خۆپیشاندانی مەدەنیانە یان خۆپیشاندانی شۆڕشگێرانە؟

0
بەهادین نوری
ئاگاداری بە ڕێکخراوە بریندارەکانی حیزبدا بڵاوکرایەوە بۆ کارکردن لە پێناوی نوێ کردنەوەی ڕاپەڕیندا [مەبەست ڕاپەڕینی ١٩٤٨ ە]. دەبێت خۆپیشاندانی میللی ڕێک بخرێت و دروشمی شۆڕشگێریی تێدا بەرز بکرێتەوە، دەبێت خۆپیشاندەرانیش بە دارو کوتەک و بەرد چەکدار بکرێن و لە چاکترین ئامادەباشیدا بن بۆ بەرهەڵستیی پۆلیس .. ڕێکخراوەکانی حیزبی شیوعی لەو پارێزگایەدا [مەبەست سلێمانیە]، لێدانی توندوتیژیان بەر نەکەوتبوو، وەک ئەوەی بەر براکانیان کەوتبوو لە پارێزگاکانی تردا، لەبەر ئەوە چاوەڕێ دەکرا بەشداریەکی چالاکانە لە پرۆسەی ڕاپەڕیندا بکرێت .. پەیوەندی دەستی پێکرد، هاوڕێیان و تەنانەت لایەنگرانیش ئاگادار کرانەوە .. خاڵێک لە بازاڕدا هەڵبژێردرا تا خۆپیشاندانەکەی لێوە دەستپێکبکات .. لەو شوێنە لە ناوبازاڕدا، قەرەباڵغیەکی نائاسایی دەبینرا، هەرچەندە جووڵەی کڕین و فرۆشتن لە ڕۆژانی تر زیاتر نەبوو .. مەجید، سەرکردەی خۆپیشاندانەکە [مەبەست بەهادین نوریە] هوتافی دەکێشا، دەمامکێکیشی بەدەمەوە بوو، بۆیە ئاسان نەدەناسرایەوە. بۆ چوارهەم جارو پێنجەم جارو شەشەم جاریش هوتافی دەکێشاو چاودێریی فراوان بوونی گردبوونەوەکەی دەکرد. پێنج خولەک تێپەڕی و گردبوونەوەکە گەورەتر بوو، ئەمە ئەگەرچی ژمارەیەک لە پیاوانی پۆلیس و سیخوڕ لە دەوری گردبوونەوەکە کۆبووبوونەوە .. سەرکردەی خۆپیشاندانەکە ئاراستەی ڕێپێوانەکەی دیاری کردو فەرمانیدا بە جووڵە .. دوکاندارەکان ئەم ڕووداوە ناکاوەیان چاوەڕێ نەدەکرد: خۆپیشاندانە! جا ئا لەم کاتەدا؟ ئەوان بەدڵەڕاوکێوەو لە نێوان ترس و دڵخۆشیەوە دەیانڕوانیە ئەوەی ڕووی دەدا. محەمەد سەعید ڕووی کردە دوکاندارەکەی تەنیشتی و گووتی: ئەم شیوعیانە ئەڵێی جنۆکەن، کەس نازانێت لە کوێوە هەڵدەقوڵێن! بەڵام شێرن.
خۆپیشاندانەکە بازاڕی شاری هەژاندو ڕاوێژێکی تووندی خستەوە. هەندێک ستایشیان دەکردو هەندێک ڕەخنەیان دەگرت. هەندێک دڵخۆش دەبوون و هەندێکیش بە پێچەوانەوە .. :
– بڕوخێ تێرۆری ڕەشی پۆلیسی!
– بڕوخێ!
– ئەی جەماوەری تێکۆشەر! هەستن بۆ تێکۆشان؛ ڕاپەڕینە نەمرەکەی کانون زیندووبکەنەوە!
هێزەکانی پۆلیس نزیک دەبوونەوە، دیار بوو هێرش دەبەنە سەر خۆپیشاندانەکە .. ئای لەم چرکەساتە هەستیارە! .. دوای چەند مەترێک، شوێنەکە لەبارە بۆ بڵاوەکردن، سەری چەند کۆڵانێک دیارە کە دوژمنی تێدا نەوەستاوە.
– بڵاوەبکەن هاوڕێیان! ……
با بچینە ناو ماڵەکانەوە .. ماڵەکانی ئەم شارە چەند سەرسووڕهێنەرن! هەموویان کراوەن لەبەردەم خۆپیشاندەراندا .. بچۆرە هەر ماڵێکەوە کە ڕێت لێیدەکەوێت، هەر تەنها خۆپیشاندەرێکی ڕاونراو بیت، بەسە بۆ ئەوەی ژن و پیاوو مناڵ بکەونە چاودێریت .. مەجید دەرگایەکی کراوەی بینی و خۆی پیاکرد، ئیتر بەبێ ئەوەی بزانێت ماڵی کێیەو کێی تێدایە .. لە تارمەی ماڵەکەدا چوار ژن لە دەوری تەنورێک دانیشتبوون و نانیان دەکرد. لێیان نزیک بۆوە، هەرچی ترس و شڵەژان بێت پێیانەوە دیار نەبوو، ئەمە هەروەک ئەوەی ئەمە شتێکی ئاسایی و ناسراو بێت لەلایان. یەکێکیان پرسی:
– ئەوە چیتە کوڕەکەم؟ چیت ئەوێت؟
– من خۆپیشاندەرم .. پۆلیس بەدوامانەوەیەو بڵاوەی پێکردووین.
