دایکم هەر چاوەڕێی سزای تاوانەکەتە

0
ئاڵا لەتیف:
ئەم جومعەیەش دەرگاکەم لە دایکم کردەوە، دەموچاوی لەگەرمای ئەم تەمموزە سور هەڵگەڕابوو، وادیاربوو هەر لەسەر قەبرانەوە بەپێ هاتبۆوە، یەک ڕێ بەرەو لای تەنکیەکەی حەوشە رۆشت و دوو شڵپ ئاوی دا لە دەموچاوی و قاچەکانی خستە بەر بەلۆعەکە، پێموت:
ئاخر دایە بەم گەرمایە نەدەبوو بچیت بۆ سەرقەبران. هیچ قسەیەکی نەکرد، سەیرێکی کردم و بێدەنگ هاتە ژورەوە. من لەم بێدەنگیەی دایکم تێدەگەم، ئەو پانزە ساڵە ئەمە حاڵیەتی، هێشتا دەڵێی دوێنێ کوڕەکەیان کوشتوە. ژیان لەگەڵ ناسۆری کوشتنی کوڕە نۆزدە ساڵانەکەی، دایکمی هێجگار پیر کردوە، هەر ژەمەو پر بەدەستی خۆی دەرمان دەخوا، دکتۆرەکان پێمان دەڵێن دەبێت زۆر ئاگاتان لێی بێت! چەند بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە!
چۆن ئاگام لێی بێت لەکاتێکدا برینی دایکم لە شوێنێکیترە؟ ئێمە دەتوانین ئاگامان لە خواردن و خواردنەوەی بێت، بەڵام هیچکات ناتوانین خەمی کوشتنی کوڕەکەی لەدڵ دەربکەین، ئەمەش برینە هەمیشە کولاوەکەی دایکمە. خوشکەکەم پەرداخێک ئاوی ساردی بۆ هێناو ئەویش هەمان قسەی منی پێوتەوە، بەڵام ئەمجارەیان پەرداخەکەی بەتوندی لەسەر تەپڵەکەکە داناو وتی “چی بکەم، هەر سەر قەبرەکەیەتی دەتوانم بڕۆم، خوا حەقی منیش و ئەویش بسێنێ.”
ئەمە یەکەمجارم نییە گوێم لە دایکم دەبێت دەستی نزا بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە و داوای تۆڵە سەندنەوەی خوێنی رژاوی کوڕەکەی لە خوداوەند دەکات. کە لە ١٤/٧/٢٠٠٠، براکەی من لەگەڵ چوار گەنجی دیکە، لەناو جەرگەی شاری سلێمانی و لە گەڕەکی عەلی ناجی، هەر تۆزێ خوار ئەمنە سورەکە کوژران، ئیتر لەو رۆژەوە بەدەیان جار گوێم لەم ئاهونزولەیەی دایکم بوە. لە دوەم رۆژی پرسەی براکەمدا، کاتێ دایکم بە هەزار واستە گۆڕی کوڕەکەی دۆزییەوە، ئەوە یەکەمجار بوو کە دایکم مشتێ لە خۆڵی سەر گۆڕەکەی کرد بە سەری خۆیدا و هاواری برد بۆ خودا: “خوایە ئەم غەدرە قبوڵ نەکەیت، ئەوە دەیدەمە دەست تۆ.
” کە جلە سوتنێراوەکانی کوڕەکەی لەسەر گۆڕستانەکە بینی دوبارە وتی: “خوایە ئەم غەدرە قبوڵ نەکەیەت، دەیدەمە دەست تۆ.” کە گوێی لە گۆڕهەڵکەنەکان دەگرت بۆ چیرۆکی ئەو شەوەی بە شۆفڵ گۆڕی ئەم پێنچ گەنجەیان هەڵکەنیبوو و هەر لەوێش تەنکەرە ئاویان هێنابوو بۆ شتنی لاشەکانیان و کفن و دفن کردنیان، دایکم زوو زوو قسەکانی بەوان دەبڕی و دەیوتەوە: “دایکت نەژی، خوایە قبوڵی نەکەیت.” ئەو کاتانەش کە لەسەر قەبران ئاسایشەکان ئەیانداینە بەر شەق دایکم هەر وای دەوت.
