فەرشی ماڵەکەم تەکاندنێکی لازمه

0
(شێعرێکی دێرینی چاوه)
***
فەرشی ماڵەکەم
ڕەنگی کاڵه
بەختی تاڵه
غەرقی تۆز و خەوش و خاڵه
مامه عەنکەبووت،
قوژبنی نەماوه نەیتەنێ
جێ نەماوه هەڵنەخا پەتی
سێحری فووی دەمی کەمەنده مێش ئەخاته بەند
مێشی گەوره خۆی و غیرەتی
پەت پساندنێکی لازمه
***
فەرشی ماڵەکەم
هەرچی نەخشی تەخت و مینبەر و مناریه
سیسرک ڕمێکی لێ چەقاندوه
قیژەقیژ و گارەگاریه
“سیسێرۆ”ی بەزاندوه
فەرشی ماڵەکەم به داوی جاڵجەڵۆکه
نەخشەکانی بوونه چنجرووکی پەسپەسۆکه
بوونه هەیکەلی جنۆکه
فەرشی ماڵەکەم تەکاندنێکی لازمه
***
کێهه سووچی دەس دەمێ؟
کێیه دێته یارمەتی؟
خۆ هەڤاڵەکەم، هەڤاڵەکەم
قوڕ به ماڵەکەم
نەخشی خەوش و خاڵه ڕوومەتی
پرخەپرخی خەویەتی!
ڕاشەکاندنێکی لازمه.
چاوه – بەهاری ١٣٤٥ / ١٩٦٦
Leave A Reply

Your email address will not be published.