مامۆستایانی وانەبێژ درێژەبەخۆپیشاندانەکانیان دەدەن
عمرچاوشین ئەلتەرناتیڤی شورایی /ڕانیە
ئەمڕۆ٢٣ی ئایاری ٢٠٢١مامۆستایانی وانەبێژ لەزۆربەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەسەرشەقام مابونەوەو درێژەیان بەناڕەزایەتیەکانیاندا بۆداواکردنی دامەزراندنیان لە وانەبێژیەوەبۆهەمیشەیی .
وانەبێژان دەڵێن ئێمە بۆشایی گەورەی پەروەردەییمان پڕکردۆتەوەو گشت ئەرکەکانمان جێبەجێکردوەبەڵام مافەکانمان پێشێلکراون و حکومەت وڵام بەخواستەکانمان ناداتەوە،لەبەرئەوەیە ئەمڕۆ یاداشتیان ئاراستەی پەرلەمانکرد. یاداشت مامۆستایانی وانەبێژ وەک خۆی. بەڕێزان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان . ئەندامانی بەڕێزی پەڕلەمانی کوردستان .
بابەت / یاداشت و داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان: مامۆستایانی وانەبێژ لە کوردستان چەندین ساڵە هاوشێوەی سەربازی وون خزمەتی وڵات و نیشتیمان دەکەن لەڕێگای پەروەردە و فێرکردنی قوتابیان و خوێندكارانی ئەم نیشتیمانە ، بەداخەوە وانەبێژان لەئێستادا لە بارودخێکی زۆر خەراپی دەروونی و ئابووریدا دەژین ، ئەمە لەکاتێکدا هاوشێوەی مامۆستایانی میلاک ئەرکی پەروەردە و فێرکردنیان لەسەرشانە پشکی شێریان بەرکەوتووە لەپڕکردنەوەی کەمی میلاکات لەقوتابخانە و خوێندنگاکاندا کە زیاتر لە % ٢٠ کۆی میلاکاتی پەروەردە پێکدێنن ، لەبارودۆخی سەختی ئابووری و سیاسی ، هاوکاری حکومەتی هەرێم بووین ، بە شایستەیەکی کەم و ساڵانێکی زۆرە بەردەوامین لەوانەگوتنەوە بەشێوەی وانەبێژی ، لەکاتێکدا ساڵانێکی زۆرە دامەزراندن لەکەرتی پەروەردە نەکراوە ، لەئێستادا هیچ پاساوێکی دارایی و ئابووری نەماوە بەتایبەت دوای ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر بودجە و بوونی پڕۆژە یاسای ساڵی ٢٠٢١ هەرێم و چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم لەبوارە جیا جیاکان بەتایبەت بڕینی موچەی موچەخۆری ناشایستەی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت .
بۆیە داواکارین لەبەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و ئەندامانی بەڕێزی پەڕلەمانی کوردستان کە دانیشتنێکی تایبەتی پەڕلەمان سازبکرێت لەسەر چارەنووسی ١٨ هەزار مامۆستای وانەبێژ ، هەروەها لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی هەرێم ماف وچارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ لەپڕۆژە یاسای بودجەدا بچەسپێنن و مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن بەشێوەی هەمیشەیی یاخود هاوشێوەی وانەبێژانی عێراق چارەنووسیان دیاری بکرێت بکرێنە ( گرێبەست ) .
دەستەی وانەبێژانی ناڕازی لەهەرێم ٢٣ ی ٥ ی ٢٠٢١ زاینی