بزووتنەوەی شورایی بۆ ئیدارەدانی شورایی

0
عبدالرحمن رسول
ئەگەر دەتەوێت کەسێکی بێ نرخ نەبیت پشت لەخەمی خەڵک مەکە ئەمە یەکێک لەووتە جوانەکانی کاڕڵ مارکسە .جوانی وبەنرخی مرۆڤ لەوەدایە کە دڵسۆزبێت بۆ تێکۆشانێکی باشتر بۆهێنانەدی ژیانێکی باشتر بۆمرۆڤەکان بەتایبەتی تێکۆشانی دڵسۆزانەبەردەوام لەناو ئازاروکێشە وناخۆشییەکانی هەژاران وچەوساوەکاندا ئەنجام بدرێت ،بۆئەوەی ژیانیان لەچەوسانەوە ونایەکسانی وکاری قورسی تاقەت پڕوکێن ڕزگاربکرێت ،بۆئەوەی لەکاتی هەبوونی بێکاری دا سەربەرزانە مافی بیمەی بێکارییان بۆ دابین بکرێت ،بۆئەوەی لەکاتی خانەنیشنینی وتەمەنی بەساڵاچوواندا بیمە وموچەیەکی باشیان بۆ دابینکرێت و چارەسەری نەخۆشی یەکانیان لەتەمەنی بەساڵاچوواندا بکرێتە خۆڕایی ،یارمەتی بدرێن بۆ سەفەرو گشتکردن و بەسەربردنی کاتێکی شاد لەگەڵ ئازیرانیان ،هەموو ئەوانە چەندەها مافی تر بۆ باشبوونی ژیان وگوزەرانی گەنجان ولاوان وژنان و تەواوی کۆمەڵگا مسۆگەر بکرێت لەگرەوی ڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی دایە لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری کە هەمووان لە هەنگاوێکی تێکوشانیان بۆهێنانەدی ماف وژیانێکی باشتر هاوپشتیان بێت ،بەکردار لەگەڵ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دا بێت بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ژیانێکی باشتر .
خۆشەویستانی خوێنەر ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بەیەکترە بۆئەوەی ژیانی هەریەکەمان باشتر وئاسوودەتربێت ،پێویستمان بە هاوخەباتی ڕێکخراوبوونی جەماوەرییە بۆئەوەی ئازادییەکان و مافەکانمان کە هەق ومافی خۆمانە بەدی بهێنین ،هێنانەدی ژیانێکی دوورلەچەوسانەوە وئازارەکان تەنها بە ڕێکخرابووبوون لەڕێکخراوێکی جەماوەری بزووتنەوەی شوراکان کە ڕادیکاڵانە بەیەکەوە دڵسۆزانە تێکۆشان بۆ ڕووخان وڕاماڵینی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازوچەوسێنەر ودزەکان بکەین.
ئاخر چۆن ڕەوایە بەشێک لەمرۆڤەکان زۆر تێروتەسەل لەژیانێکی شەهانەیی دا بگوزەرێن وبەئارەزووی خۆیان گەشت وسەیرانی وڵاتان بکەن وخاوەنی زۆرینەی داهات وپارەی گشتی کۆمەڵگا ببن ئەویش هەموولایەک باش دەزانێت کە سەرجەم پارەکەیان هی دزی وگەندەڵی یە بەڵام زۆرینەشی لەخەڵکی پێویستی بەژەمێکی خواردنی ئارەزوومەندانە کە خۆی لەشوێنێکی ڕاقی وشارەستانی ولەگەشتێکدا لەگەڵ ئازیزانیدا تێربێت .ئاخر تاکەی کێشەی برسی وبێکارانی گەنج ولاوان نەبێته کێشەی تەواوی گشتی کۆمەڵگا هەنگاو بە تێکۆشانێکی دڵسۆزانەی ڕادیکاڵانە نەدرێت بۆئەوەی گەنجان ولاوانی بێکارو هەژاران وکرێکاران وزەحمەتکێش ودەست فرۆشانیش بتوانن بەئاسوودەیی ژەمەکانی ڕۆژانەبخۆن و بەسەربەرزانە دەستیان ڕابگات بەکارێک کەخۆیان حەزیان لێ یەتی وتوانای فکری وجەستەییان دەی خوازێت .