ڕێکخراوبوون تاکەڕێگای کۆمەڵگایەکی باشترە

0
عبدالرحمن رسول
زۆر ڕوون وئاشکرایە قەیران وکێشەکان لەسەر بناغەی چینایەتی بەرهەم هاتوون،هەربۆیە هەتا کێشە وقەیرانەکانی کۆمەڵگا بەردەوام بن زیاتر تاکەکانی زۆرینەی کۆمەڵگا ڕاپێچی چەوسانەوە وهەژاری وبێکاریوبێ خزمەتگووزاری و خەراپی جۆری خزمەتگوزاری یەکان درێژەی دەبێت،چارەسەریش تەنها بەجێبەجێکردنی نەخشەڕێگایەکی چینایەتی دەکرێت کەئیدارەی کۆمەڵگای پێبدرێت بەپشت بەستن بە سوود وەرگرتن لەفەلسەفەوبەرنامەی ئابووری سۆسیالیستی .ئەم تێگەیشتنە زۆر سادەوئاسانە تەنانەت مرۆڤە نەخوێندەواروبێ سەوادەکانیش ئەوە دەزانن ،کە سیستەم ودەسەڵات کۆنەخوازو چەوسێنەربێت لەچەژن وجۆری ئیدارەدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەدوایی ساڵی ١٩٩١ زۆر باش جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان سەرمایەدارو بەرپرسەکانی حکومەت وحیزبەکان لەگەڵ چینی خوارەوەی کۆمەڵگا کەزۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگا پێکدەهێنن ئەوانیش پێکاهاتوون لەکرێکاران وبێکاران وجوتیاران وزەحمەتکێشانن.
لەڕوویی دەست ڕاگەیشتن بە مافی خزمەتگوزاری تەندروستی و کارەبا وئاو و پەروەردە و فێرکردن و ڕێگا جادەکان کۆمەڵگای کوردستان بەجۆرێک پاشکەشەی کردووە کە سەرجەم کەرتە خزمەتگوزارییەکان لەبەریەک هەڵوەشێندراوە و بەرەو لەناوچوونی دەبەن بە واتایەکی ڕوونتر هاوڵاتی لەڕوویی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری و زانیاری وتەندروستی وپەروەردە وفێربوونەوە زۆرترین مافی لێ سەندراوەتەوە کە پێش ساڵی ١٩٩١ بۆی دابینکرابوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە حیزبی بەعسی فاشی لەگەڵ ئەوەی خەڵکی سەرکوت دەکرد و ئازادییەکانی قەدەغە دەکرد ئیدارەی کۆمەڵگای عێراق و کوردستانی دەکرد،ساڵانی هەشتاکان کارەبای گشتی بەردەوام بوو وئاوی گشتی بۆ ماڵان بەردەوام بوو وخزمەتگوزاری ڕێگا وجادەکان بە کوالێتی باشتر باشتر لەلایەن شارەوانی یەکانی حکومەتەوە دابین دەکرا ،ئەگەر کێشەیەک هەبایەلەئاو وکارەبا و ڕێگاکان بە زوویی چارەسەر دەکرا،خزمەت خستنەڕووی ئەم ڕاستیانە زیاتر لەو کاتانە دەخرێتەڕوو لەلایەن خەڵکەوە کە بەهۆی کێشەوگرفتە هەنوکەیی وگشتی یەکانەوە ناڕەزایەتی نیشاندەدەن.
ئەمە تێگەیشتنە زۆر پێویستی بەخوێندنەوەی کتێبە سیاسی و ئابووری یەکانیش ناکات چونکە بەهۆی ئازارەکانی چەوسانەوەونایەکسانی ونابەرابەری خەڵک دەرکی پێ دەکات ،هەربۆیە لەکاتی نیشاندانی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکاندا خەڵک لەخیابان وشەقامەکان دەڵێن و زۆر بەجوانی ڕوو لەدەسەڵاتدارانی چەوسێنەر دەکەن وپرسیاریان لێ دەکەن وپێیان دەڵێن بۆچی ئێمە بێ خزمەتگوزاری ئاو وکارەبا و تەندروستی و ڕێگاوشەقامی جوان نین بەڵام ئێوەی دەسەڵاتداران وبەرپرسەکان لەهەرشوێنێک بن زۆر بەئاسانی دەبنە خاوەنی هەموو جۆرە خزمەتگوزارێکی تەندروستی وکارەبا و ئاو و ڕێگا و ڕازاندنەوەی شەقام وخیابانەکانی دەوروبەرتان بەسەوزایی وگوڵی جوان.
