یاداشتنامە : مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی خۆکوشتن و کوشتن

0
بۆ بەڕیزان:
– وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
– وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان
– سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان
بەڕێزان:
ئیمە لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان کە کارلەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکەین وە بەشێک لە کارەکەمان خزمەتگوزاری دەرووندروستیە وە بەرپرسیاریەتیمان لەئەستۆدایە،
لە ژێر ڕۆشنایی هەستکردنمان بەو بەرپرسیاریەتىە بەرامبەر ئەرکى مرۆڤ دۆستى و پاراستنی هاووڵاتیان ، هەروەها پاراستنى خۆشگوزەرانى دانیشتووانى ئەم هەرێمەی تیایدا دەژین، چاودێرى کردن و ئاگادارکردنەوەى لایەنە پەیوەندى دارەکان بەرامبەر بەو مەترسیانەى کە هەیە لەسەر پاراستنى دەرووندروستى هاونیشتمانیان بە پێویستمان زانى ئەم یادداشت نامەیە پێشکەشى بەڕێزتان بکەین.
وەک ئەوەى ڕوونە ئەرکى ڕاگەیاندن ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەى تاکە لەو ڕووداوە کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابووریانەى کە پەیوەندى دارن بە ناوچەکە. بەڵام ئەوەى کە لە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبینرێت بە بێ ڕەچاو کردنى بنەما ئاکارییەکان لە ژێر ناوى (هەوڵ و ڕاستگۆیی) هەندێک بابەت دەکرێنە هەواڵى گەرمى ڕۆژ کە جگە لە ڕووداوێکى کەسى و خێزانى هیچ زانیارییەکى پێویست نادات بە هاونیشتمانیان.
ئەوەى ڕوونتر هەستى پێ دەکرێت لەم ماوەیەدا بڵاو کردنەوەى هەواڵەکانى خۆکوشتن و کوشتن بوو کە جگە لە زیانى بڵاو کردنەوەى ڕەشبینى و ترس و بێ هیوایی لە ناو خەڵک دەرەنجامى دیکەى نەبوو، سەرەڕاى ئەو لێکدانەوە نازانستیانەى بۆ هۆکارى پشت ڕووداوەکە دەکرێت و بە بێ پشت بەستن بە بەڵگە و توێژینەوەى زانستى بڕیارى لە بارەوە دەدەن و وەک هەوڵ بڵاوى دەکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بەناوی ناموس ڕوو لە زیادبوونە ، ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان کاری لەسەر دەکەن و دەوەستنەوە بەرامبەر ئەم لێشاوی کوشتنانە، بەلام لەم پرسەدا کەلێنی گەورە هەیە لە ڕوماڵ کردن و بەدواداچوون وورد و بەردەوام لەم دۆسیانەدا بۆ دەرخستنی ڕاستی کوشتنەکان ..
بە پێى توێژینەوە جیهانییەکان مەترسییەکانى ئەم جۆرە هەواڵانە لە ئاستێک دایە کە دەبێتە هۆى ئاسانکارى و وەرگرتنى بیرۆکە لاى ئەو کەسانەى کە خۆیان بیرى خۆکوژى یاخود پلانى کوشتنیان هەبێت هەروەها دروست بوونى نەنگى کۆمەلاێیەتى و دەروونى لاى خێزانەکانیان.
بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە چاودێرى زیاتر و هەوڵدانى پێکەوەیی دەبیت بۆ ڕێک کردنەەوە و ڕاست کردنەوەى ئەو لادان و چەوتیانەى کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا هەیە.
لەم یاداشتەى ڕێکخراوەکەماندا چەند داواکاریەك دەخەینە ڕوو :
١-داواکارین بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە ڕێگری بکرێت لە هەواڵی خۆکوژی و کوشتنە کەسییەکان.
٢-ڕێکخراوی خەلك بۆ گەشەپێدان (PDO)ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ بانگهێشت کردنی کەسانی پسپۆڕ لە بواری دەروون دروستی بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەم بوارەدا.
٣- -ڕێکخراوی خەلك بۆ گەشەپێدان (PDO)ئامادەیی دەردەبڕێت بە ڕێکخستنی ڕاهێنان و سیمیناری هۆشیارکردنەوە و وۆرکشۆپی تایبەت لە لایەن کەسانی پسپۆڕ بۆ شێوازی کارکردنی ئاکاری میدیای کە تایبەت بیت بە هۆشیاری سەبارەت بە دەرووندروستی و دۆسیەکانی خۆکوشن و کوشتن.
ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO)
١١/٥/٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.