ناکرێت چیتر ڕێگا بە ویژدانمان بدەین کە مرۆڤە هەژارەکان بەردەوام کێشەی گەورەی ئەوەیان ئەوەبێت کە چۆن بتوانێت خواردنی سێ ژەمەکەی ڕۆژانی دەست بکەوێت وشوێنی خەوی ئارام بێت بەڵام ئەو سێ ژەمە و خەوە ئارامەشی پێ ڕوا نەبندرێت لەلایەن ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەرودزوگەندەڵەوە کە ڕۆژانە بەناوی شوێنی تەجاوەزات وزیادە ڕۆیی شارەوانی یەوە لەهەژاروزەحمەتکێش وکرێکاران بڕوخێندرێت هەر بەرپرسانی دەسەڵاتیش سەرجەم شوێنە ستراتیژییەکانی ناوچەقی شارەکان وقەراغ شارو ڕێگا گشتی یەکان و گردەکان لەسەرخۆیان وکەسوکاریان تاپۆبکەن وبیکەنە شوێنی بازرگانی . تەنانەت شوێنی مردووەکانیشان بۆتە چراغان وکارەبای تایبەتی بۆدابینکراوە ،پارەیەکی خەیاڵیش گۆڕەکانی باوک وباپیرانیان بەپارەی دزراوی خەڵک خەرچ دەکەن،خەڵکیش بەردەوام پێی ڕادەگەیەنن کە کاتژمێرەکانی کارەبا کەم دەکرێتەوە یان سووتەمەنی دابەش ناکرێت ،وبەنزین گران دەبێت .
ئەی ئەوە چەند بەئازارە هەژارێک دەهێندرێتە سەر تەلەفیزیۆنەکان دەڵێت ناتوانم کرێی یەک ژوور یان دوو ژوورم بدەم وکرێچیم خاوەن خانوەکە دەری کردووم خاوەن چەند مناڵێکم بەهۆی ئەوەی بێ پارەبووم نەم توانیووە کرێی مانگانە بدەم .ئەزیزانم ئەگەر ئێمە یەکگرتووبین لەتێکۆشانی ڕێکخراویی دا زۆر بەئاسانی دەتوانین ئەو دەسەڵاتە فاشیزم وچەوسێنەرە بگۆڕین خۆمان یاسایەک دابنێین کە هیچ مرۆڤ بێ شوێنی نیشتەجێ بوون نەبێت ،کەهیچ مرۆڤێک بەوجۆرە سەرگەردان نەبێت لەناو کارتۆن و کەلاوە کۆن وڕووخاوەکانی قەراغ شارەکاندا بەسەرما وگەرمای هاوین وزستان نەمێنێتەوە بەڵکو شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆ دابین بکرێت .
ئاخر چۆن ویژان ڕێگا دەدات کە مرۆڤەکان لەسەر خیابان وشەقامەکانی شاردا دەست پان بکەنەوە وداوای خێروسەدەقە وزەکات بکەن تەنها بۆئەوەی بژین نەمرن لەبرسان ،مناڵکانیان برسیان نەبیت .
ئاخر چ ویژدانێکە ڕێگا بدرێت زۆرێک لەمرۆڤەکان پارەو ئیمکاناتی دەرمان وچارەسەری نەخۆشی ئەندامانی خێزانەکەی بۆ دابین نەکرێت و نەخۆشخانە گشتی یەکانیش هیچ جۆرە خزمەتگوزارێکی لەدەرمان و دکتۆری شارەزای نەبێت .ئاخر ئەمە تاکەی ڕێگا بدرێت کە بەردەوام بێت کە خەڵک بەگشتی لەزۆر گەڕەک بێ ئاوی پاکی تەندروستی ژیان بکات ،بەشی زۆری ئاوی خواردنەوە شیاوی خواردنەوەنەبێت بەڵام بەهۆی ناچاری دەخورێتەوە لەکاتێکیشدا باشیش دەزاندرێت لەداهاتوویان تووشی چەندین نەخۆشی دەبن .
