ژیانی رەگەزی مێ لەنێو خێزانە گەرۆکەکان

0

تایبەت بەئەڵتەرناتیڤی شورایی :

ئا.عومەرچاوشین :

ژنان دەبێت مێردەکەیان بەخێو بکەن و منداڵی زۆریان ببێت. تەمەنی ١٥ ساڵ بوو کاتێک (گوڵێ) شووی بە (رەمەزان) کرد، ئەو کچی یەکێک لە خێزانە گەڕۆکەکانە، لەو کاتەوەی شووی کردووە بەهۆی داب و نەریتی خێزانەکانیان زۆربەی بژێوی خێزانەکەی کەوتۆتە ئەستۆ.

ئەو دەڵێت ‘’ڕێگامان نادەن هاوسەرگیری لەگەڵ بێگانەدا بکەین، لەنێو خۆمان خۆشەویستی ناکەین، گەورەکانمان زانیان تەمەن و بیرکردنەوەمان لەیەکتر نزیکە بڕیاری شوو کردنمان دەدەن.

لەکاتی هاوسەرگیری تەنها ئەڵقەو گوارە، ئاهەنگ گیران دەبێتە داواکاری کچان’’ ‘’بۆ هەژاری دەڕۆینە بازاڕ و شوێنە گشتیەکان، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی خەڵک وەک جاران هاوکاریمان ناکات’’، گوڵێ گوتیشی ‘’لەگەڵ خۆمان منداڵەکانمان دەبەینە دەرەوە، هەتا لە داهاتویاندا فێرببن. بەڵام کچەکان لە تەمەنی ٩ ساڵی واز دەهێنن تا شوو دەکەن، لەدوای شوو کردنیش تا مردن بەردەوام دەبین لە سواڵ کردن، ئەو کارە لە کۆنەوە تا ئێستا بۆمان ماوەتەوە’’ گوڵێ ئاماژەی بەوەشدا ‘’ژن و پیاو یەکتر ناچەوسێنەوە، وەک یەکتر مافمان هەیە.

زۆربەی جیابونەوەی هاوسەرەکانیش لەسەر خیانەت و دڵپیسی و لەیەکتر تێنەگەیشتنە’’. ‘’چیرۆکی زۆربەی ژن و کچان لە نێو خێزانە گەڕۆکەکان هەر لە منداڵیەوە تاوەکو پیر بوون هاوشێوەن’’، (سیستەر) ژنێکی دیکەی خێزانە گەڕۆکەکانە ئەو چوار مانگە شووی کردووەو شانازی بەدووگیان بوونیەوەدەکات، دەڵێت ‘’پیاوەکانمان زۆر ئارەزووی منداڵ درووستکردن دەکەن، دەیانەوێت بە منداڵ زۆر خستنەوە ڕەچەڵەکیان بپارێزن’’.

سیستەر باس لەوەش دەکات’’ڕۆژانە رووبەرووی توندوتیژی دەرونی دەبنەوە بەهۆی سواڵ کردن، لەدەرەوە خەڵک تانەیان لێدەدات و دەڵێن بڕۆن کار بکەن’’ رەمەزان پیاوێکی چوار شانەی خێزانە گەرۆکەکانە دەڵێت’’ژنەکانمان رۆژانە ١٠ بۆ ١٥ هەزار دینار بە سواڵ کردن پەیدا دەکەن، ئێستا زۆربەی گەنجەکان بەو مەرجە کچێک دەخوازن ئەگەر بتوانێ بژێوی ژیانی خێزانەکە بگرێتە ئەستۆ’’.

رەمەزان گوتیشی ‘’لەلای ئێمە رەدووکەتنی ژن و کچان قەبوڵ ناکرێت و کوشتنی بەدوادا دێت. زۆربەی کێشەکانیشمان لەسەر ژن و منداڵە، لەدوای شەرەکەش دەماودەست ئاشت دەبینەوە، چونکە هەموومان خزمین’’ .

(ئەرکان) پیاوێکی دیکەی خێزانە گەڕۆکەکانە، ئەو دەڵێت ‘’رێگا بە هاوسەرەکەم نادەم بچێت بۆ سواڵ کردن، چونکە قسەی خراپیان پێدەگوترێت و هەندێک جاریش رووبەرووی گێچەڵ دەبنەوە. بەڵام زۆرینەی پیاوەکانیش دادەنیشن و چاویان لە ژنەکانیانە پارە پەیدا بکەن’.

ئەرکان شتی جیاوازتر باس دەکات و دەڵێت ‘’زۆر پیاو هەیە ئێواران شایەتمان بە ژنەکانیان دەهێنن بۆئەوەی بزانن ناچار بە لەشفرۆشی نەبوون؟! ئەگەر ژنەکان شایەتمانیان نەهێنا گومانی کاری خراپیان لێدەکرێت و بەم هۆیەوە توشی کێشە دەبن. بەڵام پیاوی چاوچنۆکیش هەیە بۆ پارە لەشفرۆشی بە ژنەکانیان دەکەن’’ ئەو گوتیشی ‘’ساڵانی رابردوو هەندێک کەس کچەکانیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا ئەو دیاردەیە کەم بۆتەوە’’.

