پارتی لەکاتی ئەشکەنجەدا ئاگر لەجەستەی کادیرێکی شیوعی بەردەدات و دەیکات بە خەڵوز

0
ئامادەکردنی/ ڕەگەز کەمال
لەو ماوەیەدا لە سلێمانی هەندێک لەوانەی خۆیان بە نەتەوەیی دەزانی، پێێان دەوترا (کاژیک)، بەپشتیوانی هەندێک باڵی (مەلایی) پارتی، باندێکیان بۆ تۆقاندن و تیرۆری سیاسی دروستکردبوو، زیاتر لە چەتەو ڕێگر دەچوون و بگرە بە ئاشکرا لەناو شاردا سەرانەیان لە خەڵک دەسەند.
لەناوچەی (کانی ماسی) نزیک سلێمانی بنکەیەکیان دانابوو، بۆ زیندنیکردن و ئەشكەنجەدانی شیوعیەکان و جاربەجاریش جەلالییەکانیشیان دەگرت.
مەلا عەلییەک هەبوو کادیری حزب بوو، ئەویش دەهاتە چایخانەکەی سابوونکەران یەک دوو رۆژ دیار نەبوو، کە هەواڵمان پرسی وتیان “کوژراوە”. لەدوای ئەوە دەنگوباسی کوشتنی شیوعیەکان بەشاردا بڵاوبووەوە، ئێمەش کە لە چایخانەکە دادەنیشتین، هەستمان دەکرد کەوتووینەتە ژێر چاودێریەوەو یەک لەو کەسانەی چاودێری دەکردین کاتی خۆی قوتابی بووین و (تایەرە سور)یان پێدەگوت برای (عەلی سور)ی مەتعەم بوو، لەسەردەمی پادشایەتیدا من کردبووم بە شیوعی ناسیمەوەو کەوتمە قسە لەگەڵیدا وتی: “من تۆم خۆشدەوێت بۆیە پێت دەلێم ئاگاداری خۆت بە، چونکە ناوی تۆش لەو لیستەدایە کە بریاری کوشتنیان دراوە، بەڵام ئێستا بۆ (ئەوڕەحمانی ساڵحی خلە) دەگەڕێین”.
ئەوڕەحمانی ساڵحی خلە، کادرێکی شیوعیەکان بوو لە سلێمانی و یەکێک بوو لەو کەسە دیارانەی کە پێشەنگ بوو لە خۆپێشاندانەکەی دژ بە (نوری سەعید) و رژێمی پادشایەتی. جگە لەوەش لە بنەماڵەیەکی ناسراوبوو.
ویستم هەرچۆنێک بێت، خێرا ئەورەحمان بدۆزمەوە و ئاگاداری بکەمەوە، بەرەو (چایخانەی ئەحەی نازدار) رۆیشتم لای گەراجی ئەسحابەسپی کە ناوچەکە بە کونەشیوعی ناسرابوو. لەوکاتەدا ئەورەحمان دەرکەوت و دەستم گرت و بردمە لایەکەوە تێمگەیاند کە بەداوایدا دەگەڕێن بۆ کوشتنی، لەبەرچاوی من سواری گالیسکەیەکی دوو ئەسپی بوو خێرا لەوناوە رۆیشت.
ئەورەحمان تازە زاوا بوو، بۆ شەوەکەی چووبووونە سەری و لە ماڵ دەریان هێنابوو بردبوویان بۆ کانی ماسی و لەوێ کوشتبوویان.
لەوکاتەدا (فوئادی مەجید میسری) شێوازی کوشتن و ئاگربەردان و سوتاندنەکەی بەچاوی خۆی دەبینێت، چۆن؟
فوئاد مەجید، لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی لە هەمەدان دەبێت، مام جەلال ئەو فوئادە رادەستپێرێت هەرچۆنێکی کردووە مۆری مەکتەبی سیاسی بگەیەنێتە دەست (عەبدولرەحمان زەبیحی). فوئاد مۆرەکە لەناو پێلاوەکانیدا دەشارێتەوە، بەڵام لە پێنجوین لەلایەن پارتی دەستگیردەکرێت و دەیبەن بۆ زیندانەکەی کانی ماسی.
ئەو شەوە فوئاد لەپەنجەرەی ژووری زیندانەکەی خۆیەوە دیمەنێک دەبینێت کە بۆ هەتاهەتایە دەبێتە بەلگە بەسەر دەستی رەشی تیرۆری پارتی لە کانی ماسی. فوئاد دەگێڕێتەوە:
“لەپەنجەرەی زیندانەکەمەوە چاوم لێبوو بەدەم ئەشکەنجەدان و سوکایەتی پێکردنەوە، ئەوڕەحمانی ساڵحی خلەیان بەدەست و پێ بەستراوی هێنایە ناوەڕاستی حەوشەکەوەو دەبەیەک نەوتیان کرد بە سەریداو شقارتەیان پێوەناو سوتاندیان، ئەورەحمان بەدەم قیژەو هاوارەوە دامرکایەوەو بوو بە خەڵوز”.
لەو ماوەیەدا، لە سلێمانی و تەنها لە یەک هەفتەدا ٢٥ کادیری شوعی لەلایەن باڵی مەلایی تیرۆردەکرێن.
“ڕەگەز کەمال”
سەرچاوە/ کتێبی چۆن بووم بە پرد؟!
Leave A Reply

Your email address will not be published.