١ی ئەیلوولی ١٩٩٤

0
حەمەسەعید حەسەن
ئەبووبەکر عەلی ١٩٩٣ یەکەمین و ئاخرین کۆشیعری: ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن، کە لە سی و چوار لاپەڕە پێک دێت، بڵاو دەکاتەوە. لە یەکی ئەیلوولی ١٩٩٤دا، ئەویش لەگەڵ خەڵکی خانووە بێ تاپۆکانی حامیەی سلێمانیدا، بە ئومێدی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان، لەبەردەم باڵاخانەی پارێزگادا ئامادە دەبێت. پاسەوانەکان بەو بیانووەی وەک نوێنەری خەڵکەکە، بۆ گوتوبێژ بۆ لای پارێزگاری دەبەن، بە زۆرەملێ پێش خۆیانی دەدەن، ئەویش چونکە پێشتر زەبریان لێ وەشاندبوو، لە دەستیان هەڵدێت.
پاسەوانەکان وەک بڕیاری کوشتنی ئەو شاعیرە هەژارەیان پێ بێت، بە تەقە هەڵی دەبڕن و برینداری دەکەن. بەوەندە لێی ناگەڕێن، دەگەنە سەری و دەیکوژن. دەیکوژن و بە مەرجێک تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری دەکەنەوە کە بە هێمنی بینێژن. دوو گولـلەی پێوە دەبێت، یەکێکیان بە پشتییەوە و ئەوەی تریان بە ناو دەمییەوە، ئاخر داکۆکیی لە هەژاران دەکرد، کە تاوانێکە دەکەوێتە خانەی دەمدرێژییەوە!
کە شیعرەکانی دەخوێنیتەوە، چونکە لە دڵێکی پاکژەوە هەلقوڵاون، هەر لە کۆپلەی یەکەمەوە سەرنجت دیل دەکەن. شیعرێکی دەنووسی، نەتدەتوانی شاعیرەکەیت خۆش نەوێت، نەتدەتوانی خۆت لەو بە زاناتر بزانیت و بە لووتبڵندییەوە بۆ لایەنی لاوازی بگەڕێیت، ئاخر هەر زوو دەکەوتیە بن هەژموونی ئەفسوونی شێوازی دەربڕینییەوە. شیعرێکی دەنووسی، دەتگوت قسەی دڵی تۆ دەکات و تۆیش لە نووسینیدا بەشدار بوویت.
خۆم گۆڕی خۆم هەڵدەکەنم
لانکەیەکم دەیان ساڵە
چەقۆ و خەنجەر ڕادەژەنم
مەرگی ئەبووبەکر عەلی هەر لە مەرگی لۆرکا دەچێت، لۆرکا وەکوو منداڵ هیچ گوناهێکی نەبوو، کەچی هەر کە فاشیستەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، گرتیان و بردیان و کوشتیان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.