– دە ئالەوێدا دانیشە، هیچ مەترسە.
– مەجید گووتی: پەیژە هەیە بۆ سەربان؟ پورە گیان وا چاکترە بچمە سەربان و لەوێ بم ..
مەجید چووە سەربان .. دای کەمتر لە چارەکێک کچێکی مناڵ بە زەردەخەنەیەکەوە، بە چاوە زیرەکەکانیەوە، نانە چەورەیەکی گەرمی هێنا بەرەو مەجیدو دایە دەستی: فەرموو، ئەو نانە گەرمە بخۆ .. دایکم بۆی ناردوویت ..
سەرکردایەتی ڕێکخراوی سلێمانی بیرەوەیی یەک ساڵەی ڕاپەڕینی بە ڕۆژی خۆپیشاندانی دووهەم دیاری کرد. ئاگاداریەکان هەر هەمان ئاگاداریین. دەبێت هەموو شتێک وەک ئەوەی ڕابووردوو بێت، ئیتر لەڕووی “خۆچەکدار کردن” ی خۆپیشاندەران بە دارو بەرد، ڕێکخستنیان، هوتافاتیان، وە هەرچی تر. بەڵام شتێکی نوێ دێتە نێو خۆپیشاندانە نوێکەوە: تابوتێکی ڕەمزی بۆ ڕێزنان لە خۆبەخت کردوانی ڕاپەڕینە نەمرەکەی کانون. خۆپیشاندانەکە ئەو تابووتە هەڵدەگرێت بەرەو گۆڕستانی سەیوان کە یەکێک لەو خۆبەتکارانەی ڕاپەڕینی لێ نێژراوە، لەوێیش هەر بەو بۆنەیەوە، گووتار دەخوێنرێتەوەو هوتاف دەکێشرێت.
شوێنی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە گۆڕرا، بەڵام شوێنە تازەکەیش هەر بازاڕی ناوشار بوو. ئەمجارەیش هەر هەمان ئەو لاوەی بە دەمامکەکەوە لە خۆپیشاندانی پێشوودا هوتافی دەکێشا، دەرکەوتەوە، هوتاف و چەپڵە چەخماخەی دەدا، هاوڕێیان لە دەوری لافیتەی یەکەم کۆبوونەوە کە بەرزکرابۆوە. گردبوونەوەکە هەر زیاد دەکات، بەڵام بە هێواشی. دوای کەمێک، خەڵکێکی کەم لە مزگەوتێکی نزیک بەو شوێنە هاتنە دەرەوە، تابووتێکیان هەڵگرتبوو بە پارچە قوماشێکی ڕەش داپۆشرابوو، تاجە گوڵینەیەکیشی لەسەر دانرابوو. هەڵگرانی “تەرمەکە” هاتنە ناو خۆپیشاندەران، وە ئیتر هەموو خۆپیشاندانەکە بووە شێوەی ڕێپێوانێک بۆ ناشتن. ماوەیەک بێدەنگی باڵی کێشا بەسەریدا، سەرنجی هەموانیش، بە خۆپیشاندەرو تەماشاکەرەوە، بۆ لای ئەو “مردووە” دەچوو کە خۆپیشاندەران بەمجۆرە هەڵیان گرتووە. ژمارەیەکی کەم نەبێت لە ئامادەبوان، ئەم تابووتە ڕەمزیە لای هەموان، بە پیاوانی پۆلیسیشەوە کە دەردەکەوتن، وەک تەرمێکی ڕاستی دەهاتە پێشچاو، وەک مردوویەک کە دەبرێت بۆ ناشتن لە گۆڕستان .. خۆپیشاندانەکە لەناو شارەوە کەوتەڕێ، بەڵام بە پێچەوانەی ئاراستەی خۆپیشاندانەکەی پێشوو .. گردبوونەوەی پۆلیسیش بە شێوەیەکی نیمچە ڕێکخراو لە پێشەوەو پشتەوەی خۆپیشاندانەکە دەجووڵا: نەمری و سەربەرزی بۆ گیانبەختکردوانی ڕاپەڕینی کانون!
ڕۆژە سەختەکان، بیرەوەری شیوعیەک لە عێراق – بەهادین نوری
٢٨ / ٨ / ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.