لەڕانیە:مامۆستایانی دانەمەزراو خولێک بۆ منداڵانی هەژار خۆبەخشانە دەکەنەوە

0

ئا:فەرمان چۆمانی،عمرچاوشین ڕانیە/ئەلتەرناتیڤی شورایی

ژمارەیەک مامۆستای دانەمەزراو لە رانیە خولێکی مرۆڤدۆستی بۆ قوتابیانی هەژار بێ بەرامبەر دەکەنەوە و لە خولەکە وانەکانی خوێندن دەگوترێنەوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای قوتابیان.

سورەیا فائق کاکەبرا, ماوەی ٩ ساڵە خوێندنی تەواو کردووە، بەڵام دانەمەزراوە، لەو خولە بەخۆبەشی بەردەوامەو دەڵێت ”پێویستە گیانی خۆبەخشی و هاوکاری لەنێوان تاکەکاندا هەبێت و مامۆستا گیانی وەفادارو سۆز وخۆشەویستی هەبێت بەرامبەر قوتابیان، بۆئەوەی ئەوزانستەی کەپێیەتی بەباشی بگەیەنێتە قوتابیان”

سورەیا گوتیشی ”کاتێک کارێکی خۆبەخشی دەکەیت هەست بە ئارامی دەرون دەکەیت، کاری خۆبەشی هەستێکی واخۆشت پێدەبەخشێت کەڕەنگە لەدەست کەوتێکی ماددیدا ئەو هەستەت لا دروست نەبێ ،کاری خۆبەشی کارێکی زۆر پیرۆزە، کارێکی مرۆڤ دۆستیە کارێکی پیشەیی و ئەخلاقیە’’

مەهاباد مەحمود , یەکێکی دیکەیە لەو کارەهەرەوەزیەی مامۆستایان بەشدارە، دەڵێت ‘’بەژداریمان کردوە لەم خولە خۆبەخشە وەك کارێکی خێرخوازی و مرۆڤایەتی ئەرکی سەرشانمان کە پەروەردە و فێرکردنە، ئامانجمان لەم خولە سود گەیاندنە بەو خوێندکارانەی کە باری داراییان باش نیە و ناتوانن بەژداری لەو خولانە بکەن کە بەبڕە پارەیەکی زۆرلەکەرتی تایبەت دەکرێتەوە، ئەگەر لە ساڵانی داھاتو خولی تر بکرێتەو دووبارە وەك خۆبەخش بەژداری دەکەمەوە’’

باوەڕ مەحمود خدر ،ڕێنمایکاری پەروەردەیی و دەروونی، پێیوایە ‘’بوونی مامۆستای دڵسوز و کارامە لەهەر سەردەم و کاتێکدا گەورەترین سەرمایەیە بۆ گۆڕانکاری لەوڵاتدا، بەتایبەت لە دەسەڵاتی دکتاتۆریدا کە هەموو ڕێگەکانی بوونی پەروەردەو فێرکردن بەشێوەیەکی قورغکاری و لەژیر هەژموونی ئەو دەسەڵاتە تاکڕەوە هەنگاوی بۆ دەنرێ، بەڵام ماموستایان لەڕووحیەتی کارکردن و دۆخی ئالنگاری هەر دەسەڵاتیدا پێویستە ڕۆڵی ئەرێنی و بەگژداچوونەوەو دروستکردنی تاکێکی یاخی بنیات بنێ بۆ پەرەپێدانی فێرخوازەکان لە پێناو دروستکردنی وڵاتێکدا کەهەمووان لەژێر دەسەڵاتی ڕیفۆرمخوازی وئازادیدا هەنگاو بنی،وە پڕۆسەی پەروەردە و فیرکردن بەشێوەیەکی ئەکادیمی بۆ ئایندەی وڵات و خودی تاک بنیات بنیریت”

باوەر گوتیشی ”لەکاتێکدا بوونی مامۆستای خۆبەخش لەو کات و ساتەدا کە لە چەند ساڵی ڕابردوو لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان کەقەیرانی سیاسی و ئابوری و…هتد

لەناوچەکەدا بوونی هەبوو ، کەتێیدا پەروەردە و فیرکردن بەئاستی ئاسای و دوخی بنەڕەتی خۆی هەنگاوی نەناوەو نەیتوانیووە پلان و ئامانجەکانی خۆی بەئاکام بگەینێت، لەوە تیدەگەین ئێستاش کەسانێک ماون لەخەمی ئایندەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدان کە ئەوانیش کەسانی خۆبەخشن.

لەئێستادا مامۆستایانی خۆبەخش سەرمەشقی ئەم کارە مرۆڤ دۆستیەن کەدەیانەوەێ ئایندەی وڵات بەشیوەی تەندروست بنیات بنینەوە”.

مامۆستا(محمد کەریم ) بەڕێوەبەری پەروەردە لەکاتی کردنەوەی ئەم خولە ، گوتی ‘’لەبەر قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان کە بەسەر کوردستان و عێراقدا هاتن حکومەت نەیتوانیوە بەپێی پێویست خزمەت بەڕۆلەکانی خۆی بکات، بۆیە کردنەوەی ئەم خولانە لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژ ئەرکی سەرشانی کەس و کاری قوتابیان سوک دەکات و توانای فێرکردنی قوتابیان بەرزتر دەکاتەوەو ئامادەکردنی قوتابیە بۆ ساڵی داهاتوو ،بەڕێوەبەری پەروەردەگوتیشی،وەکو چۆن لەساڵانی ڕابردوو هاوکاری مامۆستایانی ماندونەناس بوین بۆبەردەوامبوون هەمیشە لەپشت هەوڵەکانیان دەوەستین و هاوکاری تەواویاندەکەین”

سازگار نەبی مامۆستای وانەبێژو سەرپەرشتیاری خولی ڕانیە دەلێت”

ئامانجی ئێمە لەکردنەوەی ئەم خولە هاوکاری قوتابیانی هەژار و کەم دەرامەتە کەناتوانن بچنە خولە بەپارەکان ،بەوکۆمەکەی قوتابیان ئەرکی سەرشانی کەسوکاری قوتابیان سوک دەکەین، وەئەم ئەرکە بخەینە سەر شانی بەرپرسانی حکومی و حیزبی و ڕێکخراوەکان هەروەها لەبەرامبەر هەست کردن بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و پیشەیی خۆشەویستیمان بۆ کەرتی پەروەردەو قوتابیان ڕێگا نەدەین کەرتی پەروەردە بەرەو بازرگانی بڕوات”

سازگار گوتیشی ”ژمارەی قوتابیانمان لەهەرسێ قوتابخانەکان (شاورێ لەڕانیە ، قەندیل لەحاجیاوا ، بەرهەم لەچوارقوڕنە ) نزیکەی ٩٠٠ قوتابیە و ژمارەی مامۆستایانی بەشدار لەکارە هەرەوەزی ومرۆڤ دۆستیەکەنزیک بە ٩٠ مامۆستای وانەبێژ و ١٠ مامۆستای میلاکە و لە خولەکەشدا وانە سەرەکیەکانی وەک ( بیرکاری و زانست و ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی و وانەی پەروەردەیی) دەخوێندرێت بۆ ماوەی ٤٠ڕۆژە،و هیچ بڕە پارەیەکیش لە قوتابیان وەرناگیرێت” .

Leave A Reply

Your email address will not be published.