کۆمپانیا جیهانییەکان لە کارکردنی بەزۆر تێوەگلاون!

0

کامەران ئەحمەد 

تامیل نادوو هەرێمێکی خوارووی هیندوستانە و ناوەندێکی سەرەکیی کارگاکانی ڕستن و چنین، دروستکردنی دەزوو، دروستکردنی قوماش و جلوبەرگە، نزیکەی ٢٨٠ هەزار کرێکار لە سەدان کارگەدا لەو هەرێمە کار ئەکەن. بەرهەمەکانی ئەم کارگانە ١٩%ی داهاتیی بەرهەمە چنراوەکانی هیندوستان پێکئەهێنن. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بووەتە شانۆو لانکەی چەوساندنەوەی بێئەندازەی کرێکارانی ئەم کەرتە. دوو ڕێکخراوی تایبەتمەند (سۆمۆ و ئەریسا) لە بواری هەلومەرجی کارکردن لە کارگاکان توێژینەوەیان لەسەر چەندین پێشێلکاریی وەک کاری منداڵان، جیاکاریی لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی و عەشیرەت وئایین، فۆرمە جیاوازەکانی کاری بەزۆر کردووە.

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بە بوونی دوو هەزار کارگای ڕستن و چنین ئەکەن لە تامیل نادوو کە چەنین پێشێلکارییان تێدا ئەنجام ئەدرێت وەک : مامەڵەی خراپ، هەڵخەڵەتاندن، ڕێگریکردنی هاتووچۆ، تەنهاکردن، توندوتیژی سێکسی و فیزیکی، هەڕەشەو ترساندن، لێسەندنی پێناس، بێبەشکردن لە کرێ، کۆیلایەتی ئایینی، هەلومەرجی سەخت کار و بارودۆخی ژیانی سەخت، سەعاتکاری زۆر و کاری بەزۆر. سەرجەم کارگاکانی ڕستن و چنین لە هیندوستان ژمارەیان ٣٤٠٠ کارگایە.

کرێکاران لە چاوپێکەوتنی مەیدانی ڕێکخراوەکاندا بەم شێوەیە دواون:
” تەنها مووچەکەمە خێزانەکەم بە زیندویی لە ژیاندا ئەهێڵیتەوە، کارکردن لێرەدا زۆر ئەستەمە بەڵام هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە”
” من دڵخۆش نیم، هەست ئەکەم فێڵم لێئەکرێت، ئەمە توڕەم ئەکات، هەست بە ڕاکردن لەم شوێنە ئەکەم بەڵام بارودۆخی خێزانەکەم ڕێم پێنادات”

بەرهەمی دەستی کرێکاران ڕەوانەی براندە بازرگانیەکانی وەک NEXT، Marc O’Polo، IKEA، GAP، Carrefour، Zeeman، WE Fashion، The Cookie Company، Tesco، Sainsbury’s ئەکرێن.

لە کاتی داخستنی کارگەکان بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا مووچەی تەواوەتی‌یان وەرنەگرتووە، هاوکاری حکومەت تەنها یەکجارو تەنهاش هەزار ڕوپپەی هیندی( ١٢ یورۆ ) بووە ، ژمارەیەکی کەم لە کرێکاران کۆبۆنی هاوکاریی خۆراکیان وەرگرتووە، لە کاتی داخستنەکاندا ژمارەی کرێکاران هاتوونە سەر نیوە، ئەو کرێکارانەی کە کاریان ماوەتەوە بە ئیزافەکاریی کارئەکەن.

ڕاپۆرتەکە بە یەقینی ئاماژە بە کاری بەزۆر لە ٢٩ ناوەندی کارکردن ئەدات(( کە تەنها سەردانی ئەو ٢٩ ناوەندەیان کردووە))، مارکە و براندە بازرگانییە جیهانییەکان بە ڕاستەوخۆیی و بە ناڕاستەوخۆی لە پیشێلکردنی مافەکانی کرێکاراندا بەشدارییان کردووە.
ئەو ئالنگارییانەی لە ئامادەکردنی توێژینەوەکەدا هاتوونەتە بەردەم هەردوو ڕێکخراوەکە بریتی بوون لە: سەختبوونی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی کرێکار، و بەم هۆیەوە چاوپێکەوتنەکانی ژمارەی کرێکارانی ژن کەم بوون. کات، زۆربەی کات کرێکاران لەسەر کاربوون و ماوەی پشووی زۆر کەمیان هەبووە، کێشەی زمان، بێئاگاییی کرێکاران لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان، حەساسیەت و سڵەمینەوە لە جەند پرسیاری تایبەت وەک تەحەرووشکردن لەسەر کار، تەمەن، هۆزو نەژاد.

ڕێکخراوەکانی کرێکاران تەنها لە کاتی پێکهێنان و تۆمارکردنیان بەڵکو لە چالاکییەکانیشیاندا ڕێگرییان دێتەپێش. توندوتیژی زۆر لە بەرامبەر ئەندامەکان و چالاکوانانی ڕێکخراوەکاندا لە لایەن دەولەتەوە ئەنجام ئەدرێن. کرێکارانی مانگرتوو ڕووبەڕووی سزای پێبژاردن ئەبنەوە، هاوشێوەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان. دەستی پۆلیس ئاوەڵاکراوە لە پەلاماردانی کرێکارانی مانگرتوو، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەزاران کرێکار دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی توندوتیژی پۆلیس بوونەتەوە. بە پی‌ی ڕیزبەندی یەکێتی نێونەتەوەیی سەندیکاکان، هیندوستان یەکێک لە دە خراپترینی ئەو وڵاتانە هەژمار ئەکرێت بۆ کرێکاران. هەمان رێکخراو ئاگاداری خۆی داوە کە بارودۆخەکان لە داهاتوودا خراپتر ئەبن چونکە حکومەتی مۆدی چەندین ڕێکاری تری بۆ ئازادکردنی بازاڕ و بەتایبەتکردنی کەرتە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان گرتووەتە بەر.

لانی کەمی کرێ لە سەر بنەمای ناوچەکان و کار و شارەزایی جیاوازن. کرێکاری سەرەتایی کە لە قۆناغی ڕاهێناندایە تەنها ١١٠ ڕوپیە (1.27 یورۆ) لە ڕۆژێکدا مووچەی فەرمیەتی، لەگەڵ بیمەکاندا ئەگاتە 322.70 ڕوپیە واتە تەنها (3.72 ) یورۆ لە ڕۆژێکدا.

ڕاپۆرتە ٩٥ لاپەڕەیەو لە کۆتایی مەی ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، زانیاری زۆرتری لە خۆگرتووە .

هەر هاوڕێیەکی تایبەتمەند گەر پێ‌ی باش بێت ئەتوانێت لەم بەستەرە بیخوێنێتەوە:
https://www.somo.nl/…/spinning-around-workers-rights.pdf

Leave A Reply

Your email address will not be published.