لە پەراوێزی خۆپیشاندانی یەکی ئایار دا

0
عەلی محەمەد ئەمین
بۆچی دەبێ داواکاری نان و کار و ئازادی ناواقعی و دروشمی بریقەداربێت؟!
لە ڕۆژانی بەرودوای ( یەکی ئایار ) ڕۆژی جیهانی کرێکاران دا، لەزاری هەندێ کەسەوە، چەند تیرو توانجم بینی و بیست، بەگشتی بەرامبەر هەموو ئەوانەی ئەم ساڵیادە دەکەنەوەو داواکاری و دروشمی جۆراوجۆر دەخەنەڕوو، لەڕاستی دا ئەگەر ئەم تیرو توانجانە بەرامبەر کەسانێکی سەرمایەدار یان کۆمپانیایەک یان دەسەڵاتدارانی حوکمڕان، یان سەندیکاو ڕێکخراوێکی سەر بە دەسەڵات ،یاخود هەندێ حیزب و لایەن بوایە ، دەشیا بەئاساییم بزانیایەو بگرە پشتیوانیشم لەڕەخنەو تیرو توانجەکانیشیان بگرتایە، بەوپێیەی هەموو ئەمانەی ئاماژەم پێدا ، هەندێ جار لەم ساڵیادەدا دروشمی بریقەدار هەڵدەواسن و کۆڕو کۆبوونەوە ڕێکدەخەن و بەشان و باڵی کرێکارو زەحمەتکێش دا هەڵئەدەن و زیاتر لەوەش بەدەستەچیلکەی هەڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان ناوزەدی دەکەن وزۆری تریش، هاوکات هەر ئەمانە پێشێلکاری زۆربەی مافەکانی کرێکاران و ڕەنجدەرانن.
بەڵام ڕەخنەی ئەم کەسانەی کە ئاماژەمان پێدا، نەک هەر گشتی بوو ، بەڵکو بەرامبەر هەموو ئەوانەبوو کەلەسەر شەقام و گۆڕەپانەکان خۆپیشاندان و ڕێپێوان بەرپادەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داواکاری و دروشم بەرزدەکەنەوە، ئەم کەسانە ڕەوایی بەڕەخنەو تیرو توانجی خۆیان ئەدەن، بەو بیانوەی کەئەمانەی ئەم خۆپیشاندان و کۆڕوکۆمەڵانە ڕێکدەخەن، ئەمانە هەر لە ئایاردا کرێکارو چینە زەحمەتکێشەکانیان بیردەکەوێتەوەو زیاتر لەمەش دەڵێن ، ئەمانە دروشم و داواکاری بریقەدارو ناواقعی بەرزدەکەنەوە.
لەڕاستی دا، هیچ یەک لەم بیانووانە ، نەک هەروانین، بەڵکو پێچەوانەکانیان ڕاستە، چونکە زۆرێک لەو چالاکوان و هەڵسوڕاوانە، هەوێنی هەڵگیرسان و بەرپاکردن و گەشەی ناڕەزایەتیەکانن و پێشینەیەکی خەباتکارانەیان هەیە، زۆرێک لەمانە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسیش دا، تیكۆشەری جوامێری ڕۆژە سەختەکان بوون، تەنانەت لە زیندانە تاریک و نوتەکە ئەشکەنجە ئامێزەکانیش دا نموونەی کەسانی خۆڕاگرو دوژمن بەزێن بوون، لە ناڕەزایەتیەکانی ئەم ساڵانەی دووایی مامۆستایان و مووچەخۆران و خوێندکاران و لاوان و ڕۆژنامەنووسان و ژنان و لاوانیش دا، دیسان هەر ئەمانە هەڵسوڕاوی چالاک و هوشیارو ڕابەربوون .
خاوەن ڕەخنەو تیرو توانجهاوێژەکان ، باس لە داواکاری و دروشمی بریقەدار دەکەن، باشە ئاخۆ داواکاری نان و گوزەرانێکی شایستەی ئینسانی سەردەم بۆ ناواقعی بێت، داواکاری کار یان بیمەی بێکاری بۆچی ڕەوانەبێت، ئایا سوپای بێکاران هەمیشە ڕوولە زیادی نیە، ئایا لەشکری خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان چەندیان بەهرەمەندبوون لە کاری گونجاو، ئایا ڕێژەی ئەوانەی سودمەندبوون لە بیمەی بێکاری ،تەندروستی خانەنشینی ….چەندە، بۆچی دەبێت داواکاری سەلامەتی شوێنی کار ناواقعی بێت، لەکاتێک دا هەفتانە چەند کرێکارێک بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانلەدەست ئەدات یان کەمئەندام دەبێت، ئایا داواکاری ئازادی بۆچی ناواقیعی یە، بڵێی کوردستان شامی شەریف بێت و هیچ ڕۆژنامەنووسێ یان هاوڵاتیەک ، ڕووبەڕووی توندوتیژی تەنانەت گرتن و کوشتنیش نەبووبێتەوە.،تەنها لەسەر ڕاستی ووتنێک ؟!. زۆرێکی تریش.
لێرەدا من مەبەستم ئەوە نیە بڵێم ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە بێ بەرین لە کەم و کوڕی وهەڵە، تەنانەت کەسانی گوێ لەمستی دەسەڵات و سەرمایەداران و پلەو پایە پەرست و هەلپەرست.دەشیا ئەم کەسانە، لەڕووی دڵسۆزی و بەرەوپێشچوونی ناڕەزایەتیەکانەوە ڕەخنەبگرن، دەشیا بیانووتایە بەراورد بە خەڵکی ناڕازی ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان کەمن و هێشتا وەک پێویست تان و پۆی هوشیاری و یەکگرتوویی بەڕیزەکانی ئەم ناڕەزایەتی و ئەو چین و توێژانەو دیار نیە کە ئەو ڕابەرانە بە ناویانەوە قسەدەکەن … بەڵام ئەو جۆرە ڕەخنەو تیرو توانج هاویشتنە و ئاراستەکردنی بۆ گشت ، نەک هەر ئامانچێکی ئاڵوگۆڕبەخش و دڵسۆزانە ناپێکێ، بەڵکو ئاو ئەکاتە ئاشی هەموو ئەوانەی کە هۆکاری ئەم ڕۆژڕەشیەن کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و تەواوی ستەملێکراوانی تێکەوتووە.
٧ / ٥ / ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.