تاسەی عیشق

0
بمڕفێنە ئازیزەکەم …
وەک هەڵاڵەی ئەو گوڵانەی
هەنگ بەماچێک دەیانڕفێنێ و
بەسەر لێوانیەوە
شارێکی شیرین دروست دەکا.
بمفڕێنە هاوڕۆحەکەم …
وەک نەورەس، باڵەفڕێمە
حەزم لە کەناری دەریا و
چاو بڕینە کەشکەڵان و
بۆ بەرزایی هەڵفڕینە !!
بمفڕێنە خۆشەویستم …
وەک ئەو پەنگرەی ڕەشەبایەک
لە خۆڵەمێشی ئاگردانێکی خامۆشدا
هەڵیدەگرێ و پوش و پەڵاشی
وشکهەڵاتوی تەنهاییمی پێ گڕ دەدا.
بمفڕێنە هەناسەکەم …
وەک تۆوی ئەو گوڵانەی بەر لەوەرین
گێژەلوکە لولیان دەدا
با لە باخەکەی تۆدا بڕوێمەوە
بەهار بەڕەنگاوڕەنگی بخەمڵێنم .
بمڕفێنە خەمڕەوێنم …
بۆ ئەو دوورگە دوورە دەستەی
بەس چاوی تۆ کۆمپەسم بێ .
بۆ ئەو کەنارە ئارامەی
ئامێزی تۆ، فریادڕەسم بێ !!
سروەی بەیان٭
مانگی نیسان ٢٠٢١/٤/١٨ ی زایینی
مانگی نەورۆز ٢٧٢١/١/٢٩ ی کوردی
Leave A Reply

Your email address will not be published.