لەبارەی بەشداریكردنم لە خۆپیشاندانەكانی هەولێر و شتی تریش

0
هیوا عمر
لە رێكەوتی 24/11/2021 لەكاتژمێر 2:00ی پاشنیوەرۆ بەرێكەوتم بۆ بەشداری كردن لە خۆپیشاندانی خوێندكارانی هەولێر، لە رێگادا هاورێ‌Maron Adnan م بینی، ئەو یەكێكە لە قوتابیانی كۆلیژی كشتوكاڵ و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێری یەكێتی گشتی قوتابیانی كوردستان، بەیەكەوە بەرێكەوتین بۆ ناو خۆپیشاندانەكە، هەمووی چەند سەد مەترێك لێمانەوە دووربوو.
لە رێگادا سڵاوێكمان لە هاورێیان( دڵشاد و سنگەر چاورەش) كرد كە لە خۆپیشاندانەكە دەگەرانەوە. بەدەم رێگاوە لەگەڵ هاورێ‌ مارۆن گفتوگۆیەكی كورتمانكرد لەبارەی رۆڵمان لە ناو خۆپیشاندانەكەدا، گەیشتینە بەردەم خۆپیشاندانەكە لەسەروی وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەر سەد تا دووسەد قوتابییەك دەبوون بەڵام سەدان لە هێزە ئەمنییەكان بازنەیەیكان بەدەورییان دروستكرد بوون و تەنها رێگەی تەنگە هەناسەیەكیان بۆ هێڵدرابویەوە.
لە زاوییەكەوە بۆشاییەكمان دۆزییەوە لە نێوان ریزەكانی هێزە ئەمنییەكان چوینەژوورەوە، لەگەڵ هەنگاوی دووەماندا لەدواوە منیان قۆڵبەست و راپێچكرد، نەت دەزانی ئەمانە چ جۆرە هێزێكی ئەمنین لە نیوان پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆر بۆت جیا نەدەكرایەوە چونكە بە جلی مەدنی و ئەمنی جیاجیابوون، لە هەموولایەكەوە فاشستانە بەجوێن و قسەی ناشرین و شەق لێدان هەوڵی شكاندنی شكۆ و نەفسیەتیان دەدام، دوای ماوەیەكی كەمی راگرتن و بەردەوامی ئیهانەكردن پەلیانگرتم و خستمیانە دەرەوەی خۆپیشاندانەكەو گوتیان: نابێت سەریشت بەرزبكەیتەوە، یەك كاردانەوەشت هەبێت كەیسێكی ئەخلاقیت بۆ دروست دەكەین بە هەموو تەمەنت دەبێت باجەكەی بدەیت !،تێگەیشتم پێش چونم بۆ ناو خۆپیشاندەران دەست نیشانكراوم و پلاندارێژراوبووە رووداوەكە .
خوێندكاران و خۆپیشاندەران زۆر بە نیگەراینەوە لێیان دەروانیم دوای دوورخستنەوەمان پۆڵ پۆل دەهاتن و نیگەرانیان دەردەبڕی لەدژی ئەوەی بەرابەرم كردیان، هەریەكێكیشان چیرۆكی ئیهانەكردنێكی پێی بوو لەسەر دەستی بەڵتەجییەكان .
دواتر پۆلێك لە رۆژنامەنووسانی دەزگاكانی راگەیاندنم بینی بە دووری چەند سەد مەترێك لە خۆپیشاندانەكە، هەموویانم دەناسی و هاورێم بوون، یەكێك لە وێنەگرەكان گوتی: هاورێ‌ تۆمان بینی چیان لێكردی بەڵام هێزە ئەمنییەكان ئەها ئەوەتە بە جل و بەرگی مەدەنین لە تەكمەوە یەكسەر دەمانگرن و كەل و پەلی راگەیاندنمان لێ‌ دەشكێنن یان دەستی بەسەردا دەگرن، تەنانەت ناوێرین مۆبایلیش دەربكەین، بۆیە نەمانتوانی وێنەی رووداوەكە تۆماربكەین .
دواتر پۆلێكی تر لە كچ و كور هاتنەلام، هەژار ئەنوەر و چەند رۆژنامەنوسێكی تریش وەستابوون روویان لە منكرد و گوتیان: هێزە ئەمنییەكان چەند كەسێكیان بۆت داناوە لەگەڵ ئەو رۆژنامەوانانە دەیانەوێت بتانرفێنن تكایە لێرە دوور بكەوە.
