بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لە پێناو نان و ئازادی و شكۆمەندی هاوڵاتیاندا تێدەكۆشین

0
لە هەنگاوێكی پێشبینی كراودا و لە چوارچێوەی سیاسەتی ئابووری پیادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ڕێبازی ئابووری بازاری بەربەڕەڵای گرتۆتەبەر، نرخی كڕینی نان لە بازاردا بەرزكرایەوە و لە جیاتی هەشت نان، شەش نان بە هەزاردینار دەفرۆشرێت.
بیانووی نانەواخانەكانیش بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نان بۆ هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و ئارد بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی حكومەت بۆ نانەواخانەكان دەگەڕێننەوە .
بەرزبونەوەی نرخی نان لە كاتێكدایە كە بە گشتی نرخی سوتەمەنی و بەنزین و گاز سەڕەڕای دابەزینی كوالێتێكەی گران دەبێت، جگە لە زیادكردنی باج و رسومات لەسەر هاووڵاتیان كە هاوكاتە لەگەڵ لاوازی و كەمتەرخەمی حكومەت لە دابینكردنی خزمەتگوزاری گشتیی وەك ئاو و كارەبا، و كاركردنی حكومەت بۆ فروانكردنی كەرتی تایبەت لە بواری تەندروستی و خوێندن، و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاری كۆمەڵایەتی.
حزبی شیوعی كوردستان سەرەڕای دەڕبڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ داوای دەستەبەر كردنی سوتەمەنی و كەمكردنەوەی نرخی ئارد بۆ نانەوەخانەكان، زیادكردنی نرخی نان بە هەنگاوێكی ئێجگار نەرێنی دادەنێت و دەچێتە سەر سەرجەم هەنگاوە ئابوورییەكانی حكومەت كە باری ژیانی خەڵكی هەژاران قورستر دەكات، و بەشێكە لە سیاسەتی لیبرالیزمی نوێ‌ كە گەشەپیدان و چاكسازی ئابووری دابین ناكات.
حزبمان جارێكی دی بەڵێن بە جەماوەری گەلەكەمان دەدات كە لە پێناو نان و ئازادی و مافی ڕەوای هاوڵاتییان بەگشتی و هەژاران و زەحمەتكێشان بە شێوەیەكی تایبەت لە تێكۆشانی جەماوەری بەردەوام دەبێت و ئەركی سەرشانی حكومەتە كە بەزووترین كات چارەسەری گران بوونی نرخی بنزین و سوتەمەنی و پێداویستی نانەواخانەكان بكات، و نرخی نان بگەڕیتەوە ئاستی جاران.
بەرزو شەكاوەبێت ئاڵای تێكۆشانی چینایەتی زەحمەتكێشانی گەلەكەمان.
مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان
21/8/2021
Leave A Reply

Your email address will not be published.