ئەشقی خۆشەویست

0
شیعری: جەلال دەباغ
پێ بەسەر گەڵای وەریودا دەنێم
پایزەو ئەشقی تۆم بیردێتەوە
وەک گوڵەگەشی بەهار دیارەلێم
ئەشقمان سەوزەو زەردنابێتەوە
کە خۆشەویستیی تۆ لەدڵمدا
کڵپەی سەندبێ و دانەمرێتەوە
بووبێتە ئەشقی هەموو ژیانم
رووناکی بدا چۆن دەکوژێتەوە؟
هەمیشە کڵپەی بەتینتردەبێ
ئازاری ژیان نایکوژێنێتەوە
وەرە ئەشقەکەم هەتوانی زامم
ئازاری دووریم لەبیربەرەوە
گوڵی گەشاوەی دڵەی ناکامم
دەرگای بەختیاریم لێ بکەرەوە
تروسکەی دڵی ئاشق رووناکە
لەتاسەی دڵت وەک مۆم دەسووتێ
تارمایی دووریت زۆر ترسناکە
گەر بەناچاری دوورلەمن چووبێ
فرمێسکی ئاشق گەرم و بەتینە
سۆزی دەروونی لێ دەتکێتەوە
هەندێ جار ئاڵ و سوری گوڵینە
لەتاسەی دووری دڵ دەتوێتەوە
ئاوازو سۆزی ئەشقی دڵداری
دڵی هەردوولای گرتبێتەوە
هەرگیزناتوانێ هەوڵی نەیاری
کڵپەی ئەو ئەشقە بکوژێنێتەوە
ئەشق ژیانە.. گەشبینیی گیانە
چرای رۆشنی گشت دڵدارانە
ئەشق باوەڕە بە ئایندەی روون
دژی رەشبینیی چاوبەگریانە
یەکێک دڵەکەی ئەشق نەزانی
بە دڵی بەسۆز لەژین نەڕوانێ
خۆری ئازادیی لێهەڵنایەت و
رۆشنایی رۆژان بەشەو دەزانێ
دەبێ..! ئاشقی گیانەکەی دڵان
بەخۆشەویستی دەگەینە ژوان
تا ژیان تەواو بەختەوەریبێ
بێترسیی دووری لەیەکدابڕان..
وەرە ئەشقەکەم هەتوانی زامم
ئازاری دووریم لەبیربەرەوە
گوڵی گەشاوەی دڵەی ناکامم
دەرگای بەختیاریم لێ بکەرەوەم.
Leave A Reply

Your email address will not be published.