هێرشی بەردەوام بۆ سەر هەولێر، هەڵگری چ پەیامێکە؟

0
عەبدوڵا مەحمود
لەم ساڵدا چەندین جار لەرێگای موشەکەوە هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر و بۆتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاویکی هاوڵاتیان… ٢٦ ئەم مانگەش لەڕیگای چەند فرۆکەی درۆنەوە” فرۆکەی بێ فرۆکەوان” کە هەڵگری مادەی تی ئین تی بوون، جارێکی تر هێرش کرایە سەر گوندیكی نزیک هەولێر کە تەنها سێ کیلۆمەتر لەتەلاری نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکاوە دوورە.
بەهەموو پێوانەیەک دەوڵەتی ئەمریکا لە عێراقدا، شکستی خوارد و بەرهەمی ئەم شکستەشی بەر لەهەموو لایەک کۆماری ئیسلامی ئێران، چنیەوە. ئیران بەدوای کەوتنی دەسەڵاتی بەعسەوە دەسەڵاتی گوێ لەمستی خۆی لەبەرامبەر ئەلتەرناتیفی ئەمریکا و غەرب و تەنانەت دنیای عەرەبدا، دانا و دەستی ئەوانی لە بریاری یەکلاکەرەوەی سیاسی لە عێراق و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراقدا، کورت کردەوە.
شکستی ئەمریکا لە عێراق و چنینەوەی بەرهەمی روخاندنی بەعس، لەلایەن ئێرانەوە، چوارچێوەیەکی دا بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئەم ململانێیە سەرباری هەر هەڵبەز و دابەزێکی، بەڵام بەشێوەی سەرەکی چ لە عێراق و چ لە تەواوی ناوچەکەدا درێژەی پەیدا کرد. ئەمریکا لەڕیگای کوشتنی قاسمی سولەیمانی و سەرۆکی حەشدی شەعبی ویستی ڕۆڵی ئیران چ لە عێراق و چ لەناوچەکەدا کەم بکاتەوە و هاوکاتیش رۆڵی خۆی زیاد بکات و قەرەبووی شکستی سیاسی و سەربازیشی بکاتەوە. بەڵام کوشتنی قاسمی سولەیمانی، لەگەڵ ئەوەدا گورزێکی کاریگەربوو لە ئیران، بەڵام هاوکات دەوازەی بۆ دەورەیەکی تر لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیران کردەوەو ئاستی ململانێکانی توندتر کرد. ئیران بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی لە ئەمریکا راگەیاند و لەپێشی هەموو بەڵێنەکانیشیەوە، دەرکردنی هیزە سەربازی و هەواڵگری ئەمریکا لە عێراق بوو.
بۆیە بەدوای کوژرانی قاسمی سولەیمانیدا چەندین جار بنکەو قونسوڵی ئەمریکا، لە بەغدا هیرشیان کرایە سەر و ئەمنیەتی هیزەکانی ئەمریکا و قونسوڵخانەکەی کەوتنە ژێر رەحمەتی موشەکی هیزەکانی سەر بە ئێران.
هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی زۆنی… زەرد کە کەمتر مەیدان و پێگەی رۆڵگێرانی ئیرانە، بەبەروارد بۆ زۆنی سەوز، بۆ ئەمریکا وەکو زۆنێکی ئارامتر و هاوکات بەوێنەی پایتەخت و جێگای کونسوڵخانەکانی زۆرێک لە وڵاتەکانی دنیا و هاوکاتیش وەکو هەرێمێک کە گەورەترین تەلاری قونسوڵخانەی ئەمریکا لەوێ بڕیارە بکرێتەوە، لقێکی ململانێکانی خۆی لەگەڵ ئێران گواستەوە بۆ هەولێر. ئیران لەبەرامبەر بە حزور زیاتر پەیداکردنی ئەمریکا لەهەولێر و کردنەوەی گەورەترین قونسوڵخانە و هاوکات حزوری ئاشکرا و بوونی دەیان بنکەو بارەگای تورکی لەم زۆنەدا، پێویستی بە وەڵام و ئامادەیی هەبوو.
