راگەیاندراوی رێکخراوی پیشەی مامۆستایانی کوردستان/لقی راپەڕین بۆ پشتیوانی لە داوا رەواکانی مامۆستایانی وانەبێژ

0
بەڕێزان لای هەموان ئاشکرایە بێ پلانی و ناشارەزایی بەرپرسانی هەرێم لە بەڕێوەبردن لە سەرجەم بوارەکان و بەتایبەتیش پەروەردە گەیشتۆتە قۆناغێک کە دەکرێ بڵێیین پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەهەرێمی کوردستان بەتەواوی پەکی کەوتوە. یەکێک لە گەورەترین گرفتەکان کە دەستپێکە بۆ دروستبوونی گرفتەکانی تر و ئێمەش بەردەوام دژایەتیمان کردوە پشتگوێ خستنی خوێندنگە حکومی و گشتیەکانە لە لایەن حکومەی هەرێمەوە و بە پێچەوانەشەوە گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت کە ئەوەش تیادا تەنها و تەنها خەڵکی هەژار و کەمدرامەت زەرەرمەند بووە و دەبن.
گرنگی نەدان و کەمتەرخەمی حکومەت و وەزارەتی پەروەردە بە خوێندنگە حکومیەکان وای کردوە کێشەکان زەقتر ببنەوە و لەناویشیان دا مامۆستا و قوتابی لە خوێندنگە بێزار بکرێن بەشێوەیەک گرنگی بە ماف و داوا رەواکانیان نادرێت و لەناوشیاندا مامۆستایانی وانەبێژ کە ئەرکێکی قورس و پڕ بایەخیان لە ئەستۆیە بەڵام لە بەرامبەردا دەبینین کە لایەنی پەیوەندیدار نەتەنها گرنگیان پێنادا بەڵکوو بەتەواوەتی ئەو توێژەی پشت گوێ خستوە. لەگەڵ هەبوونی هەموو ئەو گرفتانە کە بەگشتی چین و توێژە جیاجیاکان لەهەرێمی کوردستان بەدەستیانەوە دەناڵێنن مامۆستایانی وانەبێژیش ئەوە چەندین جارە داواکاریەکانیان بەرز دەکەنەوە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە. لە ئێستاداشدا خۆپیشاندان وناڕەزایەتی مامۆستایانی وانەبێژ جارێکی تر بەگڕو تینێکی زیاترەوە لە ناوچە جیاجیاکان دەستی پێ کردۆتەوە بۆیە ئێمە وەک ڕێکخراویی پیشەیی مامۆستایان پشتگیری تەواوی داوا ڕەواکانی وانەبێژان دەکەین و بە پێویستی دەزانین حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە بە زوترین کات وڵامی ئێوەی حەقخواز و ماندوونەناس بدەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە وەک مامۆستایانی پیشەیی بەردەوام پشتیوانتان دەبین و لەسەرجەم قۆناغەکان پاڵپشت و هاوکاری تەواوتان دەکەین تا گەیشتن بە مافە رەواکانتان.
مامۆستایانی پیشەیی کوردستان/لقی راپەڕین
19/5/2021
Leave A Reply

Your email address will not be published.