خۆپیشاندان وناڕەزایەتی کرێکاران لە ولایەتی کادونای نایجیریا

0
کۆنگرەی کرێکارانی نایجیریا (Nigeria Labour Congress) ڕایگەیاند بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مانگرتنی سەرتاسەری دژ بە بێدەربەستی و سیاسەتی پارێزگاری ولایەتی کادونا، ناسر ئەحمەد ئالڕوفایی لە بێکارکردنی هەزاران کرێکار ڕائەگەیەنن.
هەر لە شەوی ١٦ی مەی ٢٠٢١ بۆ پشتگیری لە خواستی کۆنگرەی NLC یەکێتی کرێکارانی کارەبا یەکەم هەنگاوی مانگرتنە پێنجە ڕۆژەکەیان دەستپێکرد و هێڵی کارەبای 33KV یان لە سەرجەم ولایەتەکە بڕی.
هەروەها یەکێتی کرێکارانی پەترۆڵ و گازی سروشتی پێشتر لە بانگەوازێکدا پشتگیری خۆیان بۆ کۆنگرە دەربڕی و ئاگادارییان بە سەرجەم دانیشتوانی ولایەتەکە دا کە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ خزمەتگوزارییەکانی سووتەمەنی پێشکەش ناکەن، هەر بەم هۆکارەوە قەرەباڵغی و قەیرانی سووتەمەنی دەستی پێکردووە.
بۆ بڵاوکردنەوە ترس لە بەڕێنەخستنی مانگرتنی پێنج ڕۆژە حکومەتی خۆجێی ڕایگەیاند دەوام لە فەرمانگەو شوێنەکان ئاسایی‌یە، مانگرتن ئاژاوەنانەو تێکدانی ئاسایشە، و هەر کەس دەوام نەکات لێپێچینەوەی لەگەڵدا ئەکرێ و سزا ئەدرێت. بەم هۆیەوە تا ئێستا ژمارەیەک کرێکارو کارمەند پەیوەسوتبوونی خۆیان بە مانگرتنەوە ڕانەگەیاندووە. بەڵام ١٤ ناوەند لە کەرتەکانی فڕۆکەوانیی، تەندروستی، پەروەردە، پەترۆڵ، بانکەکان، و گواستنەوەی گشتی هاوپشتی خۆیان بۆ بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری پێنج ڕۆژە ڕاگەیاندووە.
لە وەڵامدانەوەی ناوزڕاندن و ئاژاوەگێڕی مانگرتن لە لایەن حکومەتەوە ، سەرۆکی کۆنگرەی کرێکارانی نایجیریا ئەیوبا سولەیمان ڕایگەیاند:” سروشتی رێکخراویی کرێکاریی هەمیشە لەگەڵ ڕاگرتنی کەشی ئارامی مانگرتن و خۆپیشاندانەکاندان و ئەوە تەنها سیاسی‌یەکانی حکومەتن پەنا بۆ بەڵتەجییەکانی نێو کۆمەڵگا ئەبەن لە بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانیاندا” و ئاگاداری خۆی بە مانگرتووەکان دا کە وریای جموجۆڵی بەکرێگیراو و بەڵتەجییەکانی حکومەت بن.
بیانووی حکومەتی خۆجێی لە بێکارکردنی کرێکاران، پاشەگەزبوونەوە لە زیادکردنی مووچەو تەنانەت کەمکردنەوە و لێبڕینی تا نیوە، لە پێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ولایەتەکەیە. حکومەت لە مانگی ئاپڕڵی ڕابردووەوە لانی کەمی مووچەی لە ٣٠ هەزار نایرا ( نزیکەی ٧٣ دۆلاری ئەمریکی)وە کەمکردووەتەوە بۆ ١٨ هەزار نایرا( نزیکەی ٤٤ دۆلار) لە مانگێکدا.
کۆنگەری کرێکارانی نایجیریا ڕایگەیاند:” پەلاماردانەکانی حکومەت بۆ سەر مافەکانی کرێکاران هەموو کەرتەکانی گرتووەتەوە، تەنانەت دەرماڵەی تەندروستی، مەترسی،… لە کەرتی تەندروستی بڕیوە، سەرباری ئەوەی پەلاماری مووچەی هەزاران خانەنشینی داوە و لێ‌ی بێبەری کردوون. ماوەی سالانێکە مافی چوونەسەری (ترقیە) کرێکاران و کارمەندانی هەڵپەساردووە تا خۆی لە پێدانی ماف و مووچەی زیاتر بدزێتەوە.
سەرباری ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تاکو ئێستا زیاد لە ٥٠ هەزار کرێکار بێکارکراون”
ئەو ڕێکخراوانەی پشتگیری بانگەوازەکەیان کردووە بریتین لە :
یەکێتی کرێکارانی خواردنەوەی خواردنگەو تووتن، یەکێتی کرێکارانی نێوخۆیی حکومەت، دامەزراوی نایجیریای پەرستاران و مامانەکان، یەکێتی کرێکارانی کارەبا، یەکێتی کرێکارانی پەترۆڵ و گازی سروشتی، کرێکارانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و هونەری شانو، یەکێتی‌یە لێکهەڵپێکراوەکانی دامەزراوە گشتی‌یەکان، یەکێتی کرێکارانی نائەکادیمی پەروەردە و دامەزراوەی پەیمانگاکان.
کامەران ئەحمەد 
Leave A Reply

Your email address will not be published.