ئاخر چ ویژادنێک ڕێگا دەدات کە نەوەی دوای نەوە خەڵک بێ خزمەتگووزاری ڕێگای هاتووچۆی شارەستانی بێت.
ئاخر پێم ناڵێن چ ویژدانێکە کە،دەبیندرێت ساڵانە گەنجان قۆناغەکانی خوێندنەکانیان زۆربەباشی تەواو دەکەن دەبنە خاوەن بڕوانامەی خۆیان بەڵام دەبێت بڕوانامەکەیان هەروەک یادگارێک لەدۆڵابەکانیان هەڵبگیرێت و خۆشیان بخزێنە ڕێزی شەپۆلی بێکارانی کۆمەڵگاوە .
دوایی چەندین هەڵبژادنی پەرلەمانی دوایی چەندین جار بەڵێن و قەبە و درۆزنانەو فرێودەرانەی کەسانی سیاسی دینی و نەتەوەیی ولیبڕاڵی کەچی دوایی دەرچوونیان ئەم ئەندام پەرلەمانانە بەبێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک ژیانی ئەم گەنجانە وئەم هەژارو زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا گۆڕانی باشتری بەسەردابێت کەچی بەشێک لەگەنجەکان وخەڵکی دیسان خۆشخەیاڵن پێیان دەنگیان پێ دەدەنەوە ئاخر ئەمەچ جۆرە ویژدانێکە .
ئاخر تاکەی ویژدانیان ڕاناچڵەکێت و واز لەم دزوفێبازودرۆزانە ناهێنن ودەنگیان پێدەدەن خۆشخەیاڵن بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی.ئەوەتا لەکوردستان وعێراق لەدوایی کۆتایی هاتنی دەنگدانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ یەک ڕۆژ دواتر کاتژمێرەکانی کارەبا کەم کرایەوە بۆ خەڵک ،نرخی سووتەمەنی زیاتر گران بوو ،خزمەتگوزارییەکانی تر هەنگاو بەهەنگاو خەراپتر دەبن ،بەڵام بەشێک لەمرۆڤەکان لەپێناوی پاراستنی کەمێک بەرژەوەندی ماددی چاوی خۆیان کوێر کردووە لەئاست هەبوونی بێ مافی و سەرکوت و هەبوونی بێکاری وبرسێتی خەڵکدا تاکەی ویژدانتان ڕاناچڵەکێت وناچنە پاڵ هێزی ناڕازی خەڵکی چەوساوە وبەرگری لەبەرژەوەندییەکانی کرێکارو گەنجان وژنان و خەڵکی رەحمەتکێش ناکان. ئەوەتا خەڵک قۆناغ دوای قۆناغ ووشیارتر دەبێتەوە ،باشتر ڕێگای مرۆڤایەتی بوونی خۆی دەدۆزێتەوە.ووشیاری چینایەتی یەکێکە لەپایە گرینگ وپێویستی یەکانی هێزی گۆڕانکاری بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر. ئەرکە گرینگ وپێویستەکە ئەوەیە هێزی خەڵکی ناڕازی ڕێکخراوببێت لەناو بزووتنەوەی جەماوەری شوراکانیاندا .دەبێت تەواوی خەڵکی کوردستان وعێراق لەوەدەڵنییابێت کە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دزەکان کۆمەڵگا بەرەو وێرانتر دەبات، لەساڵی داهاتوو ،لەبەرئەوەی حیزبەکان گشتیان بەرگری لەسیستەمی کۆنەخوازوچەوسێنەرودز دەکەن .
حیزبە ئیسلامیی یەکان هاوئاوازی حزبەکانی پارتی بارزانی ویەکێتی نیشتیمانی کوردستانن ،بزووتنەوەی گۆڕان لەساڵانی ڕابردوو هێزێک بوو گورزێکی کەمەرشکێنی لەڕەوتی بزووتنەوەی چینایەتی وناەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانی دا بەوەی هەتا بۆی کرا درۆی لەگەڵ خەڵک کرد وسواری پشت وشانی خەڵکی ناڕازی بوو ،خۆی کردە دەم سپی وگفتوگۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان دا دەکرد بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکی ناڕازییەوە ،هەتا بۆی کرا پۆست وپلە وپارەی لەدەسەڵاتی وەرگرت ،بەخەڵکیشی دەگوت ڕیفۆرم دەکەین ،کەچی بارودۆخی خەڵک ساڵ دوایی ساڵ خەراپتربوو ،جۆری خزمەتگوزارییەکان خەراپتربوون .
