەم کرێکاران و زەحمەتکێشان و کچان و کوڕانی بێکاردا لە ئێستادا پایەڕێژی ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەریە بۆ کرێکاران و یەکخستنی ڕیزی خەباتی ئێستایانە لە چوارچێوەیدا بە شێوەیەکی یەکگرتوو لەسەراسەری وڵاتدا. سەرکەوتنی خەباتی کرێکاری جەماوەریانەی ئێستا، زەحمەتە بەبێ یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتیان و دامەزراندنی ڕێکخراوە و سەندیکا و تۆڕە کرێکاریە جەماوەریە سەربەخۆکان لەسەراسەری وڵاتدا، کە سەربەخۆیی چینایەتی و سیاسی بۆ کرێکاران دەستەبەر دەکەن.

هەر سەرکەوتنێک کە بزوتنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئێستا بەدەستی بهێنێت لە هێنانەدی خواستەکان و داسەپاندنیدا بەسەر دەسەڵاتداراندا، ئەوە هەنگاوێکی بەرەوپێشە لە جەنگی چینایەتی کرێکاران و پتەوکردنی ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیاندا، ئەم دەستکەوتە نەک هەر بۆ کرێکاران دەبێتە باشترکردنی ئاستی گوزەانیان، بەڵکو دەشبێتە توخمێک بۆ توندوتیژکردنەوە و ئاڵۆزکاوی قەیرانی ئەم ڕژێمە سیاسیەی ئێستا، وە بەم پێیە دەبێتە سرەواندی کوتەکێکیش لەسەراپای ئەم ڕژێمە، لە گەندەڵیەکانی و لە سیاسەتەکانی خەرجکردنی دارایی گشتی لە پڕۆژە سیاسی و سەربازیە سەرکوتگەرەکانی.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، تاوانی کوشتنی خۆپێشاندەرێک لە ناسڕیە و بریندارکردنی ژمارەیەک لە وانەبێژان لە بەغدا، بەتوندی سەرکۆنە دەکات، کە هێزەکانی ئاسایشی حکومەت ئەنجامیداون. هەروەها سەرکوتگەری ئەو هێزانەش لە هەر شکڵ و شێوەیەکدا لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکاندا سەرکۆنە دەکات، وە حکومەت بە بەرپرس دادەنێت لە دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە، بەوانەشەوە کە لە پشتیەوە وەستاون.

هەروەها ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی هاوپشتی کرێکارانی گرێبەست و ڕۆژانەکار و وانەبێژان و ئەوانەشە خۆبەخش کاردەکەن، وە شانبەشانیشیان خەبات دەکات بۆ هێنانەدی ئامانج و خواستەکانیان. وە هەموو ئازادیخوازان و لایەنگرانی ئازادی و خۆشگوزەرانی جەماوەر لە عێڕاقدا بانگەواز دەکات بۆ هاوپشتیکردن لەگەڵ کرێکارانی مانگرتوو و ناڕازی بۆ هێنانەدی خواستەکانیان.

هەروەها سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریەکان لە جیهان و حزب و ڕێکخراوە چەپەکان و هەموو لایەنگران لە مافەکانی کرێکار بانگەواز دەکات بۆ هاوپشتیکردنی چینی کرێکاری عێڕاق و خەباتەکەی، و سەرکۆنەکردنی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەڵسانیان بە سەرکوتی خۆپێشاندەران و نەهاتن بەدەم خواستە ڕەواکانی کرێکاران و کارمەندان و وانەبێژانی خۆبەخشەوە.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

٤-٥-٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.