بۆچی ئەم گەندەڵکارانە شەڕ بە ناوچەکە دەفرۆشن؟

0
ئەنوەر نەجمەدین 
ئەنفالی سەر سنوورەکان بەردەوامە لە لایەن کۆلۆنیالیزمی تورکیەوە. گڕی ئاگری جەنگەکانیش لە ناوچەکەدا، تادێت بەرزتر دەبێتەوە. نزیکترینیان شەڕەکانی حەماس و ئیسرائیلە. هۆکارەکەیش هیچ نیە، هەوڵێک نەبێت بۆ گۆڕینی مەترسی جەنگی شۆڕشگێری بە جەنگی نەتەوەیی. ئەمەیش لەو ووڵاتانەدا کە لەبارودۆخێکدا دەژین هەروەک کوردستان، لە گەندەڵیەوە تێپەڕ دەکەن بەرەو داکەوتنی برسێتی. ئیسرائیل پلەی ٣٥ هەمی هەیە لە گەندەڵیدا لە نێوان ١٨٠ ووڵاتی جیهاندا. لە ٢٠١٨ ەوە هەتا ٢٠٢٠ یش، ڕێژەی هەژاری لە ٢٠،١% بەرزبۆتەوە بۆ ٢٩.٣%. ڕێژەی بێکارییش گەیشتۆتە نزیکەی ٨% لە ٢٠٢١ دا. نزیکەی ٨٥٠ هەزار کەس لە هەموو خزمەتگوزاریەکی پێویست بێ بەشن لە ئیسرائیلدا. لە تورکیادا ڕێژەی هەژاری گەیشتۆتە ١٠،٢% لە ساڵی ٢٠١٩ دا، ئەمە بەرزبۆتەوە بۆ ١٢،٢% لە ساڵی ٢٠٢٠ دا. بێکارییش ١٣% ی تێپەڕاندووە، گەندەڵییش لە پلەی ٧٨ هەمی جیهاندایە. لە فەلەستین ڕێژەی هەژاری بە ٢٧،٥% دادەنرێت. ڕێژەی بێکاری بە ٤٩% دادەنرێت. گەندەڵییش لە فەلەستین، هەروەک کوردستان و ئیسرائیل و ئێران و عێراق، سنوورێکی دیاریکراوی نەماوە. لە نێوان ٢٠٠٨-٢٠١٢ و ٢٠١٧ دا، تاڵانچیەکانی فەلەستین، وەک تاڵانچیەکانی کوردستان، ١،٧ ملیار دۆلاریان بە ناوی کۆمپانیاو پرۆژەو فڕۆکەخانەی وەهمیەوە، قووت داوە. ئەم فاکتەرانەیش بەردەوام سەرچاوەی فراوان بوونی ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان بوون لەو ووڵاتانەدا. بۆیە دوورخستنەوەی ئەو ناکۆکیانە لە دەسەڵاتە گەندەڵە ناوخۆییەکانیان، ناچاری کردوون بە بەرزکردنەوەی ئاگری جەنگە نەتەوەییەکان، جەنگی نێوان پرۆلیتاریای نەتەوە دراوسێکانی ئەم ناوچەیە. ئەو ووڵاتانە وەک زۆری تر، بوونەتە بوئرەی فەساد، داکەوتنی برسێتی. ئەمە لەکاتێکا هێرشە عەسکەریەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە لە ٢٠٠٧-٢٠١٨ دا، ١٧ ملیار دۆلاری تێچووە، لەسەر قسەی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئابەمجۆرە سەرمایەداران، جیهان بینا دەکەن، نەخێر، ئەو جیهانەی پرۆلیتاریا بینای دەکات و دەوڵەت هەموو ڕۆژێک چەندجار، دەیڕووخێنێتەوە بە سەریدا. تاقیکردنەوە مێژووییەکانیش دەریدەخەن، بەبێ گێڕانەوەی بریار بۆ خەڵک خۆیان و دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان لەلایەن خۆیانەوە، خەڵکی، بیانەوێت یاننا، دەکرێنە سەربازی ئیجباریی داگیرکارو وێرانکار. دەبێت مەترسی ئەم جەنگە نەتەوەییانە، بگۆڕدرێت بە مەترسی جەنگی شۆڕشگێری. دەبێت خەڵکی لوولەی تفەنگەکانیان وەرگێڕن ڕووەو سەرسنگی حکومەتەکانی خۆیان، ئەوان دوژمنی ڕاستەقینەمانن، دەبێت مەترسیی داکەوتنی برسێتی، بە دامەزراندنی (هەرەوەزکاریە ئیستیهلاکیەکان) بەرهەڵستی بکەن نەک بە ڕێکخراوەکانی بارزانی و تاڵەبانی. بە بەرچاویشمانەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا سەلماندی بێ متمانەیی جەماوەری ڕەشوڕووت بە دەوڵەت، لە کوردستانەوە تا تورکیا، لە ئیسرائیلەوە تا ئوسترالیا، لە ئاستێکدایە بێوێنە لە مێژووی سەرمایەداریدا. پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، گەندەڵی و هەژاری و بێکاری و برسێتی بەجۆرێک فراوان دەکات لە جیهاندا، نموونەی نادۆزرێتەوە لە مێژوودا. بۆیە هەموو ڕۆژێک ئەم بارودۆخە، سیستمێکی نوێ، ژیانێکی هەرەوەزکاری کۆمۆنی، دەکاتە پێویستی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگاکەی.
١٧ / ٥ / ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.