ماوەیەكی زۆر لەسەر شەقامەكە وەستام بۆ ئەوەی لەهەر دەرفەتێكا بگەرێمەوە ناو خۆپیشاندانەكە، بیرمكردەوە ئەگەر نەشتوانم بگەرێمەوەناوییان لە نزیكەوە نمایشی هێزە چەكدارەكانی دەسەڵات و رەوشی خۆپیشاندەرانم دەبینی ئەمە زۆر گرنگە بۆ هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لە دیاردەكان.
دواتر لە سەر شۆستەكە كەمێك دانیشتم، چەند گفتوگۆیەكم لەگەڵ ئەو قوتابیانە بۆرەخسا كە لە خۆپیشاندانەكە یان لە زانكۆكانی ئەوێ‌ دەهاتنەدەرەوە، یەكێكیان هاتە لام گوتی: تۆمەتبارمان دەكەن ئاڵامان سوتاندووە نازانم كێ‌ و لە كوێ‌ ئەوە كراوە، پرسی: مامۆستا تۆ هیچ زانیارییەكت لەو بارەیەوە هەیە؟ ووتم: دەبێت زۆر بە ئاگەدارییەوە بابەتەكان ببینین دوور لەوەی میدیای چەواشەكار بڵاوی دەكاتەوە، ئەو میدیایەی بە پارەی نەوت و گومرگەكان بەرێوە دەچێت.
هەناسەیەكم هەڵكێشاو وتم: تۆ دەبینی ئەو هێزانە چۆن پەروەردە كراون، چۆن چێژ لە ئازاردان و شكاندنی شكۆی مرۆڤ دەبینن، سەدان كەس تەنها لەبەر ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانی كردووە رووبەرووی گرتن و لێدان و شكاندن و سوتاندنی شكۆی مرۆیی دەبنەوە لەسەر تاسەری كوردستان وەك بەرامبەر ئێمە ئەنجامیاندا، كاتێك شكۆی مرۆڤ بڕوشێت و بسوتێت نابێت باسی ئاڵا بكەین، لای من مرۆڤ لە پێش ئاڵا و دەوڵەت و ئاسایش و هەموو ئەو شتانەوەیە. ئەوانەی باسی شكاندنی شكۆی مرۆڤ ناكەن و باسی سوتاندنی ئاڵا دەكەن، مەبەستیانە شكاندن و سوتاندنی شكۆی مرۆڤمان بیربچێتەوە، ئاگەداربە ئەوانە مەبەستیان سوتاندنی ئاڵا نییە، ئەوانە مەبەستیانە شكاندنی زیاتری شكۆی مرۆڤ درێژەپێبدەن .
دواتر هەواڵی ئەوەم بیست (مارۆن)یش ئەو هاورێیەی لەسەرەتا لەگەڵمادابوو دوای ئەوەی بینیبووی هێزە ئەمنییەكان منیان گرت و راپێچكرد گەرابویەوە لای هاورێیان و هەواڵەكەی پێ‌ راگەیاندبوو و تەلەفۆنی بۆ چەندین كەسیش كردبوو، لە كاتی دەرچوونی لە خۆپیشاندانەكە بەڵتجیەكان عەزێتی ئەویشیان دابوو، بۆ رۆژی دواتر لە زانكۆش هەڕەشیان لێكردبوو بە دەركردن و هتد… بەهۆی ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانەكانی كردووە، ئێستاش هەرەشەی لەسەرە .
ئینجا لە هەمووی خۆشتر هەندێك لەوانەی راستە دوێنی تێكۆشەر بوون بەڵام ئەمرۆ نایان ناسیتەوە چونكە ئەوەندە زەلیل و لەرزۆكن لەبەرامبەر دەسەڵات. بیردەكەیتەوە چۆن دەبێت تێكۆشەری دوێنی، ئەمرۆ بەو ئاستە ترسناكە ئامادەی تەسلیم بوون ببێت، شتی سەیرو سەمارەیان باسكردبوو لەبارەی رووداوەكە، تێگەیشتم چونكە تێكۆشانی دوێنی و ئەمرۆ وەك كاسبییەكی شەخسی مامڵەی پێوە ناكەم بۆ دەوڵەمەندبوون و لەوان ناچم، بۆیە خەریكە…. بەهەرحاڵ ئەوەیان بۆ كاتێكی تر هەڵدەگرم و با بچێتە سەر ئەوانیتر .
