لەبایکۆت واوەتر

0
عەبدوڵا مەحمود
دەڵێن هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێت. دەڵێن هەزار هەڵبژاردنیش بکرێت، حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستبەرداری دەسەڵات نابن.
دەڵێن خەڵک بچێت بۆ دەنگدان و دەنگ نەدان پێشتر دەسەڵات بۆ حزبە چەکدارەکان بڕاوەتەوە. دەڵێن بایکۆتیش دەوری نییەو هیچ لە وەزعەکە ناگۆرێت… بێگومان ئەمانە هەموو راستن و مەبنای بەشداری نەکردنی خەڵکیش لە هەڵبژاردنەکاندا پێکدەهێنن.
بەجیا لەوانەش بەشی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان بەتایبەتی چینی کریکار و توێژە بێبەش و کەم دەرامەتەکان، هیچ متمانەیەکیان بە حزبەکانی دەسەڵات نەماوە. لە ٣٠ ساڵی رابردودا، نەک هەر چوار ساڵیک کۆمەڵگەیان بەرەوە دواوە بردووە، بەڵکو ساڵ بەساڵ و مانگ بەمانگ خەڵک ئاخ بۆ پێشتر دەخوازن. بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی کارنامەیەکیان تۆمار کردووە، کە وێنەی لە دنیادا، لە بێمافی و سەرکوت، لە دزی و تاڵانی و نۆکەرپیشەییدا نییە.
هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لەپێش هەموویانەوە بزوتنەوەی گۆران، کە بەبانگەشەی گەورەو بە کاراکتەری نەوشیروان مستەفای باوکی هەژاران!! هاتە مەیدان، بە ملیۆنێری کۆتایی بە ژیانی هێناو سەروەتە سەدان ملیۆن دۆلاریەکەی کردە وەسیەت بۆ کوڕەکانی، و بەمەش تەوریسی سیاسی تۆختر کرد. جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەسەر پایەی بازرگانی و کۆمپانیاسازی، هاتە نێو دنیای سیاسەت و ویستی گۆڕینی کۆمپانیاکانی بۆ حزبی سیاسی کردۆتە بژاردەو بانگەشەی حزبی سیاسی و تەماحی دەستگیر بوون لەدەسەڵاتی هەیە، ناتوانێت لە بزوتنەوەی گۆڕان واوەتر بڕوات و فریوی جەماوەر بدات. بزوتنەوەی گۆڕان گورزێكی هێندە کاریگەری لە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی وەشاند، کە پشت راستکردنەوەی ئاسان نییە.
رێکخراو گروپە ئیسلامیەکانیش لە کوردستاندا هیچ شانسێکیان بۆ پایە داکوتان و گرتنە دەستی دەسەڵات نییەو بە بنەما و پایەکانی کۆمەڵگەی کوردستان نامۆن.
بەکورتی هۆکاری بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ بێمتمانەیی جەماوەری کوردستان، بەدەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن و کارنامەی رەشیان دەگەڕێتەوە، کە رۆژ لەدوای رۆژ خەڵکی بێبەشی کوردستان روبەرووی گرانی، بێکاری، برسێتی، هەژاری بێ خزمەتگوزاری و دەکەن و سەرکوت و هەوسارپچڕاویان بەرامبەر بە دەنگە نارازییەکان زیاد دەکات. ئەم کارنامە رەشە بۆتە هۆی پچرانی پەیوەندی جەماوەر بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی و هاوکاتیش سەرچاوەی نارەزایەتی جەماوەری، بەڵام ئەمە کافی نییە…
هێشتا خەڵکی کوردستان دژی پرانسیپی هەڵبژاردن نین و رەتی ناکەنەوە، بەڵکو بۆیە دژی هەڵبژاردنن کە حزبەکانیان ناوێت و توڕەن لە کارنامەیان… خۆ ئەگەر خەڵک بەهەمان ئەندازەی دژی حزبە سیاسییە بۆرژوازییە دەسەڵاتدار و کارنامەکەیانن، دژی هەڵبژاردن و دیموکراسی پەرلەمانی بوونایە، دەیتوانی جگە لە حزبەکان خودی ئەم ئەلگۆیەی هەڵبژاردنیش تێپەڕینێت. کە دەمێکە بە تەجروبە دەرکەتووە کە دیموکراسی پەرلەمانی و هەڵبژاردنەکانی ناتوانن ئاڵوگۆری بەرجەستە پێکبهێنن و ماف و ئازادی و خواستەکانی جەماوەری مەیسەر بکەن.