ئەم قسانە تەنانەت مناڵانیش ڕوبەڕوویی دەسەڵات لەخەیابانەکەن دەی ڵێنەوە.دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخواز دەوێت بەردەوام بە درۆو بەڵێنی درۆینەو فێڵ وفرێودان خەڵک بەگەڕێنێتەوە ماڵەکانیان ئەمە لەهەموو سەردەم و قۆناغەکاندا هەروابووە و لەزۆرێکیش کۆمەڵگاکان هەروابووە کاتێک دەسەڵات وسیستەمە لەسەربناغەی کۆنەخوازی وچەوسانەوە دامەزراوە.
لە کوردستان زیاتر لەچەندەها ساڵ بەم جۆرە بووە کاتێک خەڵک بەهۆی چەوسانەوەو بێکاری وهەژاری وسەرکوتەوە هاتۆتە خیابانەکان دەسەڵاتی چەوسێنەری کوردایەتی وبنەماڵەیی بەجۆرێک ڕەفتاری کردووە کە زۆر دژە ئینسانی بەزۆر خەڵکی ناردۆتەوە ماڵەکانیان یان زیاندانی کردووە یان بەفیشەک کوشتوویەتی یان ڕەفاندوویەتی و دواتر تەرمەکەی فڕێداوە کاتێک خەڵک لەخیابان داوای ژیانێکی باشتری کردووە. ئەمە وانەی ئیدارەدانی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەروکۆنەخوازە بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتی ئیدارەدانی لەکوردستان.
لەکاتێکدا خەڵک ناڕەزایەتی نیشاندەدات هەقی خویەتی وەک مافێکی سادەی ئینسانی کە بەزووترین کات داواکاری وخواستە هەق وڕەواکانی بۆ جێبەجێ بکرێت، ساڵ لەدوایی ساڵ ژیانی خەڵک خەراپتر دەبێت و دەست ڕاگەیشتن بەماف وئازادی و خزمەتگوزارییەکان قورستر و سەختر دەبێت بۆ هاوڵاتیانی کوردستان.سەڵانە چەند بارەبوونەوەی کێشەکانی سووتەمەنی و ئاو وکارەبا و خوێندن وپەروەردە و خەراپی خزمەتگوزارییەکان بەچارەسەر نەکراوەیی ماوەتەوە.
٭هۆکاری بەردەوامی کێشەکان لێرەوەیە:
١/بۆ بۆچی بەردەوام کێشە وقەیرانەکانی بۆ خەڵک زیاد دەکەن ؟
هۆکاری ئەوەیە کە لەکوردستان دەسەڵاتێک ئیدارەی کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات وێڕای ئەوەی دەسەڵات وحکومەتێکە لایەنگر بەچینی سەرمایەدارو دەوڵەمەندەکان لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە دەسەڵاتەی کردووە بەچەند دەسەڵاتێکی تری ملهوڕ بەسەر بەشەکانی کۆمەڵگای کوردستانی دابەشکردووە.ئەم جۆرە ملهوڕی وچەتەیەش کەدابەشی کردووە لەڕێگای لق ومەڵبەندەکانی حیزبەکانی دەسەڵاتەوە زیاتر دەپارێزدرێت و زیاتریش بارگرانی وباجی چەوسانەوەی زیاتر دەکەوێتە سەر خەڵکی کوردستان .هەربۆیەشە هەر شارو ناوچەیەک بە قۆرغکاری دەسەڵاتدارێتی حیزبێک ناسێندراوە و گەشە بە ملهوڕی چەوسانەوەوسەرکوتی خەڵک زیاتر دەدات .
