ئیسرائیل و پاکسازی قەومی

0

 عەبدوڵا مەحمود

ئەوەی ئێستا لە ئیسرائیل روودەدات، نەهۆکارەکەی زللەی لاوێکی فەلەستینیە لە لاوێکی جولەکە و نە موشەک بارانی ئیسرائیلە لە غەزەوە. نە هەراسانکردنی جەژنی موسڵمانەکانە لەلایەن ئیسرائیلەوەو لە مزگەوتی ئەلئەقسا و نەکێشەی ژمارەیەک ماڵی گەرەکی شێخ جەراحی ئۆرشەلیمە و نەئاگر بەردانە لە ژمارەیەک سەیارەی عەرەبەکان… ئەم روداوانە و دەیان روداوی تری هاوشێوە، روداوی سەرلێتێکدەرن، کە میدیای خوێریلەی بۆرژوازی ونووسەر و رۆژنامە موچەخۆرەکان، برەوی پێدەدەن تا ریشەی کێشەی فەلەستین و ململانیی میژووی لەگەڵ ئیسرائیلدا پێ پەرەدەپۆش بکەن.

ئەم رۆژانەو بەدرێژایی ئەزمەی نێوان “دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان!!” فرمیسکی تیمساحی هەڵوەراندن بۆ قوربانیانی هێرش و بۆمبابارانەکان، سەردێری هەواڵی میدیاکانن. ژمارەی موشەکەکان، رادەی ویرانکەری هێرشی فرۆکەکانی ئیسرائیل، کوژرانی ژن و مناڵ و هاوڵاتیانی مەدەنی، زیاد لە پێویست پیشچاو دەخرێن و جێگای راکیشانی سەرنجی رای گشتی دنیان، بەڵام پاکتاوی قەومی و مەزهەبی لەلایەن دەوڵەتی قەومی یەهودی ئیسرائیلەوە، جێگای باس نییە، یەک ناسنامەیی کردنی دانیشتوانی ئیسرائیل و ناسنامە مەزهەبیەکەیان، پارستن و بەرگری لە یەهودیەکان و سرینەوەو کۆتاییهینانی بە بوونی عەرەب و “مسوڵمانەکان” لە ئیسرائیلدا، لە ناو ئەو دەزگا پانوپۆرە میدیاییەی بۆرژوازی دنیادا، وەکو هەواڵێکی سادە و راگوزەریش نابینرێت. دەوڵەتی ئیسرائیل، لەسەر پایەی قەومی “یەهودیەت” بیناکراوە، ئەمەش مۆری جیاکاری و پلەی دوویی داوە لە ناوچەوانی هەر هاوڵاتیەکی تر کە ناسنامەی نەتەوەیەکی تر و هەڵگری مەزهەبێکی ترە، خەڵکی فەلەستین لە ئیسرائیلدا، رووبەڕوون لەگەڵ سرینەوەی ناسنامەیان لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بە پشتیوانی دنیای بەناو مەدەنی و غەربی بۆرژوازی، لە پێشیانەوە ئەمریکا و غەرب.

کاردانەوەو رووبەڕووبوونەوەی ئەم سیاسەتە دژە ئینسانیەی ئیسرائیل لەلایەن خەڵکی فەلەستینەوە، هاوکات بواری داوە بە رەوتە سیاسیە بۆرژوازییەکانی عەرەب کەخۆیان بە پرسی کیشەی خەڵکی فەلەستینەوە هەڵبواسن و بەهرەبەرداری لەو ستەم و بێمافیەی ئاشکرایە بکەن، کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات. بۆ ماوەی چەندین دەهە ناسیونالیزمی عەرەب بەهرەبەرداری لەم کێشەیە کرد، تا ئەو رادەیەی کە کێشەی فەلەستین وەکو کێشەی” عەرەب- ئیسرائیل” لە دنیادا ناسراو ناوەزەد دەکرا.

ئەو کاتەش کە ناسیونالیزمی عەرەب توشی بن بەست بوو لە وەڵامدانەوە بە کێشەی ئابوری و سیاسی ناوخۆییەکانی خۆیان، و هاوکاتیش ماهیەتی سازشکارانەیان لەپیناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا لەڕیگای بەدەستەوەگرتنی کێشەی فەلەستین، بەتەواوی ئاشکرا بوو.

