پشتیوانی و بەرگریکردن لەماف وئازادییەکانی خەلکی کوردستان:لە لاین کەمپینی بەرگری لەئازادی و خواستەکانی خەلکی کوردستان — دانیمارک

0

دادگا وەک بەشێک لە دەزگای سەرکووتکردن پەسەندکردنی بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێر لەلایەن دادگای پیاچوونەوەی هەرێمەوە، سەبارەت بە سزادانی ڕۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی لە بادینان سزایەکی سەرکوتگەرانەیە، سەرەڕای ئەوەی یاسا و دادگا بۆ دەستەڵاتداران هەمیشە میکانیزمێکە بۆ سەرکووتکردن و ئامانجی سیاسی و چینایەتیان، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت مەهزەلەیەکی ئاشکرا و تووندکردنەوەی زنجیرەکانی کۆتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و خنکاندنی دەنگی ناڕەزاییەتیە.

پیاچوونەوە و پەسەندنکردنی ٦ ساڵ زیندانی بۆ هەریەکێک لە (شیروان ئەمین، شڤان سعید، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسی، گوهدار ئەمین) لەلایەن ٣ دادوەری (پارتی دیموکراتی کوردستان)وە، ئەو ڕاستیە چەند بارە دەکاتەوە کە دادگاکان لە سنورە جیاوازەکانی قەڵەمڕەوی حیزبە دەستەڵاتدارەکان، هیچ نیە بێجگە بەشێک لە دەزگای سەرکووتکردن و ئۆرگانێکی حیزبی و پارێزەری بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان، بۆ مسۆگەر کردنی دەستەڵاتداریەتیەکی ڕەها و پەردەپۆش کردنی دەیان قەیران و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگا. نزیک بە ٣٠ ساڵە دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەر ڕۆژێک و بەجۆرێک داهێنان لە سەرکووتکردن و بێمافی خەڵکی کوردستان دەکەن، هەموو ڕێگایەکی خوێناوی و سووکایەتی و ئەشکەنجەدان و ڕاونانیان گرتۆتەبەر، دەستەڵاتێک هەڵگری هیچ بەهایەک نیە و سڵ لە نامرۆڤانەترین هەڵسووکەوت ناکاتەوە.

ئەم ئەزموون و بڕیارە سەرکووتگەرانەیەی دادگای پیاچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی گەورە و ئەرکی چارەنووسسازتر دەخاتە سەرشانمان، هەمانکات دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی کە دەبێت بۆخۆمان سەنگەری دژی ئەم سەرکووتکردن و بێمافیانە بەهێز و یەکگرتووتر بکەین، ڕێگانەدەین ململانێی حیزبە دەستەڵاتدارەکان ئەم تاوانانە بکەنە کەرەستەی ڕاگەیاندن بۆ بەرژەوەندی خۆیان و فریوودانی ڕایگشتی و چەواشەکردنی هاوڵاتیان. ئێمە لە کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک، هەروەک ڕابووردوو توواناکانمان دەخەینەکار بۆ ڕسوواکردنی دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان.

7/5/2021

Leave A Reply

Your email address will not be published.