بەمانایەکی ڕوونتر ئەگەر لەکوردستان بەپێی یاسای پەرلەمان وحکومەت خەڵک ڕاپێچی فەزایی چەوسانەوە و باج وقوربانی زیاتر بکرێت وەکو گشتی ئەوا لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر وێڕای ئەوەی هەمان یاسایی چەوسانەوە جێبەجێ دەکرێت لەهەمان کاتدا ئەو شارو ناوچە کە ئەو حیزبە ئیدارەی دەدات ئەویش یاسایی بەشەیدەتر وچەوسێنەرتر دەسەپێنێت ،ئەگەر خەڵکیش ناڕەزایەتی نیشانبدات بەزەبری هێز سەرکوتی دەکەن .
دەرئەنجامی ئەمە لەهەموو کوردستان چەوسانەوەونایەکسانی زیاد دەکات بەبێ وەستان لەپێناوی گەسەدانی پارەو سەرمایە بۆ حیزبەکانی دەسەڵاتدار لەڕێگای کۆکردنەوەی باج وسەرانە وگۆمرگەکانی سنوورەکانی کوردستانەوە لەبەرئەوەی هەریەکە لەحیزبەکان دەست بەسەر داهات وباج وگومەرگی سنووری خۆی دادەگرێت بۆنەگەڕانەوەشی بۆ حکومەت بیانووی حیزبی هاوپەیمانی دێنێتەوە کەلەلایەک هاوپەیمانە لەدەسەڵات ولەلایەکیش خۆی وەکو ڕەقیبێکی ئەو حیزبە نیشان دەدات.ئەم جۆرە یارییە بۆ کوشتنی جوڵەی لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیشە.
هەربۆ یە ئاامانجی ئەم جۆرە سیستەم و دەسەڵاتە کۆنەخوازوچەوسێنەرە زیاتر گەشەی قۆرەغ کاری سەرمایە ونەک چارەسەری کێشەوقەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردستان بۆ سوودی گشتی.دەرئەنجام ئەم جۆرە یارییەی حیزبەکانی دەسەڵات بەردەوام دەبێت هەتاوەکو خەڵکی ناڕازی هێزی خۆی بەڕێکخراوبوونی دێنێته مەیدان بۆ گۆڕانی جۆری سیستەم ودەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر.
٢/ ناچالاکی شۆڕگێڕانەی چەپ وکۆمۆنیست وشیوعی یەکان :
قسەمان لەسەر نەبوونی نووسراو ، بابەت،ووتار نییە هەرچەند لەوبارەیەشەوە گرفتمان زۆرە کە زیاتر نووسین وبابەتەکان لەچوارچێوەی خۆنیشمایشکردن و بۆ نیشاندانی وەک قارەمانێکی هەڵوێستەکان نیشان دەدرێت،ڕاستییەکەی ئەوەیە کێشەکان بەنوسین وتیۆری بەشێکی چارەسەردەبن ئەویش ئەگەر زیاتر چەخت لەتێکۆشانی پێویستی هاوخەباتی وهاوپشتی ڕێکخراو و حزبە شیوعی وچەپ وکۆمۆنیستەکان بکرێتەوە ،بەڵام گرفتە بنەڕەتی یەکە ئەوەیە کە لەنووسراوەکانیشاندا زۆر کەم لەو هەڵوێستانە دەبیندرێت کە گرینگی بە هاتنەکایەوەی نەخشە ڕێگایەکی هاوپشتی ویەکگرتووانەی ئەم هێزە چەپ وکۆمۆنیستانە بگرێتەوە ،بەداخەوە زیاتر کە هەریەکیان بەئاراستەی جیاواز سیاسەتی ئاراستەکردنی کۆمەڵگا دەکات.