ئەم جارەیان رەوت گەلی ئیسلامی سیاسی کێشەی خەڵکی فەلەستینیان کردە دەستمایەی حزوری سیاسی و چ لە ئیسرائیل و شوێنی نیشتەجی بووی فەلەستینیەکان و چ لە ئاستی ناوچەکەشدا، تا ئەو رادەیەی دەتوانین بلێین یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی پی داکوتانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەو دنیادا، و دەرکەوتن و حزوری سیاسی و سەربازی و کردەوە بێ کۆتا دژە ئینسانیەکانیان، بوونی کێشەی فەلەستین بووە. کاردانەوە بەرامبەر بە سیاسەت و ملهوری هەمەلایەنەی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە راگواستن، دروستکردنی مستەوتەنات، گۆرینی دیمۆگرافیای جێگا دانیشتوانی فەلەستین، سیاسەتی پاکتاوی قەومی و مەزهەبی… چ لەلایەن خەڵکی فەلەستین و چ لەلایەن رەوتە سیاسییەکان. دوبارە رووبەرووبۆتەوە لەگەڵ وەحشیانەترین هیرشی سەربازی و بۆردومانی کوێرانە و خاپور و وێرانکردنی شوێنی ژیان و کاری خەڵکی فەلەستین، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا و غەرب لە ژیر پاساوی” ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە” ئیسرائیلیان وەکو زوڵم لێکراو وێناکردووە، کە پێویستە بۆمانەوەی بەرگری لەخۆی بکات و پشتیوانی نیودەوڵەتیشی لێبکرێت.

ئەم پشتیوانییەی ئەمریکا و غەرب لە ئیسرائیل کردەوە درندەکانی و چاوپۆشی کردن لە ریشەی کیشەی ئیسرائیل- فەلەستین، دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلی هێندەی تر ئاوەڵاکردووە، کە بەوپەری دڵرەقی و بەشێوەی وەحشیانە، رووبەرووی هەر کاردانەوە و جموجۆلێکی فەلەستینیەکان بێتەوە، کە بۆ بەرگری لەخۆیان بەدەستیەوە دەگرن. ئەوەی لەم برگەیەدا روودەدات، بەجیا لە کۆتایی دەسەڵاتی ترمپیزم، هەوڵی ئەمریکا بۆ نزیک بوونەوە لە ئیران و گەرانەوە بۆ ڕیکەوتنامەی ئەتۆمی!!، کە وەکو نەیاری سەرسەختی ئیسرائیل وێنا دەکرێت، وە بەجیا لە کێشەی ناوخۆی و ئەزمەی حکومەتی ئیسرائیل و داکشانی پێگەی ئیسلامی سیاسی لە ئاستی دنیا و ناوچەکەدا، قوڵبونەوەی زیاتری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلە، کە دەوڵەتی ئیسرائیل رۆڵی سەرەکی لە قوڵبونەوەیدا هەیە، لەرێگای بەدەستەوە گرتنی سیاسەتی راشکاوانەی پاکسازی قەومی و دینیدا.

لەدڵی وەها هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئیسرائیل خوڵقاندویەتی دەشێ هەر روداویکی بچوک و ناچیز، ببێتە هۆی گڕدان و بەیەکدادانی ئاگرینی سەربازی و هێرشی موشەکی و بۆمبابارانی شار و شارۆچکەکان و کوشتن و وێرانکاری بێ وێنە. بێگومان تائەوکاتەی کێشەی فەلەستین چارەسە نەکرێت و وەڵام وەرنەگرێتەوە، چ خوێن بەربوونی فەلەستینیەکان، وەکو قوربانیانی ملهوری دەستی دەوڵەتی ئیسرائیل و چ کاردانەوەو بەهرەبەرداری رەوتە ئیسلامیەکان و کوشتاری کوێرانەی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی، بەردەوام دەبێت و لەوەش زیاتر ناوچەکە ناتوانێت ئارامی بەخۆیەوە ببینێت. کۆتاییهینان بە سیاسەتی پاکسازی قەومی و دینی لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و بەکاردانەوەو رۆڵی رەوت گەلی ئیسلامی بە کوشتاری ئیسلامیانەو محەمەدیانە!!ی، هاوڵاتیانی بێتاوان و مەدەنی ئیسرائیلی، تەنها بە چارەسەری سیاسی کێشەی فەلەستینەوە گرێی خواردووە، کە دەتوانرێت لەڕێگای بەرەسمی ناسین و پێکهێنانی دوو دەوڵەتی مەدەنی فەلەستین و ئیسرائیلی، دەروازەیەکی نوی بکاتەوەو ئارامی سیاسییش بۆ ناوچەکە بگێردریتەوە.

ناوەراستی ئایاری ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.