یوسف عومەر رێنمایی کاری دەروونی دەڵێت ‘’ لەنێوخێزانەگەڕۆکەکاندا زۆربەی مرۆڤەکان تەمەنیان لە75ساڵی تێپەڕ ناکات، چونکە تەندروستیان باش نییە، ماندون بەهۆی سەرما و گەرما و خراپی شوێنی ژیانیان و پەروەردەی ناتەندروست، بەپێی چەند توێژینەوەیەک لە بەریتانیا کراوە ژنان زۆرترین قوربانی ناو خێزانەکانن، زۆرترین توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و منداڵیان لەباردەچێت لەو وڵاتەدا’’ گوتیشی ‘’کلتورێک لەنێو خێزانە گەڕۆکان هەیە ژن و منداڵ بەکار دەهێندرێت بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان!،

کۆمەڵێ پیاو هەڵدەستن بە ئیسغلال کردنیان و پارەیان پێ کۆدەکەنەوە، ئەو ژنانە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە لە ناو خێزانەکانیان پشتگوێ خراون و لەڕوی دەرونیەوە هەست بەڕوخانیان دەکرێت، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان سنورێک بۆ کاری سواڵ کردن دابنێن، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی خراپە کاری وداهاتوی تاریک بۆ ژنان وکچان، دواجار زیانی بۆ کۆمەڵگا دەبێت، لە راستیدا سواڵ کردن لە هەموو دنیادا هەیە و دیاردەیەکی ترسناکە و ئەنجامێکی نەرێنی و مەترسیداری لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووی کۆمەڵگادا دەبێت.

بەداخەوە بەشێکی سواڵکەران ئاڵۆدەی بوون و گەڕان بۆ پارە و پێداویستی ژیانیان بۆتە پیشەی سەرەکیان، بەپێی بنەماکانی مافی مڕۆڤ ژنان ناچاربکرێن بۆ سواڵکردن ڕێگەپێدراو نییە’’

مقەدەمی پۆلیس شۆرش مام ئاغا :گوتەبێژی پۆلیسی راپەرین دەڵێت’’ژنان و منداڵانی خێزانە گەڕۆکەکان بە زۆری لەسەر شەقامەکان دەبیندرێن و سواڵ کردن بۆتە پیشەیان.

ئەوان زۆرجار خەڵک هەراسان دەکەن و داوای پارە و خواردن لە خواردنگەکان دەکەن، هەندێک جاریش گرفت درووست دەکەن و بوونە هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆ، چونکە لە ترفیکەکان بنێشت و کلێنس دەفرۆشن و سواڵ دەکەن، لە سەر تاسەی ناو شەقامە سەرەکیەکان بەرد دادەنێین و سواڵ دەکەن’’ ناوبراو گوتیشی ‘’ زۆرجار دەستگیرمان کردوون لەسەر سواڵ و دزی کردن و لەشفرۆشی، لەکاتی دەستگیرکردن ئێمە رووبەرووی گرفت دەبینەوە، چونکە لە فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی تۆماریان نییە’’

بەپێی قسەی شۆرش مام ئاغا ‘’هیچ کات ژنەکان سکاڵایان نەبووە لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان و دەگمەنیش روویداوە کە لەنێو خۆیاندا کێشەیان هەبوو بێت، هۆکارەکەی ناچارکردنیانە و رازین بەو توندووتیژیەی لەبەرامبەریان دەکرێت، بۆیان بووە بە کلتورو خویان پێوە گرتووە’’ پارێزەر (ئاریانا لاوچاک) دەڵێت “دۆمەکان لە ئەرک و ماف و سزای یاسایی لەگەڵ خەڵکی ئاسایی هاوبەشن و دەیان گرێتەوە، هەر تاوانێک لەسەر خاکی عیڕاق بکرێت کەسی تاوانبار بەیاسای عێڕاقی سزادەدرێت. بەڵام لەهەندێ هەڵوێست دەبوردرێن، وەک تاوانی بەزاندنی سنورەکان بۆ خەڵکانی ئاسایی تاوانە، بەڵام ئەوان دەتوانن سنورەکان ببەزێنن و هیچ کەس بۆی نیە تاوانیان لەبەرامبەر بکات، هەڕتاوانێکیان لەبەرامبەر بکرێت مافی سکاڵایان هەیە.لەهەندێک مافی وەک مافی هەڵبژاردن و خۆکاندید کردنیش بێ بەشن’’

*ئەم بەدواداچونە لەدوای تەواوبونی خولێکی چوارڕۆژەی ڕێکخراوی ( ئەنتەرنیوز) لەپڕۆژەی دەنگەکانمان ئامادەکراوە. بەناونیشانی هەستیاری جێندەری.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.