ئەمەش بەسرووشتی کاریگەری ئەم ڕەوت هێزانە لاواز دەبێت.هەرچەندە ناوەڕۆکی گرینگی باسەکە ئەوەیە کە ئەم هێزانە لەڕوویی کرداری یەوە پەراوێزی ڕووداوەکانی ناو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانن کەئەمەش سەبەبی ئەساسی خۆیانن وەکو حزب وڕێکخراوە شیوعی وچەپ وکۆمۆنیستەکان ،بەجۆرێک سیاسەت دەکەن خەڵک لەدۆڵێکەو ئەوانیش لەدۆڵێکی ترە ،واتە ڕابەرانی ئەم حیزبانە زۆر دەگمەن دەردەکەون لەناو ناڕەزایەتییەکانی گەڕەک و شوێنە گشتی یەکانی شار بەزۆری نووساون بە کورسی ناوبارەگا و نووسینەکانیان کە پێیان وایەدەتوانن بە یەک ووتار دەسەڵات ئاوەژوو بکەن .هەروەها گرفتی گەورەتریش ئەوەیە هەیانە زۆر زیاتر لەحیزبەکانی دەسەڵات وسیستەمی کۆنەخوازوچەوسێنەری کوردستان بەرگری لەهەمان جۆر سیاسەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکات ،هەرگیز گرینگی بە بزووتنەوەی جەماوەری شورایی و ئیدارەدانی شورایی نادات کە وەکونەخشەڕێگایەکی بەدیل بیخاتە ڕوو بۆخەڵکی کوردستان و هەمووجۆرە بەشداریکردنێکی دەسەڵاتدارێتی وئیدارەدان لەگەڵ ئەم حیزبە چەوسێنەرودزوگەندەڵانە ڕەدبکاتەوە بەپێچەوانەوە ئەم حیزبە تێکۆشانی پەرلەمانی وەکو دۆزینەوەی هەنگوین لەداردا دەبینێتەوە ،لەکاتێکیشدا باش دەزانێت کە هەرحیزبێک ئەگەر چەندین کورسیش بهێنێت بێ کاریگەردەبێت لەئاراستە کردنی هێنانەدی کۆمەڵگا باشتر.
ئەوەی گرینگە بۆ حیزبە کۆمۆنیست وشیوعی یەکان خۆ جیاکردنەوەیانە بەتەواوەتی لە سەنگەری حیزبەکانی بۆرژوازی و دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەروکۆنەخوازە کە بەنەخشە ڕێگایەکی ئینسانی خۆیان هاوتایی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی کوردستان بکەن بەئاراستەی ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتی یەکان لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری دابەئاراستەی ڕووخان ولەگۆڕنانی سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەروکۆنەخوازی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبەهاوپەیمانەکانیان پڕوپاگەندەی پاراستنی دەکەن .
ئاخر ناکرێت حیزبێک پڕوپاگەندەی سیستەمێکی سۆسیالیستی وسۆشیالیزم بکات و هاودەست وهاوپەیمان بێت لەحکومەتێکدا کە چەندەها ساڵە تەنها کاردەکات بۆگەشەدانی کەرتی تایبەتی یەکانی بازرگان وسەرمایەدارەکان .هەربۆیە ئەرکی هەر ئێستایی ئەم حیزبە چەپ وشیوعی وکۆمۆنیستانەیە هەنگاوی کرداریبنێن بۆ بەهێز کردنی شۆڕشی ڕزگاری چەوساوەکان لەدەست دەسەڵاتی ملهوڕی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی و حیزبەکانی کوردایەتی کەلە هەر گەرەک وشارو دێهاتێک وروژمی چەوسانەوە ودزی وگەندەڵی بەهێزتر دەبێت .
ئەم ناڕەزایەتییەی خەڵک دەرسێکە بۆ چەپە لاکەوتەکانیش، کە بە دەیان ساڵ نەیان توانیوە بزووتنەوەیەکی بەهێز کە لەهەناویدا ژیلەمۆی گۆڕانکاری بخەنەڕێ ، ئەم ناڕەزایەتییەی شاری هەولێر بەهەمان شێوە لە شاری دهۆک وسلێمانیش هەیە ئەمە خەباتی خۆرسکی کرێکاران و جەماوەری هەژاران و زەحمەتکێش وبرسێ یەکانی کۆمەڵگایە، کاتێک دەکەوێتە جوڵە عەرشی سەرمایە دەخاتە لەرزە، چۆک بە دەسەڵاتی چەوسێنەر دادە دات ،هەر لە هێزو توانای ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتی یە کە دەسەڵات بەپەلە سەردانی ئەم ژنە شۆڕشگێڕەی شاری هەولێری کرد. خاڵێکی زۆر،گرینگ ئەوەیە سەرجەم ناڕەزایەتییە کان بەگشتی وئەم،ناڕەزایەتییە خۆیان بێ ئەوەی پێویستیان بە ڕۆشنبیرانی چەپ بێت، خۆشیان لە چاوتروکانێکدا ڕێک دەخەن و ڕابەریش بۆ خۆیان دروست دەکەن، دەبێت بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەم جۆرە تێکۆشانە جەماوەرییە وانەیەکی بەسوود فێربن کە ئەرکی هەرچی زووتریان ئەوەیە کە کۆڕوکؤبونەوەی کۆمۆنیستی و شیوعی و چەپ خۆیان ڕزگار بکەن و بێنەوە ناو چینی کرێکار وبێکاران وهەژاران وبرسێ یەکانی کۆمەڵگا لەوێوەوە هەنگاوی شۆڕشگێڕانە بنێن.
