شوێنەکانی دەنگدان لە کوردستان دەبێ لە هەموو ئێران چۆڵتر بێ

0
ڕاگەیاندنی ژمارە ١ی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
لە سەر بە نێو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
گەلانی ستەملێکراوی ئێران!
ئازادیخوازان!
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆ جارێکیتر شانۆی بە ناو هەڵبژاردنەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لە خراپترین ئاستی خۆی لە مێژووی نگریسی کۆماری ئیسلامیدایە. مودیرییەتی ناکارامە و نابەرپرسانەی ئابووریی وڵات، گەندەڵی لە ڕادە بەدەری بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە و ئابڵۆقە ئابووریەکان، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هێناوەتە لێواری هەڵدێرەوە. ئەو دۆخە رۆژ لە دوای رۆژ لە لایەن چین و توێژە جیاوازەکان و لەوانە خەڵکی هەژار و مافخوراوی ئێرانەوە زیاتر هەستی پێ دەکرێ. لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی درێژە بە قوماری لەپێشڕا دۆڕاوی خۆیان دەدەن و کایە لەسەر گیان و ماڵ و ژیانی خەڵکی ئێران دەکەن و بە درێژەدان بە سیاسەتی چەوتی ناوکی و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بگرە هەموو جیهان، وڵاتانی دنیایان لەگەڵ خۆیان کردۆتە دوژمن و لە ناوخۆشدا رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵقەی یارانی رێبەری کۆماری ئیسلامی و نزیکانی دەسەڵات بەرتەسکتر دەبێتەوە. گرتن، ئێعدام و تێرۆر، ئەشکەنجە و تۆقاندن بەشێکی دانەبڕاوە لە شێوازی حکوومەتداریی ئەم ڕێژیمە.
لەو ناوەدا کۆماری ئیسلامی ئێران هەر جارە دەورێکی نوێ لە شانۆگەری هەڵبژاردنەکان دەخاتە بەرچاوی کۆمەڵگای جیهانی و خەڵکی ئێران، هەڵبژاردن چ بۆ مەجلیسی شۆرای ئیسلامی یان شۆرای شارەکان و چ بۆ سەرۆک کۆماری لە ئێراندا بێت هیچ پێوەندییەکی بە هەڵبژاردنی ئازاد بە شێوەی باو لە دنیای ئازاد و وڵاتانی دیموکراتیکدا نیە و تەنیا شانۆیەکە بۆ ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر. لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی بە وەڕێخستنی ئەو شانۆگەرییانە هەوڵی داوە خەڵکێکی زۆرتر ڕابکێشێت بەرەو سندووقەکانی دەنگدان و ئەو بابەتە وەک پشتیوانیی خەڵک بۆ نیزامی سیاسی لە قەڵەم بدا و بە بیروڕای گشتیی دنیای دەرەوە و بەشێک لە خەڵکی ناوخۆی بفرۆشێتەوە.
