هێڵی_سارد

0
دەرگاکانم پێوەدا و
پەنجەرەکانم داخست
هێڵەکانم پچڕاند و
خوانی هزرم راخست
دەستم کرد بە گەڕانێ
بە دوای خۆمی وون بوو دا
کون و قوژبنم پشکنی
لە زەمەنی بێ سوو دا
چوومە کتێبخانەکەم
میری ماکیاڤیللی م دی
وڵاتم هاتە پێشچاو
هەمووانم بە دیلی دی
مێژووی شارستانییەت و
چاوەکانی و سەمەرقەند
لەگەڵ رۆحی یاساکان
سزاوتاوانی بێ بەند
سینۆهە و کانت و کامۆ
لەگەڵ سەدساڵ تەنیایی
من لە هیچیاندا نەبووم
کاتم کوشت بە خۆڕایی
تەنیا ئەو هێڵە ساردە
بەتۆم دەبەستێتەوە
ئەویش مات و کپ و کڕ
وەک بەفرێک نەتوێتەوە
کەشێک بوو وەکو گۆڕی
ئەو پاکیزەیە وابوو
کە بە فیشەکی گومان
لە سۆراغی شەرەفی
ناپیاوێکدا کوژرا بوو
شيلان محمد
2021/9/1
Leave A Reply

Your email address will not be published.