بۆئەوەی دەسەڵاتی چەوسێنەروکۆنەخواز ژێرەوژووربکەن و خەڵک خۆی کۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت لەڕێگای شوراکانیانەوە.هەر ئەوەیە ئەرکی ئەم حیزبە شیوعی وکۆمۆنیستانە کەدڵسۆزانە لەگەڵ خەڵکی چەوساوەبن بۆگەشەبە شۆڕشی ڕزگاری بدەن بۆ هێنانەدی نان،کار ئازادی ئیدارەدانی شورایی .
٣/ئەوەی نەوی نوێ دەی کات دواجار خزمەتی دەسەڵاتە نەک خەڵک:
خەڵک کێشەی بێ ئاوی هەیە ،چارەسەر کردنیش بێ ئاویش پەیوەندی بە سیستەمی جۆری ئیدارەدانەوە هەیە، کەزیاتر جیاوازی دەکرێت لەئیدارەدان و نەبوونی بەرنامە کارێک بۆ گەشەدانی کەرتی گشتی ئاو بەئاراستەی خزمەتی زیاتر کردنی خەڵک ، کە دەسەڵاتی کوردایەتی بەپلان وبەرنامە ئەمە جێبەجێ دەکات بۆ لەناو بردنی کەرتە گشتییەکان،کەوایە هەر چارەسەرێکی کاتی پشتیوانییە بۆ ڕاگرتنی پایەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەر لەبەرئەوەی بەدرێژایی دەسەڵات خۆی دەبوێرێت لەچارەسەرە بنەرەتییەکان .بەردەوام دەیەوێت کەرتەکانی گشتی تووشی شەلەل بکات هەتاوەکو لەدواجار هاوڵاتی ناچاربکات هانا بۆ کەرتەکانی تایبەتی بازرگانی بەرێت.
هەموولایەک باش دەزانێت کە دابەشکردنی ئاو بەتانکەر ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتی بکات دواجار خەڵک بێ ئاو دەکرێتەوە.کەوایە هێنانی ئەم ئاوی نەوی نوێ ڕاستە لەڕووی شێوازەوە خەڵک بەکاتی سوودمەند بووە بەڵام دواجار ئەوە دەسەڵاتە قازانجی گەورەی کرد لەڕێگای نەوەی نوێ وە چونکە ناڕەزایەتی یەکانی خەڵک بەم جۆرە خامۆش کرا .
لەچەند گەرەکێک بەکاتی کێشەی بێ ئاوی چارەسەر کرا بەڵام لەچەندین کەرەگ وشوێنی تر کێشە بێ ئاوی سەر هەڵدەداتەوە .لەشاری سلێمانی ودەهۆک وئاکرێ و ڕانیە وگەرمیانیش چەندەها کێشەوگرفت هەیە .نەوی نوێ هەمان کاری کرد لەشاری سلێمانی لەکاتێکدا کرێکارانی ژینگەپارێز بەهۆی نەدانی کرێی کارکردنیانەوە مانیان گرتبوو نەوی نوێ هەستا چەندین کرێکاری برد ئەو شوێنانەی پاککردەوە ،کەوایە هەستا ناڕەزایەتی کرێکارانی بەرەو شکست برد ،چونکە کاریگەری ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی کەم کردەوە لەم هەنگاوی نەوی نوێ دا زیاتر خزمەتی دەسەڵات وکۆمپانیای سەرمایەدارەکانی،کرد کە کرێکارانی مانگرتوو تێدا کاریان دەکرد .