ئەم هێزە وەکو ژەهر وابوو بۆجەستەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک هەتا ماوەیەک خامۆشیشی کرد و بێ هیوا وبێ ئومێدی کرد گەنجان ولاوانی ناڕازی هەربۆیە کوردستانیان بەجێ هێشت .
ئەزیزانم دەبێت ئەوەش بزاندرێت یەکێتی وپارتی بەئاسانی لەدەسەڵات واز ناهێنن بەدڵنییایی نەوەی نوێ هەمان کارئەکتری سیاسی یە دەوێت بەهەمان ئاوازی بزووتنەوەی گۆڕان خەڵک فرێوبدات ،ئەوەتا لەدوایی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتوری ٢٠٢١ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار ڕاگەیاندووە ئامادەن لەگەڵ یەکێتی وپارتی وئیسلامی یەکاندابنیشن وببنە یەک تیم لەبەغدادی عێراق ،ئەی ئەو هەموو هاتوو هاوارەتان لەچ دابوو ؟!ئەها سەیر بکەن لەناو ئەو جوڵانەوەدا لەیەک خێزاندا دوو ئەندام پەرڵەمان هەیە لە ئەویتریان ئەوا دوو جارە خوشکی سەرۆکی ئەو جوڵانەوەکەیە دەبێتەوە ئەندام پەرلەمان ،ئەی بۆ سەیری ئەوە ناکەن ،لەکوێی بەرنامە وپلاتفۆرمی نەوی نوێدا باسی بیمەی بێکاری وبۆخەڵکی بێکار کراوە یان نەمانی جیاوازی چینایەتی وکەلێنی هەژاری وسەرمایەداری بەڕێگای دزی وگەندەڵی بکات کۆتایی پێ بهێنێت بەکام بەرنامە ئابوورییەی.ئەی چۆن یەکگرتوویی ئیسلامی وکۆمەڵی دادگەری گۆڕانکارییان پێ دەکرێت لەکاتێکدا کە لەحکومەت بوون خەڵک زیاتر بەرەو هەژاری وبێکاری وبێ خانەلانەیی زیاتر چوو ،ئاخر چوونە پەرلەمان وحکومەت کە نەتوانێت ژیانی خەڵک لەڕووی ژیان وخزمەتگوزاری وماف وئازادی یەکانەوە باشتر بکرێت کەوایە ئەمانە حیزبی بارزگانن نەک سیاسی ،باسی حیزبەکانی زەحمەتکێشان و پارتی کرێکاران وڕەنجدەران و ڕزگاری وکۆماری هەموو ئەمانە هاوشێوەی پارتی بارزانی بەرگری لەمانەوە ئەم سیستەم ودەسەڵاتە کۆنەخوازو چەوسێنەرودزە دەکەن ،ووردبێنێکی ئیداری وژمێریاری وەک چاودێرێکی دڵسۆزی خەڵک ئەنجام بدرێت دەرئەنجام بۆتان دەردەکەوێت کە بەرپرسانی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتی و کادیرەکانیان مانگانە موچە وپارە لەحکومەت وەردەگرن وەک فەرمانبەری حکومی بەشێوازی خانەنیشنی حکومی یان فەرمانبەری حکومی بەڵام تەنها دەوامیان لەبارەگا ونووسینگەکانی ئەو حیزبانەیە ،هەیانە لەم حیزبە ئەندام پەرلەمانی هەیە بەڵام لەپەرلەمان هیچ بەبێ پارتی ناکات کەوایە ئەو حیزبانە دووکانن وبازرگانی دەکەن نەک سیاسەت بۆ بەرەو هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر.
