مووچەیەکی حیز و تەلەفزیۆنی بێ مۆڕاڵ

0
ئەکرەم هەواس
پێش خۆسووتاندنی کوڕە ڕۆژهەڵاتییەکە، کە گڕی لە خۆی بەردا، دیمەنەکەش ڕاستەوخۆ دەگوازرایەوە و ئەم وتانەی بۆ پەیامنێر و هەندێ لە میدیاکاران گوت:
هیج شتێکمان لە دەست ڕا نەماوە، تەواویان خەریکی درۆ و دەلەسەن، ئێمە لەبەر کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاوارەبووین، ئەمە وەزعەکەمانە، دەبێ ئاوابێت؟
ئەوە سیاسیی بوونە؟ ئەوە ژیانە؟
ئەوە عاقیبەتی کوردایەتی و عاقیبەتی… ئەوەتا..
چوار ساڵە لێرەین، وەک سەگی پێ سووتومان لێهاتووە، بچینەوە ڕۆژهەڵات سێدارەمان دەکەن، لێرەش هەر ئەوە ماوە بچین لە نێو حەدیقە و شت بخەوین! بچین لە نێو مزگەوتەکان بخەوین!
ئەوەتا ئێوە ئەو ڤیدیۆیە دەگرن، با نەڵێن ئەو کوڕە بێ..بێ عوزرەیە و ئەوەیە، ئەهـ.
کامیرامانەکان دەڵێن پێویست ناکا پیویست ناکا ئەوکارەی بکەی.
تا ئێرە قوبووڵمانە و کارێکی باشی ڕۆژنامەوانیتان ئەنجامدا، گەر تا ئەوێ بایە دەستخۆشیمان دەبوو، بە پاڵەوانیشمان دەزانین و تۆزێ ئەتەکێت و ڕووی جوانی ڕۆژنامەوانیتان ئەبردە پێشەوە، بەڵام لەوە بە دوا قیزەونترین ئەکتی ڕۆژنامەوانیتان نمایشکرد، تۆ بۆت نیە لەسەر حیسابی گیان لەدەستدانی کەسێک خۆت بە پاڵەوان پیشانبدەیت و فیدیۆکانتان بەردەوامبکەن، دەبوو لەوکاتەیا مایکە حیزەکانتان فڕێدایە و چەرخەکەتان لێ سەندایە. کە ئەو گڕی گرتووە بۆچی بەردەوامن لە تەماشاکردن؟ بۆچی کەسێکتان فالینەکەی بەری خۆی دانەکەند و بیکوژاندایەتەوە؟ یان نەتاندەویست لاقیتە و بلووتووس و وایفای ئەنتەرنێتەکەتان بکەوێتە خوارەوە و ئەو هەواڵە گرنگەتان لە دەست دەربچێ، تەنیا لەبەر ئەوەی بڵێن ئێمە پەیامەکان وەکوو خۆی دەگوێزینەوە؟ دەی ئەمە پیسترین ئەکتی ڕۆژنامەوانیتان بوو.
کە نەتانتوانی ئەو کارە بکەن، لووشکەلووشک و قیژە و گریان و خۆ مشەوەش کردنەکەتان لە پای چی؟
هێشتا بەو حاڵەشەوە خەریکی گواستنەوەی هەواڵە ڕاستەوخۆکانتانن و نمایشکارانە و ڕووزەردانە داوای هاوکاری دەکەن، ئاخر لەکێ؟ بۆ خۆتان لەوێ نەبوون هاوکاری بکەن؟
خۆ ئێوە چەند پەیامنێرێک و چەند کامیرامانێک بوون، خۆ مەعقول نیە کەسێکتان سەیارەیەکتان پێ نەبێ و خۆتان خێرا ئەو بریندارە سووتاوە بیگوێزنەوە بۆ بنکەیەکی تەندرووستی، یان بێزی ئەوەتان نەهاتەوە، کە سەیارەکەتان پیس دەکا و دەبێتە خۆلەومێش و خوێنەوە و دوایی ڕەنگ و بۆن دەگرێ و پاک نابێتەوە..
نەفرەت لەو مووچە شەرمنانە و کە گیانی سووتاوی کوردزمانێکی ڕۆژهەڵاتتان کردە قوربانی موچە حیزەکەتان..
کۆمەڵێ تەلەفیزۆن و کەناڵی بێ مۆراڵ و پەیامنێری ژەنگن، بینینی ئەم میللەتە لە هەزار لاوە دڕاوە بە ڕیوە دەبن.
چرکە چرکی چەرەخەکە و
چوار پێنج جار گڕی چەرخەکە داناگیرسێ.
دواجار دائەکیرسێ و گڕ بەر ئەدا لە خۆی…
سەد ئافەرین بۆ هاوڕێکەی کە توانی فالینەکەی خۆی داکەنێ و بیکوژێنێتەوە
Leave A Reply

Your email address will not be published.