ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری بە بۆنەی تێرۆری هاوڕێ موسی باباخانی

0
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئاگادار کراین دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ٥ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی، کاک موسی باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێی پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراو لە هۆتێل “گوڵی سلێمانی” لە شاری هەولێر لە لایەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کراوە و بە یەک دونیا هیواوە ماڵاوایی لە گەلی کورد و هاوڕێیانی کرد.
کاک موسی باباخانی خەڵکی دەڤەری کرماشان لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە دایک بووە و ساڵی ١٣٧٨ پێوەندیی بە ڕێکخستنی حیزبەوە بۆ خزمەت بە حیزب و گەلەکەی و خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد کردووە و پێشمەرگە و کادرێکی چالاک و بە بیروباوەڕ بووە و ئەرکی حیزبیی بەڕێوە بردووە و بە ئەو کار و تێکۆشانە بەردەوامەی لە کۆنگرەی ١٧ـیەمی حیزبەکەیدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵدەبژێردرێ.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە تێرۆریستییە، داوا لە لایەنە سیاسی، ئەمنییەتی و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکا لە پێوەندی بە ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدواداچوون بکەن و بێ هەڵوێست نەبن و ڕێڕەوی یاسایی بگرنە بەر.
هەروەها هاودەردی و سەرەخۆشیی خۆمان بە ئەم بۆنەوە لە هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بنەماڵەی نیشتمانپەروەری کاک موسی باباخانی دەکەین.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە ئەم تاوانە تێرۆریستییە مەحکووم دەکەین و نەفرەت لە تێرۆر و داڵدەدەرانی تێرۆریزم دەکەین و داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین ئەم تاوانە تێرۆریستییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار بکەن.
سڵاو لە گیانی پاکی کاک موسی باباخانی
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی
٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی
Leave A Reply

Your email address will not be published.