هەربۆیە ئەم حیزبانە بەدڵنییایی هەر یەکەیان ئەندام پەرلەمانی بچێتە پەرلەمان هەروەک ئەندام پەرلەمانی پارتی بارزانی بێت چونکە لەژێرەوە دروستکراوی پارتین بەتایبەتی پاراستن هەربۆیەشە ناڕاستەوخۆ و هەیانە ڕاستەوخۆ لەکاتی هەڵبژاردن ڕای گەیاندووە کە دەنگ بە بەربژێرەکان ونوێنەرانی پارتی بارزانی دەدات .
پێم ناڵێن ئەمانە کەی بنەمای حیزبایەتییان تێدایە تا خەڵک بەقسەیان بکات .
ئاخر سەیر لەوەدایە بەشێک لەخەڵکی کوردستان بەجۆرێک سەیری پەکەکە دەکات پێی وابوو کە دەتوانێت یارمەتی دەربێت بۆ دەرهێنانی کۆمەڵگا لە قەیران وکێشەکانی بەڵام ڕێک پێچەوانەیە چونکە زۆر بەڕوونی ئەم هەڵبژاردنە دەرکەوت کەئەوانیش بەرگری لەزاڵم وچاوسێنەران ودزەکانی کوردستان دەکەن و هاوڕان بۆ پاراستنی سیستەمی کۆنەپارێزوچەوسێنەر ،باشترین نموونەش ئەوەیە ڕاستەوخۆ سەرکردایەتی پەکەکە وئەو حیزبەی لەباشووری کوردستان لەژێر کاریگەری سیاسەتی پەکەکەی دایە بەناوی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و داوایان لەخەڵکی کوردستان کرد کە دەنگ بە نوێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن ئەمە ڕێک هاوبەشی کردنە لەتاوانەکانی یەکێتی بەدرێژایی مێژوو و لئێستا وداهاتوو .ئاخر حیزبێک پاش سی ساڵ لەپەرلەمان وحکومەت نەتوانێت بەکەمترین جۆروشێوە کۆمەڵگا ئاراستەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر بکات وهێزێک سەرتایی گیانی پڕە لەگەندەڵی وتاوانکاری هاوشێوەی پارتی بەڵام بانگەوازی دەنگ کۆکردنەوەیان بۆبکرێت. حیزبی شیوعی ناتوانێت دەست لەم جۆرەسیاسەتە کۆنەپارێزی یە بەربدات و بەردەوام شاباش بۆ چوونە پەرلەمان لێ دەدات دواتر لەگەڵ هەمان ئەم حیزبانە کە دەسەڵاتداروچەوسێنەرودزی دەکەن دەچێتە ناو پەرلەمان وحکومەتەکەیان ئەمە چ جۆرە حیزبە کۆمۆنیستێکە کەنەتوانێت بچێتە ناو بەرەی خەڵکی ناڕازی لەناو خیابان وشەقامەکان خۆی ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکان بێت وئاراستەی هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتربێت ،بەردەوام لەناو یاریگای بەرگریکردن لەوگۆمە ژەنگرتوویی دەسەڵات وسیستەمە ڕزیوو وکۆنەپەرستە یاری دەکات .
هەربۆیە خەڵک دەبێت ووشیار بێت باشتر ئەم حیزبانە بناسێت کەهەرگیز ناتوانن کۆمەڵگایەکی باشتر بەدی بهێنن .
چارەسەر ئەوەیە کە پشتیوان وهاوکاربن لەتێکۆشان کە شۆڕشی چەوساوەکان هەنگاوەکانی دەستی پێکردووە بۆ ڕاماڵینی سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەرودزەکان دواتر خەڵک خۆی لەڕێگا ئیدارەدانی شوراکان وئەنجومەنەکانی یەوەکۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت.
ئەگەر یەک زەڕە خۆشحاڵی هەبێت بۆ هەر حیزب وهەر نوێنەرێکی هەڵبژێردراوی دز کە دەتوانێت کەمترین ماف وئازادی بۆ خەڵک دابین دەکات ئەوە لەخەونی حوشتر دەچێ ! ئەوە ساغ بۆتەوە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان کەئەم حیزبانەی پارتی ویەکێتی هەرگیز دیموکراسی وئازادی قبوڵ ناکەن چونکە ناتوانن لەبەرئەوەی سەرتاپایی گیانی بیروباوەڕیان ئاخێندراوە بە کردەوەی فاشیزم و دژایەتی کردنی مافەکانی مرۆڤ وئازادییەکان.
تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ ڕزگاری خەڵک لەدەست ئەم دەسەڵاتە مافیاگەرە ئەویش گەشەدانی شۆڕشی ڕزگاری چەوساوەکانە بۆ ڕاماڵینی تەواوی سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەران ودزەکانی کوردستان وعێراق .دواتر خەڵک خۆی لەڕێگای شوراکانی گەڕک وشارەکانەوە کۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت بەئیدارەدانی شورایی.
خودی بەشداری نەکردنی خەڵکی عێراق وکوردستان لەسەدا ٪٨٠نیشانەی هەبوونی ڕەتکردنەوەی کۆی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازوچەوسێنەرودزە ،هەرگیز ناکرێت بەکەم سەیر بکرێت ،بەڵکوئەو هەنگاوەی خەڵک بۆ بەشداری نەکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاستەوخۆ بەمانای ئەنجامدانی شۆڕشی سپی یە کە بە تەواوی سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەری عێراق و کوردستانی گوت کە ئێوەمان ناوێت بڕۆن لەدەسەڵات .
ئەوەش هەبوونی بەردەوامی تارمایی شۆڕشی چەوساوەکانە وەکو هەوردێت ودەچێ هاکە لەپڕێک لەجیاتی باران بروسکەی ڕاپەرین لەدژی چەوسێنەرودزان دەستی پێکرد. چونکە قەدی دارەکەی دەسەڵاتی چەوسێنەر ڕزیووە تەنها یەکخستنی هێزی شۆڕشگێڕی دەوێت بۆ کەوتنی بەیەکجاری،پێویستە هەریەکەمان ببینە بەشێک لەوهێزە شۆڕشگێڕەبۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر.
زەنگێک بۆشۆڕشی هاوپشتی لەدەرگایی ماڵی هەریەکەلەخەڵکی کۆمەڵگای داوە،کەلەکاتی خۆیدا نەکرێتەوە ئەو دەرگایە،ئەوا فاشیزم بەجۆرێک گەشەدەکات تەواوی کۆمەڵگالەناودەبات. ئەرکی هەموومانە کە هەریەکەمان دڵسۆزانە کار لەسەر هێنانەکەیەوەی بزووتنەوەی شورایی بکەین بۆئەوەی جارێکی بەناوی جیاوازی حیزبایەتی دووکانی بازرگانی تر نەکەنەوە بەسەر شان و ملی خەڵکی ناڕازی دا هەروەک ئیسلامی یەکان وبزووتنەوەی گۆڕان نەچنە پەرلەمان وناوحکومەت خۆیان نەکەن سەرمایەدار هاوشێوەی پارتی ویەکێتی،بۆئەوەی فاشیزمێکی ترنەبێتە بەدیلی سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازوچەوسێنەرودز،پێویستەئازادیخوازویەکسانیخوازان تێکۆشانی دڵسۆزانەی کرداری بکەن بۆگەشەدانی بزووتنەوەی شورایی وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی جەماوەری ناڕازی.
کەلەڕێگای بزووتنەوەی جەماوەری شوراکانەوە دەتوانرێت سەرجەم ماف وئازادی و ئامانجە ئینسانیە بەدی بهێندرێت و تەنانەت خەڵک بیبینن کە کۆمەڵگە بەرەو ئەو لایە دەڕوات کە ئاسوودەیی بەدەهێنێت ئەمەش ئیدارەدانی کۆمەڵگا بەجۆری ئیدارەدانی شورایی لەلایەن خودی خەڵک خۆیەوە مەیسەر دەبێت.
٭تێ بی نی :ئەم بابەتە لە بەرواری ١٥/١٠/٢٠٢١ لەڕۆژنامەو بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بڵاوکراوەتەوە
Leave A Reply

Your email address will not be published.