ناوزڕاندن و شەڕی دەسەڵات گەیشتۆتە لووتکەی خۆی و دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر ڕۆژە کەلێنێکی تازەیان تێدەکەوێت. نفووزی وڵاتانی دەرەکی تا قووڵایی ئەمنی و سەربازی و ئۆپەراسیۆنە یەک لە دوای یەکەکانی وەک تەقاندنەوەی شوێنەکانی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم تا بردنە دەرەوەی سەدان و هەزاران بەڵگەی مەحرەمانەی دەوڵەتی تا ئاستێک کە هەموو نهێنییە سەربازی و دەوڵەتییەکان ئاشکرا کراوە و ئیتر شتی شاراوەی بۆ نەماوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە رێژەی ئەو خەڵکەی هێشتا متمانەیان بە حکوومەت ماوە لە خوارترین ئاستی خۆی لە هەموو مێژووی کۆماری ئیسلامیدایە. سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨، درۆ و فریوکاری لە هەمبەر خستنەخوارەوەی فرۆکەی نەفەر هەڵگری ئۆکراینی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ لە سەر تاران، خەمساردییان لە هەمبەر پەرەسەندنی ڤیرووسی کۆویدی ١٩ و زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی و ئابووری لە خەڵکی هەژار ئیتر جێگایەکی بۆ متمانە و دڵخۆشی بە پڕۆپاگەندەی دەوڵەتی و حکوومی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن نەهێشتۆتەوە. لە ئاخرین ڕاپرسییەک کە تەلەڤزیۆنی ڕێژیم بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ تەنیا سی لە سەدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن. هەرچەند ئەو ئامارگیرییانەش وەک زۆر شتی دیکە لە وڵاتێکی دیکتاتۆری و کەش و هەوایەکی داخراودا بەرێوە چووە و ناتوانێ هەموو ڕاستییەکان نیشان بدات و وێدەچێ رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر کەمتر لەوە بێ، بەڵام خۆی لە خۆیدا ئەوە دانپێدانانێکی سەرنجڕاکێشە کە لە زمانی دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە دەبیسترێ.
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵک تا دێ، ڕوو لە هەڵکشانە و خەڵک بە تەواوی لەو ڕێژیمە بێ هیوا بوونە و ئەو نارەزایەتییە جەماوەرییە ئیتر تەنیا تایبەتمەندیی نەتەوە بندەستەکانی ئێران نیە و هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتۆتەوە. ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی ڕابردوو، کە خەڵک لە سەر موحتاج بوون بە نانی شەوی خۆیان دەریان بڕیوە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە تا چ ڕادەیەک کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی بێکیفایەت و نابەرپرسن لە ئاست ژیان و بژێوی خەڵکدا.
دیارە بارودۆخی کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو خراپترە لە هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران. خەڵکی کورد جیا لە هەڵاواردنی ئابووری کە بە سەریاندا سەپاوە و کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زیاتر، لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا هەر لە ژێر گوشار و هەڵاواردندان. لەبیرمان ناچێتەوە کە سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو هەر جارەو بە دروشمێکی نوێ و بەڵێنی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە خەڵک بهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دواتریش وەڵامیان بۆ خەڵکی تێکۆشەری کوردستان گوللـە و پەتی سێدارە و زیندان بووە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دوای لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی بارودۆخی ئێستای ئێران و ناوچەکە بەو ئاکامە گەیشت کە بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنەشدا هەر وەک جارانی پێشوو هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵک تێدا نابێت و تەنیا دەبێتە کەرەستەی پرۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بۆ نیشاندانی ئەوەی کە لە نێو خەڵکدا ڕەوایی هەیە. لەوە زۆرتر بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنەشدا دەبێتە یامەتیدەر و پاساودەری سەرکوتی زیاتر، ئەشکەنجەی زیاتر و ئیعدامی زیاتر لە جاران و مۆری تەئیدێک لەسەر کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بە تایبەت کوردستان دەکات کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شۆرای شار و دێیەکان تەحریم بکەن و بە بەشداری نەکردنی خۆیان و چۆڵ ڕاگرتنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەم هەڵبژاردنە بکەنە رێفراندۆمی دەنگی “نا” بە کۆماری ئیسلامی و هەموو جەنایەت و گەندەڵیەکانی.
لە ڕوانگەی ئێمەوە تەنیا دەنگنەدانی تاکەکان بەس نییە، بەڵکوو هەموو تاکێکی کۆمەڵگا دەبێ ببێتە تریبۆنی نا بۆ هەڵبژاردن و هەموو لایەک وێکڕا، بکەوینە خۆ بۆ تەحریمی چالاک هەڵبژاردنەکانی ئەو دەورەیەی کۆماری ئیسلامی و بە تەواوی پووچەڵبوونی ڕەوایی ڕێژیم بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بکەین و بسەلمێنین.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٧ی مەی ٢٠٢١ زایینی
Leave A Reply

Your email address will not be published.