هەربۆیە نەوی نوێ بزووتنەوەیەکە زیاتر کاروهەڵسوڕانی دەچێتە خزمەتی گەشەی سیاسەتی نیوەلیرالیزمەوە لەڕوویی ئابووری یەوە کە دواجار هەمان سیاسەت وسیستەمە کەئەم جۆرە سیستەم ودەسەڵاتە چەوسێنەرەی کوردستان هەیەتی وکارەکانی نەوی نوێ دەچێتە خزمەت وسوودی هەمان دەسەڵات وحکومەتی یەکێتی وپارتی بارزانی وتاڵەبانی .
ئەوەی لەئێستا نەوەی نوێ دەیکات وپێشتریش بەناو ئۆپۆزیسێۆنی بزووتنەوەی گۆڕان وئیسلامی دەیان کرد لەچەندین ساڵی ڕابووردوودا یەکسانە بەکوشتنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی وبەلاڕێدابردنی بۆبەرژەوەندیە سیاسی وحیزبی وشەخسی یەکانی خۆیان لەدواجاریشدا گەورەترین خزمەت بەدەسەڵات لەهەرێم.
ئەوەی ئێستا شاسوار دەیکات لەفرۆشتنی بەنزین بەنرخێکی هەرزان وبردنی ئاو بەتەنکەربۆهەولێروپێشتریش کۆکردنەوەی زبڵ وخاشاکی شاری سلێمانی بەفکری خۆی خزمەتکردنە بەخەڵک بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە ‌کە کوشتنی ئاسۆی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکە هێوورکردنەوەی فشارو تووڕەیەکانی خەڵکە وەک چارەسەرێکی کاتی و هێوورکەرەوە.
ئەمەش بۆخۆی خزمەتێکی گەورەیەبەدەسەڵات ونەهێشتن وکپکردنەوەی ناڕەزایەتی وفشارەکانی خەڵکی یە لەسەر دەسەڵات بەمەش ترس وئەرکی لەسەر دەسەڵات نەهێشتوە ولای بردوە بەم کردەوانەی نەوەی نوێ ڕێگر لەوەی ناڕەزایەتی وتووڕەیی وفشارەکانی خەڵکی بە ئاراستە سروشتی شۆڕشگێڕی وتەندروستەکەی خۆیدا بڕوات خەڵک خۆی سرووشتی لەبزووتنەوەی جەماوەری دا خۆی ڕێکخراوبکات .
٤/بزووتنەوەی گۆڕان وئیسلامی یەکان هیواکان تێکدەشکێنن :
بەلەدایک بوونی بزووتنەوەی گۆڕان ،هێزی جوڵەی هیواکان بەرەوخامۆشکردن برد ،چونکە زۆرێک لەخەڵک بەدروشم ونووسین و پڕوپاگەندە وووتارەکانی ئەم بزووتنەوەیە فرێوی خوارد ,دواتر باشتر ئەم ڕازە چرۆیی تێکشکاندنی هیواکانی لەتێکشکاندنی ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١٢زیاتر ئەمە بەکرداری دەرکەوت بەهاوپەیمانی کردنی لەگەڵ ئیسلامی یەکان ,واتە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی هەروەک ڕێوی ئاسا کادرو ڕابەرانی ئەم حیزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە چوونە ناو ناڕەزایەتییەکان و سەکۆکانی ئازادییان داگیر کرد ,مینبەری سەراکانیان بۆ بانگەشە دەست بەسەر کرد لەڕێگای چەندین هەڵسوڕاوی خۆیان کە دواتر ئەمانەیان کرد نوێنەری لیستی هەڵبژێردراوی پەرلەمان .