لەوڕۆژەوە پانزە ساڵە دایکم هەر کە هاوڕێی برامی دەچێتە خەو، کە بیری هاوڕێی دەکەوێتەوە، کە هاوتەمەنەکانی دەبینێ، کە هاوڕێکانی کوڕەکەی دەبینێ، کە جلەکانی دەبینێ، کە قەبرەکەی پاک دەکاتەوە، هەر دەڵێ: “خوایە تۆ ئاگاداریت، کوشتنی کوڕەکەمم داوەتە دەست تۆ.”
منیش هەموو جارێک دەچمەوە ناو بێنەوبەردەیەکی قوڵ لەگەڵ خۆماو پرسیار دەکەم، باشە ئەی لەم دنیا چی؟ ئەگەر قەرارە لێپێچینەوە و سزادانی هەموو تاوانەکان ببرێنەوە بەردەم قاپی خوا، ئەی کەواتە یاسا و دادگا و داواکاری گشتی و پەرلەمان و مافی مرۆڤمان لەم دنیا بۆ چییە؟ من حەقم نییە بەسەردادوەروەری خوداوە، من دەستناخەمە یاسا ئاسمانیەکانی خوداوەندەوە، ئەمە دەستکاریکردنی ئیشی خوایە، بەڵام هەر نەبێ وەک مەسیح دەڵێ: با ئەوەی هی سیزارە بیدەینەوە بە سیزار، ئەوەشی هی خوایە بیدەینەوە بە خودا. کوشتنی ئەو گەنجە کۆمۆنیستانە لێرەو لەسەر ئەم زەمینە کراوە، تاوانبارەکانیشی هەر لێرەن، لەم کوردستانەنەن، کەواتە با لێپێچینەوە و بەسزاگەیاندنی ئەوانە بدەینە دەست دادگای مرۆڤەکان و حوکمی ویژدانیش بگەڕێنینەوە بۆ خودا.
یاسای بێ سزا یەکێک لە کێشە گەورەکانی کوردستان نەبوونی سزایە نەک نەبوونی یاسا، ئەمە زۆر بەتایبەتی بۆ تاوانە سیاسییەکان راستە. نەک هەر سزا نیە، بەڵکو تاوان و تاوانبارەکانیش ون دەکرێن، نەک تەنها ئەوانەی لەمێژوی دوردا رویانداوە، بەڵکو بەوانەشەوە کە لە رۆژگارە نزیکەکان و لە ئێستاماندا رودەدەن. لەمڕوەشەوە نمونەکان زۆرن وەک: ونکردنی بەرپرسیارانی شەڕی ناوخۆ، ئەوانەی شەڕی قڕناقە و پشتئاشان، ئەوانەی ٣١ی ئاب، ئەوانەی کوشتنی بەکر عەلی، دۆسیەی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمەو کاوە گەرمیانی، بەردانی ژنکوژان، هەتا دەگاتە دۆسێی رادەستکردنی شەنگال و دەست تێکەڵاوکردنی بەرپرسانی کورد لەگەل داعش لەمەسەلەی بازرگانی نەوت…تد. کوا باوکم؟ ئەمە پرسیارێکی بچوکە کە یەکێک لەو کیژۆڵانەی باوکیان لە شەڕی ناوخۆدا بێ سەرو شوێن بوە لەسەر پارچە مقەبایەک نوسیبوی.
چارەنوسی باوکی ئەو مناڵەو بکوژەکانی کوڕەکەی دایکم بەهەمان دەرد چوون، تاوانەکان رویانداوە، بەڵام نە بکوژ دیارە و نە تاوانبارو نە سزا. چونە ناو گەنگەشەی ئەوەی کێ بەرپرسیارە لە تاوانی تیرۆرکردنی هاوڕێ و کۆمۆنیستەکان، پڕ لەسەر ئێشەیە. ئەوەی کە تائێستا هەموان دەیزانین ئەوەیە کە ئەم کوشتنە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راستەوخۆ بەرپرسیارە لێی، سەرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش پەنجەی تاوان بۆ نەوشیروان مستەفا رادەکێشن و بەسەری پلانەکەی دادەنێن. نمونەی ئەوەش دەهێننەوە کە ئەو دەمەی زرمە لە سەیارەی کۆمۆنیستەکان هەستاوە، مەکتەب سیاسییەکانی حیزبەکەیان لە کۆبونەوەدا بون لەگەڵ نەوشیروان، کاتێکیش لەدەنگی تەقە کردنەکە راچڵەکیون، نەوشیروان پێیوتون: “ئێوەش دەستبەسەرن.” لە یاری کۆنکەندا، چوار کارتی لێکچوو دەستێکی بەهێز پێکدێنن، بە مەرجێک کەوتبنە لای هەمان کەس.