ساروخ و موشەک بارانی کردنی هەولێر، بەتایبەتی قونسوڵخانەی ئەمریکا، پەیام و وەڵامی ئێرانە بە حزوری ئەمریکا لە هەرێم و لە هەولیر و هاوکاتیش وەڵامە بە حزوری تورکیا کە رۆژ بەرۆژ زۆتر قاچی خۆی لێ ڕادەکێشێت. بەڵام ئەمە تەنها لایەنێکی مەسەلەکەو ململانێکەیە، لایەنی دووەمی کە زۆر گرنگتر لەلایەنی یەکەمە، خودی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
جمهوری ئیسلامی ئیران دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم کە تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتی و بریاری سیاسی بەدەستی پارتی و لە زۆنی زەرد دەدرێت، وەکو بەغدا بکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆی و حزوری بریاری سیاسی خۆی لەم زۆنەدا زۆرتر بکات، بۆ ئەم کارەشی کەڵک لەو گروپانە وەردەگرێت کە لە عێراقدان و لەژێر چەتری هاوکاری خۆیدان. لەوەش زیاتر ئیران دەیەوێت ئەو راستیە نیشانی دەسەڵات لە هەرێم بکات، کە دەتوانێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نەک هەر بچوك و بچوکتر بکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت کۆتایی پێ بهێنیت و بەتەواوی بیگێریتەوە بۆ ژیر سایەی دەسەڵاتی مەرکەزی لە عێراقدا، کە گوێ لەمستی خۆیەتی. لەم هەنگاوەشدا تورکیا نەک ناکۆک نییە، بەڵکو بە هاوئاهەنگ لەگەڵ ویستی خۆی وێنای دەکات و کەڵکی لێوەر دەگرێت.
ئەگەر نێوانی موشەک بارانەکان کەمتر ببنەوەو هاوکات رێژەی موشەکەکان زۆتر ببن و چەکی تری گەورەتر لە موشەکی تیا بەکاربێت وەکو درۆنەکان، یان زیاتر ئەوا دەتوانێت هەولێر فەلەج بکات و بەر لەهەموو لایەنێک هاتوچۆی فرۆکەوانی رابگرێت. پاشانیش قونسوڵخانەی وڵاتەکان ناچار بەجێهێشتنی هەولێر بکەن و ئەمنیەتی شلۆق و بێ پایەی هەولێر و دەوروبەری هێندە شپرزە بکات، کە هاوڵاتیانی ناچار بن بەجێ بهێڵن. ئەمەش بە مانای وشەکە ژێرەو ژوورکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمە.
دیارە دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێم، لەهیچ روویەکەوە ئامادەیی بۆ رووبەرووبوونەوەی هیچ ئەگەر و پیشهاتێکی لەناکاو نییە و دەڕمێت.
هات و هاواری بەرپرسانی هەولیر، بۆ ئەوەی کە نابێ تەنها بە ئیدانەکردن رازی بن و پێویستە وەڵامی بەکردەوە بدەنەوە، و رووکردنە ئەمریکا بۆ وەڵامی کاریگەر، تا دەگاتە بەرپرسیاکردنی عیراق بەوەی سەروەری عێراق بپارێزێت، نیشانەی ئەوەیە دەسەڵاتی هەرێم هیچ ئامادەییەکی نییەو تەنها میوانی هەرێمە بۆ لوشدانی داهات وسامان و سەرکوتی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، لەدۆخێکی ئاوادا کە ئیران و ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسی و تەماحی باڵادەستیان لەناوچەکە، دەیانەوێت هەریمی کوردستانێش بکەنە گۆرەپانێکی ململانێیان و لەوەش زیاتر دەست ببەن بۆ شەڕی گەم و چەور، پێویستە بەرۆڵی خۆیان هەڵبستن و مەترسی ئەم ئەم ململانێییە لەم جوغرافیایەدا درک بکەن.
رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کریکاری و نارەزایەتی جەماوەری و کاراکتەرە چالاکەکانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان پێویستە لە ڕیگای سازدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەرییەوە، خواستی کردنە دەرەوەی حزوری سەربازی و هەواڵگری ئەمریکا و هاوکات بنکەو بارەگاکانی جمهوری ئیسلامی و دەوڵەتی تورکیا، بەدەستەوە بگرن و لەوەش زیاتر خاوەنداریتی بۆ چارەسەری سیاسی بۆ ئاییندەی سیاسی کوردستان، بەدەستەوە بگرن و رێگەنەدەن بزوتنەوە فشۆڵی کوردایەتی هیچی تر خۆیان بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە هەڵبواسن. لەم نێوەدا رۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان چارەنووسازەو نابێت وەکو چاودێری سیاسی بمێنەوە، لەجێگای ئەوە پێویستە پرسی سیاسی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە نوێنەرایەتی بکرێت و جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان لە دەوری نەخشەیەکی کارساز سازو ئامادە بکەن. تا ئەوکاتەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەمەکارەبن، هەر ئاڵوگۆر و روداوێکی لە ناکاو، دەتوانێت بەکارەسات بۆ خەڵکی کوردستان بشکێتەوە.
سەرەتای تەموزی ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.