سەرکەوتن بۆ خەباتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان

0
لە ڕۆژی سێهەمی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدا، سێ شەممە (٢٣-١١-٢٠٢١) خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان کەوتنە بەر هەڵمەتی دڕندانەی هێزەکانی دەسەڵات کە بە تەقەکردن بەسەریاندا و بە بەکارهێنانی کێبڵی کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژ ڕووبەڕوویان بوونەوە و چەندین کەسیان لێ بریندارکردن و بە زەبەروزەنگ و هێز بڵاوەیان پێکردن.
ئەم خوێندکارانە لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، کۆیە، ڕانیە، کەلار و قەڵادزی و شوینەکانی تر، هاتنە سەر شەقامەکان بۆ وەرگرتنی دەرماڵەی خوێندن کە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە حکومەتی هەرێم ڕایگرتووە، وە بۆ چارەسەری باری خراپی بەشە ناوخۆییەکان و نەبوونی پێداویستی سەرەکی و خزمەتگوزاری. لە شاری دهۆکیش بە زەبری هێز هەر لەسەرەتاوە بڵاوە بە خوێندکارانی خۆپێشاندەر کرا.
ئەم بارودۆخە خراپەی خوێندکاران لە بڕینی دەرماڵە و خراپی شوێنی حەوانەوە لە بەشە ناوخۆییەکان، بەپێچەوانەی بانگەشەی فریوکارانەی دەسەڵات، نەک ئاکامی قەیرانی مالی و کەمدەرامەتی حکومەتە، بەڵکو ئاکامی پیادەکردنی سیاسەتێ نیولیبرالیزمی ئابووری پلان بۆ داڕێژراوی حزب وهێزەکانی دەسەلات و حکومەتی هەریمی کوردستانە، کە بەپێی ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دروای نێودەوڵەتی) و دەستخۆشانەی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا بەڕیوە ئەبری، بۆ بەتایبەتیکردنی کەرتی خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزاریەکان ڕادەستکردنیان بە کۆمپانیاکانی ئەم کەرتە و سەرمایەدارانی هەرێمەکە کە زوربەشیان بە جۆرێک سەریان بە حزبەکانی دەسەڵاتەوە بەندە. هەر لەم ڕاستایەشدا، مەبەست لێی دریژەدانە بە شانخاڵیکردنی حکومەت لە بەرپرسیاری دابین کردنی سەرەتایترین پێدوایستەیەکانی باشبژێوی بۆ جەماوەر وە هەر مەسەلەیک کە پەیوەندی بە خۆشگوزەرانی گشتیەوە هەبێت.
ئەم سیاسەتە کەرتی خوێندنی کردۆتە مەیدانی سود و قازانج لەسەر حیسابی ڕووتاندنەوەی خوێندکاران و داسەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین بەسەریاندا. ئەمە لە کاتێکیشدا کە کوڕان و کچانی خانەوادە زەحمەتکێشەکان ونەداران دوای تەواوکردنی خوێندنیش بەپێی میکانیزمەکانی سەرمایەداری نیولیبرالیزم و هەمان سیاسەتیک کە حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، ریزیکی بەریناینیان لی بێکار ئەبن و بێ بەش دەبن لە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا و پەیوەست دەبن بە ئۆردووی بێکارانەوە لە کۆمەڵگەدا. کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵی هەزاران گەنج و لاوی ئەم هەرێمە بەرەو ئەوروپا بۆ ئایندەیەکی باشتر گۆشەیەکی ئەم تڕاژیدیایە.
ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و سەرکوتگەرە و ئەم بارودۆخە کارەساتبارە بۆ ئێمەی کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و لاوان و خوێندکاران لەسەر پرش و بڵاوی و ڕێکخراو نەبوونی ڕیزی ناڕەزایەتی و خەباتمان وەستاوە.
کچان و کوڕانی خوێندکار
خۆڕاگریتان لەسەر خواستەکان گەرچی مەرجی یەکەم و بنەمایە بۆ بەدەستهێنانیان، بەڵام هیچ دەستکەوت و سەرکەوتنێکی کاتی پایەدار نابێت، بەبێ ڕێکخراو بوونی ریزەکانی خۆتان و بەبێ ئاسۆی بەگژاچوونەوەی سەرجەم ئەم سیستمە و ئەو سیاسەتە ئابووریەی سەرمایەداریەی نیولیبرالیزم کە ئەم بارودۆخە زاڵمانەیەی داسەپاندووە بەسەر ئێوەدا.
دایکان و باوکان، جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازان
نەک هەر مناڵانی کچ و کوڕی خوێندکاری ئێوە بەڵکو خۆشتان و خانەوادەکانتان وەک ئەوان بەدەست ئەم بارودۆخەوە دەناڵێنن، بانگەوازتان ئەکەین کە بێن بە دەم خەباتی ڕۆلەکانتانەوە.
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق بەتوندی سەرکۆنەی هێزەکانی دەسەڵاتی هەریمی کوردستان و کردارە سەرکوتکارنەکانیان ئەکات بەرامبەر بە قوتابیانی ناڕازی، و پەیگیرانە پشتیوانی لە خواستی ڕەوای خوێندکاران ئەکات بۆ وەرگرتنەوەی دەرماڵەکانیان وجێبەجێکردنی داواکاریەکانیان و جەخت لە سەر ئەوە ئەکات کە پێویستە حوکومەتی هەرێم دەستبەجێ ئەو داواکاریانە جێبەجیبکات. هاوکات شانبەشانی ریزی خەباتی ئازادیخوازانەیان دەوەستێت و لەهەوڵدا دەبێت بۆ فەراهەمهینانی پالپشتی بۆ خەباتیان لە سەر ئاستی هەموو عیراق.
سەرکەوتوو بێت خەباتی خوێندکاران
ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٤-١١-٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.