لە کوردستان، کوشتنەکان وەک کارتی کۆنکەن بەکاردەهێنرێن، بەڵام هەر کارتەو لە دەستێکدا، هەردەستە و کارتی خۆی دژی دەستەکەی تر بەکاردێنێ، وەک چۆن دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی جیابۆوەو بزوتنەوەی گۆڕانی دروستکرد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرەسمی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دانی بەوەدا نا کە “بە پلانی نەوشیروان ئەم پێنچ گەنجە خەڵتانی خوێن کراون.” واتە لە تاوانێکی حیزبیەوە دەیکاتە تاوانێکی تاکە کەسیی، کە ئەمە هەوڵێکی دیکەیە بۆ ونکردنی تاوان و تاوانبار.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا یەکێتی بەرپرسیارە لەم کارە تیرۆریستییە؟ یان نەوشیروان مستەفا وەک تاکەکەس؟ ئەی ئەنجامدەرانی راستەوخۆی تاوانەکە، ئەوان چی؟ ئەی ئەوان سەر بەکوێن؟ تاوانەکەی ئەوان دەبێت لەسەر کامیان حساب بکرێت، لەسەر یەکێتی یان لەسەر خۆیان؟ ئەی خۆ ناشکرێت ئەم تاوانە بەهی گۆڕان حساب بکرێ، هەرچەندە ئەمڕۆ ئەوان لەناو گۆڕاندان، بەڵام گۆڕان چەند ساڵێک دوای ئەم تیرۆرە دروستبوە. ئاشکرایە ئەوانەی کە فرمانیان داوە بەم تاوانەو ئەوانەشی کە جیبەجێیان کردوە هەندێکیان ئەمڕۆ لەناو گۆڕاندان، بەڵام ئایا ئەمە دەکرێ دایکم هەر رۆژەو سکاڵا لەسەر حیزبێ تۆمارکا؟ ئێمە ئێخەی کێ بگرین، گۆڕان یان یەکێتی یان نەوشیروان یان ئەنجامدەران؟ ئەگەر ئەمە تاوانی نەوشیروان و ئەنجامدەرانی نیە، ئەی حیزب لەکێ پێکهاتووە؟ لە فەرماندەو ئەندامەکانی پێکنەهاتوە؟ ئەی خۆ ناکرێت کە حیزبەکەت گۆڕی ئیتر ئەوە پاساوێکی بەس بێت بۆئەوەی هەموو بەرپرسیارێتیەکی تاکەکەسیی لە شانی خۆت لابەریت وەک تیرۆرکردنی ئەو گەنجانە. کێ بەرپرسە لەم تاوانە؟ کە بەرپرسەکان وندەکرێن، ئەنجامدەرەکانیش بە ئاسانی ون دەبن، کەواتە لەمەودوا زۆر ئاسانە هەر بەرپرسێک فرمان بە تاوان بدات و هەر ئەندامێکیش تاوان جێبەجێبەجێ بکات، بەمەرجێک لە چوارچێوەی حیزبدا بێت، چونکە تاوانی حیزب بێ سزا تێدەپەڕێ.
ونکردنی تاوانەکان بەوشێوەیە سەیر نیە بەلامەوە، چونکە حیزب و سیاسیەکانی کوردستان لە هیچدا هاوشێوە نەبن لە خوێندا هاوتاوانن، هەر خۆشیان دەزانن چۆن دیزە بەدەرخۆنەی دەکەن. خۆ بێبەریکردنی نەوشیروان مستەفا لەم کوشتنە، بە پاساوی ئەوەی هەرچییەک بوە بۆ حیزب و لەپێناوی حیزب و بە فەرمانی حیزب و سەروتر لەخۆی بوە (مەبەستی جەلال تاڵەبانییە؟)، شەرعیەتدانە بە هەر تاوانێکی دیکە کە لە داهاتوشدا هەر حیزب و بەرپرسیکی سیاسی دیکە ئەنجامی بدات، ئێ خۆ ئەوانەش کە کاوە گەرمیانی و سەردەشت و سۆرانیان کوشت هەمان شەرعیەت ئەدەن بە کوشتنەکە: “بۆ حیزب و لەپێناوی حیزب و بە فەرمانی سەروتر لە خۆمان.