خەڵک زۆر بەسادەیی فرێوی ئەمانەی خواردو دەنگی پێدان دواتر ،ئەوانەی لەسەرای ئازادییەکان دەمیان گەرم بوو بوون بەئەندام پەرلەمان و وەزیر کەچی هیچ یەکێک لەخواست؟وداواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات جێبەجێ نەکران تەنانەت بکوژانی خۆپیشاندەرانیش کەس پێ نەگوتن پشتی چاوتان برۆیە ،هەرئەمەش بووە هۆکارێک کە گەنجان و خەڵکی بێ هیوا کرد و ئیرادەی شۆڕشگێریان خامۆشکرا ئەم هەنگاوەی بزووتنەوەی گۆڕان وئیسلامی یەکان گەورەترین خزمەتی بە سیاسەتی ئیدارەدانی پارتی ویەکێتی کرد .
دەرئەنجام بۆئێستا داهاتوو ئەرکی خەڵکی ناڕازی ئەوەیە کە هاوشانی یەکێتی وپارتی ئەمانەش واتە ئیسلامی یەکان وبزووتنەوەی گۆڕانیش ڕیسواو شەرمەزاربکات . بۆئەوەی هەرچی پۆخەڵەواتی هەیەلەبەردەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆی لای بەرێت.تەنها گرینگی بە بزووتنەوەی جەماوەری بدرێت بۆڕاماڵین و ڕووخانی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر لەکوردستان .
٭ئەرکە،پێویستەکە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی یەکانە:
هەمیشە لەهەمووسەردەمێکدا خۆ ڕێکخستن پارسەنگی هێزی دروستکردووە لەگەڵ دەسەڵات،یەکخستنی ناڕەزایەتییەکان کە کۆکردنەوەی ئامانجەکان بەئاراستەیەکی هاوبەش تاکە ڕێگای ڕزگاری چەوساوەکانی کۆمەڵگای کوردستانە.هەردەرفەتێک هەبوو بۆخستنە ڕوویی ناڕازیەتی وبەرزکردنەوەی داواکاری یە ئینسانی و خواستە هەنووکەیی وهەمیشەیی ڕەواکان ناکرێت لەدەست بدرێت ،بۆیە بەردەوام پێویستە بەشداربین بۆئەوەی کۆمەڵگایەکی نوێ تروباشتر بەدی بهێنین.
هەمیشە سوود لە هەڵە وکەموکوڕی یەکانی جۆری ناڕەزایەتی یەکانیش وەربگیرێت بۆئەوەی جار لە دوایی جارتر بەگەشەویەکگرتوویی وتێکۆشانی چالاکتری هاوپشتی بینەوە مەیدانی تێکۆشان لە پێناو سەرکەوتنی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکاندا،لەدواجاردا هەر هێزی چەوساوەکان سەرکەوتوو دەبێت دەسەڵات وکۆمەڵگایی کوردستان دەکەوێتە دەستی خەڵک لەڕێگای شوراکانی خۆیانەوە کۆمەڵگا بەڕیوە دەبن وکۆمەڵگا ئازاد وسەرفراز دەکەن.
بۆ پێشەوە هەنگاو بنێن بۆ ڕووخانی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازوچەوسێنەرودزی بنەماڵە.داواکاری وخواستەکانی خەڵک ڕەوایە بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵات لەبەرژەوەدی چینێکی دیاری کراوی کۆمەڵگادایە بۆیە بەلاوە گرینگ نییە کە خواستەکانی خەڵک ڕەوایە وخەڵک کێشەی چییە چۆنە ؟لەلایەکی ترەوە لەبەرئەوەی هێزی ناڕازی خەڵک نەبۆتە هێزی ڕێکخراو کە خواستە چینایەتی یەکانی خۆی بەگرینگ بزانێت وتێکۆشانی بۆ بکات .
هەربۆیە بەم جۆرە بێ ترس وبێ مەنەتە بەڵام ئەم هەنگاو بەهەنگاو هێزی ناڕازی خەڵک بەجۆرێک خۆی ڕێکخراو دەکات بەسروشتی کە ڕەگ وڕیشەی ئەم سیستەم ودەسەڵاتە ملهوڕوچەوسێنەرە دەردەهێنێت .سەرکەوتووبێت تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکی ناڕازی کوردستان بۆ هێنانەدی مافەکانیان.
٭تێ بی نی:ئەم بابەتەلە لاپەڕە ٦ی بۆپێشەوە لە ١٥/٨/٢٠٢١بڵاوکراوەتەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.