لەناو جەرگەو دڵی وڵاتانی لانکەی دیموکراسیدا هەڵبژاردنەکان هیچ نین جگە لە گۆرانی دەم و چاوەکان و جێگۆرکێی حزبەکان. هەڵبژاردنەکان دەست بۆ پایەی چینایەتی و سیستەمی سیاسی و ئابوری نابات و ئامڕازو ئۆرگانە خاوەن بریارەکان لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردنەکانن، وەکو سوپا، دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان، پۆلیس، پاشاو شاژن و سەرۆکەکان… کە ئەمانە هەم بریار لە هەڵبژاردنەکان دەدەن و هەمیش ڕیگە نادەن هەڵبژاردن ببێتە ڕیگایەک بۆ هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە.
خودی هەڵبژاردن نەک رێگایەک بۆ ئاڵوگۆر، بەڵکو وەسیلەی بەرگرتن بە ئاڵوگۆر و پایەکانی ستەم و چەوساندنەوە نابەرابەری چینایەتییە. وەکو دەڵێن، ئەگەر هەڵبژاردن توانای ئاڵوگۆڕی هەبوایە دەمێک بوو، بۆرژوازی مەمنوعی دەکرد. پەرلەمان لە هەرجیگایەکی دنیا ببێتە هەرەشە بۆ سەر دەسەڵات، یان بکەوێتە ناکۆکیەوە لەگەڵ دەسەڵات و پایەی چینایەتی بۆرژوازی، بەخێرایی تەجمید دەکرێت و دەرگاکەی دادەخرێت یانیش رێگای هەڵبژاردنی پێش وەختەی بۆ دەخەنە روو… هەموو هەڵبژاردن و خولێکی هەڵبژاردنەکان، بۆرژوازی و دەسەڵات بریاری لێدەدەن، هیچ وەخت جەماوەری لەخوارەوە مافی بریاردان لە هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەیان نەبووە و نییە، مەگەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بووبێت بەهەرەشە بۆسەر دەسەڵات، ئەو کاتە دەسەڵات بۆ خاوکردنەوەی تورەیی جەماوەری و پاریزگاری لەدەسەڵاتی سەرمایەو سەرمایەداری، دوبارە هەڵبژاردنی نائاسایی یان پیش وەختەی وەکو هەتوان بۆ دەردی دەسەڵات، بەدەستەوە گرتووە.
ئەگەر ئەمە واقعیەتی ئەزموونی هەڵبژاردنەکان لە دنیای دیموکراسی بۆرژوازیدا بێت، ئەوا بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق و دەسەڵاتی سیاسی کوردستان، کە دەسەڵاتیان بە زۆری چەک داسەپاندووە و خاوەنی هیزی چەکداری حزبین، هەڵبژاردن لە بنەرەتدا گاڵتەجارییە و گۆڕانی روکەشیشی لێ چاوەڕوان ناکرێت.
هەر ئەوەشە وای کردووە خەڵک بڵین بایکۆت بکەین یان دەنگ بدەین هیچ ناگۆڕێت… دیارە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکات و نەچێت بۆ دەنگدان، ئەوە بوار دەدات بەدەسەڵات کە دەنگەکانیان بۆخۆی ببات. بۆیە لەناو دڵی نارەزایەتی جەماوەریدا بە دژی دەسەڵات و هاوکاتیش بەدژی هەڵبژاردن، دەیانەوێت ئابڕو بۆ هەڵبژاردنەکان بگێرنەوەو هانی خەڵکی دەدەن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن. لە کاتێکدا باش دەزانن هەڵبژاردن هیچ لە پێگەی دەسەڵاتی حزبەکانی فەرمانڕەوا ناگۆڕێت، بەڵام بەوێنەی رەوت گەلی بۆرژوازی بەرگری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، تا جەماوەری ناڕازی لە گرتنە بەری تێپەراندنی بایکۆت و پرانسیپی هەڵبژاردن، دوور بخەنەوەو ڕیگای خستنەرووی ئەلگۆ تر وەکو بەدیلی هەڵبژاردنەکان، بگرن… بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان و گرتنە بەری بایکۆت، شکست هێنان بە هەڵبژاردن، دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ بەشکست کێشانی شەرعیەتی دەسەڵات و ئەو چەکەی بەدەستیەوەیەتی، هاوکات دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ بێدارکردنەوەی دەسەڵات لە نارەزایەتی جەماوەری… بەڵام ئەمە لەعیراق و کوردستاندا کە دەسەڵات نابیستێت و لەڕیگای سندوقەکان و هەڵبژاردنەوە دەستی لەدەسەڵات و داهاتی کۆمەلگە گیر نەکردووە، بەشوێنێک ناگات.