” هەر بەپێی ئەو شەرعیەتە سیاسیەش بێ کە ئێوە داتانهێناوە، دەبوو عەلی کیمیایی و هەموو بەرپرس و وەزیرانی ڕژێمی بەعسیش بێتاوان بکرێن، چونکە ئەوان تەنها فەرمانی سەدام حسێنیان جێبەجێ کردبوو، دەبوو لەدوای خۆکوشتنی هیتلەر هیچکام لە بەرپرس و کاربەدەستانی رژێمی نازی دادگایی نەکرێن، دەبێت تەنانەت دادگای نیودەوڵەتی (لاهای) دابخرێت، چونکە هەموو ئەوانەی کە لەوێ دادگایی دەکرێن سەر بە پارتێکن و لەژێر فەرمانی کەسێکیتردا تاوانەکانیان جێبەجێ کردوە. دەشبێت لە داهاتودا سەربڕەکانی ناو داعش تاوانەکانیان بە تاوانی دەوڵەتی ئیسلامی لەقەڵەم بدرێن و لەگەڵ لەناوچونی دەوڵەتەکەشیان تاوانەکانیشیان بسڕدرێتەوە!!!
ئەمە ترسناکترین جۆری سەروەرنەبوونی یاسا و گەندەڵیە کە ئێوە فەلسەفەکەی دادەڕێژن، ئەویش: بەرپرسیار نەکردنی تاک لە هەر کار یان هەڵە یان تاوانێک کە دەیکات. هەموو کەس قابیلی هەڵەیە، بەڵام هەموو کەس تاوانی لەدەست ناوەشێتەوە، تەنانەت ئەگەر لەپێناو حیزب و بیروراو ئایدۆلۆجیاو ئاینێکی پیرۆزیشدا بێت. قوتاربونی تاوانبارانیش بەبێ سزا و لێپێچینەوەی یاسایی، تەنها بەرەو ئەوەمان دەبات هەست بە نەمانی ئاسایش و سەلامەتی بکەین. یاساش بەبێ سزا وەک تەنێکی بێ گیانی بێ دەستە، ترس لە سزا وادەکات ئێمە پابەندی یاسابین، کە سزا نەبوو یاساش نابێت، کە لێپێچینەوەش نەبوو ئیتر هیچ کەس ناتوانێت رێگە لە بەرپرسێکی دیکە بگرێ دایکێکی دیکە جەرگ سوتاو بکات.
خوشکەکەی هاوڕێ
١٤/٧/٢٠١٥
بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ هیچ له‌مباره‌یه‌وه‌ نازانن، رۆژی 14/7/2000 هێزه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، که‌ له‌ئاسایش و ده‌زگای زانیاری پێکهاتبوون، په‌لاماری ئۆتۆمبێلێکی ئه‌ندامانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییان دا له‌گه‌ڕه‌کی شۆڕش، ئه‌وان بۆ کڕینی خواردن نێردرابوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی باره‌گاکه‌یان، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شه‌ڕێک له‌ئارادا بووبێت، ده‌که‌ونه‌ که‌مینێکی ئه‌و هێزانه‌وه،‌ که‌ پێشتر له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری یه‌که‌می ئه‌وکاته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رکه‌وتی کوببه‌، به‌رپرسی ئاسایشی گشتی سلێمانی له‌و کاته‌دا ئاماده‌کاری بۆ کراوه‌.
هه‌ر له‌ناو ئۆتۆمبێله‌که‌دا ته‌قه‌یان لێده‌کرێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی فریابکه‌ون و ده‌ستبکه‌نه‌وه،‌ چوار که‌س له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ به‌ناوه‌کانی «شێخ عه‌بدول، هاوکار محه‌ممه‌د، هاوڕێ له‌تیف، محه‌ممه‌د مسته‌فا» دەکوژن و یه‌کێکیشیان به‌ برینداری ده‌ستبه‌سه‌رکرد، هاوکات هه‌ر که‌مێک دورتر له‌و شوێنه‌، باره‌گای کۆمیته‌ی رابه‌ری ئه‌و حیزبه‌، که‌ به‌ته‌نیشت ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌یه‌و له‌وکاته‌دا مه‌کته‌ب سیاسییه‌کانی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان له‌کۆبونه‌وه‌دان، ده‌کرێته‌ ئامانج و به‌قه‌ناس ئه‌ندامێکی دیکه‌یان به‌ناوی ئومێد نیکبین، که‌ کوردی رۆژهه‌ڵاته،‌ ده‌کوژن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.