دواتر لە میدیاكانەوە وێنەی ئەو گەنجانەم بینی چۆن بە پۆستاڵی هێزە ئەمنییەكان رووبەرووی لێدان و سوكایەتی دەبنەوە لە سلێمانی و ناوچەكانی تر، لەگەڵ خۆم گفتوگۆی ئەوەم دەكرد كاتێك دەسەڵات رووبەرووی قەیران دەبێتەوە و ناتوانێت چارەسەری بكات دۆخەكە بەرەو كوێ‌ دەروات ؟، درێژە كێشانی قەیران و چارەسەر نەكردنی بۆتە هۆی نەمانی رەوایەتی شەرعیەتی جەماوەری و ملی ئەم دەسەڵاتە، ئەگەر بەشداری نەكردنی زۆرینەی هاوڵاتیان بە رێژەی %70 لە هەڵبژاردنەكان و كۆچكردنی بە كۆمەڵ ببینین ئەوەمان باشتر بۆ روون دەبێتەوە.
لە دواین راپرسی كۆمپانیای شیكار %88ی بەشداربووان دەڵێن : ئێمە هیچ باوەرێكمان بە سیستەمی سیاسی و ئابوری هەرێمی كوردستان نەماوە .
لە مێژوودا ئەزموونی وەها زۆرە لە بڕی چارەسەركردن و دان نان بە شكست بەرێگای ئیجرائاتی ئەمنی جەماوەر بێ‌ دەنگ بكات، بەردەوامی ئەم دۆخەش دەزانین بەرەوكوێمان دەبات. هەر نوسەرو توێژەرێك ئەگەر بوێت توێژینەوەیەك لەسەر سیستەمەی سیاسی و ئەمنی و عقلیەتی هێزە ئەمنییەكانی كوردستان بكات دەبێت پێش ئەوە بەشداری چەند چالاكییەكی جەماوەری بكات بۆ ئەوەی خۆی ئەزموونی ماهیەتی ئەو هێزانە بكات.
دوو تێبینی گرنگی تر:
یەكەم / كاتێك باسی تێكۆشەرانی دوێنی دەكەم ئەمە گشتگیر نییە بۆ هەمووان:
– ئێمە هەمانە دوێنێ‌ تێكۆشەربوو، بەڵام ئەمرۆ بازرگان و چەتەی سیاسیە.
– هەمانە دوێنی تێكۆشەربوو بەڵام ئەمرۆ تا ئاستێكی ترسناك زەلیل و بێ‌ هەڵوێست و خزمەتكاری جەلادەكانە.
– لە هەمانكاتدا هەشمانە نەك تەنها تێكۆشەری دوێنێیە، بەڵكو تێكۆشەری دوێنی و ئەمرۆ و ئامادەی سەبینێشە. لای من مرۆڤی تێكۆشەر لە نمونەی سێیەمدا دەبینم .
دووەم/ گێرانەوەی ئەم رووداوە بە هیچ شێوەیەك مەبەست لێی خۆكردنە پاڵەوان و شتی لەو شێوە نییە، ئەوەی ئەمجارە و سێ‌ جاری تریش لەماوەی ئەم چەند ساڵە بەرامبەركراوە لە رفاندن و دەستگیركردن و سوكایەتیكردن، زۆر شتی تریش بەراورد بە كەسانێكی نەناسراو هاوڵاتی ئاسایی هیچ نەكراوە، بەداخەوە ئەوەی ئەوان نابێتە هەواڵێكی گەرمیش، ئێستاش سەدان گەنجی بێكارو پەراوێزخراو بەهۆی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكان لە كونجی زیندانەكاندا ماون.
مەبەستی سەرەكی من باسكردنی واقیعە وەك خۆی بۆ ئەوانەی تا بە ئێستا بە جۆرێكی تر دەیبینن و یان جورئەتی بینینیان لە دەستداوە.
لە لاكەی تر زانیارییە بۆ رای گشتی و هاورێیانم، چونكە زۆر جار كەسەنزیكەكانی خۆمان ئەوانەی لە نمونەی سێیەم نین كە لەسەرەوە باسمكردووە بێ‌ باكانە خەریكی چەواشەكارین بەرامبەر كەسایەتیم .
Leave A Reply

Your email address will not be published.