بایکۆت بەوێنەی درێژەی بزوتنەوەی نارەزایەتی بەدژی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد سەرەتایەکی بچوکە بۆ هەنگاوی گەورەتر. بایکۆت بەتەنها ناتوانێت هیچ بگۆڕێت، لە بایکۆت واوەتر گرتنە بەری ئەلگۆی تری خەباتە، لەپیش هەمویانەوە شکستدان و داڕوخاندنی بەسەر دەسەڵاتدا، ریسواکردنی کۆبونەوەو میتینگە جەماوەرییەکانیان، هوها کیشان لە کاندیداکان و تەماشاکردنیان وەکو رەفیق حزبیەکانی سەردەمی بەعس و چلکاوخۆرەکانی، وەریخستنی کۆبونەوەی دژ بە کۆبونەوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردن و خستە رووی کارنامەی دەیان ساڵەیان تادەگات بە خستنە رووی بەدیلی هەڵبژاردنی بۆرژوازی…
هەڵبژاردن وەکو ئەلگۆی دەسەڵاتی بۆرژوازی نوینەرایەتی ناراستەوخۆیە کە لە سیستەمی هەڵبژاردنی دیموکراسی پەرلەمانیدا پەیرەو دەکرێت، کاندیداکان بۆ چوار ساڵ، گوایە نوێنەرایەتی دەنگدەران و جەماوەر دەکەن، بێ ئەوەی هیچ رۆڵیک بۆ هاولاتیان و دەنگدەر لە سیستەمی سیاسی و ئیدارییدا بهێڵنەوە… یان بۆ پرسە چارەنووسازەکان بگەڕێنەوە و پرس و رایان وەربگرن، ئەمەش ناوەرۆکی هەڵبژاردن و رۆڵی جەماوەر لە دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بریارداندا دەکات بە سفر و ئەمەش بەسە بۆ نیشاندانی ناوەرۆکی واقعی دیموکراسی بۆرژوازی…
چۆن بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەبێ رێکخراوبوون بەشوێنی شیاوی خۆی ناگات، ئاواش بایکۆت و دەنگ نەدان بەبێ خستنەرووی بەدیل بۆ هەڵبژاردنی بۆرژوازی بەشوێنک ناگات و ناتوانێت جێ گۆرکێی دەسەڵات بەدوای خۆیدا بهێنێت…
بایکۆت بکەو هەنگاوی دیاریکراو بۆ ریسواکردنی بگرە بەر، ئەلگۆی دەسەڵاتدارێتی تر وەڕیبخە… ئەگەر بۆرژوازی نەریتی دیموکراسی پەرلەمانی و نوێنەرایەتی ناراستەخۆی هەیە، ئەوا چینی کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگە، نەریتی شورایی و کۆمۆنەیان هەیە، کە لەجێگای نوێنەرایەتی ناراستەوخۆ، نوینەرایەتی راستەوخۆیە، ئازادانەیە، لە ئاستی محەلیەوە بۆ ئاستی سەراسەییە، چوار ساڵ جارێک نییە، بەڵکو بەردەوامەو لەژێر چاودێریدایەو هەرکاتێک نوێنەرەکان لە ئاستی پیویستدا نەبوون لە کۆبونەوەی گشتی وهەڵبژاردنی دواترا وەلادەنرێن… هەروەها ئەگەر لە سیستەمی دیموکراسی بۆرژوازییدا بڕیارەکان لە جێگایەک دەردەچن جێ بەجیکردنیان لەشوێنیکی ترە، واتە پەرلەمان یاسا دەردەکات و حکومەت جیبەجێی دەکات… ئەوا لە نەریتی بزوتنەوەی کرێکاریی و شوراییدا، پەسەندکردنی بڕیار و جێ بەجێکردنی یەک سەرچاوەی هەیە، شوراکان هەم یاسادانەر و هەم بەڕێوەبەر و جێبەجیکردنیانی لە ئەستۆیە. بۆ ئەوەی چینی کریکار و بێبەشانی کۆمەڵگە لەبەڵاو گرفتی هەڵبژاردنی لەسەرەوە و ناراستەخۆ ڕزگاریان ببێت، حکومەت و پەرلەمان وەکو دوو گرفتی کۆمەڵگەو سەرچاوەیەک بۆ دزی و تاڵانی، کۆتاییان پی بێت… پیویستە بزوتنەوەی نارەزایەتی کریکاریی و جەماوەری بە رۆڵی کارا و رێکخەری کۆمۆنیزمی ریکخراو و دەخالەتگەر، دەست بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی لەخوارەوەی جەماوەری لە ئاستی محەلی و سەراسەری ببات… ئەمە زامنی دەخالەت و رۆڵبینینی بەردەوام و ئازادانەی جەماوەری دەکات.
Leave A Reply

Your email address will not be published.