ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گرژی و تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی داڵاهۆ

0

خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناکۆکییەک لەسەر کێشەی زەوی و مافی دەستڕاگەیشتن بە ئاو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرژی و تێکهەڵچوونی خەڵک لە ناوچەی داڵاهۆ کە بە داخەوە زەرەر و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی دڵ‌نیگەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە.

بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە، هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی قەیرانە سروشتییەکان لەوانە قەیرانی ئاو و فەوتاندنی دارستان و سەرچاوەکانی ژینگە، دەرەنجام و لێکەوتەی ڕاستەوخۆی سیاسەتی چەوت و تێکدەرانەی ژینگەیی و بەڕێوەبەری ناکارامەی کۆماری ئیسلامییە. لەم نێوانەدا جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراوەرد لەگەڵ شوێنەکانی دیکەی ئێران، وەکوو ناوچەیەکی دەوڵەمەند لەبواری ئاو و دارستان و کانگە سروشتییەکان هەژمار دەکرێت بەڵام بەداخەوە هاوکات و هاوئاراستە لەگەڵ هۆکارگەلی ئاماژەپێدراو، بەهۆی ڕوانینی ئەمنییەتی، ڕاگواستنی ئامانجداری ئاو، ئاگر‌تێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکان و پشتگوێخستنی بەرژەوەندی درێژماوەی ناوچەکە لە بواری ژینگەییەوە بە دووقات چەوسێندراوەتەوە.

کۆماری ئیسلامی لەمێژە دەیهەوێ بە دەستێوەردان و زەقکردنەوەی جیاوازیی باوەڕی، ئایینی، ئایینزایی و کەڵکوەرگرتنی پلان بۆ دارێژراو لەم ڕەنگاوڕەنگی و جیاوازییە سروشتیانە، یەکیەتی و تەبایی نێو ماڵی کورد تێک‌بدا، کێشە و پرسی نەتەوەیی کورد چەواشە بکا و هاوکات وەکوو ئامرازێک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان خەڵکدا بەکاری بێنێت.

ڕێژیم ڕاستەوخۆ یان لەڕێگای دەست‌وپەیوەندییەکانیەوە بەردەوام هەوڵی داوە بە قۆستنەوە و قووڵکردنەوەی هەر جۆرە هەل و ناکۆکییەک، بیانوویەکی نوێ بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی بدۆزێتەوە و ئەم هۆکارە ساختەیە بکات بە پاساوێک بۆ لەشکەرکێشی و میلیتاریزەکردنی کوردستان و سەپاندنی کەش‌وهەوای ئەمنییەتی لە ناوچەکە. خەڵکی وشیاری کوردستان! هەزاران ساڵە خەڵکی کورد بە هەموو جۆرە جیاوازییەکی بیر و باوەڕ و ئایینیەوە، بەدوور لە توندئاژۆیی و لە ئاشتی و ئاشتەوایی دا ژیاوە و کوردستان هێمای پێکەوەژیان و پێکەوەبوونی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان بووە.

ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆمان لە قووڵبوونەوەی کێشەکان و سەرەخۆشی لە قوربانیانی ئەم تێکهەڵچوونانە، لەو باوەڕەداین خەڵکی کوردستان بۆ پێکەوەژیانی شارستانیانە و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی پێویستی بە هێزی ئەمنی و نیزامی هاوردەی ڕێژیم نییەو هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە خەڵک و کەسایەتییە خاوەن پێگەی مەدەنی و ئایینییەکانی ناوچەی داڵاهۆ دەکەین هەرچی زووتر چارەسەرێکی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانە بدۆزنەوە و لە پێناو گەڕانەوەی ئاسایش و ئەهوەنی بۆ ناوچەکە کۆتایی بەم گرژیانە بێنن.

درێژەدان بەم کێشە و ئاڵۆزییانە تەنیا لە بەرژەوەندیی دوژمنانی گەل و نیشتماندایەو دەستی ڕێژیم و نەیاران بۆ پیلان و دەستێوەردانی زیاتر و کاری تێکدەرانە ئاوەڵا دەکا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی ٣ی ژوئەنی ٢٠٢١ی

Leave A Reply

Your email address will not be published.