بۆ ئەو كەسانەی كە هەڕەشەی لەناو بردنم لێ دەكەن

0

پەیامی بەڕێز شێرزاد حەسەن

“ئەمن لە کوردستان رۆژانە دەمرم و دەمرم و دەمرم لە پای کۆمەڵێك خەمی گەورەی ئینسانی لەسەر هەموو ئاستەکاندا،رامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ناژمێردرێت.هەر لە سۆنگەی ئەم ژیانە درامی و تراژیکەی ئێرە گەر کەسێك بە ناوی خودا و پاکردنەوەی سەرزەمین لە منی فاسق و شاگردی شەیتان: خۆیان واتەنی..
فیشەکێکم پێوە بنێت،ئەوسا ئەو هەموو مەرگە هێواش و نەبڕاوە لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و بگرە جەستەیی کە پێوەی دەتلێمەوە کە هەر هەمووی خەم و دەرد و وەیشوومە و ئافاتی خەڵکییە، نەك هی خۆم، ئەوسا ئەو بکوژە ئەمن لەو هەموو شێوازی کوشندەی مەرگی رۆژانە؛ سەرفراز و قورتارم دەکات، پەیامیشم بەجێهێشتووە کە بکوژی من سەر و ماڵی سەلامەت بێت و کەس ئازاری نەدات، چونکە ئەمن دەزانم ئەو زاتە خوێنگەرمە بۆچی منی کوشتووە، بەڵام ئەوی بێگوناه کە بکوژی منە..
هەرگیزا و هەرگیز نەیزانیووە لەبەرچی و لە پای چی منی کوشتووە، تەنها ئەوەندەیان پێوتووە کە ئەگەر خوێنی من برژێت، ئەمنی سەرگەردان و ماندوو لە دونیا هەردوو دەستەکانی سەوز دەبن و بە بەهەشتی بەرین شاد دەبێت کە سیخناخە لە حۆری و غیلمان. ئەوانە گوناهبارن کە گوایە بێ گوناهن چونکە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە و بۆ بکوژەکەیان ڕوننەکردۆتەوە کە کوشتن گوناهە و کارێکی خراپە.. تەواو.“
نامەکە لە پەیجی شەبەنگ، پەیجی فەرمی یەکێتینووسەرانی کوردەوە وەرگیراوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.